گۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵوتاری هەفتانەی م.فەحوڵڵا گولەن

تاقیکردنەوەکانی کاتی موسیبەت! وتاری ھەفتانەی م. فەتحوڵڵا گولەن

تاقیکردنەوەکانی کاتی موسیبەت!

باخ شێواوە و باغەوان بە غەم،

 خەزان بۆ گوڵان عەزاب

دوژمنایەتی دوژمنانم لەسەر چاوم

بەڵام بێ وەفایی دۆستانمە عەزاب

لە زمانی عەرەبیدا وشەی عذاب و عذب یەک ڕەگیان هەیە، ئەو عەزابەی لێرە توشتان دەبێت، لەو دونیا دەبێت بە عذب، دەبێتە هۆکاری ئەوەی قوم لەسەر قومی چێژەکان بنۆشن…

لەو دونیا دەگۆڕێت بۆ عذب(نۆش کردنی چێژ). هەردوکیان یەک ڕەگیان هەیە.. بۆ ئەوان دەبێتە عذاب و بۆ ئێوە دەبێتە عذب.

وتم ئێوە چونکە ئێمە لە دوای ئێوە خۆمان دەشارینەوە و سەرمان دادەخەین، چاوەڕێی ئەوە دەبین پێمان بڵێن “دەی تۆش بڕۆ لەگەڵیان”، چاوەڕێ دەرکەوتەی شەپۆلێکی ڕەحمەتی ئەو دەبین، وەک خەڵک دەڵێن “بێ ئەوەی دامێنی تێبنێین ڕزگارمان ببێت”.

ئەمە دەنگی ناخی منە، هەموو کاتێک هەر وام وتووە، هەتا لە ژیانیشدا بم هەر وا دەڵێم، چونکە ئەوە بیرکردنەوەی منە، گەر شتێک بڵێم و بکەم، کە پێچەوانەی بیرکردنەوەی خۆم بێت، ئەوە دەبێتە دووڕووی…

دوێنێ جیابیت و ئەمڕۆ جیا، زمانت جیاواز بڵێت لەوەی پێشتر وتووتە، ئەوە خودی دووڕووییە…

لەبەر ئەوەی ئەم سەردەمە سەردەمی دووڕوەکانە، لە هەموو شوێنێک ئەوان فەرمانڕەوان…

وا پشان دەدەن کە نوێژ دەکەن، وا پشان دەدەن کە ڕۆژوو دەگرن، وا پشان دەدەن تەوافی کەعبە دەدەن و لەوێ سەرسم دەدەن، دەچنە دیداری پەیامهێنەری خودا و خۆیان وەک بەندەی ملکەچ پشان دەدەن…

هەموو کات کە دێنە بەردەمتان،  بەرگی دینی بە بەری خۆیاندا دەکەن…

چونکە ئێوەش فەرمانی ئەوەتان پێکراوە گومانی باش ببەن، ئێ چۆن واش نەبن،   حُسْنُ الظَّنِّ مِنْ حُسْنِ الْعِبَادَةِ

ئەمە وتەی خاوەنی شەریعەتە، گومانی باش بردن، باشترینی عیبادەتەکانە…

بۆ ئەوەی عیبادەتی باشتان بە نسیب ببێت، گومانی باشتان بەوان بردووە، ئەوانیش دواتر ئەم گومانە باشەی ئێوەیان وەک ئامرازێک لە دژتان بەکار هێناوە…

بۆ پشاندانی زوڵمەکانیان بە شێوەیەکی شەرعی، کارەکانیان زیاتر بێ ئابڕوانە تر ئەنجام داوە و تاوانێک نەماوە ئەنجامی نەدەن…

تا وای لێهاتووە شەیتان شتێکی بۆ نەماوەتەوە ئەنجامی بدات. پێیان وتووە بڕۆ تۆ ئازادیت هەرچی دەکەیت بیکە، چونکە سەردەم، سەردەمی سوفیانەکانە…

یەک لەسەر یەک سوفیانەکان دێن، ئەمانە بە شێوازێک لە شێوازەکان ئاوێنەی دەجالن.

