بیروڕاهەواڵ

جیاوازی نێوان دوو کەسایەتیە سەرەکیەکەی تورکیا

رانجێنی مونوسامی نوسەر و ڕۆژنامەنوسی دیاری باشوری ئەفەریقا، دوای بینینی ڕەجەب تەییب ئێردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە وڵاتی مۆزەمبیق، وتارێکی بە ناوی ” سوڵتانی ویزە ویز” بڵاو کردەوە.  مونوسامی کە لە هەمان کاتدا چاوی بە م. فەتحوڵڵا گولەن کەوتووە لە ئەمەریکا، لە پڕ فرۆشترین ڕۆژنامەی ئەو وڵاتەدا بە ناوی Sunday times شیکاریەیەکی سەبارەت بە جیاوازیەکانی نێوان ئێردۆغان و  م. فەتحوڵڵا گولەن بڵاو کردەوە.

مونوسامی لە بەشێکی قسەکانیدا دەڵێت” کاتێک ئێردۆغان بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد، لە خۆمەوە ترس دایگرتم، بەڵام گولەن جەوێکی مەعنەوی هەیە. کاتێک بە شێوەیەکی لەسەر خۆ قسە دەکات، زۆر واتای جیاواز لە چاوەکانیدا دەخوێنیتەوە”.

مونوسامی لە درێژەی وتارەکەیدا دەڵێت:

ڕەتکردنەوەی ئەو بانگهێشتە نهێنیەی بۆم هاتبوو سەبارەت بەوەی چاوم بە ڕابەری یەکێک لە بزاڤە جیهانیەکان بکەوێت کە ئێستا تەندروستی تەواو نیە و لە ژیانی تاراوگەدا دەژی، کاری نەکردە بوو.

لەسەر پردێکی تەختەوە سەیری خوارەوەم کرد و چاوم بە عەکسی بێ خەوشی خۆم کەوت لە ئاوەکەدا. ڕۆژ بەرەو ئاوا بوون دەڕۆشت و ڕەنگدانەوەی هەزار گورزی تیشک لە ئاوەکەدا کەشەکەی زیاتر ڕۆحانی تر کردبوو.

سەیری کاتژمێرەکەم کرد و بینیم کاتژمێر ٧:٢٢ خولەکی سەر لە ئێوارەیە. ئەو ڕۆژە چەندین جار لە دڵی خۆمدا وتم خۆزگە ئەمڕۆ چاوپێکەوتنەکەمان لەگەڵ گولەن سەر نەگرێت. چونکە وابزانم مەبەست لە هاتنەکە زیاتر بینینی ئەم شوێنە جوانە بوو، شوێنێکی جوان و نامۆ بوو. ئێرە دەشتایەکانی سایلۆرسبۆرگە لە ناو شاخەکانی پۆکۆنۆس لە ویلایەتی پەنسیلڤانیا. ئێرە شوێنی زانا و ڕابەری ڕۆحی تورکی م. فەتحوڵڵا گولەنە، کە لە ساڵی ١٩٩٩ وەک شوێنی مانەوەی خۆی بەکاری دەهێنێت و یەکێکم لەو ٦ ڕۆژنامەنوسەی هەلی چاوپێکەوتن بە گولەنم بۆ ڕەخساوە.

دەڵێم چاوپێکەوتن چونکە دوای ١٦ کاتژمێر فڕین بە فڕۆکە و دواتر ٢ کاتژمێر ڕۆشتن بە ئۆتۆمبیل لە نیویۆرکەوە بۆ پەنسیلڤانیا، لە خۆمم پرسی کە ئاخۆ بتوانین ڕێپۆرتاژ لەگەڵ پیاوێکی ئاینی تەمەن ٧٧ ساڵ ئەنجام بدەین یاخود تەنیا سڵاوی لێدەکەین. هیچم نەدەزانی سەبارەت بەوەی کە هۆکاری هەڵبژاردنی ئێمە چی بوو بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ فەتحوڵڵا گولەندا.

گولەن و شوێنکەوتوەکانی خۆیان وەک ڕێبازێکی نزیک لە سۆفیگەری دەناسێنن کە خۆیان بۆ پەروەردە، ئاشتی، دیالۆگی نێوان ئاینەکان تەرخان کردووە و گولەن ڕابەری ئەم بزاڤە نێودەوڵەتیەیە.

