بیروڕاهەواڵ

خزمەت لە سەدەی زێڕینەوە هەتا ئەمڕۆ

لە فەرموودەکانی پێغەمبەرماندا هاتووە کەوا ئیسلام بە غەریبی دەستی پێکردووە( لە ڕێگەی کەسە غەریبەکانەوە نوێنەرایەتی کراوە)، ئەوانەی سەردارمان بە “هاوڕێکانم” ناوی دەبردن لە هاوەڵە بەڕێزەکانی، بە شیوەیەکی غەریب بەدەم بانگەوازەکەیەوە چوون. بە هۆی خۆشەویستیەکەوە کە سەراپای ژیانی گرتنەوە، چەشنی بوغردێک داگیرسان و بەردەوام بوون لە بڵاوکردنەوەی بۆنی خۆشیان. گیان و ماڵ و هەموو شتێکیان فیدای ئەو ڕێگایە کرد. گرفتاری ئەشکەنجە بوون و ماڵ و خاکی خۆیان بەجێهێشت. هەمیشە توشی غەم و ناسۆری و دەردەداری بوون. بەڵام هیچ کاتێک نە سکاڵایان لە حاڵی خۆیان کرد، نە خەمی خۆیان بۆ کەس هەڵڕشت. ئیسلامیان لەسەر شانەکانیان بەرز کردەوە و بێ ئەوەی دونیا بە ڕوویاندا پێبکەنێت، ئەم ژیانەیان بەجێهێشت. بەڵام لەلایەن خودای گەورەوە بە شایەنی ئەم دەستخۆشیە گەورەیە بینران  کە دەفەرموێت:

لە دەستەی یەکەمی پێشەنگی کۆچبەران و پشتیوانان ئەوانەشی بە جوانی دوای ئەوان کەوتوون، خودا لەوان ڕازیە و ئەوانیش لە خودا ڕازین، باخەکانی بەهەشتی بۆ ئامادە کردوون کە چەندین ڕووباری بە ژێردا دەڕوات و تێدا ژیانێکی ئەبەدی دەبەنە سەر، بە ڕاستی هەر ئەوەیە سەرکەوتنی گەورە.

عەبدوڵای کوڕی جەحش یەکێک بوو لەو هاوەڵە غەریبانەی سەردارمان کە لەلایەن خوداوە پەسنی کرابوو. لەبەر گرفتاربوونی بە ئەشکەنجە و زوڵمی بنەماڵەی قوڕەیش، دووەم کەس بوو کەوا کۆچی بەرەو مەدینە کرد.

عەبدوڵا زۆر دەترسا لەوەی ئەرکی سەرشانی خۆی بەرامبەر ئەو بانگەوازە بەجێنەگەیەنێت کە دڵی پێدابوو. هەمیشە بەم هەست و شعورەوە بە بێداری ژیا و ئەو قارەمانیەتیەی لە جەنگی ئوحودا پشانیدا، بووە داستانی سەر زاری هەموو لایەک. لەو ڕۆژەدا گفتوگۆیەکی لەم شێوەیە لە نێوان عەبدوڵا و سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس ڕوو دەدات و سەعد بەم شێوەیە بۆمان دەگێڕێتەوە:

لە ڕۆژی جەنگی ئوحودا، لە ساتێکدا کە جەنگەکە زۆر گەرم بوو، دەستی گرتم و بردمیە پەنای بەردێکی گەورە، وتی تۆ نزایەک بکە و منیش دەڵێم ئامین، دواتر من نزا دەکەم و تۆش بڵێ ئامین…

منیش لە نزاکەمدا وتم: خودایە لەگەڵ کەسێکی بەهێز و شەڕکەردا ڕووبەڕووم بکەرەوە و بیکوژم، با وەک جەنگاوەرێک بگەڕێمەوە لای تۆ. ئەویش وتی ئامین، دواتر خۆی دەستی بە نزا کرد و وتی:

خودایە لەگەڵ جەنگاوەرێکی بەهێزدا ڕووبەڕووم بکەرەوە و لە مەیدانی جەنگدا بیکوژم. دواتر کەسێک بێت و منیش شەهید بکات، لوت و گوێکانم لێبکاتەوە. بە خوێنەوە بگەڕێمەوە حزوری تۆ، کە گەشتمەوە حزورت پێم بڵێیت:

عەبدوڵا ئەوە لوت و گوێت بۆ وای لێهاتووە، منیش بڵێم پەروەردگارا، من زۆر هەڵە و گوناحم بەوان کرد، شەرمم کرد لەوەی بەوانەوە بێمە حزورت، لە ڕێگەی تۆ و پێغەمبەرەکەتدا بە بڕین چوون، خۆشم نوقمی تەپوتۆز بووم و بەو شێوەیە هاتوومەوە حزورت”.