دەڵێن لە ئەخیر زەماندا نزیکە ٣٠ دەجال پەیا دەبن…

هەندێکیان بە گوێرەی بارودۆخی ئەو زەمانە، هەر چۆنێک بخوازێت کە دەرکەون، ئاوەها خۆیان دەردەخەن…

گەر ببینین خەڵک وەک مێگەل بە نەزانی و نە شارەزای بەرەو ”موسوڵمانێتی” ملیان نابێت، ئەم جۆرە دەجالانە دێن و ئارگومێنتی موسوڵمانێتی بەکار دەهێنن.

خۆ گەر سەیری کتاب الفتن و الملاحم  بکەن، سەبارەت بە فەرمودەکانی سەردارمان لە کتێبەکانی حەدیسدا، لە کتێبەکانی سیرەی سەردارماندا، ئەوا وێنەی کتومتی ئەمانەتان بەرچاو دەکەوێت…

دەڵێن وای خودایە، ئەم وێنانە چەندە جوان کێشراوە، وێنەی دەجال و فیرعەونەکانی ئەمڕۆ دەبینن…

لە پەرستگاکان و تەوافی کەعبە و لە ڕەمەزاندا لە پارشێودا دەیان بینن، ئیدی نازانین ڕۆژوو دەگرن یاخود نا، لە بەربانگدا دەیان بینن، وا پشان دەدەن کەوا نوێژ دەکەن، بەڵام دیار نیە کە دڵیان لەبەردەم خودادا وەستاوە یان نا، ئەوەیان خودا خۆی دەیزانێت…

بەڵام هەموو کارەکانیان بە مەبەستی فریودانە و هەموو ئەمانە قۆڵێکی سوفیانن…

 

تا ئێستا چەند دانەیەکمان دیوە لەو سوفیانانە، کێ دەزانێت لەمەو دوا شاهیدی چەندی تریان دەبین…

جەنابی حەق بەسیرەت و بینینمان بە نسیب بکات، سەرکەوتومان بکات لەوەی ڕاستی بە ڕاستی ببینین…

لەبەردەم ئەواندا زۆر جار فریومان خوراد، خودا بمانپارێزێت لەوەی جارێکی تریش دیسان مەحکومی فریو خواردن ببینەوە…

الهادی ئەی ئەو خودایەی هیدایەتدەری هەمووانیت، هیدایەتمان بدە بۆ سەر ڕێگای ڕاستی “الصراط المستقیم” لە هەموو ئەو کەسانە بە دورمان بگرە کە لێیان توڕەیت و گومڕا بوون و بمانپارێزە لەوان بین…

شەیتان هەموو شتێک هەڵدەسەنگێنێت، سوفیانەکانیش شاگری ژمارە یەکی شەیتانەکانن…

شەیتان حاڵەتی ڕۆحی مرۆڤە جیاوازەکان هەڵدەسەنگێنێت، بۆ نمونە لە شوێنێکدا مرۆڤەکان حەزیان بە سەروەت و سامان بێت، بیر لەوە دەکاتەوە کە چۆن ئەم حاڵەتە هەڵبسەنگێنێت، دەڵێت چۆن وەک قارونیان لێبکەم  بڵێن(هل من مزید) زیاتر لەمە نیە؟

فَخَرَجَ عَلَى قَوْمِهِ فِي زِينَتِهِ قَالَ الَّذِينَ يُرِيدُونَ الْحَيَاةَ الدُّنْيَا يَا لَيْتَ لَنَا مِثْلَ مَا أُوتِيَ قَارُونُ إِنَّهُ لَذُو حَظٍّ عَظِيمٍ

قارون بە سەڵتەنەت و باق و بریقی کاروانەکەی کە بە دزی و فزی پەیای کردبوو چوە ناو ەومەکەی، کەسانێکی گێل و نەفامی مێگەل ئاسا، وتیان خۆزگە ئێمەش وەک ئەو بووینایە، ئەهلی زانستیش وتیان پەنا بە خودا دەگرین، ئەوە شتێک نیە هێندە گرنگ بێت…

چونکە ئەوان دواڕۆژیان دەبینی، چونکە ئەوان فَخَسَفْنَا بِهِ وَبِدَارِهِ الْأَرْضَ فَمَا كَانَ لَهُ مِنْ فِئَةٍ يَنْصُرُونَهُ مِنْ دُونِ اللهِ وَمَا كَانَ مِنَ الْمُنْتَصِرِينَ بە چاوی خۆیان دەبینی…