 

گولەن لە ژیانیدا هاوسەرگیری نەکردووە و منداڵی نیە، بەڵام هزر و بیرەکانی لەسەر ئاستی هەموو جیهان بزاڤێکی دڵخوازی یەک ملیۆن کەسی دروست کردووە.

بزاڤی خزمەت لە ڕێگەی ڕێکخراوە مەدەنیەکان و خوێندنگەکانیەوە کە چەندین ساڵە لە باشوری ئەفەریقا چالاکیان هەیە، بوونێکی پتەو و بەربڵاویان هەیە. مزگەوتی نیزامیە کە بە گەورەترین مزگەوتی باشوری ئەفەریقا ئەژمار دەکرێت، لەلایەن هاوڕێیەکی گولەن و کەسایەتیەکی گرنگی ناو بزاڤی خزمەت بە ناوی عەلی کاترجیئۆغلو دروستکراوە، کە لە باشوری ئەفەریقا ژیانی تاراوگە دەباتە سەر و ئێستا ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ تورکیا.

گەرچی گولەن و بزاڤەکەی بە بێوەی دەبینرێن، بەڵام حکومەتی تورکیا ئەوان بە تیرۆرست دەزانێت و پێی وایە لێپرسراون لە هەوڵی کودەتای ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦. گەرچی پێش هەوڵی کودەتاکەش ئێردۆغان دەستی کردبوو بە دەستگیر کردنی هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت و بزاڤەکە چۆکی دادابوو.

دواتر لە ڕێگەی هەوڵی کودەتاکەوە حکومەتی تورکیا دەستی کرد بە دەستگیرکردنی بەرفراوانی هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت و، بە مەبەستی چۆک پێدانانیشیان لە ڕووی ماددیەوە، دەستی بەسەر سەروەت و سامانی زۆرێک لە ئەندامەکانی گرت و لە فەرمانگەکانی دەوڵەت دووری خستنەوە. هەروەها دواتر ڕۆژنامە و تەلەڤیزۆن و ئاژانسەکانی هەواڵیشی داخستن.

 

ئێستا دەیان هەزار هاوڵاتی کە بریتین لە مامۆستا، پزیشک، دادوەر، داواکاری گشتی، پۆلیس، سەرباز لە زیندانەکانی تورکیادان. جگە لەوە هەزارانیان بەرەو وڵاتانی دونیا هەڵهاتوون، کە لە نێویاندا باشوری ئەفەریقاش هەیە.

ئێردۆغان هەوڵ و کۆششێکی زۆر دەدات، کە ئەوە بۆ وڵاتانی دونیا بسەلمێنێت کەوا خوێندنگە و ڕێکخراوە مەدەنیەکانی بزاڤەکە بە مەبەستی پەردەپۆشکردنی کار و چالاکیە تیرۆرستیەکان دروستکراوە. گەورەترین ئاواتی ئێردۆغان ئەوەیە زانا ئاینیەکە لەلایەن ئەمەریکاوە ڕادەستی بکرێتەوە و لە تورکیادا بیدات بە دادگا.

ئەو دوو کەسەی پێشەنگی گەشتەکەی ئێمە بوون و لە وڵاتی ئێمە نیشتەجێبوون و ناتوانن بچنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، پێیان وتین کەوا گولەن نەخۆشی شەکرەی لەگەڵدایە.

کاتێک ڕۆژمان لێبوویەوە، پێیان ڕاگەیاندین کەوا تەندروستی گولەن لە ئێستادا باش نیە و نیوەڕۆ دەتوانین چاومان پێی بکەوێت.

ڕێگەیان پێداین بچینە باخێکەوە کە چواردەوری بە گوڵ و گەڵا گیرابوو، هەروەها پێشنیاریان بۆ کردین بچین بۆ سەیری گۆمێک لە خوار باخچەکەوە. وەک لە هەموو شوێنە ئاینیەکاندا بەدی دەکرێت، ئەوانیش کاری خۆیان بە بێدەنگی ئەنجام دەدەن و، بێدەنگی ئەو شوێنەش زۆر سەرسوڕهێنەرە.

