بیروڕا

تۆماری شەرمەزاری تورکیا

بەخامەی سێلچوک گوڵتاشڵی

 

نە بەرپرسانی ڕۆژنامەکەم و نە هاوکارەکانم لە ڕۆژنامەکەدا هیچ کاتێک ئەندامی گروپێکی تیرۆریستی نەبوون. تاکە تاوانی ئەوان ئەوە بوو کە ڕەخنەیان لە شێوازی بەڕێوەبردنی تاکڕەوانەی ئێردۆغان دەگرت.

 

ڕاستەوخۆ پاش ئەوەی ڕەجەب تەییب ئێردۆغان بوو بە یەکەمین سەرۆکی تورکیا بە تەواوی دەسەڵاتەکانەوە، دادوەرە تورکەکان سزایەکی قورسی زیندانییان بەسەر ٦ کارمەندی ڕۆژنامەی زەماندا سەپاند. ئەو ٦ ڕۆژنامەنووسە سزاکانیان لە ٨ ساڵ و ٩ مانگەوە دەستپێدەکات هەتا ١٠ ساڵ و ٦ مانگ.

جەلال ئافشاری تەمەن ٨٦ ساڵ کۆتا خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەی زەمان بە تۆمەتی “ئەندامبوون و بەڕێوەبردنی گروپی تیرۆریستی” دەستگیر کراوە و خراوەتە زیندانەوە. کاتێک لە مانگی ئازاری ٢٠١٦ دەستگیرا بەسەر ڕۆژنامەی زەماندا، گەورەترین ڕۆژنامەی تورکیا بوو، وە لە دوای هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەموزەوە بە شێوەیەکی فەرمی ڕۆژنامەکە قەدەغە کرا. لە ڕاستیدا لە دوای دەستبەسەردا گرتنییەوە سیاسەتی پەخشی ڕەخنەگرانەی ڕۆژنامەکە لە شەوێکدا گۆڕدرا و چووە پاڵ ئەو ڕۆژنامانەی بە شان و باڵی گەندەڵییەکانی حکومەتدا هەڵدەدەن. وە لە دوای قەدەغەکردنی ڕۆژنامەکەوە، حکومەت هەڵمەتێکی ڕەشبگیری لە دژی کارمەندانی ڕۆژنامەی زەمان دەستپێکردووە. لە ئێستادا زۆرێک لە هاوکارەکانم زینداندان و هەندێکیشیان یان خۆیان شاردووەتەوە یان هەڵهاتوون بۆ دەرەوەی وڵات.

من کە لە ساڵی ٢٠٠١ وە هەتا ئێستا لە شاری برۆکسل دەژیم و لە کاتی ڕوودانی هەوڵی کودەتاکەدا لە تورکیا نەبووم، بەڵام سەرەڕای ئەوە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە گرووپی تیرۆریستیدا بە دوامدا دەگەڕێن. ئەو سزایانەی بەسەر ئەو ڕۆژنامەنووسانەی زەماندا سەپێنراوە، لە لایەن فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسانی ئەوروپا و چەندین ڕێکخراوی دیکەی نێودەوڵەتییەوە بە توندی ئیدانە کرا.

ئەو دۆسییەی ئامادەکراوە لە دژی ڕۆژنامەنووسانی ڕۆژنامەی زەمان، وە بە هۆیەوە سزایەکی قورسیان بەسەردا سەپێنراوە جگە لە گاڵتەجاری هیچ شتێکی دیکە نییە. ئەو دۆسییەی کە ئامادە کرابوو لە کۆمەڵێک وتار و هەواڵ  و تەنانەت ڕیکلامێکیش پێکهاتبوو، وە هیچ بەڵگەیەک لە ئارادا نەبوو کە هاوکارەکانم ئەندامی گروپێکی تیرۆریستی بن. ئەوان بە تۆمەتی ئەندامبوون لە گروپی تیرۆریستی چەکدار دادگایی کران بەڵام بە هەموویان تەنانەت یەک چەکیشیان نەبوو. هیچ بەڵگەیەکی وەک نامەیەک پەیوەندییەکی تەلەفۆنی یاخود وێنەیەک نییە کە بیسەلمێنێت ئەو ڕۆژنامەنووسانە پەیوەندییان بە ئەنجامدانی کودەتا شکستخواردووەکەوە هەبووە. ئەو شتەی کە داواکاری گشتی وەک بەڵگە دەیهێنایەوە بریتی بوو لە وتارەکان و هەواڵەکان کە لە ڕۆژنامەکەدا بڵاوکرابوونەوە. داواکاری گشتی زۆر بە ڕوونی دەیزانی کە هیچ تاوانێک لە ئارادا نییە بۆیە ناچار بوو خۆی تۆمەت درووست بکات. لە دۆسییەکەدا ڕێک بەم شێوەیە باس لە دۆخەکە دەکات: “هەرچەندە لە وتار و نوسینەکاندا هیچ تاوانێک بوونی نییە، بەڵام مافی بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی حکومەتیان پێشێل کردووە.”

بە پێی ئامارەکانی سەنتەری حورییەت کە لە لایەن ئەو ڕۆژنامەنووسە تورکانەی لە ئاوارەییدا دەژین لە ستۆکۆڵم درووست کراوە، لە ئێستادا ١٧٨ ڕۆژنامەنووس لە زیندانییەکانی تورکیادان، وە گەڕان بە دوای ١٤٣ ڕۆژنامەنووی دیکەدا هەتا ئێستا بەردەوامە. تورکیا بە جیاوازییەکی زۆر لەگەڵ وڵاتی چیندا لە پلەی یەکەمدایە بۆ دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان. ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٨ دا بۆ ئازادی ڕۆژنامەوانیی، تورکیا لە پلەی ١٥٧ دادەنێت لە کۆی ١٨٠ وڵاتی جیهان. سەرەڕای هەموو ئەو ئامارانە ئێردۆغان بانگەشەی ئەوە دەکات کە میدیای تورکیا ئازادترین میدیایە لە هەموو ئەوروپادا. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕاستەوخۆ پاش دەستبەکاربوونی ئێردۆغان وەک سەرۆک کۆماری نوێی تورکیا ٣ ڕۆژنامە و تەلفیزیۆنێک داخران و هەموو ماڵ و سەروەت و سامانیان خرایە سەر خەزێنەی دەوڵەت.

ئەو ڕەشبگیرییەی بەرامبەر بە کارمەندانی ڕۆژنامەی زەمان لە ئارادایە بەو پەڕی خێراییەوە بەردەوامە. ئەگەر دەستیان بە ڕۆژنامەنووسەکە یاخود بەرپرسەکانی ڕۆژنامەکە نەگات ئەوکات کەسە نزیکەکانیان دەستگیر دەکرێن. نە بەرپرسانی ڕۆژنامەکەم و نە هاوکارەکانم لە ڕۆژنامەکەدا هیچ کاتێک ئەندامی گروپێکی تیرۆریستی نەبوون. تاکە تاوانی ئەوان ئەوە بوو کە ڕەخنەیان لە شێوازی بەڕێوەبردنی تاکڕەوانەی ئێردۆغان دەگرت.

 

سەرچاوە: https://kronos1.news/tr/dunyanin-en-buyuk-gazeteci-hapishanesi-olarak-turkiyenin-utanc-sicili/

Show More
Back to top button