نوسەرانهەواڵوتار

تورکیا پیسەکەی ئێردۆغان، چەتەی پیاو ڕفاندن و تاوانی بکەر نادیار. بەشی یەکەم

ئەو کەسانەی ئامانجی خۆیان بەدەست نەهێنا لە کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموز، بۆ دەمکوتکردنی کەسانی ئۆپۆزسیۆن، شێوازی ساڵانی ١٩٩٠ لە تاوانکاری بەکاردەهێنن کە ڕێکخراوی  هێزەکانی جەندەرمە و هەواڵگری تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر”جیتەم” ئەنجامی دەدا.

لە نێوان هێزە ئەمنیەکان و هەواڵگریەکانی تورکیادا، ڕێکخراوێکی چەتەیی دروستکراوە کە هاوڵاتیان دەڕفێنن و ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپیان لەگەڵ دەکەن.

ئەم چەتانە لە پارتی دەسەڵات ئاکەپەوە پشتگیری دەکرێن و، لەلایەن بەڕێوەبەری هێزە ئەمنیەکانی ئیستەنبول ئەنقەرە، ئیزمیر ناسراون و داواکار گشتی ئەو شارانە چاوپۆشی لە تاوانەکانیان دەکەن.

یاخود دەتوانین بڵێین ئەمانە ئەشکەنجەدەری مۆڵەتپێدراون. لە نێو ئەشکەنجەخانەکانی ناو هێزە ئەمنیەکان و دەزگا هەواڵگریەکان چەندین تاوانی مرۆییان ئەنجامداوە.

تەواوی جینایەت و تاوانەکانیان ئاشکرا نەبووە، بەڵام یەکە بە یەکەی ڕووداوی ڕفاندن و ئەشکەنجەکانیان وردە وردە ئاشکرا دەبێت.

بێگومان دوای ئەوەی ناوی زۆرێک لە تاوانباران لەگەڵ ئەو کەسانەی مەغدور کراون لە ماڵپەڕی TR724 بڵاوکرایەوە، داواکارین کەسە ونبووەکان ساتێک زووتر بدۆزرێنەوە و، گەر تاوانێکیشیان ئەنجام دابێت لە بەردەم دادگایەکی دادپەروەرانەدا دادگایی بکرێن و، ناوی تەواوی ئەشکەنجیەکان یەکە بە یەکە تۆمار بکرێن و لە کاتی گەڕانەوەی دادپەروەری و یاسادا لێپرسینەوەیان لەگەڵ ئەنجام بدرێت.

ئەو قسانەی کە دەبێت لە کۆتایدا بیکەین لەسەرەتاوە دەیکەین و دەڵێین:

ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ و ڕفاندنی هاوڵاتیان تاوانێکی مرۆییە.

هیچ کاتێک لە دادگاکاندا دۆسیەکانیان داناخرێت و درەنگ یان زوو لەبەردەم دادپەروەریدا لێپرسینەوەیان لەگەڵ ئەنجام دەدرێت.

” لە ژورێکی ١.٥ مەتر چوارجادا ٤٢ ڕۆژ زیندانی بوو”

هەموو شتێک لە پڕێکدا دەستی پێکرد. کاتێک ئەو تەکسیەی سواری بوو، لە کۆڵانی حەوتەمی دەمەتئێڤلەر پێچی کردەوە بەرەو شەقامی ڤەتەن، ئیدی نیگەرانیەکانی زیاتر بوو. دو ئۆتۆمبیل لە دواوە شوێنیان کەوتبوون.

ئۆتۆمبیلێکی ترانسپۆرتەری ڕەنگ ڕەش بەردەمی لێگرتن، یەکێک هاتە خوارەوە و بە شۆفێری تەکسیەکەی وت کە بگەڕێنەوە بۆ دواوە، دواتر ئۆتۆمبیلەکەی دواوە پشتی لێگرتن و ڕێگەی نەدا دەرچن، شۆفێرەکە هاواری کرد ” ئەوە بۆ وا دەکەن ؟”، یەکێکیان لە دواوە هات و وتی “کێشە نیە ئێمە پۆلیسین”.هەر بۆیە تا ڕادەیەک بابەتەکەی بۆ ڕوون بوویەوە، بیری ئەوەی کەوتەوە کە هاوڕێیەکی خۆشی بە ناوی تورگوت چەند کاتژمێرێک پێش نوێژی هەینی ون بوو بوو. هەستی کرد شتێکی خراپ ڕوو دەدات.