زۆرێک لە هاوسۆزەکانی بزاڤی خزمەت لە زۆر شوێنی دونیاوە دێنە ئێرە هەتا بتوانن عیبادەت لەگەڵ ڕابەری خۆیان ئەنجام بدەن و فێری هەندێک شت ببن لێوەی.

هاوڵاتیەکانی ئەو شوێنە لەبەر خاتری ئاسودەکردنی ئێمە خەریکی ڕاکە ڕاک بوون و بۆ نانی نیوەڕۆ بانگهێشتی چێشتخانەیان کردین. یەکێک لە کەسە دیارەکانی ئەو شوێنە پێی ڕاگەیاندنین کە تەندروستی گولەن هێشتا باش نیە و ئەگەر هەیە ئێوارە بتوانین چاومان پێی بکەوێت.

پزیشکەکەی گولەن بە شێوەیەکی سەر سوڕهێنەر خۆی چای بۆ هێنانین و لەسەر چەند قاپێکیش خورما و فستق و ترێی هێنا.


” هەموو ڕۆژێک ٦ منداڵم دەمرێت”

من دواجار بڕیارمدا پرسیاری باری تەندروستی گولەن لە پزیشکەکەی بکەم. بە گوێرەی قسەکانی وەرگێڕەکەی، گولەن شەکرە و زەختی لەگەڵدایە و  ئەمەش گولەن بەرەو لاوازی دەبات و لە کاتی توشبوون بە سترێس و دڵەڕاوکێ، باری تەندروستی خراپتر دەبێت.

پزیشکەکەی باسی لەوە کرد کە کاتێک باسی ناڕەحەتیەکانی هاوڵاتیانی تورکیایان بۆ گولەن کردووە لە وەڵامدا پێی وتوون ” وەک ئەوە وەهایە هەموو ڕۆژێک ٦ منداڵم بمرێت”.

 

منیش لە دوای ئەم ساتەوە زیاتر ئارامم لێ بڕا هەتا ساتێک زووتر چاوم پێی بکەوێت و پێشیان ڕاگەیاندین کەوا ئەگەر هەیە ئیتر بە شێوەیەکی ئاشکرا قسە بۆ هاوڵاتیان نەکات.

بەڵام هەتا بێت ڕۆژەکە زیاتر درێژ بوویەوە.

دواتر ئێمەیان بردە بەشی پێشوازی لە میوانەکان. من بە درێژایی ئەو ڕۆژە لەسەر قەنەفەیەک پاڵ کەوتم و لە پەنجەرەکەی بەردەممەوە سەیری دارستانەکەی دەرەوەم کرد.

لەبەر ئەوەی ئینتەرنێت کاری نەدەکرد، نەمدەتوانی لە ڕێگەی گوگڵەوە سەیری بەرنامەی ” David Koresh and Waco showdown” یاخود ” CIA surveillance of Turkish cleric” بکەم.

 

دواتر بیرم لە فیلمێکی سیاسی پڕ ئاکشن کردەوە کە لەم شوێنەدا دەریبهێنیت، لە پڕێکدا هێزە تایبەتەکان دێنە ناو دارستانەکانی بەرامبەرم و هەندێکیان بە هەلیکۆپتەر دادەبەزنە خوارەوە و کەسە تایبەتەکە بە تونێلکی شاراوەدا دەبەنەوە دەرەوە.

دواتر کەسێک بە گێڕانەوەیەکی شۆکی کردم کە باسی لەوە کرد کەسێک هەلیکۆپتەرێکی بە کرێ گرتووە و وێنەی ئەم شوێنەی گرتووە و لە مێدیای سەر بە دەسەڵاتی تورکیادا وێنەکان بڵاوکراوەتەوە. هەروەها هەندێک لە لایەنگرانی ئێردۆغان هاتوونەتە بەر دەرگای ئێرە و هەوڵی دەرهێنانی گولەنیان داوە.

 

” خەریک بوو هیوابڕاو دەبووین”

کاتێک ڕۆژ ئاوابوو، ئێمە بانگهێشتی سەیرکردنی نوێژی ئێوارە کراین و گولەن نەهات بۆ نوێژی جەماعەت. ئیدی ئێمەش خەریک بوو هیوابڕاو دەبووین لەوەی گولەن ببینین.