خۆی بەم شێوەیە نزای کرد و منیش لەبەر ئەوەی پێشتر بەڵێنم پێدابوو، وتم ئامین!

دواتر شمشێرەکانمان دەرکێشا و هەرکەسێک دەهاتە بەردەممان دەمانکوشت. ئەو قارەمانانە خۆی کرد بە ناوی ڕیزی دوژمناندا، بە هۆی تامەزرۆییەوە بۆ پلەی شەهادەت، هەنگاو لە دوای هەنگاو زیاتر دەچوویە پێش، هێندە بە سەختی دەجەنگا، لە پڕێکدا شمشێرەکەی شکا، ئا لەو کاتەدا سەردارمان لقی درەختێکی خورمای بۆ فڕێدا و ئەویش بەردەوام بوو لە جەنگی خۆی، دار خورماکەی دەستی وەک شمشێرێک بەکار دەهێنا و جەنگی پێدەکرد، بەڵام لە چەندین لاوە موشریکان بەر تیریان دا و ئەویش شەربەتی شەهادەتی نۆشکرد. موشریکەکان هێرشیان بۆ سەر لاشەکەی برد و لوت و گوێیان بڕی. بەڵام ئەو بە ئاواتی خۆی گەشتبوو، بە وتەی سەردارمان لەگەڵ حەزرەتی حەمزەی سەرداری هەموو شەهیدەکان، لە یەک گۆڕدا ناشتنیان.

“لە نێو باوەڕداراندا قارەمانگەلێکی وەها هەن کە هەمیشە بەڵێنی خۆیان بەرامبەر خودا بردۆتە سەر. هەندێک لەوان بە هۆی بردنە سەر بەڵێنەکەیانەوە گیانیان لە دەستدا و هەندێکی تریشیان چاوەڕێن. هەرگیز لە بەڵێنی خۆیان پەشیمان نەبوونەتەوە و پەشیمانیش نابنەوە”.(احزاب،٢٣).

دواتر ڕۆژگارێک هات، ئیسلام وەک سەرەتای هاتنی غەریب کەوتەوە. شوێنێکی نەمابوو نەڕوخێت و دانەڕمێت. چەندین سەدە بوو شوراکانی ڕووخاوە و داروپەردوی بە ڕاست و چەپدا بڵاو بۆتەوە و، دەرگاکانی شکاوە و ، چەشنی قەڵایەکی لێهات کە لە چەندین لاوە کون و درزی تێبووە.

هەربۆیە حەزرەتی بەدیعوزەمانیش دەیوت” ئێمە ئەرکی نۆژەنکردنەوەی قەڵایەکمان لەسەر شانە کە چەندین سەدەیە کون و درزی تێدەبێت”.

ئەم جارەیان ئەو کەسە غەریبانەی سەردارمان بە “براکانم” ناوی دەبردن و موژدەی هاتنی دابوون لە ئەخیر زەماندا، ئەرکی هەڵگرتنی بانگەوازەکەیان خستە سەرشانیان.

لە دژی تێکدەران و سوفیان و شەبەکەی خراپەکاران، گیانیان کردە قەڵغان و سوپەر و ڕێگای چاکسازیان گرتە بەر. لەبەر خزمەتی مرۆڤایەتی هاتنە مەیدان و خزمەتێکی پیرۆزیان دەستپێکرد.

دینامیکی بناغەی ئەم کار و خزمەتە لە حەزرەتی سەرداری ڕۆحی مرۆڤایەتیەوە وەرگیرابوو، کە لە ئاسمانەوە هاتبوویە خوار و لەلایەن فریشتەکانی ئاسمانەوە پاڵپشتی لێوەکرابوو.

مەهمەت ئۆزیورتیش وەک زۆرێک لە مرۆڤەکانی ئەم ڕێگەیە، غەریبێک بوو چەشنی ئەوەی شوێنپێی عەبدوڵای کوڕی جەحشی هەڵگرتبێت، خۆی تەرخانی ئەم ڕێگەیە کردبوو. لە ڕۆژی ١١ ی شوباتی ١٩٨٣ لە ماڵی هاوڕێیەکی بە هۆی تۆمەتێکی بێ بنەماوە دەستگیر دەکرێت و نزیکەی ٢٨ ڕۆژ لە زیندان ئەشکەنجەی دەدەن.