پاش کەمێک هەستی بەوە کرد کە پاڵیان پێوە ناو لەسەردەم لە ناو ترانسپۆرتە ڕەشەکەدا ڕایان کێشا. تورەکەیەک دەکەن بە سەریدا و کەلەپچە لە دەستی دەکەن. هەروەها قاچەکانیش دەبەستنەوە.

ئەوانە ناو ئۆتۆمبیلەکە هەتا دەگەنە شوێنی مەبەست جوێنی پێ دەدەن و بۆکسی لێ دەدەن. وەک ئەوە وابوو ڕێگەکە هیچ کۆتایی نەیەت. هەر لە ناو ئۆتۆمبیلەکەدا کراسەکەی بەری و پانتۆڵەکەشی دادەکەنن. دواتر خۆی لە ژورێکی تەنگدا بینیەوە. دەستەکانی لە دواوە بەستراون و چاویشیان بەستووە، نەیدەزانی چەندین ڕۆژ لەو ژوورەدا دەمێنتەوە کە هەموو دیوارەکانی بە ئیسفنجی ڕەش تەندرابوو.  دوای ئەوەی لەو ژوورە دەریان هێنا، خۆی لە ژوورێکی ئەشکەنجەداندا بینی.

“لە ژورێکی  ١.٥ مەتر چوارگۆشە ماوەی ٢٥ ڕۆژ ئەشکەنجەی بەردەوام دەدرێت”

ماوەی ٢٥ ڕۆژ ئەشکەنجە درا. تێهەڵدانی زۆر، دارکاری بە شەق و لێدانی کارەبا،دەستدرێژی و سوکایەتی، ئەشکەنجەی دەروونی،  جوێن بە ئەندامانی خێزانەکەی. هیچ شوێنێک لە لاشەیدا نەما کە شوێنی ئەشکەنجەی پێوە دیار نەبێت. جوێنەکان بە وشەی فەت… دەستی پێ دەکرد و ناوی کەسانێکیان لێ دەپرسی کە هەرگیز نەیناسیبوون. لەو ماوەیەی کە زیندانی بوو، تەنیا دوو جار چاویان کردبوویەوە. ئەو دوو جارەش تەنیا چاوی بە کامێراکە و ئیسفەنجە ڕەشەکانی سەر دیواری ژوورەکەی کەوتبوو. هەروەها دەنگی ٦ تا ٧ کەسی تری بیر دێتەوە کە وەک خۆی لە ژێر ئەشکەنجەدا ناڵاندبوویان. تەنیا ئەوەی بیرماوە یەکێک لە ئەشکەنجەدەرەکان بانگی کەسێکی کردووە و پێی وتووە ” وەرە جەنگیز”. ئەگەر زۆرە ناوی کەسێک بێت کە لە ژوورەکەی تەنیشتی خرابێتە ژێر ئەشکەنجەوە. ١٢ کاتژمر جارێک خواردنیان پێ دەدرا. بەیانیان پەنیرێکی کەم و پارچە نانێکیان پێ دەدرا. ئێوارانیش تۆزێک شۆربا و هەندێک جار برنجیش. ناچار بوو ب چوونە تەوالێت لەگەڵ ئەو کەسەدا بڕوات کە پاسەوانی ژوورەکەی بوو.

ئەشکەنجەی لاشەیی هاوڵاتیەکە هێندە سەخت دەکەن، بە هۆی ئامێرێکی ڕەقەوە لە هۆش خۆی دەچێت. کاتێک ئەشکەنجەدەران خوێن دەبینن بە لاشەی هاوڵاتیەکەوە، ناچار دەبن دەست لە کارەکەیان هەڵبگرن. بەردەوام فشاریان دەخستە سەر ناوی هەندێک کەسیان پێ بڵێت. هەموو شوێنێکی لاشەی شین و مۆر هەڵگەڕابوو، لە ژوورەکەیدا بەتانی نەبوو، کاتێک لە ژوورەکەیدا بە تەنیا دەمایەوە، بۆکس و شەقیان لە دەرگاکەی هەڵدەدا. ماوەی ٤٢ ڕۆژ لە ژوورێکی ١ مەتر و نیویدا زیندانی بوو. ماوەیەکی زۆر بە دەست و قاچ بەستراوی لەسەر ئەژنۆکانی دانرابوو.

