هەواڵ

خانمە ڕۆژنامەنوسێکی زیندانیکراو: دڵم لە زۆر مرۆڤ شکاوە


عائیشەنور پاریلداک یەکێک لە خانمە ڕۆژنامەنوسەکانی تورکیا، لە ماوەی ڕابردوودا تەنیا بە هۆی ئەوەی لە ڕۆژنامەی زەمان کاری کردووە، سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
ناوبراو لە نامەیەکیدا بۆ ڕای گشتی تورکیا دەڵێت: من چیتر بەرگەی ئەم هەموو شتە خراپانە ناگرم، من زۆر ماندوو بووم، تەنیا خەوێکی قوڵ دەتوانێت چاکم بکاتەوە، خەوێک کە لە بەرەبەیاندا بە قیڕەی بژاردنی زیندانیەکان بە ئاگا نەیەوەمە”.
هەڵبەز و دابەزی دۆلار و یورۆ، ئەو قەیرانە ئابوریەی کە نزیک دەبێتەوە، ئە ڕۆژەڤە سیاسیانەی کە هەرگیز کۆتاییان نایەت، هەموو کەسێک هێندە بە سیاسەتەوە مەشغوڵ بووە، کەس ئاگای لە هاوڵاتیانی ناو زیندانەکان نەماوە، کەس ئاگای لە کوژراو و ئەشکەنجەدراو و مردووەکانی ناو زیندان نەماوە.
با لەمانەی سەرەوە قسەیەکی ڕاستترتان پێبڵێم، با ئەو پرسیارەی عائیشەنور پاریلداکتان پێبڵێم کە لە زیندانە ٦ مەترە دووجاکەیەوە ئاڕاستەمانی دەکات:
” ئایا لە تورکیا و لە دەرەوەی تورکیادا هیچ هەنگاوێک هەیە کە لە بەرژەوەندی ئێمە هەڵبگیرێت؟”. واتە لێمان دەپرسێت کە داخۆ هیچ هەنگاوێکمان بۆ ڕزگارکردنیان هەڵگرتووە؟ نازانم چۆن وەڵامی ئەم پرسیارەی عائیشەنور بدەمەوە. نە دەتوانم بڵێم بەڵێ نە دەتوانم بڵێم نەخێر.
بەڵێ هەندێک شت ئەنجام دەدرێت بەڵام بە داخەوە شتێک نیە کە شایەنی باسکردن بێت. ئەمە وەڵامی منە، هەرکەسەو لە ویژدانی خۆیەوە وەڵامی ئەم مرۆڤە بێ گوناحە بداتەوە کە تەنیا بە هۆی ئەوەی لە ڕۆژنامەی زەمان کاری کردووە، سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، نزیکەی پێش ساڵێک لەمەوبەر، لە ناوچەی هودەرسفایلدی ئینگلتەرە، پێشانگایەکی وێنەیی وەک پاڵپشتی ڕۆژنامەنوسە زیندانیەکانی تورکیا ساز کرد. پێشانگاکە کە لە کڵێسەیەکی ئەو ناوچەیەدا لە ژێر ناوی ” هاوارە بێدەنگەکان” کرایەوە، وێنەی هەموو ڕۆژنامەنوسە زیندانیکراوەکانیان هەڵواسیبوو. ڕۆژنامەنوسە فەڕەنسیەکان لە سەرەتای ئەمساڵدا، لە ڕێگەی نوسینی نامەوە بۆ ڕۆژنامەنوسە زیندانیکراوەکان، پاڵپشتی خۆیان دووپات کردەوە.
ڕۆژنامەی دای واڵتی ئەڵمانی لە دوای ئازادکردنی ڕۆژنامەنوسەکەیان بە ناوی دەنیز یوجەل، هەموو ڕۆژێک لە ژێر ناوی “دەنیز ئازادکرا بەڵام هێشتا زۆری تر ماوە ئازاد بکرێت”، چیرۆکی یەکێک لە ڕۆژنامە زیندانیکراوەکانی تورکیایان بڵاو دەکردەوە و ئەمەش کەمپینێک بوو کە تەنیا خۆیان سازیان کردبوو. واتە ئەمانە هەتا ئێستا ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە و ئەوەی من دەیزانم تەنیا ئەمانەیە.
من نازانم ئەنجامدانی شیکاری بۆ چەند هەزارێک ئەندامی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یاخود بڵاوکردنەوەی لیستی ئەو کەسانەی لە زینداندا ژیانیان لە دەستداوە و ئەشکەنجە دراون، تا چەندە دەوای دەردی کەسانێکی بێ گوناحی وەک عائیشەنور دەکات لە زیندانەکاندا؟
ئەمە ئازاری ئەو کەسانە بە دونیا ناگەیەنێت کەوا لە دەریای مەریچدا دەخنکێن، خۆ گەر بیشیبیستن کەس بە هانایانەوە ناچێت. گەر واز لە خۆ نواندن و قارەمانیەتیەکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتکان بهێنین. پێویست بە کاری زیاتر هەیە. بەڵام زۆرێک لە ئێمە لە بەردەم قەدەردا دانیشتووین و چاوەڕێین قسەیەکمان بۆ بکات. یاخود حوکم بەسەر ئەم و ئەودا دەدەین.