بەڵام دواتر پێیان ڕاگەیاندین کە ئەگەر هەیە گولەن بۆ نوێژی خەوتنان بێتە خوارەوە و چاوی بە ئێمە بکەوێت. دواتر ئێمەیان بانگهێشتی نانی ئێوارە کرد.

دوای نانی ئێوارە، دەرگایەکی تەنیشتمان کرایەوە و دوو کەس هاتنە ژوورەوە کە بە زمانی تورکی و بە پەلە قسەیان دەکرد، ئێمەش هەموومان هەستاینە سەرپێی و لە دڵی خۆماندا وتمان وا دیارە ئەو کاتە هاتووە کە چاوەڕێی هاتنی بووین.

 

بەڵام هەیهات! پزیشکەکەی گولەن دووبارە ئێمەی بانگهێشتی ژووری چا خواردن کرد و بە دەستی خۆی چای پێشکەش کردین.

دواتر لەلای دەرگاکەوە جموجوڵێک دروست بوو، هاوڵاتیان بە لای ڕاست و چەپدا دەڕۆشتن.

پاشان وتیان دەتوانین بچینە ژوورەوە، لە ڕاڕەوێکەوە ڕۆشتین کەوا وێنەیەکی گەورەی پردی بۆغازئیچی ئیستەنبوڵی پێدا هەڵواسرابوو، پاشان چووینە ساڵۆنێکەوە کە هەرچواردەوری قەنەفە بوو، کاتێک گولەنم بینی بە تەنیا دانیشتبوو، هەناسەیەکی قوڵم هەڵکێشا.

بە شێوەیەکی زۆر ئاشکرا پێوەی دیار بوو کەوا نەخۆش و ماندوو و وەڕسە. ژێر چاوەکانی ئاوساوە و لە دەموچاویدا ئازارێک هەیە. کاتێک ئێمە چووینە ژوورەوە، بە ناڕەحەت لە شوێنی خۆی هەستا و چووە سەر قەنەفەیەک کە لەولایەوە دانرابوو.

ڕێک لە بەرامبەر گولەن دانیشتم و بۆ ماوەی یەک کاتژمێر بە وردی لێم ڕوانی. ئینجا بۆم دەرکەوت کە چەند جیاوازیەکی گەورە لە نێوان دوو کەسایەتیە سەرەکیەکەی تورکیادا هەیە.

من ساڵی پار هەلی ئەوەم بۆ ڕەخسا چاوم بە ئێردۆغان بکەوێت کاتێک سەردانی وڵاتی مۆزەمبیقی کرد. کاتێک چاوم کەوتە سەر چاوەکانی ئێردۆغان، شەپۆلێکی ترس دایگرتم. بە دەنگی بەرز قسەی دەکرد و باسی لەوە دەکرد کە دەیەوێت سەرمایەی وڵاتەکەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی ئەو وڵاتە بخاتە گەڕ و، لەم ڕێگەیەوە هەوڵی دەدا سیاسەتمەداران و پیاوانی کاری ئەو وڵاتە بەوە ڕازی بکات، خوێندنگەکانی بزاڤی خزمەت دابخەن و مامۆستاکانی ڕادەستی تورکیا بکەنەوە.

گولەن کەشوهەوایەکی جددی هەیە، بە شێوەیەکی لەسەر خۆ قسە دەکرد و، جووتێک نەعلی لە پێدابوو هاوکات لەگەڵ کڵاوێک لەسەریدابوو کە هاوڕێیەتی وێنە ماندووەکەی گولەن دەکرد. کاتێک چاوپێکەوتنەکە دەستی پێکرد، بینیمان کە زیاتر بەهێزەوە دەردەکەوێت و وێنەیەکی زیندووتری هەبوو لە پێشچاومان.

پرسیاری ئەوەی لێکردین کە بۆچی لە ئەفەریقاوە هەتا ئێرە هاتووین و بە ڕواڵەت وا دیار بوو بە هاتنمان سەری سوڕماوە.

من پرسیاری ئەوەم لێکرد کە لە ڕێگەی کەناڵەکەی ئێمەوە دەیەوێت چ پەیامێک بە هەموو دونیا بدات ، ئەویش بە پێچەوانەوەی ئەوەی لە کەسە سیاسیەکان چاوەڕێ دەکرێت، نەکەوتە داوی پرسیارەکەمەوە و وتی:

من ناتوانم بە ئێوە بڵێم کەوا چۆن پەیامێک بە خەڵک بگەیەنن، ئێوە خۆتان هەستتان بەچیکرد ئەوە بە خەڵک بگەیەنن.

