هەواڵ

خانمانی دووگیان لە ئیستەنبوڵ و ئەرزڕۆم کەلەپچە دەکرێن و لە زینداندا منداڵیان دەبێت

 

ستەمکاریی و نادادییەکانی تورکیا بەرانبەر زیندانییەکان درێژە هەیە و لە هەفتەی ڕابردوودا ئافرەتێکی دووگیان بە کەلەپچەکراوی بردرا بۆ نەخۆشخانە، پاش ئەوە کە منداڵەکەی بوو، دوای ٥ ڕۆژ هەردووکیان بردرانەوە بۆ زیندان. لە ڕووداوێکی تریشدا لە شاری ئەرزڕۆم ئافرەتێکی دووگیان لە زینداندا خەریکە منداڵی دەبێت.

عومەرفاروق گەرگەرلیئۆغڵو ئەندامپەرلەمانی هەدەپە و چالاکی مافی مرۆڤ توویتێکی لەو بارەیەوە کردووە و ڕووی دەمی کردووەتە وەزارەتی دادی تورکیا، گەرگەرلیئۆغڵو نووسیویەتی:

” شەیما تەکین، زیندانییەکی دووگیانە و کاتی دانانی سکەکەیەتی، هاکا منداڵەکەی لەدایکبوو. پزیشکەکان پێیان وتووە:” بەم دۆخەوە چۆن لە ژوورەوە دەتهێڵنەوە، ئەگەر تا سبەی منداڵەکەت نەبێت پێویستە نەشتەرگەریت بۆ ئەنجام بدرێت.ئازادی بکەن، ستەمەکە زیادی کردووە، ناکرێت ئیتر ٢ خوینی تریش بخەنە ملتان..”

 

بەپێی یاسا نابێت ئافرەتی دووگیان لە زینداندا بێت

لەلایەکی ترەوە پارێزەر نوروڵا ئاڵبایراک ڕایگەیاندووە کە یاساکانی تورکیا ڕێگە نادەن ئافرەتی دووگیان لە زینداندا بهێڵدرێتەوە، ئاماژەشی بە قسەکانی گەرگەرلیئۆغڵو کردووە سەبارەت بە حاڵەتەکانی ئیستەنبوڵ و ئەرزڕۆم.

 

ئەو پارێزەرە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی T24 وتی:

” لە گرتوخانەکاندا نزیکەی ٧٠٠ منداڵ لەگەڵ دایکیاندا زیندانین. بەر لە هەفتەیەک لە ئیستەنبوڵ ئافرەتێکی زیندانیی دووگیان بەکەلەپچەکراوی بردراوە بۆ نەخۆشخانە و لەوێ منداڵەکەی بووە. دواتر دایکەکە و کۆرپە تازەلەدایکبووەکەی بردراونەتەوە بۆ زیندان. هیچ مرۆڤێک، تەنانەت ئەگەر تاوانباریش بێت نابێت ئاوا هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت.

سەبارەت بە یاساکانی خۆشمان، واز لە دەستگیرکردنەکەی بهێنن، کەسێک کە دووگیانە تەنانەت ئەگەر سزاش درابێت نابێت لە زینداندا بهێڵرێتەوە. لەکاتێکدا یاساکانمان ئەوەندە ڕوونن، ئەو بیرکردنەوەیەی کە ئافرەتانی دووگیان یاخود ئەوانەی تازە منداڵیان بووە زیندانیی دەکات زۆر مەترسیدارە. بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانیش زیندانیی کردنی ئافرەتی دووگیان نایاساییە. بۆیە هەرکەسێک کە ئەو کارانە دەکات، هەرچەندە پێیان وابێت کە ئیستا پارێزراون، بەڵام ئەگەر درەنگیش بێت هەر سزا دەدرێن.”

 

سەرچاوە: http://www.tr724.com/istanbul-ve-erzurumda-hamile-kadinlara-kelepce-altinda-ve-hapiste-dogum-zulmu/

Show More
Back to top button