“دەمەوێت وێنای ناو هزرەکان بڕوخێنم”
ماوەی ساڵێکە بەردەوام نامە لەگەڵ عائیشەنور دەگۆڕمەوە و لە دوو نامەی کۆتاییدا ئەوەم بۆ دەرکەوت کە تەنانەت منیش زۆر لە هەست و ئازارەکانی ئەوان دوور کەوتووینەتەوە. عائیشەنور زۆر لەوە دەترسێت کە هەموو کەسێک لەبیری بکات. ترسەکەشی لەو بارودۆخەوە سەری هەڵنەداوە کە چواردەوریان داوە. ئەو شتەی دەیەوێت ئەنجامی بدات یاخود چاوەریێ دەکات لە کەسانی تر زۆر جیاوازە لەوەی بیری لێدەکەینەوە، فەرموو خۆتان و ڕستەکانی پێکەوە بە تەنیا جێدەهێڵم:

هێشتا زۆر ترسم لەوە هەیە کە بە تەواوی لێرە فەرامۆش بکرێم. لەوە دەترسم مرۆڤەکان بڵێن ” شتێکیان هەر کردووە، گەر هیچیان نەکردایە ئاوەها لە ژوورەوە نەدەمانەوە”. دادگای تێهەڵچوونەوە دۆسیەکەی قبوڵکردووم و تەنیا بەڵگەیەک لەسەرم هەبێت ئەوەیە هێڵێکی “ڤین” م هەبووە. هیچ دیار نیە کەوا بەرنامەی بایلۆک لە چ شوێنێکدا دابەزاندووە، تەنیا بە هۆی ئەوەی لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا ٤١ جار هێڵی تەلەفۆنەکەم بەکارهێناوە، بە لای دادگاوە بەس بووە بۆ ئەوەی بە تاوانبارم بزانێت. بەڵام بە چاوی خۆشم مرۆڤەکانی تر دەبینم کە بە چ هۆیەک ئازاد دەکرێن و لە زیندان ڕزگار دەبن. من لێرە خەریکە لەناودەچم، ئامانجم ئەوە نیە کە بە زووترین کات لە زیندان بچمە دەرەوە، تەنیا ئامانجم ئەوەیە وێنای ناو هزری مرۆڤەکان بڕوخێنم.
تەنیا ٤١ جار چوونە ناو هێڵەکە، ئەوەشیان لە دوای ٦ -٧ مانگ لە دەستبەسەرکردنم دۆزیەوە. ماوەی ٦ -٧ مانگ بە دوای بەڵگەدا گەڕان. من چیدی بەرگەی ئەم هەموو خراپەیە ناگرم، زۆر ماندوو بووم. ئەوەی دەتوانێت من چاک بکاتەوە خەوێکی قوڵە. خەوێکی قوڵی وەها کە بەیانی بە قیڕەی ژماردنی زیندانیەکان بە ئاگا نەیەمەوە!
باس لە دەرچوونی یاسایەک دەکەن کە سزاکانی سەر ئێمە هەڵبگرێت، بەڵام لەبەرچی یاسایەکی لەو شێوەیە دەربکەن؟ دەڵێم تۆ بڵێی کاریان لەگەڵ ئێمە تەواو بوو بێت و وازیان لەوە هێنابێت کە زیاتر لەمەی ئێستا خۆیان بە ئێمەوە خەریک بکەن؟
هیوادارم بەو شێوەیە بێت چونکە زۆر ماندوو بووم. زۆر قسەم هەیە بۆ وتن، من و کەسانێکی تری هاوشێوەی من، بەڵام وازی لێبهێنە. هیوام وایە خودا ئێمە ببینێت و ئەو ئازار و ناسۆریانەی دەیچێژین لە پێناو شتێکدا بێت. هەروەها حیکمەتەکەشی بە چاوی خۆم ببینم دواتر. بە پێچەوانەوە ترسم هەیە لەمە زیاتر بەرگە نەگرم.
دواتر عائیشەنور دەپرسێت: “لەبەر چی من؟”. سەرەتا هاوسەرگیریەکەم، دواترمافی خوێندن و ئازادیم. لەو ئاگرەی کەسانی تر کردیانەوە دەسوتێم. ئەوانەشی داریان بۆ خۆشکردنی ئاگرەکە دەبرد، یان هەر نەچوونە زیندان یاخود ئازاد کراون. لەبەرچی من؟ ئەم سزایە لەبەر ئەوەیە هەموو ئیمتیازەکانی بواری یاسام بە لەپی دەستم پاڵ پێوەنا و قبوڵم نەکرد پەت لە ملی کەسانی تر ببم؟ تەنیا لەبەر ئەوەی ئایەتی ” ئێوە بۆ ئەقڵتان بەکارناهێنن؟” م جێبەجێکرد و وەک کەسانی تر ئەقڵی خۆم بە کرێ نەدا، ئایا ئەم هەموو سزایە لەبەر ئەوەیە و بۆیە تاوانبارم؟

