بیروڕا

جۆش و خرۆشییان درووست کرد، و هەستیان جوڵاندن، و خستیاننە گریان…

بەخامەی: م. منێدیم هازار

 

ڤیگنی شاعیر دەڵێت “بۆم دەرکەوت کە بێدەنگی کاری کەسە گەورەکانە”. نەجیب فازیلیش لە شیعرێکیدا بە ناوی “دەریای بێدەنگ” ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بێدەنگی تەنها لە کەسە گەورەکان دەوەشێتەوە و دەڵێت:

ڕۆشتم، ڕۆشتم، گەیشتمە سەر سنووری دەریا

لێی پاڕامەوە و وتم با حاڵی منیش وەک تۆی لێ بێت!

ئەگەر لە وەسوەسەیەکی خراپیشدا، ناخیشم هەڵبگێڕنەوە،

لەو لاشەیەدا بوومایە، وەک ئەو بمتوانیایە بێدەنگ بم…

کاتێک پەیامنێرێکی گەنج بووم چاودێری تورگوت ئۆزاڵ سەرۆک کۆماری پێشووی تورکیام دەکرد و ئۆزاڵی ڕەحمەتی ڕۆژێکیان پێی وتم: “سیاسەت قسەکردن نییە بەڵکو بێدەنگییە، و ئەو هونەرەیە کە بتوانیت بێدەنگ بیت”. بە دڵنیاییەوە باسکردنی ئەوە شتێکی زۆر پڕ واتا نابێت بۆ سیاسییە بێ ڕۆحەکانی ئەم ڕۆژگارە.

بە داخەوە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بێدەنگی بە ترسنۆکی لێکدەدرێتەوە، بە شێوەیەکی گشتی لە چاخی نوێدا لەگەڵ ترسنۆکی تێکەڵ دەکرێت!

هەرکول میلاس کە یەکێکە لە گەورەترین بیرمەندەکان، ماوەیەکی کەم پێش ئێستا لە چاوپێکەوتنێکیدا وتی:

“کودەتایەک لە لایەن ٢٠ بۆ ٣٠ کەسەوە پلانی بۆ دادەڕێژرێت، با بڵێین لە لایەن ٥٠٠ کەسیشەوە سەرپەرشتی دەکرێت، جگە لەوان لە خوارتر کۆمەڵێک سەرباز هەن کە نازانن چی دەکەن. بێ هیچ پرسیارێک فەرمانەکان جێبەجێ دەکات، پێی دەڵێیت “لێرەدا بوەستە، مەهێڵە هیچ کەس بڕوات”. ئەگەر لە وڵاتێکدا ٥٠ هەزار کەس و بگرە ١٠٠ هەزار کەس ڕاوبنرێن، ئەوا واتە لێرەدا شتێکی دیکە هەیە. دەڵێن ڕاپەڕین، بەڵام بە تەواوی ئەوەش نییە، لەبەر ئەوەی لە نێو ١٠٠ هەزار کەسیشدا ئەگەر تاوانبار هەبێت ئەوپەڕی ٢ هەزار کەس تاوانبارە.”

کاتێک تەماشای ستراتیژی سەرەکی دەسەڵات تا کاتی گەیشتن بە ١٥ی تەموز دەکەین دەتوانین بە ڕوونی ببینین کە بەردەوام لە پێناو لەناوبردنی گروپێکی کۆمەڵایەتیدا تەواوی دەسەڵاتەکانی خۆی و هۆکارەکانی حکومەتی بەکارهێناوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی. هەوڵی کودەتای ١٥ ی تەموز سیناریۆیەکە لە پێناو لەناوبردنی گروپێکی ناو کۆمەڵگادا بە شێوەیەکی ئاسانتر و خێراتر جێبەجێ کراوە.