“ڕێگە نادەن لە ژوورەکەدا ڕابکشێیت یاخود بخەویت”

دوا ڕۆژی زیندانیکردنیشی سواری ئۆتۆمبیلێک دەکرێت بە دەست و چاو بەستراوی. دوای ئەوەی ماوەیەک ئۆتۆمبیلەکە دەڕوات، سواری ئۆتۆمبیلێکی تری دەکەن. دواتر تەلەفۆنێک دەدەنە دەستی و پێی دەڵێن تەلەفۆن بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئەنقەرە بکات. پێیان وت کە بڵێ لەلای چەمی ئەیمورەوەیە. ئیدی هێزەکانی پۆلیس دێن و دەستگیری دەکەن.

پارێزەرەکەی باس لەوە دەکات کە کاتێک لە هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەییەکان بینیوێتی، هەموو گیانی لەرزیوە. لە ڕێگەی دەستگرتن بە دیوارەکانەوە دەیتوانی بڕوات. هەموو ئەو شتانەی بەسەری هاتبوو، بۆی باس کردبوو.

کاتێک شتەکان دەگێڕێتەوە زیاتر حاڵی خراپ دەبێت. دووبارە ترس و دڵە ڕاوکێ ڕووی تێدەکاتەوە. ئەو ماوەیە بەردەوام لە ژێر ئەشکەنجەدا بوو، وەهایان لێکردبوو کە حەزی نەدەکرد ژن و منداڵەکانی بەو شێوەیە بیبینن. هەموو دونیای ژێراو ژوور بوو بوو. تەنانەت بەم حاڵەوە کاتێک بردیانە بەردەم دادگا، بریاری دەستبەسەر کردنی بۆ دەرچوو.

ئەمەی خوێندتانەوە سیناریۆی فیلمێکی هۆڵیوود نەبوو، بەڵکو لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا ڕوویداوە، هاوڵاتیەک لە بەرواری ١ ی نیسانی ٢٠١٧ لەبەرچاو هەموو کەسێک دەڕفێنرێت و، هەتا بەرواری ١٢ ی ئایاری ٢٠١٧ بە بەردەوامی ئەشکەنجە دەدرێت. ئەمەی سەرەوە بەسەر هاوڵاتیەکدا هاتووە بە ناوی ئۆندەر ئاسان و لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکان و تۆمارە فەرمیەکانی تورکیادا بوونی هەیە.

“گەڕانەوە بۆ پێشێلکاری و تاوانەکانی جیتەم کە لە ساڵی ١٩٩٠ ئەنجامی دەدا”

لە ساڵانی ١٩٩٠ ڕێکخراوی تاوانی نیمچە فەرمی لە ژێر ناوی “جیتەم” هاوڵاتیانی کوردیان دەڕفاند و دەیانخستنە ژێر ئەشکەنجەوە هەروەها زۆرێک لە هاوڵاتیە کوردەکانیشیان کوشتووە و هەتا ئێستا بکەرەکانیان نەدۆزراوەتەوە.

ئەم جۆرە مامەڵانە دوای ٢٥ ساڵ دیسان دەستی پێکردۆتەوە. شێوازەکانیان هاوشێوەی ڕابردووە، هەرکەسێکی ئۆپۆزسیۆنی ناو کۆمەڵگا کە مەبەستیان بێت دەمکوتی بکەن، لە ژێر ناوی “فەت…” لەلایەن هێزەکانی هەواڵگری و پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێت.

لەم زنجیرە نوسینەدا بە درێژی باسی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپی ناو زیندانەکان دەکەین.