هاوسەرەکەی بە ناوی شوکریە خانم، بەم شێوەیە باسی ئەو زوڵم و زۆرە گەورەیە دەکرد کە لە زیندان لێیان کردبوو:

“کە لە زیندان هاتە دەرەوە، نەیدەوێرا قاچەکانی پشانی هیچ کەسێک بدات”.

سامی چیزگینەریش کە لە زیندان هاوڕێی بووە، بەم شێوەیە باسی ئەو ڕۆژانەی زیندانی دەکرد:

لە مەدرەسەی یوسفی پێکەوە بووین. ئەو زیاتر لە ئێمە توشی ناڕەحەتی بوو. زۆر جار دەخراینە ژووری جیا جیاوە. جارێکیان کاتێک لە ڕاڕەوەی زیندانەکە چاوم پێکەوت لێمپرسی” تۆ بوونی ئێمە لێرە چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟!”، ئەویش لە وەڵامدا وتی: ئەو ناڕەحەتیانەی لێرە توشمان دەبێت، لە جیهانی ئەبەدی دەبنە باخچەی گوڵان. لێرە توشی هەرچی ناڕەحەتیەک دەبین با ببین. ئێمە باخچەی گوڵانی ژیانی ئەبەدیمان بە ئامانج گرتووە. هیچ خەفەت مەخۆ”.

هەروەها ئەحمەد ئێرسۆزیش،  یەکێک لەو هاوڕێیانەی خۆی کە لەگەڵیدا چۆتە زیندان دەڵێت:” لەگەڵ مامۆستا مەهمەتدا ساڵی ١٩٨٣ کە دەستگیرکراین و ماوەی ٢٨ ڕۆژ لە زیندان ماینەوە. دواتر کە بۆیان دەرکەوت مامۆستا مەهمەت و هاوڕێکانی بێ گوناحن، ئازادیان کرد. پاش ماوەیەک منیش ئازاد کرام. مامۆستا مەهمەت هەمیشە دەیوت: دڵم بەرگەی ئەوە ناگرێت کەوا لە زیندان بە تەنیا جێتبهێڵم، خۆزگە منیان ئازاد نەکردایە و لە زیندان لەگەڵتدا بوومایە”. ماوەیەک دەستگیر کرا. سوکایەتی پێکرا. چەندین تۆمەتی بۆ هەڵبەسترا. وەک ئەوەی چەتە و تاوانبار بێت چەندین جار دەخرایە ژێر چاودێری. بەڵام ئەو هەمیشە دەیوت” ئیمان هەم نورە، هەم هێز، ئەوەی ئیمانی ڕاستەقینەی بەدەست هێنابێت، دەتوانێت تەحەدای هەموو گەردون بکات”.

لەبەر ئەوەی خۆیشی لەم حەقیقەتە تێگەشتبوو، هەرگیز توشی دوودڵی و دڵەڕاوکێ و هەستی پاشگەزبوونەوە  نەبوو.

پاش ماوەیەک لە ئازادکردنی، لە بەرواری ١١ ی نیسانی ١٩٨٣ لە کارەکەی دوور خرایەوە کە فەرمانبەری دەوڵەت بوو. ئەو لە بەرامبەر ئەمەشدا وتی “خێرێکی تێدایە ئەم کارە” و، بە مەبەستی بەردەوامیدان بە خزمەتەکانی، ماڵی گواستەوە بۆ شاری دیاربەکرد. لە گەڕەکەکانی قەراغ شاردا ماڵێکی وێرانەی بە کرێ گرت. کەلوپەلی کەمی هەبوو. بازنی دەستەی شوکریە خانمی هاوسەری فرۆشت و بە هەزار کولە مەرگی لەو شارەدا  ژیانی دەگوزەراند. کۆڵان بە کۆڵان دەگەڕا و کەسێک نەما مەرحەبای نەکات، بەڵام نەیدەتوانی خانوویەک بۆ خوێندکارەکانی بدۆزێتەوە. بڕیاریدا، شەوێکیان لە پڕ ماڵەکەی گواستەوە بۆ یەکێک لەو خانوانەی بە تەجاوز دروست کرابوو. نیوەی کەلوپەلەکانی لەو ماڵەدا جێهێشت هەتا خوێندکارەکانی بەکاری بهێنن. یەکەم ماڵی خزمەت لە دیاربەکر بەو شێوەیە دروست بوو. دواتر دووهەم و سێهەمیشی بەدوادا هات.