میلاس لەو بارەیەوە وتی “گروپەکە هەر لایەنێک بێت، بزاڤی خزمەت بێت، یان مرۆڤە لیبڕاڵەکان، یاخود چەپڕەوەکان یان کوردەکان. کاتێک ژمارەکە ١٠٠ هەزار کەسی تێپەڕاند واتە بابەتەکە پەیوەندی بە تاوانەوە نییە. واتە ناکرێت ١٠٠ هەزار کەس تاوانبار بن، ناکرێت لە وڵاتێکدا ٢٠٠ هەزار کەس تیرۆریست بن”

بزاڤی خزمەت بزاڤێکە کە لەسەر ئاستی تورکیا و لەسەر ئاستی جیهانیش چەندین سەرکەوتنی گەورەی لە بواری پەروەردە و چاکەخوازیدا بەدەستهێناوە. بۆ ئەوەی لەوە تێبگەین کە هەتا ئێستاش هەر بەو شێوەیە ماوەتەوە تەنها ئەوەندە بەسە کە تەماشای بێدەنگی ئەو کۆمەڵە بکەین.

لە تورکیادا خراپەکارییەکی بێ پەروەردە بەڵام ڕێکخراو، توانی بزاڤێکی چاکەخواز و ئاشتیخواز بخنکێنێت کە لە گەورەییدا تەنانەت زۆرێک لە خەڵکی ناتوانن بیریشی لێ بکەنەوە.

بۆ تێگەیشتن لەو بابەتە تەنها ئەوەندە بەسە کە تەماشای ڕووداوەکانی دوای کودەتاکە بکەین.

هەوڵدان بۆ لەناوبردنی کۆمەڵێک مرۆڤ کە هەموویان کەسانی خوێندەوار و ڕۆشنبیر بوون و لە ژیانیاندا لە هیچ تاوان و بابەتێکی پەیوەندیدار بە تیرۆرەوە تێوەنەگلابوون، بە گوێرەی ئەو یاسایانەی بەرامبەر دوژمن پەیڕەو دەکرێت. هەوڵدان بۆ دەرهێنانی تاوانبارە ڕاستەقینەکان لە زیندان و خستنە زیندانی ئەم مرۆڤە پاک و بێتاوانانە لە شوێنی ئەوان، دەری دەخەن کە ڕق و کینە بە چ شێوازێک هەوڵ دەدات باشی و چاکەخوازی هەڵبلوشێت.

ئەو دامەزراوانەی داخران: خوێندنگەکان، نەخۆشخانەکان، بەشە ناوخۆییەکان و هتد …

ڕێک وەک ئەوەی وەزیری ناوخۆی تورکیا وتی لەم ڕووداوەدا یاری بە ژیانی زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەس کراوە.

لە هەموو سەر ڕووی زەویدا ناکرێت گروپێکی تیرۆریستی بدۆزیتەوە کە ٥٠٠ هەزار ئەندامی هەبێت. تەنانەت ئەگەر تەواوی ئەندامانی هەموو گروپە تیرۆریستییەکانی سەر ڕووی زەوی کۆبکەیتەوە ناگاتە ٥٠٠ هەزار کەس.

سەرەڕای ئەو هەموو ستەمکاری و ناحەقییانەی لە لایەن دەسەڵاتەوە بەرامبەریان دەکرێت، پەنا نەبردن بۆ هیچ جۆرە تاوان و توندوتیژییەک بەڵگەیەکی بەهێزە و دەیسەلمێنێت کە دەسەڵاتی تورکیا چ جۆرە درۆیەکی بەکارهێناوە بۆ ئەوە ستەمکارییەکانی خۆی پێ جێبەجێ بکات.

بە دڵنیاییەوە دەکرێت هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت هەڵە بکەن، بەڵام هەرگیز بە هیچ شێوەیەک ناکرێت باس لە تێوەگلانیان لە بابەتی تیرۆرەوە بکرێت. ئەوە شتێکی زۆر ڕوون و ئاشكرایە کە هەموو جۆرە هەوڵێک بۆ تاوانبار کردنی ئەوان بێ ئەنجام دەردەچێت.

هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت بێدەنگییان هەڵبژارد لە بەرامبەر ئەو ستەمی بەرامبەریان کرا، و جگە گەڕانەوەی یاسا هیچ بەندەرێکی ئارامی دیکەیان هەڵنەبژارد. وە جگە لەوە حەواڵە کردنی ستەمکاران بۆ دادگا گەورەکەی پەروەردگار…

باشترین بەڵگە کە دەیسەلمێنێت لە بەرامبەر ئەو هەموو گورزە کوشندانەی بەری کەوتووە بزاڤی خزمەت لەناونەچووە و لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە هیچ کات ناکرێت بزاڤەکە لەناو بچێت، بریتییە لە ڕێکخستنی فێستیڤاڵ و چالاکییەکانی کەلتور و زمان کە هەموو ساڵێک بە شێوەیەکی چالاکانە لە لایەن هاوسۆزانی ئەو بزاڤەوە ڕێک دەخرێت.

ئەو فێستیڤاڵ و چالاکییانە یەکەم ئامانجی ئەو کەسە خراپانەیە کە دوژمنی باشی و جوانییەکانن و دەیانەوێت بە هەموو شێوەیەک کۆتایی پێ بێنن، بۆیە پێم وایە ئەم جۆرە چالاکییانە کەسە خراپەکان شێت دەکات.

خوێنەرانی خۆشەویست مردن چەندین جۆری جیاوازی هەیە.

لە ڕووی پزیشکییەوە مردن جیاوازە، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە مردن جیاوازە، لە ڕووی ئایینییەوە بە مردوو هەژمارکراو جیاوازە.

دەسەڵات پێی وابوو ئەگەر لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە هەوڵی لەناوبردنی ئەم بزاڤە بدات دەتوانێت بە تەواوی بزاڤەکە بکوژێت.

بەڵام تیۆرییەکی دیکەی کۆمەڵایەتی هەیە کە دەڵێت: لاوازترین بزاڤ و جوڵانەوەی مەدەنی و خۆبەخشی لە بەهێزترین جوڵانەوەی سیاسیی تەمەنی درێژتر دەبێت

تەماشا بکەن لە تەواوی مێژووی سیاسەتدا سەلمێنەری ئەوە هەموو کاتێک دەبینن.

کەسایەتییە سیاسییە گەورەکان و جوڵانەوە سیاسییە گەورەکان کە سەردەمانێک کۆمەڵگاکانییان پێش خۆیان دەدا، لە مێژە شوێنی خۆیان لە زبڵدانی مێژوودا گرتووە، بەڵام بزاڤێک و جوڵانەوەیەکی خۆبەخشی کە چەند ئەندام و خۆبەخشێکی هەیە دەکرێت بە درێژایی سەدان و هەزاران ساڵ بمێنێتەوە.

ڤیگنی دەڵێت “ئەوەی کە پلەی بەرزە بێدەنگییە، جگە لەوە هەمووی لاوازییە”.

ئەوە لە ڕووی مێژووییەوە سەلمێدراوە کە هیچ هۆنراوە و وتەیەک هێندەی بێدەنگی و کردەوە کاریگەری درووست نەکردووە.

شاعیرێک دەڵێت: “من بە بێدەنگبوونم هەموو نهێنییەکانم باسکرد، تۆ هەموو ڕاستییەکانت شاردەوە بە قسەکردن”.

خوێنەرانی خۆشەویست جیاوازییەکی زۆر گەورە لە نێوان گوێ لێبوون و بیستندا هەیە.

گوێ گرتن و توانای گوێ گرتن چالاکییەکە بە خواستی کەسەکە ئەنجام دەدرێت. بەڵام بیستن بەو شێوەیە نییە. گوێیەکانمان هەمیشە کراوەیە، و تەنانەت لە کاتی نوستنیشدا دەنگ دەبیستین. بەڵام کرداری گوێ گرتن، ئەو توانا گەورەیە، لە لایەن زۆرێک لە خەڵکییەوە بەکارناهێنرێت. بە تایبەت مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە. ئەو کەسەی دەتوانێت گوێ بگرێت لە مێژە بە پلەکانی ئیدراک و هەستکردندا سەرکەوتووە.

بێدەنگی زۆر زیاتر لە وتە واتا دەبەخشێت بە دڵەکان. کێ دەزانێ؛ ڕەنگە ئەگەر مرۆڤ لە بێدەنگی نێو گەردوون تێبگەشتایە ڕەنگە پێویستی بە قسەکردن نەبووایە! ئەو کات مرۆڤەکان لە زمانی بێدەنگی تێدەگەشتن و تەنها نیگا قووڵ و پڕ واتاکان قسەیان دەکرد. وە ئەوکات دەنگ شکۆی بێدەنگی تێکنەدەدا.

