بیروڕاگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەن

تێبینیەکان لە سەردانەکانەوە: “هاوسەنگی” و “چوست و چالاکی” خزمەت

نووسینێک بە خامەی مامۆستا فاروق مەرجان

ئێوارەی هەینی لەگەڵ میوانەکان پێکەوە لە هۆڵەکەدا دانیشتبووین. مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن ڕووی کردە یەکێک لە تەلەبەکانی و وتی:

“دیسان یەک دوو لاپەڕەتان لەو شتە جوانانە بخوێندایەتەوە، بەڵکو ببوایە بە هۆکاری شیفا…”

تەلەبەکەی کتێبەکەی هێنا و دەستیکرد بە خوێندنەوە.

کتێبەکە بریتیی بوو لە “پاشبەندی بارلا” کە یەکێکە لە بەرهەمەکانی پەیامەکانی نور…

ئەم بەرهەمە بریتییە لە کۆمەڵێک نامەی تەلەبەکانی مامۆستا سەعید نورسی “بەدیعوزەمان” کە بۆ مامۆستا سەعیدیان نووسیبوو، لەگەڵ وەڵامی مامۆستا بۆ نامەکان.

ئەو بەشەی ئێوارەی هەینی خوێندرایەوە بریتیبوو لە نامەکەی حافز عەلی. دوای ئەوەی خوێندنەوە تەواوبوو، مامۆستا فەتحوڵڵا ئەم هەڵسەنگاندنەی کرد:

“شێوازی دەربڕین، قوڵبوونەوە لە ڕێزداریدا، نەلەرزین… چەند مرۆڤگەلێکی جوان بوون، چەند کتێبێکی جوانە، وەک ئەوە وایە پوختەیەکی هەموو پەیامەکانی نوور بێت… چەند مرۆڤگەلێکی جوانن، لەگەڵ مامۆستا سەعید پێکەوە گفتوگۆیان لەسەر پەیامەکانی نوور کردووە. خۆزگە بمانتوانیبایە لە سەرەتاوە تا کۆتاییمان هەتا بەیانی بخوێندایەتەوە…”

دواتر یەکێک لە تەلەبەکان لە کۆمپیوتەرەکەیدا هەندێک وێنەی یەکەمین تەلەبەکانی مامۆستا سەعید نورسی پیشانی مامۆستا فەتحوڵڵا دا. مامۆستا فەتحوڵڵا کاتێک تەماشای وێنەکانی دەکرد هەندێک وشە لە زارییەوە دەهاتنە دەر و منیش بەم شێوەیە بە تێبینی نووسیومە:

“تاهیری موتلو، حافز عەلی، کاکە سەبری… ئای چەند مرۆڤگەلێکی جوان بوون، چەند مرۆڤگەلێکی کاریگەر بوون… هەر لە ڕووخساریانەوە هەست بە فراوانی تێگەیشتنیان دەکرا و ڕەنگدانەوەی لەسەر دەرەوەیان هەبوو… ئەمە مەراسیمی بەخاکسپاردنی کاکە بایرام یوکسەلە، کاکە ئەحمەد فەیزی… بەڵی، ئەمە ڕێڕەوی قارەمانەکانە… ئەو وێنانە بپارێزن، خۆزگە زانیارییەکی کورت سەبارەت بە هەر یەکێک لە وێنەکان لەبەردەستدا هەبوو. کارێک باش دەبوو ئەگەر فیلمێک سەبارەت بەو کەسانە بەرهەم بهێندرێت بە مەرجێکی مافی خۆی پێبدرێت. خۆزگە دەبوو. وەک فیلمی بانگەواز… یەک دوو جار بۆ مامۆستا سەعیدیان کرد، بەڵام بەرجەستەکردنی کەسێکی وەک مامۆستا سەعید کارێکی زۆرسەختە…”

ئێوارەی دواتر مامۆستا فەتحوڵڵا دوای گفتوگۆ لەگەڵ میوانەکانی دیسان ڕووی کردە یەکێک لە تەلەبەکانی و وتی:

“با یەک دوو لاپەڕە لە پاشبەندی بارلا بخوێنینەوە، با شەوەکەمان بە بەتاڵی نەڕوات…”