مەهمەت ئۆزیورت هەرگیز یارمەتی لە کەس وەرنەدەگرت، هاوسەرەکەی بەم شێوەیە باسی ئەو بابەتە دەکات:

کە ماڵمان گواستەوە بۆ دیاربەکر، ماوەی ساڵێک میوە نەهاتە ماڵی ئێمە. کەسێکی ناسیاومان ڕۆژێک میوەی هێنا، مەهمەتیش پێی وت: بۆ میوەت هێنا، ئەوە ساڵێکە هیچ میوەیەک نەهاتۆتە ماڵەکەمان، ئێستا بیخۆن دیسان بیریان دەکەوێتەوە و داوای دەکەن!

 

ئەم مرۆڤە کە ساڵانی تەمەنی بۆ عەشقی خزمەت تەرخان کرد، بێ وچان خەریکی ڕاکە ڕاک بوو. چونکە بە باشی دەیزانی ئەو ئەرکەی لەسەر شانێتی لەسەرو هەموو فەرزێکەوەیە.

مەهمەت ئۆزیورت لە دوا ڕۆژەکانی تەمەنیدا سەردانی چەندین شوێن دەکات، دیسان دەچێتەوە دیاربەکر و بێ ئەوەی پشوو بدات دەچێتە شاری ڤان، کاتێک دەگەڕێتەوە شەکەت و ماندوو دەبێت.

کاتێک زۆری پێناچێت دیسان خۆی ئامادەی سەردانی شاری ئورفا دەکات و پێش ئەوەی بڕواتە دەرەوە بە هاوسەرەکەی دەڵێت” خەفەت بەوە ناخۆم کە دەمرم، خەفەت بۆ ئێوە دەخۆم، کەس نیە ئاگای لە تۆ و پێنج منداڵەکەم بێت، بە تەنیا چی دەکەن؟”.

 

هاوسەرەکەی لەم قسانە تێناگات و لەو کاتەدا:” منداڵەکانی ماچ کرد و پێڵاوەکانی لە پێکرد. لە بەردەمی دەرگاکە وەستا و سەیری ژوورەوەی دەکرد. پلیکانەیەک ڕۆشتە خوارەوە و دیسان سەیری ژوورەوەی دەکرد. وتم چیە شتێکت لە بیرچووە؟ وتی نەخێر. چاوەکانی تەڕ بوو بوو. کە لە پلیکانەکان دابەزیە خوارەوە دەرگاکەم لە دوایەوە داخست. لە خۆمەوە دڵم ناڕەحەتیەکی گەورەی تێدا بوو. دیسان دەرگاکەم کردەوە، سەیرم کرد هێشتا نەڕۆشتووە. وتم چیە بۆ وەستاویت شتێک هەیە؟ وتی نا هیچ نیە. بە دیقەتەوە سەیری دەموچاوی کردم و وتی ” بە خواتان دەسپێرم”. بە ڕاکردن چووە خوارەوە و دەرگاکەم داخستەوە. یەکسەر چوومە باڵکۆن و ویستم بیبینم کە بۆ کوێوە دەڕوات، بەڵام نەمبینی، ئەوە دوا چاوپێکەوتنمان بوو”.

 

مەهمەت ئۆزیورت و هەندێک لە برادەرەکانی بە مەبەستی کردنەوەی چەند خوێندنگەیەک سەردانی شاری ئورفا دەکەن. لە شەوی ١٧ ی ئەیلولی ئەو ساڵەدا هەریەک لە بایرام ئەجار و حەسبی شاهین و مامۆستا مەمدوح لەگەڵیدا پێکەوە گفتوگۆ دەکەن. لە نیو خۆیاندا باس لەوە دەکەن کە گوناح سەراپای مرۆڤەکانی ڕۆژگاری گرتۆتەوە و هیچ کەسێک لە بابەتی ئیخلاس و تەقوادا خەریکی پێشبڕکێ نین.