لە هەموو بوونەوەرێکی ئەم گەردوونەدا بێدەنگی حیکمەتێکە؛ بەڵام قسەکردن پێویستییە…

لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت “ئەو کەسەی کە ڕەحمانە مرۆڤی درووست کرد و فێری قسەکردنی کرد”. پێغەمبەرانیش قسەیان کردووە. بەڵام ئەوە هیچ شتێک نییە جگە لە پشتڕاست کردنەوەی ئەو نهێنییە قووڵانەی بێدەنگی لە خۆیدا هەڵیگرتووە. ئەو کەسانەی نەیانتوانیوە دەنگی خۆیان بە گرۆهی کەسانی بێ هەست و سپڵە و بێ ڕۆح بگەیەنن، وازیان لە ململانێ و مشتومڕ هێناوە و هەموو کات پەنایان بۆ بێدەنگی بردووە. چونکە خراپترینی هەموو جۆرە ئیسراف و بەفیڕۆدانێک، بەفیڕۆدانی وتەکانە…

بێدەنگی بریتییە لە تەوەکول و حەواڵکردنی سکاڵاکانت بۆ لای گەورەی هەموو گەورەکان. وتە ئەگەر کاریگەری لەسەر بەرامبەر درووست نەکات ئەوا بە ئیسراف و بەفیڕۆدان هەژمار دەکرێت.

بۆ نموونە ئەگەر دەریاکان دەنگیان هەبوایە، و تاڤگەکان لەبەر خۆیانەوە قسەیان بکردایە… بمانتوانیبایە لەگەڵ گوڵەکاندا قسە بکەین و ئەوانیش وەڵاممان بدەنەوە، درەخت و گوڵ و گولزار بیانتوانییایە قسە بکەن… ئایا سەرنجڕاکێشتر دەبوون؟

گوڵەکان لەبەر ئەوەی بێدەنگن جوانن. هەر شتێک نهێنیی هەڵبگرێت و بیشارێتەوە سەرنجڕاکیشە. هەر شتێک نهێنییە هەبێت جوان و سەرنجڕاکیشە…

لەبەر ئەوە بانگەوازە پیرۆزەکان ئەو کاتە واتایەکی بەرز لە خۆیاندا هەڵدەگرن. وتە ئەگەر کاتەکەی گونجاو و لەباربێت ئەوکات کاریگەری لەسەر بەرامبەر درووست دەکات. لاڵانەوەی ستەملێکراویش هێندەی بێدەنگییەکەی گەردوون دەهێنێتەوە لەرزە.

دوو چالاکی و فێستیڤاڵی کەلتور و زمان کە لە شارەکانی بەرلین و بۆخوم لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوون، بوونە هاوارێکی بەهێز بۆ گەیاندنی ستەملێکراوی و بێدەنگی بزاڤی خزمەت بۆ هەموو جیهان. چەندین ساڵە ئاشنیاین بەو جۆرە چالاکی و فێستیڤاڵانە. ئەو فێستیڤاڵەی لە بۆخوم ئەنجامدرا کە چەکێکی زۆر زۆر بەهێز هەیە لە بەردەستی ئەو کەسانەی هیچ سەرمایەیەکیان نییە جگە لەو ژیان و هەناسەدانەی هەوڵدەدەن لە دوای کارەساتێکی گەورە کە بەسەریاندا هاتووە بنیادی بنێنەوە؛ ئەوەش بریتییە لە ڕاستگۆیی و دڵسۆزی (صەمیمییەت)….

لە پێشتردا هۆکار زۆر هەبوو، مرۆڤیش زۆر هەبوو…

دواتر دەسەڵات بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە هەوڵیدا ڕێگری لە ئەنجامدانی ئەو جۆرە کار و چالاکییانە بکات بەڵام دەبێت نهێنی تر لە کارەکەدا هەبێت چونکە سەرکەوتوو نەبوون. دوای چەند هەوڵێکی بێ ئەنجام تا ڕادەیەکی زۆر وازیان لە هەوڵەکانیان هێنا.

