بیروڕا

خودای گەورە خزمەتی وەکو تۆو بە دونیایا بڵاوکردووەتەوە

وتارێک بە خامەی مامۆستا مەهمەت عەلی شەنگول

وەک ئەوەی درەختێک هەڵدەپاچرێت بۆ ئەوەی گەورەتر ببێت و میوە و بەروبوومی باشتری هەبێت: خودای گەورە ئەم خزمەتە کە لە ناوچەی ئەنادۆڵ چڕ ببوەوە، وەکو تۆو بە هەموو جیهاندا بڵاوکردووەتەوە.

 

خزمەت چییە؟

خزمەت بزاڤێکە پێکهاتووە لە کۆمەڵە کەسانێک کە لە پێناو ڕەزامەندی خودای گەورەدا کۆبوونەتەوە و دڵیان وابەستی خزمەتکردنی ئیمان و قورئانە. یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی ئەو مرۆڤانە ئەوەیە کە خودا بناسێت، وە بە خەڵکی بناسێنێت، وە هەروەها خودای خۆش بوێت، وە لە لای خەڵکی خۆشەویستی بکات. بەو شێوەیە ڕەزامەندی خودا بەدەست دەهێنێت. ئەوانە کۆمەڵە کەسانێکی قارەمانن کە هەموو هۆکارە مادی و مەعنەوییەکانی خۆیانیان خستووەتە کار لە پێناو ڕزگار کردنی ژیانی ئاخیرەتی کەسانی تر بە شێوەیەکی فیداکارییانە و ڕاستگۆیانە، وە بە بێ ئەوەی هیچ چاوەڕوانەییەکیان لە خەڵکی هەبێت. ئەو کەسانە هەرگیز ویژدانیان ڕازی نییە بەوەی تەنانەت ئەو کەسانەش کە خراپەیان لەگەڵ دەکەن بخرێنە دۆزەخەوە و ئازار بچێژن.

 

خزمەت چی بۆ ژیانی ئێمە زیاد کرد؟

خزمەت پێش هەموو شتێک، بووە هۆکارێک بۆ ئەوەی خودای گەورە بە ملیۆنان مرۆڤ بناسێنێت و ئیمانیان ڕزگار بکات. وە لە هەمان کاتدا ئەوەی وەبیرهێناینەوە کە بۆچی هاتووینەتە دونیاوە و ئەرکی سەرەکیمان چییە لەم ژیانەدا. وە هەروەها فێری کردین کە گۆڕ تەنها چاڵێکی یەک مەتری نییە، بەڵکو یان دەرگایەکە بە ڕووی بەهەشتدا دەکرێتەوە، یاخود دەرگایەکە بە ڕووی دۆزەخدا دەکرێتەوە، وە لە هەمان کاتدا سندوقێک بۆ کارەکانمان هەیە و پێویستە لێرەوە وەبەرهێنان بۆ ژیانی دواڕۆژمان بکەین.

ئەم خزمەتە لە مامۆستا سەعیدی نورسییەوە کە بە خەبات و تێکۆشان لە بەرامبەر کوفر و ئیلحاددا ناسراوە، دەستی پێکردووە و بووەتە هۆکارێک بۆ ڕزگار کردنی ئیمانی چەندین نەوە کە بە ناوی کوفرەوە هەڕەشەیان لە وڵات و میلەت دەکرد.

هەمووا دەزانین کە ئەگەر ئەو خزمەتەی کە هەتا ئەمڕۆ بەردەوامە و هەموو ڕێگاکانی بەرەو کوفر داخستووە، نەبوایە؛ ئەوا دەکرا وڵات زۆر لەمەو پێش تووشی مەترسی و نەهامەتی گەورەتر ببوایە. بەڵام ئەوە شتێکی چەند سەیرە، ئەو کەسانەی هەتا ئەمڕۆ ڕێگریان لە کوفر دەکرد و وڵاتیان دەپاراست، ئەمڕۆ وەک ئەوەی تاوانێکیان ئەنجام دابێت تۆڵەیان لێدەکرێتەوە.