ئەمجارەیان نامەکەی خولوسی یەحیاگیل خوێندرایەوە. کاتێک خوێندنەوە تەواوبوو، کتێبەکەی دایە دەست مامۆستا فەتحوڵڵا… مامۆستا لاپەڕەکانی کتێبەکەی هەڵدەدایە و دەیوت: “چەند کەسێکی قەدرزان بوو… ئەمە نامەیەکی درێژی کاکە خوسرەوە… ئینشاالله سبەی ئەمەشیان دەخوێنینەوە. ئەوانە مرۆڤگەلێک زۆر ئاستبەرز بوون…”، وە دواتر مامۆستا باسی لە کەمپەکانی کتێب خوێندنەوە لە ڕۆژگاری ڕابردوودا کرد و وتی “هەندێک جار بۆ ماوەی سێ مانگ کتێبمان دەخوێندەوە. هەموو وەرزی هاوینەکەمان بە باشی بەکاردەهێنا. ڕۆژگاری ئەمڕۆمان دەرفەتی ئەوەمان پێنادات، بەڵام دەکرێت ١٥ ڕۆژ بێت، هەرچەندێک ببێت…”

دواتر مامۆستا ڕووی کردە یەکێک لە میوانەکان و لێی پرسی پرۆگرامەکانی ئەمساڵ بۆ کتێب خوێندنەوە چەندی خایاندووە. ئەویش لە وەڵامدا وتی “هەبووە ماوەی یەک مانگی خایاندووە و هەبووە ماوەی ١٥ ڕۆژی خایاندووە”. مامۆستاش لە وەڵامدا وتی: “نابێت وەڕزیان بکەین، هەرچەندێک بێت… ئەو توێشووەی ئەو شوێنە دەبێتە هۆکاری چوست و چالاکی بۆ ماوەی ساڵێک…”

لەسەر مێزەکەی تەنیش کورسی دانیشتنەکەی مامۆستا فەتحوڵڵا هەمیشە چەند دانەیەک لە ژمارەی نوێی گۆڤاری چالایان و چەند کتێبێکی تازە بڵاوکراوەی لێیە. وە زۆربەی جار ئەو گۆڤار و کتێبانە پێشکەش بە میوانەکان دەکات. سێ جوانترین دیاری ئەو شوێنە بریتییە لە: گۆڤار و کتێب بۆ گەورەکان، چیکۆلاتە بۆ منداڵەکان…

هاتنەکایەی گۆڤاری چالایان ڕاستەوخۆ دوای گۆڤاری سزنتی چەند واتایەکی گەورەی هەیە… چونکە سەرچاوەی چوست و چالاکی (داینامیزم) بزاڤی خزمەت بریتییە لە خوێندنگە و گفتوگۆ کردن. مامۆستا فەتحوڵڵا لە ڕێگەی هەڵمەتی گۆڤاری چالایانەوە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هەرگیز نابێت ئەوە تووشی پچڕان ببێت.

ئەم وتانەی مامۆستا فەتحوڵڵاشم بە تێبینی نووسیوە:

“ئینشاالله ئەگەر کەمێک باشتربووم، لەوە زیاتر دەخوێنینەوە. دەمەوێت چالایانیش بەو شێوەیە بخوێنمەوە… ئینشاالله ئەم پێکەوەبوونەی ئەمشەومان بە شێوەیەکی زۆر باش لە پێناو خزمەتدا هەڵدەسەنگێنین…”

ئەم وتانە دەکرێت چی دیکەی بۆ زیاد بکرێت؟..

با بەردەوام لە باسکردنی تێبینیەکانی ڕۆژانی شەمە و یەکشەمە.

وتاری نوێژی هەینی بە وتەی “کاروانی ئیمان و ئیحسان” دەستیپێکرد و لەسەر شێوەی پانۆرامایەکی گوزەرگای پێغەمبەران بەردوامبوو.

دوای تەواوبوونی نوێژ و تەسبیحات، مامۆستا فەتحوڵڵا وتی “الحمدلله، خودا دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخساندووین گەر بەم شێوەیەش بێت دەتوانین نوێژەکانمان بکەین… بە تەواوی لێکدانەبڕاوین. سوپاس و ستایش بۆ الله”.

کاتێک دوو گۆڤار پیشانی مامۆستا فەتحوڵڵا درا کە لە یەکێک لە وڵاتانی جیهاندا بە هەردوو زمانی تورکی و ئینگلیزی بڵاوکرابووەوە و تێیدا باس لەو ئازار و ناڕەحەتییانە کرابوو کە ڕووبەڕووی هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت بووەتەوە، تەماشام کرد مامۆستا زۆر بە وردی سەرنجی لە یەک بە یەکی لاپەڕەکانی گۆڤارەکە دا، و وتی:

“زۆر باشە، ئەگەر ئەمانە هەمیشە بەو شێوەیە زیاتر بڵاوبکرێتەوە… هەموویان زۆر جوانن، پێویستە بە باشی سوودیان لێوەربگرین، وە زیاتر بڵاویان بکەینەوە. خودا هیمەتی ئەو کەسانە زیاتر بکات کە ئەمانە بڵاودەکەنەوە. ئەمانە زۆر گرنگن. کاتێک ئەوانە پیشانی جیهان دەدەن، ڕەنگە گوزەرگای جیاواز لە بەردەمتاندا بکرێتەوە… کاتێک شتێک باش سەبارەت بە خزمەت دەبیستم کە دەکرێت وەک موژدەیەک بۆ سبەی هەژمار بکرێت لە خۆشیدا خەریکە دەفڕم”.