سەرەڕای ئەو هەموو دزی و چەوساندنەوە و ستەملێکردنە، هاوسۆزانی ئەم بزاڤە لە بەرامبەر هەموو ئەو ناحەقییانە بەرامبەریان کرا پەنایان بۆ توندوتیژی و تاوان نەبرد و ئازاری کەسییان نەدا، و لەو ڕێگەیەوە سەلماندیان کە دەسەڵاتدارانی ئەم ڕۆژگارە چ جۆرە درۆیەک بەکار دەهێنن بۆ ئەنجامدانی ستەمکارییەکانیان.

ئەم بزاڤە لە ڕێگەی هەموو جۆرە چالاکی و فێستیڤاڵ و گۆرانی و هۆنراوەیەکەوە باسی لەوە کردووە کە ڕووبەڕووی زۆرداری و ستەم و چەساندنەوەیەک بووەتەوە کە پێشتر زۆر بە کەمی هاوشێوەی لە میژوودا بینراوە.

لە فێستیڤاڵی بۆخۆمدا، سەرەڕای ئەو هەموو ستەم و چەساندنەوەیە، یاخیبوون لە قەدەر نەدەبینرا، بەڵکو نزیکبوونەوە لە ستەملێکراو و سەر خستنە سەر سینەی ستەملێکراو دەبینرا.

وە لە شاری بەرلینیش فێستیڤاڵێکی بێوێنە بەڕێوەچوو. کەسە بیانییەکانی ئامادەبوو لە فێستیڤاڵەکە نامۆ و بێئاگا نەبوون بەرامبەر بەو شتانەی ڕوویان داوە. هەموویان بە چاوێکی تێگەیشتنەوە دەیانوت ‘زۆر باش دەزانین چی بەرامبەر ئێوە کراوە’ و دەستیان دەخستە سەر شانمان.

فراو جاراش نوێنەری پارتی سەوزەکان لە پارێزگای بەرلین باسی لەوە کرد کە چۆن خۆزگە بەو گەنجانە دەخوازێت و وتی: “ئەم جۆرە چالاکی و فێستیڤاڵانە سەردەمانێک بە شێوەیەکی زۆر پێشکەوتوو پرۆفیشناڵانەتر ئەنجام دەدرا بەڵام ئەمڕۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاکییانە لە تورکیادا قەدەغە کراوە. هۆکاری ئەوەی بریتییە لەوەی کە چیتر تێڕوانینی فرە کەلتوری و جیاوازی و هەستکردن لە تورکیادا جێی نابێتەوە. دەسەڵاتی ئێستا تورکیا ئەم جۆرە ڕەنگاوڕەنگی و جوانییەی ناوێت و پێی ناڕەحەت دەبێت، وە بە داخەوە ئەوە وەک هەڕەشەیەک دەبینێت و دەیەوێت هەر بەو شێوەیەش پیشانی خەڵکی دەدات…”

جگە لەوە مارتین ماریا ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا لەسەر پارتی یەکبوونی دیموکراتی مەسیحییەکان، دەربارەی ڕێکخستنی ئەو جۆرە چالاکی و فێستیڤاڵانە وتی:

“دەبینین کە بە شێوەیەکی گشتی ناتوانین چارەسەرێک بۆ ئەو غەم و پەژارە و ناڕەحەتییانە بدۆزینەوە کە لە جیهاندا هەیە. بەڵام کاتێک تەماشای ئێوە دەکەم و لەپاڵتاندا دەبم دەبینم کە ئومێدەکانم تا چ ڕادەیەک گەورە بوون. دەبینم و باوەڕم بەوە هەیە کە هەموومان پێکەوە دەتوانین بەسەر ئەو دۆخەدا زاڵ بین. تەنها لەگەڵ ئەو مرۆڤانەی دەڵێن “ئێمە ئەگەر بمانەوێت هەموومان بە خۆشی و شادی بژین دەبێت هەموومان پێکەوە بین بێ ئەوەی هیچ کەس و لایەنێک بکەینە دەرەوە” دەکرێت ئەو داخوازییە جێبەجێ بکرێت. ئەوکات گوڵی ئەم دونیایەمان دەپشکوێت. وە من کاتێک ئەمانە دەبینم باوەڕی تەواوم بەوە بۆ درووست دەبێت کە داهاتوومان باش دەبێت. سەرەڕای هەموو خراپەکارییەکان هەموو شتێک زۆر باش دەبێت”.