ئەم خزمەتەی کە لەو ڕۆژەوە هەتا ئێستا دەرفەتی پێنادرێت و خزمەتکارانی و بیروبۆچوونەکانی ڕووبەڕووی چەندین ڕێگری بووەتەوە، کەسانێک بە هیچ شێوەیەک ئەم داوایەیان پێ هەزم ناکرێت، هەوڵ دەدەن بە هەموو شێوەیەک بەر بەم داوایە بگرن و ڕێگری لێبکەن. ئەم جارەیان بە فێڵ و تەڵەکەی جیاواز، بە درووستکردنی تۆڕی تێکدان و هەڵبەستنی درۆ و ئیفترا، بە شێوەیەک کە لە خەیاڵی هیچ کەسێکدا نەبێت، بە هەموو توانی خۆیانەوە هێرشیان کرد، وە بەردەوامن لە هێرش کردن.

بەڵام هەموو کەس دەزانێت، هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت لە هەر وڵاتێکدا کە لێی دەژین بەها بە مرۆڤەکان دەبەخشن بێ گوێدانە ڕەنگ و زمان و ئاینیان، وە ئاشتییان بۆ هەموو دونیا زیاد کردووە. ئەو مرۆڤانەی قەدەریان وابەستەی ئەم خزمەتە کردووە، بە بێ ئەوەی خۆیان بۆ هیچ بەرژەوەندی و دەستکەوتێکی کەسیی بچەمێننەوە، بوونەتە نوێنەری ئاشتی و ئارامی لەو وڵاتانەی کە لێی دەمێننەوە. ئەم نەوە چاکسازەی کە بوونەتە جێی ئومێدی هەموو جیهان، بێ ئەوەی تووشی بێئومێدی ببن، بەردەوامن لەوەی نوێنەرایەتی حەق بکەن.

 

پێویستە مرۆڤێک کە ئامانجی خزمەت بێت چۆن بێت؟

پێش هەموو شتێک کەسێک کە ئامانجی خزمەتە پێویستە ئیمان بێنێت و ڕاستگۆ و بەوەفا بێت بەرامبەر بەو پەیمانەی بە خودای گەورە و پێغەمبەرەکەی (دروودی دوای لەسەر بێت) داوە. کاتێک قورسایی ئەم بەرپرسیارێتییە دەخاتە سەر شانی، پێویستە ئەوە بزانێت کە ئەم ڕێگەیە هەوراز و نشێوی زۆرە، وە دەوترێت “بەهەشت هەرزان نییە و دۆزەخیش بێ هۆ نییە” ، ئەمە ڕێگای پێغەمبەرانە و چەندین ئازار و ناڕەحەتی تێدایە، ڕەنگە پێویست بەوە بکات واز لە ماڵی دونیا و خۆشەویستانت و تەنانەت لە گیانی خۆشت بهێنیت.

پێویستە ئەو ڕێگایەی کە لەسەری دەڕۆیت بە ڕێگای حەق بزانیت و بێ گوێدانە مردن ڕێک لەسەری ڕابووەستیت، ڕق و کینەت بەرامبەر بە هیچ کەسێک نەبێت، بەردەوام هەوڵی ئەوە بدەیت کە بە ئیمانەوە بگەڕێیتەوە بۆ خزمەتی خودای گەورە و بەردەوام هەوڵ بدەیت بۆ ڕزگارکردنی ئەو کەسانەی لە غەفڵەت و بێئاگاییدا دەژین.