لە هەندێک کاتدا ئەو جۆرە هەستەی مرۆڤ دەخرۆشێنێت، وای لێ دەکات بڵێت لەمە زیاتر نیە؟

لە شارێکدا کۆشکێکی پێ دروست دەکات، دواتر دەڵێت کورە لە فڵان شاری تریش کۆشکێکی تر دروست بکە…

بۆ نمونە لە قاهیرە کۆشکێکی هەیە، دەڵێت بۆ لەسەر ڕوباری نیلیش کۆشکێکت نەبێت…

ئامنۆفیس و ڕامسێس و ئیبن شەمسەکان، ئەو هەڕەمە زل و زەبەلاحانەیان دروست کردووە، بۆ لەوێشدا ڤیلایەکم نەبێت…

بۆ وەکو فیرعەون ڕوباری نیل بە ژێر پێکانمدا خوڕەیان نەیەت و نەڕۆن…

لەبەرچی لەو ڕوبارەدا منیش کەشتیگەلێکی زۆرم نەبێت…

هەتا ئەو شتانەی دزیومە، لێرەوە بۆ ئەوێ بە کاروان بیگوازنەوە…

واتە شەیتان لە ڕێگەی سەروەتەوە بەم شێوەیە لە مرۆڤ دەدات…

چۆن باوەڕداری ڕاستەقینە لە ڕوی دین و دیانەتەوە، لە ڕوی قوڵبونەوە لە دین و دیانەتدا دەگەن بە مەعریفەتی خودا، لە ڕوی مەعریفەت و ناسینی خودا  و قوڵبوونەوەی لە مەعریفەتی خودادا دەگەن بە خۆشەویستی خودا، لە ڕوی خۆشەویستی خودا و قوڵبونەوە لە خۆشەویستی و موحەبەتی خودادا دەگەن بە عەشق و تامەزرۆی گەشتن بە دیداری خودا، لە ڕوی عەشق و تامەزرۆیی دیداری خودا و قوڵبوونەوە لە عەشق و تامەزرۆیی گەشتن بە دیداری خودادا دەڵێن “هل من مزید” لەمە زیاترمان نیە بەدەستی بهێنین؟

کاتێک لە دانیشتندا ئەژنۆکانی دەنێت بە ئەژنۆی پێغەمبەرەوە، بەو چێژە ڕۆحانیە مەست دەبێت و لە هۆشی دەچێت، لەوێدا بە ڕەنگی فڵچەی پێغەمبەر بۆیە دەکرێت، لە پڕێکدا هەستێکی هاوشێوەی ئەبوبەکر و عومەر و عوسمان و عەلی بۆ دروست دەبێت، کاتێک تامی ئەو چێژە دەکات، دەڵێت هل من مزید، لەمە زیاتر نیە؟

حەزرەتی پیر لە ایات الکبری ئاماژەی بەمە کردووە، کاتێک دەڵێن هل من مزید…

پێم وایە کاتێک بە دیداری بینینی جوانی خوداش دەگەن، هەر دەڵێن هل من مزید، چونکە جوانی خوا کۆتایی نیە…

ئەو هەموو شتێک سنوردار دەکات، بەڵام هیچ شتێک سنورداری ناکات…

وَلاَ يُحِيطُونَ بِشَيْءٍ مِنْ عِلْمِهِ إِلاَّ بِمَا شَاءَ

کاتێک جوانی بێ کۆتایی خودا دەبینن، دەڵێن خودایە تۆزێک زیاتر خودایە تۆزێک زیاتر… چونکە خودا لە ڕوی چۆنیەتی خودی خۆیەوە مومکین نیە بتوانیت سنورداری بکەیت…

هەموو کەسێک لە ڕوی توانای دەرک و هەست پێکردنی خۆیەوە، لە کاتی بینینیدا هێندە سەرسام دەبێت، کە لە هۆشی خۆی بچێت بە شێوەیەکانی ئاوەها جوان دەردەکەوێت…

