هەواڵ

تورکیا سەرەڕای بڕیاری نەتەوەیەکگرتوەکان، خانەوادەی کاچماز ئازاد ناکات

دوای ئەوەی دەزگای هەواڵگری  تورکیا، خانەوادەی کاچمازیان لە وڵاتی پاکستان ڕفاند کە لە ژێر پارێزگاری نەتەوەیەکگرتوەکان لەو وڵاتە دەمانەوە، سەرەڕای هۆشیاریدانی نەتەوەیەکگرتوەکان، بەڵام کاربەدەستانی تورکیا، ئەندامانی ڕفێندراوی ئەو خێزانە ئازاد ناکەن.

خانەوادەی مەسعود کاچماز کە بەڕێوەبەری یەکێک لە خوێندنگەکانی بزاڤی خزمەتە لە وڵاتی پاکستان، لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیاوە(میت) ڕفێندران.

کارمەندانی میت لە بەرواری ٢٧ ی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو، لە نیوە شەودا هەڵیان کوتایە سەر ماڵی کاچماز لە شاری لاهۆری پاکستان و، هەموو ئەندامانی خێزانەکەیان بە لێدان و زۆرلێکردن ڕفاند.

دواتر بە فڕۆکەیەک خێزانەکەیان گواستەوە بۆ تورکیا.

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا بوو دادگای باڵای پاکستان بڕیاری ئەوەی دەرکرد بوو کە خانەوادەکە ڕادەستی تورکیا نەکرێتەوە، بەڵام کاربەدەستانی تورکیا و پاکستان، بە شێوەیەکی نایاسایی خانەوادەی کاچمازیان سنورداشی تورکیا کردەوە.

کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکانیش، لە بەرواری ٢٥ ی ئایاری ئەمساڵدا، بڕیارێکی تایبەتی سەبارەت بە خانەوادەی کاچماز دەرکرد و تێیدا داوای لە کاربەدەستانی تورکیا کرد، کە دەستبەجێ و بێ دواکەوتن ئەندامانی ڕفێندراوی خانەوادەکە ئازاد بکەن و قەرەبوی ماددیان بکەنەوە. هەروەها داوای کرد کە پاسپۆرتەکانیان بۆ بگەڕێننەوە و ڕێگەیان بدەن بچنە دەرەوەی تورکیا گەر خۆیان خوازیاربن.

بەڵام کاربەدەستانی تورکیا هەتا ئێستا سوورن لەسەر ئەوەی خانەوادەی کاچماز ئازاد نەکەن و وەڵامی کاربەدەستانی نەتەوەیەکگرتوەکانیان نەداوەتەوە.

Show More
Back to top button