وتە ڕاستگۆیانە و دڵسۆزانەکەی سەڵاح حەمەد نوێنەری یەکێتی ئەفریقا لە هەموو وتەکانی دیکە زیاتر کاریگەری لەسەر من درووست کرد. سەڵاح حەمەد لە وڵاتی ئەسیوبیاوە بە تایبەت بۆ بەشداری کردن لەو فێستیڤاڵەدا سەردانی بەرلینی کردبوو. حەمەد دەربارەی ئەنجامدانی ئەو جۆرە چالاکی و فێستیڤاڵانە وتی:

“ئێستا کاتی ئەوە نییە وتارێکی دوور و درێژ بخوێنینەوە دەربارەی ئەم فێستیڤاڵە بەڵام دەمەوێت دوو پەیامی گرنگ بە ئێوە بگەیەنم:

یەکەمیان: ئەمشەو منداڵەکانمان لێرەدا فێریان کردین کە چۆن دەکرێت بە هەموو ئایینە جیاوازەکانەوە، بە هەموو کەلتورە جیاوازەکانەوە، و بە هەموو زمانە جیاوازەکانەوە زۆر جوانتر ببێت لەوەی ئێستا هەیە. دونیایەک؛ بەڵام دونیایەکی پڕ لە هەموو ڕەنگە جیاوازەکان… ئەمشەو لێرەدا منداڵەکانمان کە سەرکردەی ئەمڕۆ و داهاتوومانن ئەم وانە گرنگەیان فێری ئێمە کرد. تا ئەو کاتەی زیاتر ڕێز لە یەکتر بگرین و پشتیوانی زیاتر لە یەکتر بکەین، دەبینە خاوەنی دونیایەکی باشتر و تا ئەو کاتەی لەگەڵ جیاوازییەکانماندا پێکەوە بژین خاوەنی دونیایەکی ئارامتر و پڕ لە ئاشتیتر دەبین. ئێمە لەگەڵ ئەو جیاوازییانەماندا و بەو کەلتورە جیاوازانەمانەوە بەهێزتر و دەوڵەمەندتر دەبین.

پەیامی دووەمیشم بۆ ئەو کەسانەیە کە ئەمڕۆ لەناو ناڕەحەتییەکی گەورەدان، ناچاربوون ماڵ و حاڵ و نیشتیمانی خۆیان بەجێ بهێڵن و ناتوانن بگەڕێنەوە… تکایە ئەوە باش بزانن کە ئەوە تەنها تاقیکردنەوەیەکە. ئەو تاقیکردنەوەیەکە کە دەری دەخات ئێوە تا چ ڕادەیەک بەهێزن و تا چەند پابەندن بە بیروبۆچوونەکانتانەوە. سبەی زۆر باشتر دەبێت. بەڵام دەبێت تا ئەو کاتەی سبەی دێت بە ئومید بین و بەردەوام ئومێدەکانمان نوێ بکەینەوە لە پێناو پشتیوانی کردن لە مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی و کەلتوری یەکتر قبوڵ کردن. چونکە دونیا بە ڕێز و یەکتر قبوڵ کردنەوە زۆر پڕ لە خۆشی و جوانتر دەبێت.”

جگە لەو وتە بەنرخانەی ئەو نوێنەرە بەڕێزانە، ئەو گەنج و لاوە دڵ پڕ لە جۆش و خرۆشانەی لە خوێندنگەکانی بزاڤی خزمەتدا پێگەیشتوون و فێری زانست و کەلتوری جیاواز و هونەر بوون لە ڕێگەی ئەو هونەرانەی پێشکەشیان کردن، جۆش و خرۆشیان درووست کرد و هەستی ئامادەبووانیان جوڵاند و خستیاننە گریان…

 

http://www.shaber3.com/costurdular-duygulandirdilar-ve-aglattilar-haberi/1326794/

Show More
Back to top button