لەم زنجیرە نوسینەدا باسی کەسانێکی وەک ئۆندەر ئاسان دەکەین کە دووچاری ئەشکەنجە بوون و، باسی بارودۆخی خێزانەکانیان و کەسە نزیکەکانیان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چی کراوە و دەتوانرێت چی بکرێت، کەسانی ئەشکەنجەدەر کێ یاخود کێن؟

باس لەو ناوەندانە دەکەین کە ئەشکەنجەدانی تێدا ئەنجام دەدرێت، لەگەڵ پیاوەکانی تورکیا پیسەکەی ئێردۆغان، کە بە کاری چەتەیی و ڕفاندنی هاوڵاتیان هەڵدەستن.

“تورکیا بۆ وەڵامی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ناداتەوە؟”

ئەو ڕووداوانەی بەسەر ئۆندەر ئاسان هات، هەروەک چۆن لە مێدیاکاندا باسی لێوە کرا، لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکانیشدا جێگەی کراوەتەوە.

لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی Human Rights Watch :” ئەو ڕووداوەی بەسەر ئاسان هاتووە گرنگیەکی زۆری هەیە. سەرەڕای ئەوەی هەواڵی ئەوەی لەسەر دەدەن کە ونبوو، بەڵام هێزە ئەمنیەکان دەستگیر دەکەن.

ئاسان باس لەوە دەکات لە بەرواری ٣١ ی ئازاری  ٢٠١٧ لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە ڕفێندراوە و لە ناوەندێکدا کە پێی وایە سەر بە هێزە ئەمنیەکان بووە ، ماوەی ٤٢ ڕۆژ ئەشکەنجە دراوە. دواتر تەلەفۆنیان بۆ هێزەکانی پۆلیس کردووە و هاتوون دەستگیریان کردووە. پارێزەرەکەی و خانەوادەکەی تەنیا لە کاتێکدا لەلای هێزەکانی پۆلیس بووە، توانیویانە چاویان پێی بکەوێت. پێی وایە ماوەی ٤٢ ڕۆژ بە شێوەیەکی نایاسایی لە ناوەندێکی هێزە ئەمنیەکان قۆڵبەست کراوە”.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، هەتا ئێستا زۆر ڕووداوی ڕفاندنی هاوڵاتیانی لە شاری ئەنقەرە تۆمار کردووە. هەروەها باس لەوە دەکات کە چەندین کەس لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ڕفێندراون و دواتر هێزە ئەمنیەکان نکوڵیان لەوە کردووە کە ئاگایان لێی هەبێت.

تەواوی ئەم ڕووداوانە لە ساڵی ١٩٩٠ لەلایەن جیتەمەوە ئەنجام دەدرا، بەڵام بە گوێرەی لێدوانی کەسوکاری زیندانیەکان و ئەوانەی لە ژێر ئەشکەنجەدا ڕزگاریان بووە، دوای ٢٥ ساڵ  بەسەر ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٩٠، سەرلەنوێ دیارەدەی ئەشکەنجەدان و تاوانی بکەر نادیار سەری هەڵداوەتەوە.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، لە مانگی ئابی ٢٠١٧ نامەیەکی کراوەی ڕەوانەیی ئاڕاستەی وەزارەتی دادی تورکیا کرد سەبارەت بە ڕفاندنی ٥ هاوڵاتی تورکیا، بەڵام هەتا ئیستا هیچ وەڵامێکی نەدراوەتەوە.

کەسوکاری ئەو هاوڵاتیانەی ڕفێندراون، لە ڕاپۆرتە  نێودەوڵەتیەکان و دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا ئاماژەیان بەوە کردووە، کە هێزە ئەمنیەکانی تورکیا بە شیوەیەکی جددی بە دوای دیارنەمانی هاوڵاتیەکاندا ناگەڕێن و جددی نین لە چوونیان بەدەم سکاڵاکانیانەوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، هاوڵاتیانی تورکیا سەبارەت بە دیارنەمانی کەسوکاران، ناتوانن لە ڕێگەی دەزگا بەرپرسەکانی تورکیاوە بگەنە ئەنجامیك.

ئۆندەر ئاسان تەمەنی ٤١ ساڵە، بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران لە کارەکەی دوور خرایەوە کە مامۆستایەک سەر بە وەزارەتی پەروەردە بوو. ڕۆژێک پێش ئەوەی دیار نەمێنێت، هاوسەری تورگوت چەپان بە ناوی ئولکو چەپان، دوا کەسە کە چاوی پێکەوتووە.