باوەڕداران بە بێ چەند و چۆن و هاوشێوەی پێشتر دەیبینن

ئیدی هەموو ناز و نێعمەتێکیان لەبەرچاو دەکەوێت

وای چەندە دۆراون ئەوانەی دەڵێن کە خودا هەرگیز نابینرێت

کە بینیان لە خۆشیدا لە هۆش خۆیان دەچن، ئیدی لە بەهەشتدا حۆری هەیە، غیلمان هەیە، لە ژێر پێکانیەوە ڕوباری نیل دەڕوات، کەشتیەکان دەڕۆن، کۆشک و تەلاری هەیە، هەمووی لە بیر دەکات…

 لە بەرامبەر کەسانێکی باوەڕدار کە بەم نیعمەتە لە هۆش خۆیان چوون و دەڵێن خودایە زیاترم دەوێت، خودایە لەمە زیاتر نیە؟…

مرۆڤگەلێکی تر هەیە کە چارۆکەیان بە ڕوی سەروەتێکی دونیایی هەڵداوە و، زۆریان هەلی ئەوەیان بۆ ناڕەخسێت بگەرێنەوە بۆ لای خودا…

 

 

 

 

لە چاوی ئەواندا هەموو کەناراوەکان دەسڕێنەوە و ون دەبن…

ئیدی لە حەزی دونیاییاندا دەڵێن زیاتر نیە؟ لەمە زیاتر نیە؟؟؟

پەنا بە خودا، هەتا ئەو شوێنەی تێیدا دەخنکێن خۆیان ڕاپێچ دەکەن…

هەروەک هاوڕێیەکی شاعیری من دەڵێت:

لە دەریای سەرکەشیدا چارۆکەم هەڵداوە، ڕێگەی چونە کەنارم نەماوە

گەر لە دەریای سەروەت و ساماندا چارۆکەت هەڵدا، ئیدی فرسەتی چونە کەنارت نامێنێت…

هەندێکیش شێتی پێگە پایە بوون، حەز دەکات ڕۆشت بۆ هەر شوێنێک هەموو کەسێک چەپڵەڕێزانی بکەن…

گەر ئۆتۆمبیلێک یاوەری بکات لە چوونیدا بۆ شوێنێک، دەڵێت بۆ دوان نەبێت…

دەڵێت کاتێک دەڕۆم بۆ شوێنێک با گەورەییەوە بمبینن…

ئەمەش شێتی مەقام و کاروانی ئۆتۆمبیلە کە دوات بکەوێت، ئەمە ژەهراوی بوونی پێگە و مەقامە، کاروانێکی ئۆتۆمبیلی دوا بکەوێت، بە کەمی دەزانێت و حەز دەکات دوو کاروان یان ٣ کاروانی دوا بکەوێت…

هێندەش بەس نابێت بۆی حەز دەکات ٢٠ تا ٣٠ ئۆتۆمبیل پاسەوانی بن.

دەڵێت کاتێک دەڕۆم بۆ مزگەوت ئۆتۆمبیلەکان بە دوامدا ڕیز بن، با هەموو کەس سەیریان بکەن، سەریان سوڕ بخوات لە سەیرکردنیان، با چۆن سەریان سوڕ دەخوات، ئاوەها سوڕ بخوات…

شەیتان ئەم جارەیان ئەوە هەڵدەسەنگێنێت، ژەهراوی بوونی  دەسەڵات و سەڵتەنەت هەڵدەسەنگێنێت، ژەهراوی بوونی هێز و دەسەڵات بەکار دەهێنێت…

هەندێک جاریش دەرگای شتە شەهوانیەکان بۆ مرۆڤەکان دەکاتەوە، ئەو دەرگایانەی بۆ دەخاتە سەر پشت، وەک لە حەدیسێکی شەریفدا هاتووە، چاو سەیرێکی دەکات، هەنگاوێکی بەرەو دەنێت، دەست بەرەو ئەو کارە درێژ دەبێت، دواتر ئەو کارە قێزەون و بێزراوە ئەنجام دەدرێت…

ئێ کە جارێک کردت، کە جارێک درۆت کرد، دواتر هەموو کاتێک درۆ دەکات…

وابزانم ئێوە شاهیدی چەند ١٠٠ درۆی کەسێک بوون، کەسێک جارێک بوختان بکات، دواتر هەزار جار بوختان دەکات…

