هەواڵ

خانمێکی دوو گیان ماوەی ٢٠ ڕۆژە توشی خوێنبەربوون بووە و ژیانی لە مەترسیدایە

ئەمینە ئای یەکێکی تر لەو سەدان خانمەی لە دوای کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموز زیندانی کراوە ،  سەرەڕای هەبوونی ڕاپۆرتی پزیشکی خراوەتە زیندانەوە و، ماوەی ٢٠ ڕۆژە توشی خوێنبەربوون بووە و ئێستا ژیانی خۆیی و منداڵەکەی لە مەترسیدایە.

خانمەکە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا لە شاری غازیعەنتەب دەستگیر دەکرێن و سەرەتا دەخرێنە زیندانی شاری ئادییەمان و دواتر دەگوازرێنەوە بۆ زیندانی شاری بیتلیس.

عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغلو چالاکوانی بواری مافی مرۆڤ و پەڕلەمانتاری دیموکراتی گەلان(هەدەپە)، سەبارەت بە ڕەوشی تەندروستی خانمەکە دەڵێت” سەرەڕای ئەوەی یاساکانی تورکیا ڕێگە بە دەستگیرکردنی ژنانی دوو گیان نادەن، بەڵام خانمێک بە ناوی ئەمینە ئای کە سکەکەی ٤ مانگ و نیوە، ماوەی مانگێکە لەم نەخۆشخانەوە دەبرێت بۆ ئەو نەخۆشخانە و ماوەی ٢٠ ڕۆژە توشی خوێنبەربوون بووە، لەگەڵ پزیشکەکەی قسەم کردووە و دەڵێت بەم حاڵەی ئێستایەوە ناتوانێت بڕواتەوە بۆ نەخۆشخانە”.

گەرگەرلیئۆغلو دواتر ڕوو دەکاتە کاربەدەستانی تورکیا و دەڵێت” کێ ئۆباڵی قورسی ئەم هاوڵاتیانە لە ئەستۆ دەگرێت؟ ئایا کاربەدەستانی وەزارەتی داد لە ئەستۆی دەگرن؟”.

خانمەکە سەرەتا دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری ڤان و دوای ئەوەی لەوێ چارەسەری خوێنبەربوونەکەی ناکرێت، بە ناچاری دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی زەکایی تاهیر لە ئەنقەرە.

خانمەکە لە کاتێکدا سکەکەی ٢ مانگ و نیو دەبێت، لە شاری غازیعەنتەب لەگەڵ هاوسەرەکەیدا دەستگیر دەکرێت و، دوای ئەوەی لە غازیعەنتەبەوە دەبرێت بۆ بنکەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە شاری بیتلیس، ماوەی ٨ ڕۆژ لەوێدا بە دەستگیر کراوی دەمێنێتەوە و پزیشکی ئەو بنکەیە بە هێزەکانی پۆلیس ڕادەگەیەنێت، کەوا خانمەکە ئەگەری لەبارچوونی منداڵەکەی هەیە و نابێت لە زینداندا بمێنێتەوە.

بەڵام خانمەکە لە بەرواری ١١ ی تەموزەوە لەلایەن دادگاوە فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکراوە و لەو کاتەوە لە زینداندایە.

خانمەکە دوو منداڵی ٣،٧ ساڵانی تری هەیە و کوڕە ٧ ساڵەکەی بە ناوی عەلی نایل لەلای باپیری دەمێنێتەوە و، کچەکەی بە ناوی بەرنا لە زیندان لەگەڵ خۆیدایە.

کوڕەکەی بە هۆی دووری لە دایکیەوە توشی گرفتی دەروونی بووە و کچەکەشی ئێستا بە تەنیا لە زیندانە و لەلایەن زیندانیەکانی هاوڕێی دایکیەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

سەردار یەزار پارێزەری خانمەکە دەڵێت لە ماوەی ڕابردوودا قسەی لەگەڵ داواکاری گشتی کردووە و داوای لێکردووە کەوا خانمەکە ئازاد بکات بە هۆی مەترسی لە دەستدانی منداڵەکەیەوە.

بەڵام داواکاری گشتی لە وەڵامدا پێی وتووە” خەمت نەبێت هیچ نابێت، منیش حەز دەکەم پۆلیس دایم بەسەر سەری ژنەکەمەوە بوەستن و چاودێری بکەن”.

Show More
Back to top button