کاتێک دەستمان کرد بە پرسیار کردن ئەویش زیاتر قسەی کرد. کاتێک لێمان پرسی کە ئایا بیری ولاتەکەی دەکات یاخود نا؟ لە وەڵامدا پێی وتین کەوا هەموو ڕۆژێک بیری وڵاتەکەی دەکات.

هەروەها وتی گەر ئەمەریکا فەرمانی بەجێهێشتنی وڵاتەکەی پێبکات، ئەوا بلیتی فرۆکەی وڵاتەکەی دەکرێت و ئامادەیە لە زیندانەکانی وڵاتەکەیدا بمرێت.

ناوزەندکردنت بە تیرۆرست!

گولەن هەرگیز بیری لەوە نەکردۆتەوە کە لە فکرەکانیەوە بزاڤێکی هێندە گەورە دروست ببێت. هەروەها سەری بەوەش سوڕماوە کە لەلایەن حکومەتی تورکیا وەک تیرۆرست ناوزەند کراوە و، داوای ڕادەستکردنەوەی دەکات لە کاربەدەستانی ئەمەریکا.

هەندێک جار دەڵێت پەشیمان نیە لەو هەڵوێستەی بەرامبەر حکومەتی تورکیا هەیانبووە، هەندێک جاریش بیر لەوە دەکاتەوە کە ئاخۆ گەر ناوی هەندێک خوێندنگەیان بە ناوی ئەوانەوە بکردایە دەبووە هۆی نەرمکردنەوەیان یاخود نا.

 بەڵام پێشی وەهایە کاربەدەستانی تورکیا هەرگیز دڵیان بە کارێکی دیاریکراو ئاو ناخواتەوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ داوای شتی زیاترت لێدەکەن.

گولەن دەڵیت کەوا دوو جار چاوی بە ئێردۆغان کەوتووە، یەکەم جار ئەو کاتە بووە کە ئێردۆغان بە تەمای دروستکردنی ئاکەپە بووە، دووهەم جاریش ئەو کاتە بووە کە یاریەکی دوو گۆڵی بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ منداڵانی بۆسنە ڕێکخراوە.

گولەن لەوە تێناگات کە ئێردۆغان بۆچی هێندە هەوڵی لەناوبردنی بزاڤەکە دەدات و تەنانەت هەوڵی کوشتنیشی دەدات.

پێی وایە هۆکاری سەرەکی ئەم کارانەی ئێردۆغان ئەوەیە جارێکیان داوای لێکردوون کە بزاڤەکەی بۆ پڕوپاگەندەی خۆی بەکاربهێنن، بەڵام دوای ئەوەی داواکەیان ڕەت کردۆتەوە، ئیتر حەسودی بەرامبەر کاریگەری بزاڤەکە دەست پێکردووە.

گولەن ئەوەی قبوڵ کردووە کە کاتێکی زۆری لە ژیاندا نەماوە. پێی وایە بزاڤەکە بریتیە نیە لە خۆیی و  مرۆڤەکان لە دوای خۆشی بەردەوام دەبن لەسەر ئەو هزرەی بزاڤەکەی لەسەر دروستکراوە و پەرە بە خزمەتی خۆیان دەدەن.

 

هێشتا کاریگەرە

یەکێک لەو کەسانەی لەلایەوە دانیشتبوون، ئیشارەتی کرد کەوا گولەن ماندوو بووە و پێویستە کۆتایی بە چاوپێکەوتنەکە بهێنین، بەڵام گولەن ئاماژەی بۆ کرد کە دابنیشێت و بەردەوامی بە قسەکانی خۆیدا. سەرەڕای ئەوەی نەخۆش و ماندووە و لە ژوورەکەدا کەسانی تری دەستڕۆشتووش هەیە، بەڵام تەواوی گفتوگۆکان خۆی دەیبات بەڕێوە.