مرۆڤ جارێک بکەوێتە سەرگەردانیەوە، ٥٠ جاری تریش توشی سەرگەردانی دەبێت…

شەیتان دێت و ئەو لایەنە لاوازەی ئەوان بەکاردەهێنێت، ئەوەی پێی دەڵێن کەسێک نیە بتوانێت پەلاماری مرۆڤی سەلار بدات و فریوی بدات…

گەر بێت و خۆی بکێشێت بە سەرداری مرۆڤایەتیدا، تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی بە شەپازلەیەک تەختی زەوی دەکات…

چونکە سیستەمێکی بەرگری وەها بەهێزی هەیە، ڤایرۆسێکی وەک شەیتان چ حەدی هەیە پێی بوێرێت…

 بەڵام مرۆڤگەلێکی وەک ئێمەی کەسایەتی لاواز، گەر جارێک چاومان خلیسکا، هەنگاوێکی هەڵەمان هەڵنا، دەستمان درێژ بوو، گەر جارێک ئەو کارە قێزەون و بێزراوەت ئەنجامدا، ئیدی بۆ دووهەم و سێهەم جاریش ڕوو نەدات، ئیدی شەیتان لەو لایەنە جیاوازەیەوە فریوی دەدات…

بۆ ئەمەش ڕێگای زۆری هەیە، من خۆم ماندووکرد هەتا ئەم ٣ نمونەیەم هێنایەوە، گەر زیاتر خۆم ماندوو بکەم دەتوانم ١٠ نمونەش بهێنمەوە…

هەروەها کاتی موسیبەت بەکار دەهێنێت لە دژت، خودا موسیبەتێکت دەدا بە سەردا، لەوە دەچێت هۆکاری هاتنی ئەو بەڵاو موسیبەتە ببینرێت، لە ڕوی هۆکاری ئاسایی ڕوداوەکانەوە…

بۆ  نمونە بە لوتفی خۆی هەندێک ئیحسانی بە نسیبی ئێوە کردووە، بەڵام ئێوە هەمیشە لە بەرگی سوپاسگوزاری و شوکری خودادا هەڵتان نەسەنگاندووە، لە بەرامبەر ئەو نیعمەتانەی هاتۆتە سەر ڕێگاتان، لەسەر شاشەکە ئەوە دەرکەوت، عبودیەت و بەندایەتی خودا پێشەکی هەندێک پاداشتی پاشەکی نین، بەڵکو سەرەنجامی نیعمەتی لە پێشینە بەخشراوە پێمان، بەڵێ ئێمە پاداشتی خۆمان وەرگرتوە لە پێش عبودیەتەوە، نیعمەتەکانی دونیا وەک هەنگوینی ژەهراوی وەهایە بۆمان، بە گوێرەی چێژەکەی هەیەتی ئازاریش بە دوای خۆیدا دەهێنێت…

دونیا شوێنی چێژ وەرگرتن و پاداشتدانەوە نیە، خوداش ئێوەی بە زۆر نیعمەتی جیاواز سەرفراز کرد، من دەبێت لە ڕوی خۆمەوە بیر لە نیعمەتەکانی خودا بکەمەوە کە ئایا سوپاسگوزار بووم یاخود نا، گەر من بچم لە ڕوی مامۆستا عوسمان و جەلال و جەمالەوە بیری لێبکەمەوە کە ئایا سوپاسگوزاری نیعمەتی خودا بوون یان نا، ئەوە دەبێتە گومانی خراپ.

گەر ئێمە حەقی ئەوەمان پێ بدرێت کە گومانی خراپ بەیەکێک ببەین، ئەوا دەبێت تەواوی گومانە خراپەکانمان ئاڕاستەی خودی خۆمان بکەین…

بڵێی من لە فڵان شوێندا سەرم نەوی کرد، وەک ئەوەش وابوو لە ناخمەوە هەڵقوڵا بێت، بە شێوەیەک وتم سبحان الله هەرکەسێک لەو ڕێزەدا بوو گڕوتینی تێکەوت، بەڵام دەبێت بپرسیت کا هاخۆ نەفسی خۆتت تێکەڵ کردووە یان نا؟