مامۆستا بایرام دەڵێت” بە ڕای من جگە لە شەهید بوون هیچ شتێک ئێمە لە گوناحەکانمان پاک ناکاتەوە. کاتێک یەکێک لە ئامادەبووانیش دەپرسێت” نە جەنگێک هەیە نە شەڕ، ئیدی چۆن شەهید ببین”.

مەهمەت ئۆزیورتیش بەم شێوەیە وەڵام دەداتەوە:” تەنیا گەر بسوتێین و ببینە خۆڵە مێش ئینجا دەچینە بەهەشت”.

لە ڕاستیدا ئەمە نزایەک بوو. چەشنی عەبدوڵای کوڕی جەحش، ئەمە عەریزەیەک بوو پێشکەشی پەروەردگاری کردبوو.

بەیانیەکەی بە ٣ ئۆتۆمبیلەوە بەرەو غازیعەنتەب دەکەونە ڕێ، کاتێک ١٤ کیلۆمەتر دەچنە دەرەوەی ئورفا، مامۆستا مەهمەت بە هۆی ماندوویەتیەوە لە ئۆتۆمبیلەکەی پێشەوە دادەبەزێت و دەچێتە ئۆتۆمبیلەکەی ناوەڕاست.

پاش کەمێک ئەو ئۆتۆمبیلەی مەهمەت ئۆزیورتی تێدا دەبێت، خۆی دەکێشێت بە تانکەرێکی نەوتدا و خۆیی و سەیارەکەی دەسوتێن. چەشنی عەبدوڵای کوڕی جەحش، لە تەمەنی ٤٣ ساڵیدا ئەم ژیانە جێدەهێڵێت. جگە لە دەستی ڕاستی و پەنجەی شایەتمانی، هەموو گیانی هەپرون بە هەپرون دەبێت و دەبێت بە خۆڵەمێش.

لە هەمان ئۆتۆمبیلدا هەریەک لە بایرام ئاجار، حەسبی شاهین، خەلیل ئیبراهیمیش گیان لە دەست دەدەن و دەسوتێن.

مەهمەت ئۆزیورتیش وەک قارەمانێکی غەریب لەم هەواری خزمەتکردنە ژیا و ڕۆشت. ئەمانەتەکەی لەسەر شانی هەڵگرت و بە ئیخلاسەوە خۆی کرد بە خاوەنی، هەتا دوا ساتی تەمەنی، ئاڵای خزمەتی دانەنەواند. بە پشتیوانی و کۆمەکی خوداش، ئێستا ئەو ئاڵایە لە هەر چوار دەوری دونیا دەشەکێتەوە.

ئەوانیش بوونە یادەوەریەکی جوان لە یادگەی نەوەیەکی پاکوبێگەرددا.

وەک مەردە پڕ ئیخلاسەکانی ڕێگای خزمەت، هەمیشە بە باشە یاد دەکرێنەوە. خراپەکاران بە خراپەکانیان، زاڵمان بە زوڵمەکانیان، درۆزنان بە درۆکانیان، بوختانچیان بە بوختانەکانیان، مێدیای ڕوو ڕەشەکانیش بە ڕووڕەشیەکەیان یاد دەکرێنەوە.

ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر شانی هاوسۆزانی بزاڤی خزمەتە، ئەو خزمەتەی هەتا ئەمڕۆ بە دەستیان گەشتووە، بەوپەڕی ئیخلاسیانەوە ڕەزامەندی خودا بە ئامانج بگرن لە کارەکانیان.

سەیرکەن بەدیعوزەمان چی دەڵێت:” سەرەڕای ئەوەی لەم سەردەمە تۆقێنەرەدا، کە پڕە لە دوژمنی سەرسەخت و فشاری چەوسێنەر و بیدعە و گومڕایەکان لە هەموو لایەکەوە هێرش دەهێنن، بەڵام خودا بە ئیحسانی خۆی ئەم ئەرکە پیرۆز و گەورەیەی کە پەیوەندی بە هەموو مرۆڤایەتیەوە هەیە خستۆتە سەر شانەکانی ئێمەی لاواز و هەژار و کۆڵەوار. بێگومان پێویستە بە هەموو هێزمانەوە هەوڵی بەدەستهێنانی ئیخلاس بدەین و ئەم ئەرکەمان لەسەر شانە و لە هەموو کەس زیاتر ناچارین بەوەی وەهابین. زۆر ئاتاجی ئەوەین نهێنی ئیخلاس لە دلەکانماندا جێگیر بکەین.”

 

 

 

 

Show More
Back to top button