وەرگێڕەکە نیگەران بوو بەرامبەر ئەوەی کە پێدەچێت هەموو قسەکانی گولەنی بیر نەمێنێت، هەر بۆیە داوای قەڵەم و کاغەزی کرد. دواتر فەرمووی لێکردین ئەو پاقلاوە و لوقمە تورکیانە بخۆین کە بۆ ئێمە دانرابوو. لە پرێکدا گولەن هەستا و بەرەو ڕووی من هات، وتم تۆ بڵێی شتێکم وتبێت توڕەم کردبێت، بەڵام ئەو تەنیا قەپاغی سپلیتەکەی بە دەستی خۆی چاککرد.   

منیش هەوڵمدا ڕای بکێشمە ناو ئەو بابەتەی ئەوەی کە بۆ بە هەوڵی کودەتا تۆمەتبار دەکرێت و هەروەها حەزم کرد بزانم کە دەیەوێت لەلایەن خەڵکەوە چۆنی بناسرێت.

گولەن ئەوەی پێ وتین کەوا زۆر دەنگۆ و سیناریۆ لەسەر کودەتاکە هەیە و پێی وەهایە هەندێک کەسی کاڵفام پێیان وابووە ئەمە کودەتایەکی ڕاستەقینەیە بۆ ڕووخانی دەسەڵات و بەو هۆیەوە بەشداریان تێدا کردووە، زۆرێک لە شوێنکەوتوەکانیشی پێیان وەهایە تەواوی کودەتاکە سیناریۆ بووە.

گولەن لە بەشێکی تری قسەکانیدا وتی” ” گەر لە دوای ١٥ ی تەموزەوە لیژنەیەکی نێودەوڵەتی دروستبکرایە بۆ لێکۆڵینەوە لە هەوڵی کودەتاکە و ئەوە ئاشکرا بووایە کەوا منی لە پشتەوەم، ئەو کاتە دەرئەنجامەکەم قبوڵ دەکرد و دەگەڕامەوە بۆ تورکیا. بەڵام حکومەتی تورکیا ڕێگە بە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی متمانەپێکراو نادات”.

گولەن لە بەشێکی تری قسەکانیدا باسی هەڵوێستی نێودەوڵەتی کرد سەبارەت بەو پێشێلکاریەکانی حکومەتی تورکیای ئەنجامی دەدات و وتی “  زۆرێک لە وڵاتانی دونیا بە هۆی ڕەوشی سیاسیەوە چاوپۆشی دەکەن لەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر مافی مرۆڤ ئەنجام دەدرێت لە تورکیا و پاشان دەڵێت” مێژوو پاداشتی وڵاتگەلێکی وەک کەنەدا و ئەڵمانیا دەداتەوە کە لەم بارودۆخەدا یارمەتی هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت دەدەن”.

ئەوەی ئاشکرابوو لە قسەکانیدا گولەندا ئەوەیە کە بزاڤی خزمەت هیچ گۆڕانکاریەکی ستراتیژی لە کارەکانی خۆیاندا ئەنجام نادەن بەرامبەر ئەو زوڵمەی ئێردۆغان ئەنجامی دەدات بەرامبەر هاوسۆزەکانی. گولەن،  وەڵامدانەوەی ئێردۆغان لە رێگەی هێز و توندوتیژیەوە، وەک خیانەتکردن لە بنەماکانی هزری خۆی ئەژمار دەکات.

کاتێک چاوپێکەوتنەکەمان تەواو بوو، هەندێک لە دانیشتوانی ئەوێ بانگهێشتی ئەوەیان کردین ژوورەکەی گولەن ببینین، جێگەکەی گولەن لەسەر زەوی ڕاخراوە و قورئانێکی گەورە بە دیواری ژوورەکەیەوە هەڵواسراوە. هەروەها لە بەشی پێشەوەی ژوورەکەی ئاڵایەکی تورکیاش بوونی هەیە.

گەرچی هەلومەرجەکان جیاوازە، بەڵام لەو کاتەدا هەستم بە هەمان کەشوهەوای ئەو کەسانە کرد کە لە ڕابردوودا لە پێناو بەدەستهێنانی ئازادی بۆ باشوری ئەفەریقا، لە وڵاتی خۆیان دوور کەوتبوونەوە.

لە ساتەکانی دواتری ئەو شەوەدا بیرم لە قسەکانی گولەن کردەوە کە پێی وتم ” هەستت بەچی کرد ئەوە بنوسە”.

بەڵام چاوەکانی لەو قسەیەش زیاتری پێ وتم.

 

Show More
Back to top button