تورگوت پێش ڕفاندنی یەکێک بوو لە کارمەندەکانی زانکۆی تورگوت ئۆزال، هاوشێوەی ئۆندەر ئاسان ڕفێندرا.

خاتوو ئولکو بەم شێوەیە باسی ڕفاندنی ناوبراو دەکات بۆ کەناڵی BBC ” ڕۆژی ٣١  ئازار بوو، ئەو ڕۆژە بڕیار بوو(تورگوت چەپان) بێت و لەگەڵ منداڵەکانمان بڕۆینە دەرەوە. تەنانەت   تەلەفۆنەکەشی لای من بوو. هیچ بڕیارێکی دەستگیرکردن یان دەستبەسەرکردنی لەسەر نەبوو. منیش دەڕۆشتم بۆ هێنانەوەی منداڵەکەم لە خوێندنگە، لە کۆڵانەکەی خۆمان کاک ئۆندەر هاتە لام و وتی ” خوشکم کاک تورگوتیان لەلای شەقامی شەنتەپە ڕفاند”. خۆ هەر هاتنی ئەو بۆ لای من مەترسیدار بوو، بەڵام ئەو گوێی بەوە نەدا. پێم وابوو بۆ ئەوەی ئەو هەواڵە بە من بگەیەنێت هاتبوو”.

“نەهامەتی مامۆستایەک کە بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران لە کارەکەی دوور خرابوویەوە”

ئۆندەر هەستی بەوە کردبوو کە چاودێری دەکرێت. چونکە پێش دوو مانگ لە ڕفاندنی لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە هەوڵی دەستگیر کردنی درا. بەڵام چونکە لەو کاتەدا لە شوێنی خۆی نەبوو، دەستگیریان نەکرد. هەر بۆیە بۆ ماوەیەک لەگەڵ هاورێکانیدا بڕیاری ئەوەیان دابوو کە خۆیان زۆر دەرنەخەن. هێزە ئەمنیەکان بە دوایدا دەگەڕان، هەر ئەوەشی لی دەترسا بەسەریدا هات، بگرە لەوەش خراپتر کە بیری لێکردبوویەوە.

سەرەتا لەلایەن چەتەکانی تورکیا پیسەکەی ئێردۆغانەوە کرایە ئامانج. دواتر بە تۆمەتی ئەوەی بەشداری لە هەوڵی کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموز کردووە دەستگیر کرا و دادگاش فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکرد.

“ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەخرایە ژێر چاودێریەوە”

هاوسەری ناوبراو لە نێوان بەرواری ١ ی نیسان هەتا ١١ ی نیسان، پەنای بۆ هەریەکێک لە داواکاری گشتی و هێزەکانی پۆلیس بردبێت، هیچ وەڵامێکی دەستنەکەوت. دوای ئەوەی هێزەکانی پۆلیس بە جددی بە دوای ونبوونی ناوبراودا ناگەڕێن و سەیری کامێراکانی چاودێری ناکەن، کەسوکاری ناوبراو خۆیان یەکە بە یەکە سەیری کامێراکانی چاودێری دەکەن. هەروەها کەسوکارەکەی تایەی ئۆتۆمبیلەکەی دەدۆزنەوە کە لە دووری ٣٠٠ مەتر لە شوێنی ڕفاندنەکەی بە شێوەیەکی پارچە پارچە کراو فڕێ درابوو. ئەمە لە هەمان کاتدا تیشکی دەخستە سەر شێوازی ڕفاندنی. دیاربوو کە تایەی ئۆتۆمبیلەکەیان تەقاندبوو هەتا نەتوانێت بەکاری بهێنێت. دیارە ئەویش سواری یەکەم تەکسی سەر ڕێگاکەی بووە، بەڵام لە ڕێگا بەردەمیان گرتووە و بردوویانە بۆ بنکەی ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیان.