چەند وتەیەکی دیکەی مامۆستا فەتحوڵڵا سەبارەت بە “هاوسەنگی” کە یەکێکی دیکەیە لە بنەما زۆر گرنگەکانی بزاڤی خزمەت لە پاڵ بنەمای “چوست و چالاکیدا”:

“لە ڕوانگەی ئەهلی ئیمانەوە هەر کارێک پێویست بێت ئەنجامی دەدەین؛ بەڵام ئەگەر ئەو کارە ببێتە هۆی تێکەڵبوون و شێواندن خۆمان بەدوور دەگرین. ڕێگەکەمان زۆر سەختە. نە دەبێت لە لێوارێکەوە گلۆربینەوە و نە دەبێت خۆمان بدەینە دەم لافاو… پێویستە ئەمرۆمان لەگەڵ سبەی پێکەوە هەڵبسەنگێنین و هیچ کەسێک نەڕەنجێنین. پێویستە مەردانی ڕێگەی خزمەت زۆر بە هاوسەنگی هەڵسوکەوت بکەن، نابێت بە هەستەکانیان هەڵسوکەوت بکەن. پێویستە ئومێدەکان بەهێزتر بکەین، بەربەست لە دوای بەربەست لە بەردەم نائومێدیدا درووست بکەین. پێویستە بەو بابەتانەی پەیوەندییان بە دونیای بیرکردنەوەمانەوە هەیە لە شەقەی باڵ بدەین… هەوڵی پینەکردنی دڕاوییەک دەدرێت، هەوڵی نۆژەنکردنەوەی وێرانکارییەک دەدرێت. هەمووان هەوڵ دەدەن بە گوێرەی ئەوەی لەدەستیان دێت بەشداری لە کارەدا بکەن… ئەم بەختیارییە بەسە بۆ ئێمە، پێویستە قەدری بزانین… کێ دەزانێت سبەی چی ڕوودەدات… گەر بمانەوێت ببینین هێندە شتی جوان هەیە کە بە جوانییەکانیان سەرسام ببین، بەڵام ئەگەر لە تاریکیدا لەگەڵ ڕەشبینیەکانماندا بمێنینەوە لە بنەڕەتدا قۆڵ و باڵی خۆمان دەشکێنین… جەنابی حەق پێچەسپاومان بکات. ئەم دوعایە زۆر گرنگە.”

ئێوارەی شەمە، دوای کۆتاییهاتنی صوحبەت، مامۆستا فەتحوڵڵا بە مەبەستی چوونە ژوورەکەی هەستایە سەرپێ و وتی:

“بینینی براکانمان و پێکەوەبوونمان، گەر بەو ڕادەیەش بێت، دەبێتە هۆی کرانەوە دڵەکانمان، زۆر سوپاستان دەکەم…”

چەند دەربڕینێکی جوانە سەبارەت بە گرنگی پێکەوەبوون و برایەتیمان لەناو بزاڤی خزمەتدا…

یەکێکی دیکە لەو تایبەتمەندیانەی لە سەردانەکانمدا بۆ لای مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن سەرنجمداوە، بریتییە لەوەی مامۆستا لە نزیکەوە بایەخ بە بارودۆخی نەخۆش و ئەو کەسانە دەدات کە لە زیندانەکاندا بەندکراون. کاتی باسیان دەکات بە ئازارەکانیان غەمبار دەبێت. بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو غەم و ئازارە، بەم شێوەیە باس لە گرنگی ئەم دوو بنەمایە دەکات بۆ بزاڤی خزمەت:

“هاوسەنگی” و “خوێندنەوە و گفتوگۆکردن” کە سەرچاوەی چوست و چالاکی مەردانی ڕێگەی خزمەتن…

 

http://www.samanyoluhaber.com/ziyaretten-notlar-hizmet-in-dinamizmi-ve-dengesi-haberi/1375406/

Show More
Back to top button