هەواڵ

“تورکیا لە جیهاندا گەورەترین زیندانی ڕۆژنامەنوسانە”

ڕێکخرای نێودەوڵەتی پاراستنی ڕۆژنامەنوسان ناسراو بە “CPJ”، لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا گەورەترین زیندانی ڕۆژنامەنوسانە لەسەر ئاستی هەموو جیهان.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی ڕێکخراوەکە ئەنجامی داوە، لەسەر ئاستی هەموو جیهان ٢٦٢ ڕۆژنامەنوس لە زیندان ژیان بەسەر دەبەن.

هەروەها تورکیا و میسر و چین لە ڕیزی پێشی ئەو وڵاتانەوەن کە زۆرترین ڕۆژنامەنوسیان زیندانی کردووە.

بە پێی زانیاری ناو ڕاپۆرتەکە، تورکیا لەسەر ئاستی هەموو جیهان لە پلەی یەکەمدایە و ٧٣ ڕۆژنامەنوسی زیندانی کردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە ڕێکخراوی ” Stockholm Center for Freedom” لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژە بەوە دەکات، کە ٢٣٠ ڕۆژنامەنوسی تورکیا لە زیندان دەستبەسەرن. هەروەها ئاماژەش بەوە دەکات کە ١٣٥ ڕۆژنامەنوسی تریش فەرمانی دەسبەسەرکردنیان بۆ دەرکراوە.

ڕاپۆرتەکەی CPJ کە بە واژۆی ئێلێنا بەیسەر چالاکوانی ڕێکخراوەکە بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە تورکیا بۆ ساڵی دووهەم لەسەریەک زۆرترین ژمارەی ڕۆژنامەنوسی زیندانی کراوی هەیە.

هەروەها بەیسەر دەڵێت” ئەو فشارانەی لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ بۆ سەر ڕۆژنامەنوسانی تورکیا دەستی پێکرد، لە دوای هەوڵی کودەتای ٢٠١٦ ڕوی لە زیاد بوون کرد، بەرپرسانی تورکیا هەندێک لە ڕۆژنامەنوسان تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە تەنیا بەرنامەیەکی پەیوەندی وەک بایلۆکیان بەکارهێناوە، یاخود لە دەزگایەکی مێدیای سەر بە بزاڤی خزمەت کاریان کردووە”.

 

“ترەمپ پشتگیری ئەو وڵاتانە دەکات کە ڕۆژنامەنوسەکانیان زیندانی دەکەن”

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ٧٤ ڕۆژنامەنوس لەسەر ئاستی هەموو جیهان بە تۆمەتی ” تاوان بەرامبەر دەوڵەت”، ” یاسا گشتگیرەکانی تیرۆر کە چوارچێوەکەی دیاری نەکراوە” لە زیندان ژیان بەسەر دەبەن.

ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات لەسەر ئاستی هەموو جیهان هەوڵی سەرکوت کردنی ڕۆژنامەنوسانی ڕەخنەگر دەدرێت و، ڕەخنەی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش گرت کە هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە نێودەوڵەتیە نادات.

لە ڕاپۆرتەکەدا ڕەخنە لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دەگیرێت کە بە زمانێکی نەتەوەییانە ڕەخنە لە مێدیاکانی وڵاتەکەی دەگرێت و بە دروستکردنی “هەواڵی درۆ” تۆمەتباریان دەکات. ڕێکخراوەکە پێیان وایە ئەم قسانەی ترەمپ دەبێتە هۆی ئەوەی زەمینە بۆ سەرۆکە خۆسەپێنەرەکانی جیهان خۆش بکات کە فشار بخەنە سەر مێدیاکاران.

CPJ ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمساڵ ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنوسانی بە هۆی “هەواڵی هەڵە” زیندانی کراون ڕیکۆردی شکاندوە و لەسەر ئاستی هەموو جیهان گەشتۆتە ٢١ ڕۆژنامەنوس. هەروەها ئاماژەی بە بەرز بوونەوەی ڕێژەی ڕۆژنامەنوسە زیندانی کراوەکانی وڵاتی چین کردوە، کە ساڵی پار ٣٨ کەس بووە و ئێستا بۆتە ٤١ ڕۆژنامەنوس. وڵاتی میسریش ساڵی پار ٢٥ ڕۆژنامەنوسی زیندانی کردووە و ئێستا دابەزیوە بۆ ٢١ ڕۆژنامەنوس.

 

سەرچاوە: ماڵپەڕی TR724

 

 

 

 

Show More
Back to top button