هەواڵ

خانەوادەی زیندانییە دوورەدەستەکان لە ڕێگادا چییان بەسەر دێت؟

 

خانەوادەی ئەو کەسانەی لە زیندانە دوورەدەستەکان بەندکراون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵمەتێکیان لە ژێر ناونیشانی “ڕێگای بینین، ڕێگای مەرگ” وەک ناڕەزایی لە دژی ئەو کارە نایاساییانە دەستێپێکرد.

لە دوای ڕەشبگیرە فراوانەکەی پاش ١٥ی تەموز، ڕێگەیەکی نوێ بۆ سزادانی زیندانییەکان و کەسوکارییان دۆزرایەوە کە بریتییە لە گواستنەوەی زیندانییەکان بۆ ئەو گرتووخانانەی زۆر دوورن لەو شارانەی تێیدا نیشتەجێن. ئەوەش وا دەکات خانەوادەی زیندانییەکان بۆ بینینی زیندانییەکەیان سەدان کیلۆمەتر ببڕن. لەبەر ئەوەی خانەوادەی زیندانییەکان ناچارن لە کاتژمێر ٧:٠٠ ی بەیانیدا لە بەردەم دەرگای گرتووخانەکەدا بن، زۆربەی ڕێگاکان لە تاریکایی شەودا دەبڕدرێت. دواتر بە هۆی ڕۆتیناتی قورسی پشکنین لەناو گرتووخانەکاندا ئەو خانەوادانە ناچار دەبن چەندین کاژێر بە پێوە ڕابوەستن و بەو ماندووییەوە بەڕێ بکەون و بگەڕێنەوە. ئەوەش زۆرجار ڕووداوی هاتوچۆی لێدەکەوێتەوە و کارەساتێک بۆ ئەو خانەوادەیە درووست دەکات.

 

 

تەنها بۆ نیو کاژێر بینین ٢٤ کاژێر ڕێگە دەبڕدرێت

کەسانێک تەنها لە پێناو نیو کاژێر بینین ٢٤ کاژێر ڕێگە دەبڕن، کەسانێک بە هەبوونی منداڵێکەوە لە باوەشیاندا ڕێگەیەکی دوور دەبڕن، بە بێ گوێدانە بەفری زستان و باران و قوڕ لەبەردەم دەرگای گرتووخانەکاندا دەوەستن. کەسوکاری زیندانییە دوورەدەستەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵمەتێکیان لەژێر ناونیشانی “ڕێگای بینین، ڕێگای مەرگ” وەک ناڕەزایی لە بەرامبەر ئەو کارە نایاسایی و نادادپەروەرییەدا دەستپێکردووە.

عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو پەرلەمانتاری هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند کێشەی گواستنەوەی زیندانییان بۆ گرتووخانە دوورە دەستەکان لە حەد و حساب دەرچووە و سەردانی کردنی خانەوادەی ئەو زیندانییانە بۆ گرتووخانە دوورەدەستەکان کارێکی زۆر سەخت و ماندووکەرە، وە زۆرجار بەو هۆیەوە کارەساتی گەورە درووست دەبێت. وە بە هۆی ئەو کارەساتانەوە خەم و ناسۆری زیندانییان بە شێوەیەکی بێسنوور زیاد دەبێت.

 

 

بێتول سەدا ئۆزجان، ڕۆژی ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠١٧ لەگەڵ دایکی لە شاری کۆجائەلییەوە بەرەو ئەلازیغ بۆ بینینێکی ٤٥ خولەکی بەڕێکەوت. بێتول ماوەی شەش مانگ بوو باوکی نەبینی بوو، کاتێک بەرەو گرتووخانەی ئەلازیغ بەڕێکەوت بەردەوام لەبەر خۆیەوە دەیوت “بەرەو لای باوکم دەڕۆم” بەڵام لە ڕێگادا تووشی ڕووداوێکی هاتوچۆ بوو، وە بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا.

یونس مزراکی تەمەن ٥٢ ساڵ لەگەڵ جەلالەدین ئاراسی خەزوری لە تەمەنی ٧٩ ساڵ بوو. ڕۆژی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٦ بە مەبەستی سەردانکردنی خزمێکی زیندانییان کە لە گرتووخانەی کایسەری بەندکرابوو، لە شاری موشەوە بەرەو کایسەری بەڕێکەوتن. بەڵام ئەو ڕێگە دوورە بە ڕووداوێکی هاتوچۆ لە نزیک شاری کایسەری کۆتایی هات. یونس گیانی لەدەستدا و جەلالەدین بە سەختی بریندار بوو.

 

 

ئەوانە تەنها چەند نمونەیەکن لە سەدان کارەساتی دڵتەزێن کە لە ڕێگەی سەردانی کردنی گرتووخانە دوورەدەستەکاندا ڕوویانداوە. ئەو کەسانەی بەشداربوون لە هەڵمەتی “ڕێگەی بینین، ڕێگەی مەرگ” لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەسەرهاتی ناخۆشی خۆیان لەو بارەیەوە دەگێڕنەوە. یەکێک لەوانە لە نووسینێکدا دەڵێت: “جارێک خەسووم کە تەمەنی ٨٠ ساڵە لە شاری سیڤاسەوە هاتبوو بۆ شاری چاناککالە کە ڕێگەی نێوانیان ١٨ کاژێرە، بە مەبەستی بینینی زیندانییەکەی. بەڵام بە هۆی ئەوەی پلاتین لە قاچیدا هەبوو، وە ڕاپۆرتی پزیشکی پێ نەبوو بۆ ئەو پلاتینەی لە قاچیدایە، لە پشکنینی X-ray ڕێگەی پێنەدرا بچێتە ژوورەوە. بۆیە ناچار بە بێ بینینی زیندانییەکەی بە ڕێگە ١٨ کاژێرییەکەیدا گەڕایەوە”. وە کەسێکی دیکە نووسیویەتی: “ژنێک کە لە شاری ئەنقەرە دادەنیشێت، بەندکردنی هاوسەرەکەی لە شاری تونجەلی چۆن دەکرێت؟ ڕێگەی نێوانیان ١٤ کاژێرە، واتە دەبێت ٢٨ کاژێر لە ڕێگەدا بەسەر بەرێت، هیچ نەبێت لە خوا بترسن وەک شەرم لە بەندەکانی ناکەن.”

 

سەرچاوە: http://www.shaber3.com/surgun-tutuklularin-aileleri-yollarda-neler-cekiyor-haberi/1317197/

Show More
Back to top button