 

کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و دەرونییەکان چین لە لۆژیکی خزمەتدا؟

خزمەت لەگەڵ ئەو مرۆڤانە دێتە دی کە دڵیان وابەستەی کردووە. ئەو کەسانەی ڕۆحیان تەسلیمی خزمەت کردووە پێش هەموو کارێک پێویستە ئەو شتانەی بوونەتە ڕێگر لە نێوان خۆیان و خودای گەورە و پێغەمبەرەکەی (درودی خودای لەسەر بێت) لا ببەن، دواتر پێویستە بانگەواز بۆ ئەو ڕێگایە بکات کە باوەڕی پێیەتی و بەردەوامە لەسەری. ئەوکات بە هەموو توانای دڵ و مێشک و ڕۆح و لاشەیان هەوڵ دەدەن تواناکانی خۆیان پێشبخەن و ئەوکات ئەوە دەبێتە بنەمایەک بۆ ئەوەی هەست بکەن کە سوودیان بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هەیە.

هەرکەسێک لە ناو خزمەتدا چاوەڕوانی بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکی تایبەت بێت یان تووشی لەمپەڕێک دەبێت و دەکەوێت، یاخود ماندوو دەبێت و لە ڕێگا بەجێ دەمێنێت. عەشقی خزمەت ئەگەر بە نییەتێکی پاک و بێ خەوش بێت، هەروەک چۆن ماندوویەتی لە مرۆڤدا ناهێڵێت، بە هەمان شێوە ئەگەر تووشی لەمپەڕێک بوو ڕزگاری دەکات. بەردەم بە ئەرێنی بیرکردنەوە و بە ئەرێنی جوڵانەوە باری دەروونی مرۆڤ بەهێز و بەرز دەکاتەوە. ئومێد و خۆشی بۆ داهاتوو زیاتر دەکات. ئەو حاڵەتە ڕۆحییە دەبێتە مایەی بەرەکەت و ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هەموو ژیانیان.

 

ئەو مەرجە بنەڕەتییانە چین کە پێویستە لە مرۆڤێکدا هەبێت کە دەیەوێت خزمەت بکات؟

مرۆڤ بۆ ئەوەی خزمەت بکات پێش هەموو شتێک پێویستە بە بێ دوودڵی و بە ڕاستگۆیی باوەڕ بە هەموو ئەرکانەکانی ئیمان بهێنێت. پێویستە ئەو باوەڕەی بە شێوەیەکی جوان بگەیەنێت بەو دڵانەی کە پێویستیان پێیەتی و لە لایەن خۆشەویست بکات. لەو ڕێگەیەوە دەتوانێت عەشق و خۆشەویستی خۆی بۆ خزمەت بەهێزتر بکات.

لە دوای ئەو ئیمانە پتەو و تەندروستە، پێویستە ژیانی بە کردەوەی چاکە پڕ بکاتەوە و هەوڵ بدات بە هەموو شێوەیەک لایەنی حەق بگرێت و سەری بخات، وە لە ئەنجامدا بە ئارامی ڕووبەڕووی هەموو ناڕەحەتییانە ببێتەوە کە دێنە ڕێگەی. وە لە هەمان کاتدا هەوڵ بدات گیانی یەکێتی و پێکەوەیی و برایەتی بەهێزتر بکات. پێویستە زۆر گرنگی بەوە بدرێت کە بە بێ ڕاوێژکردن بە هاوڕێیانی دیکەی هیچ کارێکی گرنگ ئەنجام نەدات. وە بە تایبەت لەم سەردەمەدا کە سەردەمی جیاوازی و دووبەرەکییە، پێویستە هیچ کارێک نەکات کە ببێتە مایەی جیاوازی و دووبەرەکی، وە هەر کارێک کە ئەنجامی دەدات تەنها لە پێناو بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خودای گەورەدا بێت.