 

“ئەو پۆلیس و داواکاری گشتیەی کە لە ڕووداوی ڕفاندنی هاوڵاتیان ناکۆڵێتەوە هاوبەشی تاوانەکەیە”

ئەو کەسانەی ئەشکەنجەی ئۆندەر ئاسانیان دابوو، پێکهاتوون لەو بەڕێوەبەر و کەسە بیرۆکراسیانەی لەلایەن دەسەڵاتی ئاکەپەوە دامەزرێنرابوون. ئەوانیش ” هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەییەکانی سەر بە هێزەکانی ئاسایشی ئەنقەرە، هەروەها کارمەندانی بنکەی ئاسایشی ناوچەی یەنی مەحەلە).

داواکاری گشتی ئەنقەرە ئاگای لەم جۆرە بەرپرسانە هەیە و چاوپۆشی لە کارەکانیان دەکات. بە شێوەیەکی ئاشکرا پێشێلی مافی مرۆڤ و ژیانی مرۆڤێک دەکرێت و، بە دوانەچوونی بەرپرسان بۆ ئەم بابەتە، بە واتای ئەوە دێت کە هەموویان هاوبەشن لە تاوانەکەدا.

ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ئاکەپە بەوەوە ناوەستێت هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت بە شیوەیەکی نایاسایی دەستگیر بکات و بیانخاتە زیندان، لە هەمان کاتدا پێیان وایە گەر کەسێک هاوسۆزی بزاڤی خزمەت بوو، ئیتر رەوایە بیشیکوژیت.

دەبێت ڕووداوی ڕفاندنی ئاسان بە جوانی لەسەر بوەستین، ئەوانەی ڕفاندیان کەسانێک بوون خۆیان وەک پۆلیس دەناساند و چەکیان پێبوو. شایەتحاڵی ڕووداوەکەش بوونی هەیە، دەڵێن ئۆتۆمبیلێکی ڕەشی جۆری ترانسپۆرتەری ڤۆلکسواگێن و  ٣ ئۆتۆمبیلی تر لە ڕفاندنیدا بەشدار بووە.

” یەکەم داوای یارمەتی لە وەزارەتی دادی تورکیا، لە ڕۆژی خۆپیشاندانی دایکانی ڕۆژی شەممە بوو”

فاتمە ئاسان لە بەراوری ٨ ی نیساندا، لە ڕێگەی پەیجی تویتەری تایبەت بە خۆی، دیارنەمانی هاوسەرەکەی ڕاگەیاند.

ناوبراو لە ڕێگەی هاشتاگی ” دایکانی شەممە هەفتەی ٦٢٨” کە ماوەی ٢٥ ساڵە ڕۆڵەکانیان بێ سەر شوێنە و داوا لە دەوڵەت دەکەن سۆراغێکیان بۆ بدۆزنەوە وتی” لەبەر ئەوەی هیچ شوێنێک نیە دەنگمی لێوە بگەیەنم، لێرەوە بە هەموو کەسێک ڕادەگەیەنم. خۆم و ٣ منداڵەکەم ماوەی ٨ ڕۆژە پەرێشان بووین.لەبەر خاتری خودا یارمەتیمان بدەن. هاوسەرەکەم ماوەی ٨ ڕۆژە دیار نیە و بێسەر و شوێنە. داوای یارمەتی لە هەموو دۆستەکانمان دەکەین”.

هەروەها ڕۆژی ١١ ی نیسانیش دووبارە فاتمە ئاسان، زانیار گرنگی بڵاو کردەوە، لە هەمان ڕۆژدا لەگەڵ هاوسەری کەسانی ستەم لێکراو و پارێزەرەکانیان چوونە بەردەم داواکاری گشتی و، زانیاری پیویست لەسەر شوێنی ڕفاندنی هاوسەرەکەی و پارچە پارچەکردنی تایەی ئۆتۆمبیلەکەیان بە داواکاری گشتی ڕاگەیاند، بەڵام ئەم زانیاریانە هیچیان بە لای داواکاری گشتیەوە گرنگی نەبوو.

هەموو داواکارە گشتیەکان دۆسیەکەیان ڕەوانەی داواکارێکی گشتی تر دەکرد و، لەم ڕێگەیەوە کرانەوەی دۆسیەی یاساییان لەسەر ڕووداوەکە دوا دەخست. دوای ئەوەی لە مێدیا و پەڕلەمانی تورکیا باسی ئەم ڕووداوە کرا، لە بەرواری ٢٣ ی نیسانی ٢٠١٧ لە ماڵی فاتمە ئاسان پشکنین ئەنجامدرا.

