هەواڵ

تەرمی خەدیجە ئاکچابای و کۆرپە 1 ساڵانەکەی دۆزرایەوە

پاش ئەوەی ڕۆژی ٥ شەممەی ڕابردوو بەلەمێک بە ٩ سەرنشینەوە لە ڕووباری مێریچی نێوان تورکیا و یۆنان نقوم بوو، خەدیجە ئاکچابای و ٣ منداڵی تەمەن (١،٥،٧) ساڵانی بێسەرو شوێن بوون، تەرمی خەدیجە و کۆرپە یەک ساڵانەکەی بە خنکاوی دۆزرانەوە و گەڕان بەدوای ٢ منداڵەکەی تریشدا بەردەوامە.

پۆلیسی یۆنانیش جگە لە سەرۆکی خێزانەکە و برایەکی، دوو ڕۆژنامەنووسیشی بە تۆمەتی بەزاندنی سنووری وڵاتەکەی دەستبەسەر کردووە.

عومەر فاروق گێرگێرلیئۆغڵو سەرۆکی پێشووی خانەی ستەمدیدەکان، و ئەندامپەرلەمانی هەدەپە لەم خولەی پەرلەمانی تورکیادا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر نووسیویەتی کە  تەرمی دایک و کۆرپەکە لە حاڵەتێکدا دۆزراونەتەوە کە دایکەکە کۆرپەکەی لە ئامێز گرتووە.

 


 

ڕووداوەکە لە ڕاگەیاندە یۆنانییەکاندا دەنگی داوەتەوە و لە ٥ شەممەوە چەندین هەواڵ لە ڕاگەیاندە فەرمی و ئەهلییەکانی ئەو وڵاتەوە سەبارەت بە ڕووداوەکە کراوە و باس لەوە دەکەن کە ٥ کەس لە سەرنشینانی بەلەمە نقومبووەکە توانیویانە خۆیان ڕزگار بکەن و بگەنە خاکی یۆنان، ئەوەی جێی ئاماژەیە بەپێچەوانەی ڕاگەیاندنە یۆنانییەکانەوە، کەمترین گرنگیی لەلایەن ڕاگەیاندنە تورکییەکانەوە بە ڕووداوەکە دەدرێت.

سەرەڕای ئەوەی کە ڕاگەیاندە تورکییەکان هیچ گرنگیی بە ڕووداوەکە نادەن، بەڵام چەندین کەسایەتی سیاسی و ڕۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی دەنگوباسی ڕووداوەکە و چارەنووسی سەرنشینەکان بڵاو دەکەنەوە و لە ناویشیاندا تونا بێکلێڤجی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەردا نووسیویەتی: ” ئێمە ئێستا لە کۆمەڵگایەکداین کە بێدەنگە بەرانبەر ئەو ستەمانەی ئێردۆغان دەیانکات و دەبێتە هۆی ئەوەی کە دایکێک و ٣ منداڵی لە ڕووباری مێریچدا نقوم بن، کە لە بێچارەییدا وەک سەدان کەسی تر لە دەست نادادیی هەڵهاتوون. ئێوە دەڵێن چی؟ هیچ پرسیار لە خۆتان دەکەن؟”

ئاژانسی هەواڵی یۆرۆ نیوس، لە هەژماری تایبەتیی بەشی تورکی کەناڵەکەیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر هەواڵی ڕووداوەکە و ناسنامەی ٤ قوربانییەکەی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە گەڕان بەدوای تەرمی ٤ قوربانییەکەدا بەردەوامە.

 


شایەنی باسە لە ئێستادا تەرمی خەدیجەی دایک و کۆرپە ١ ساڵانەکەی دۆزراوەتەوە، بەڵام هێشتا سەرەداوێک سەبارەت بە تەرمی ٢ منداڵەکەی تر نییە.

لە ساڵی ٢٠١٦ەوە و بە دیاری کراوی پاش هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦، دەسەڵاتداریی ئاکەپە دەیان هەزار کەسی لە هاوڵاتییانی تورکیا و بە دیاریکراوی هاوسۆزانی بزاڤی خزمەتی خستووەتە زیندانەکانەوە و هەزاران کەسیش بە ناچاری تورکیایان جێهێشتووە، کە بە سەدانیان لە قاچاغە ڕێ و ڕووبار و دەریا و زەریاکاندا گیانیان لەدەست داوە.

 

سەرچاوە: http://www.tr724.com/mericte-haber-bekleniyor-kaybolan-anne-ve-3-cocugu-icin-aramalar-devam-ediyor/

Show More
Back to top button