 

ئایا خزمەت کۆتایی هاتووە؟ بۆچی؟

ئەوانەی دەڵێن خزمەت کۆتایی هاتووە، پێش هەموو شتێک خۆیان تەواو بوون. خودای گەورە هەتا ڕۆژی قیامەت درێژە بە ڕێبازەکەی دەدات. خودای گەورە لە بری ئەو کەسانەی کە باوەڕیشیان هەیە و خزمەتی ڕێبازەکەی ناکەن، نەوەیەک نوێ و باش درووست دەکات کە خزمەت بەو ڕێبازە دەکەن هەروەک لە قورئانی پیرۆزدا باسی دەکات و دەفەرموێت:

“ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌، هه‌ر که‌س له ئێوه له ئاین و به‌رنامه‌که‌ی وه‌رگه‌ڕێت و پاشگه‌ز ببێته‌وه‌، ئه‌وه (هه‌ر خۆی زه‌ره‌ر ده‌کات) ئه‌وه له ئاینده‌دا خوا که‌سانێک ده‌هێنێته کایه‌وه (ئه‌وه‌نده ڕێک و پێک و باوه‌ڕ دامه‌زراون) په‌روه‌ردگاری مه‌زن خۆشی ده‌وێن، ئه‌وانیش ئه‌ویان خۆش ده‌وێت، هه‌روه‌ها ملکه‌چ و فه‌رمانبه‌ردارو به‌سۆزن بۆ ئیمانداران و سه‌ربڵندو نه‌خۆرو ده‌روون به‌رزن به‌سه‌ر بێ باوه‌ڕاندا، له پێناو ڕێبازی خواداو بۆ به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و هه‌وڵ ده‌ده‌ن و خه‌بات ده‌که‌ن و تێده‌کۆشن، له لۆمه‌ی لۆمه‌که‌رانیش ناترسن (ئه‌م خۆشه‌ویستی و هه‌ڵبژاردن و سۆز و تێکۆشانه‌) فه‌زڵ و ڕێزی تایبه‌تی خوایه که ده‌یبه‌خشێت به هه‌ر که‌س که بیه‌وێت و (شایسته بێت) و خوا فراوانگیرو زانایه (به‌نهێنی و ئاشکرا، به‌شایسته‌یی و ناشایسته‌یی هه‌ر که‌س و هه‌ر لایه‌نێک)”.

(سورەتی المائدة ، ئایەتی ٥٤)

وەک ئەوەی درەختێک هەڵدەپاچرێت بۆ ئەوەی گەورەتر ببێت و میوە و بەروبوومی باشتری هەبێت: خودای گەورە ئەم خزمەتە کە لە ناوچەی ئەنادۆڵ چڕ ببوەوە، وەکو تۆو بە هەموو جیهاندا بڵاوکردووەتەوە. هەرچەندە ئەو ڕووداوانە لە ڕواڵەتدا ڕووداوی ناخۆشن و وەک موسیبەت تەماشا دەکرێت، بەڵام لە ناوەرۆکدا سوودی هەیە و هەموو ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت خزمەت بکەن بە هەموو دونیادا بڵاوبوونەتەوە.

هەتا قیامەت هەڵنەسێت و خودای گەورە فەرمانی تەواو بوونی نەدات، هیچ کەسێک ناتوانێت خزمەت تەواو بکات. ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە بە ڕاستگۆیی و ئیخلاس لەسەر ڕێگاکەی خۆمان بەردەوام بین، وە بە بێ ئەوەی خزمەت بکەینە کەرەستەیەک بۆ بەرژەوەندی خۆمان هەتا دوایین هەناسەمان پارێزگاری لەم ئەمانەتە بکەین و نەوەیەکی ئاڵتونی پێبگەیەنین. ئەوانەی دەیانەوێت خزمەت تەواو بکەن، خۆیان دەڕۆن و نامێنن. وەک هەموو کەسێکی تر گۆڕ چاوەڕوانی ئەوانیش دەکات. ئەگەر ئەوانیش نەیانەوێت، خودای گەورە هەتا ڕۆژی قیامەت درێژە بەم ڕێبازە دەدات.

 

سەرچاوە: https://www.yeniailem.com/allah-cc-hizmeti-dunyaya-tohum-gibi-sacmistir/#.W07nBNUzaM8

Show More
Back to top button