“ژوورەکەی ٦ مەترە دووجایە”
عائیشەنور لە ژوورێکی ٦ مەترە دووجایدا دەمێنێتەوە و سەرەتا ڕۆژانە تەنیا یەک کاتژمێر بۆیە هەبووە بچێتە دەرەوەی ژوورەکە بە مەبەستی هەوای پاک وەرگرتن، دواتر بۆتە ٤ کاتژمێر و ئێستا ٨ کاتژمێر. ئەو دەڵێت کەوا ئەو ٨ کاتژمێرە لەگەڵ کەسانی تردا بەسەر دەبات کە وەک خۆی لە ژووری تاکە کەسیدا دەژین. هەموو کاتەکانی تری بە تاقی تەنیا لە ژوورە چۆڵەکەی زیندان بەسەر دەبات. دڵنیام لەوەی عائیشەنور و هەموو مرۆڤەکانی تری ناو زیندان بەرامبەر زۆر کەس دڵیان شکاوە. پێیان وایە بە تەنیا جێهێڵدراون. عائیشەنور دەڵێت” من لەبەر ئەوەی خانمم زۆر نامەم بە دەست دەگات و سەردانم زۆر دەکرێت. بەڵام پێموایە زۆرێک لە مرۆڤەکان پێیان وایە ئێمە شایستەی ئەم سزایەین. بۆ ئەوانەی نامەیان بۆ نەناردووم دەڵێم: زۆر دڵم لێتان شکاوە”.
ئەلیس لوسێت، وەڵامی عائیشەنور بدەرەوە
لەوە دەچێت هەندێک هەبن کەوا بڵێن جگە لە نزا هیچی تریان لە دەست نایەت. وەک پێشتر وتم، ١٤ ڕۆژنامەنوسی فەڕەنسی خۆیان کرد بە خاوەنی ڕۆژنامەنوسە زیندانیکراوەکانی تورکیا و نەمایەن بۆ نووسین. عائیشەنور داوای ئەوەی لێکردم کە ناونیشانی ڕۆژنامەنوسی بەناوبانگی فەڕەنسی ئەلیس لوسێتی بۆ بدۆزمەوە. سوپاسی ئەو ڕۆژنامەنوسەی کرد کە نامەی بۆ نوسیبوو. منیش سوپاسەکەی عائیشەنورم بە یاریدەدەرەکەی گەیاند. بەڵام هەتا ئێستا وەڵامێکی ئەرێنیم لێ وەرنەگرتۆتەوە. دواجار پێیان وتم کەوا لە پشووی هاوینەیە و هەوای فەرەنسا گەرم بووە و سەرقاڵی پشووی خۆیەتی. بەڵام عائیشەنور لە نامەی سوپاسگوزاریەکەیدا پرسیار دەکات و دەڵێت ” هیچ هەواڵێکی نوێ هەیە؟”. ئەوەی لە دەستی ئێمەش دێت ئەوەیە لە پەیجی تویتەری خۆیەوە نامەیەک بۆ @EliseLucet بنێرین و داوای لێبکەین وەڵامی پاریلداک بداتەوە. Elise Lucet #répondezàAyşenur

Show More
Back to top button