هاوسەرەکەی لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەکانی خۆیەوە بۆی دەردەکەوێت کە ڕۆژی ١ی نیسانی ٢٠١٧ هاوسەرەکەی سواری تەکسیەک دەبێت کە تابلۆکەی ژمارەی 06 T 5635 لەسەر بووە.

هاوسەرەکەی دواتر چاوی بە شۆفێری تەکسیەکە دەکەوێت و لە زاری شۆفێرەکەوە ئەوەی بۆ دەردەکەوێت، کە هاوسەرەکەی لەلایەن گروپێک چەکداری ٨ تا ١٠ کەسی ڕفێندراوە. چەکدارەکان بە شۆفێرەکەیان وتووە ” کارمان بە تۆ نیە”، دواتر ناوبراویان سواری ئۆتۆمبێلی ڕەش کردووە ڕفاندوویانە.

هەروەها پۆلیسەکە دوای ئەم رووداوە دەچێتە بنکەی پۆلیس و بەسەرهاتەکەیان بۆ دەگێڕێتەوە، بەڵام هێزەکانی پۆلیس قسەکانی بە هەند وەرناگرن.

فاتمە ئاسان و پارێزەرەکەی هەرچیەکیان کردبێت نەیاندەتوانی دۆسیەکە بجولێنن، لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵی پەردەپۆشکردنی ڕووداوەکەیان دەدا.

هەرچەندە هاوسەری ئۆندەر هێزەکانی پۆلیس ئاگادار دەکاتەوە لە شوێنی مانەوەیان، بەڵام هێزەکانی پۆلیس دوای ٣٤ ڕۆژ لە ئاگادارکردنەوەیان دێنە شوێنی ناونیشانی ناوبراو و پشکنین ئەنجام دەدەن. لە ماوەی ئەو ٣٤ ڕۆژەدا تۆماری هەموو کامێراکانی چاودێری ڕەش دەبنەوە و ئەنجامدانی پشکنین لە ماڵی ناوبراودا بە ئاشکرا دیارە کە نیەتێکی باشی لە پشتەوە نیە.

هاوسەرەکەی ئەوەی بۆ دەردەکەوێت کە تۆماری کامێراکانی چاودیری تەنیا ماوەی ٧ – ٢١ ڕۆژ لە یادگەی کامێراکەدا دەمێنێتەوە و دواتر ڕەش دەبێتەوە، هەر بۆیە هاتنی پۆلیسەکان لە دوای ٣٤ ڕۆژ سوودێکی ئەوتۆی نابێت بۆ دۆزینەوەی بکەرانی ڕووداوەکە.

لە کۆتایدا لە بەرواری ١٢ ی ئایاری ٢٠١٧  ئۆندەر لە هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەییەکانی سەر بە هیزەکانی پۆلیسی ئەنقەرە،  بە دەستگیرکراوی دەردەکەوێت.

پارێزەری ناوبراو هەواڵ بە خانەوادەکەی دەدات کە لە هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەییەکان دەستگیر کراوە، بەڵام کاتێک خانەوادەکەی دەچن بۆ بینینی، ڕێگە بە بینینی ناوبراو نادەن.

پارێزەرەکەی ئاسان لە ٢٣ ی حوزەیرانی ٢٠١٧ بە فەرمی سکاڵا لە دژی ئەشکەنجەدەرانی ناوبراو تۆمار دەکات و، داوا دەکات هەموویان دادگایی بکرێن.

بەڵام هەتا ئیستا هیچ کام لە ئەشکەنجەچیەکان نەدۆزراونەتەوە.

کەسانێکی گورگ ئاسا کە لە پیستی مەڕدا خۆیان شاردۆتەوە لەم سیستەمەدا، هەر چاوەڕوانی شتی وەهایان لێ دەکرێت.

http://www.tr724.com/adam-kacirma-faili-mechul-cetesi-erdoganin-kirli-turkiyesi-1/

 

 

Show More
Back to top button