وەڵاهی لەوە دەچێت ئەو نەفسە بێ سفەتەم تێکەڵ کردبێت، لە بەرامبەر شتانێکدا کە باڵامان پێ دەگرن و لە شەقەی شاباڵ دەدەین بە هۆیانەوە، دەبێت بپرسین کە ئایا دانەی داوە یاخود نا؟؟؟

 

دەبێت بابەتەکان ببەستین بەم تێبینیەوە و هەمیشە بە حەزەرەوە مامەڵە بکەین بە نیسبەت خۆمانەوە…

بەڵام گەر هێندەی دەنکە گەنمێک شتی باشمان لە کەسانی تر بینی، دەبێت بڵێین مادام ئەم مرۆڤە هێندە چاکەی هەیە، خودا بە تەنیا جێی ناهێڵێت…

کە سەیری کەسانی ترمان کرد، دەبێت بەم شێوەیە سەیریان بکەین…

من لە ڕوی خۆمەوە کاتێک سەیری نیعمەتەکانی خودا دەکەم، نازانم هەتا ئێستا ١٠٠ جار وتومە یان زیاتر، جەنابی حەق یەکێک لەو ئیحسان و چاکانەی بە نسیبی قیتمیری کردووە…

هەزاران کەس لەوانەی دڵسۆزن و خوێندەوارن و لە ناو خەڵکدان، دەیان هەزار مرۆڤ، وتوویانە کە ئەم ڕێگەیە ڕێگای پێغەمبەرە و ڕێگایەکی ڕاستە، ئەو ڕێگەیە چیە؟ کرانەوە بە ڕووی دونیادا لە ڕێگەی پەروەردە و فێرکردنەوە، ڕاگەیاندنی جەنگ لە دژی هەژاری، ڕاگەیاندنی جەنگ لە دژی دووبەرەکی…

جەنگ لە دژی نەزانین ڕابگەیەنیت، ئەمە شتێکی زۆر ماقوڵە و کەس نیە لە دونیادا لە دژی ئەمە بوەستێتەوە، هەر بۆیە لە ڕوی پێویستی بابەتەکەوە کەسانێک بە گومانی باشەوە لە ئێوە دەڕوانن… ئامۆژگاری کەسانی تر دەکرا کە دۆستایەتیتان بکەن… دەچن بۆ هەر شوێنێک بە جوانی پێشوازیتان لێ دەکرا… جەنابی حەق ئێوەی لە خزمەتی زۆر گرنگدا سەرکەوتوو کرد. خۆ گەر بە مێشکتاندا بێت کە ئەو کارە ئێوە کردووتانە، خودا پەنامان بدات، جەنابی حەق بە ئاسپایی گوێت ڕادەکێشێت و شەپازلەیەکی سوک دەدات لە پشتە ملت، یەکێک لە سوفیانەکانت تێ بەر دەدا، ئێ لەو کاتەشدا وَاتَّقُوا فِتْنَةً لاَ تُصِيبَنَّ الَّذِينَ ظَلَمُوا مِنْكُمْ خَاصَّةً وَاعْلَمُوا أَنَّ اللهَ شَدِيدُ الْعِقَابِ

دەفەرموێت لە فیتنە و بەڵا و لێپرسینەوەیەک بترسن، کاتێک هات بەسەرتاندا، تەنیا کەسانی زاڵم و تاوانبار نەگرێتەوە، زۆر کەسانی بێ تاوانیش لەگەڵ خۆی ببات…

کەسانێک هەبوون سەرکەشیان کردووە، ئیدی بومەلەرزەیەک ڕوویداوە و کەسانێک سەریان لە سوژدەشدایە بۆ خودا، لەوێدا پێوە دەبن و شەهید دەبن…

زاڵمەکان و سوفیانەکان و شاگردەکانیان، ئەوانیش لەوێدا مردار دەبنەوە…

بەوان ناوترێت مردوون، ئەوان بۆ  هەتا هەتایە لەناو چوون.

گەر ئەوە بە دڵماندا بێت بڵێین ” ئەم کارانە ئێمە کردوومانە، لە هێندە وڵات خوێندنگەمان کردۆتەوە” حەدمان نیە قسەی وەها بکەین…

گەر جەنابی حەق ئێوەی بەرەو ئەو ڕێگایە ئاڕاستە نەکردایە، گەر ئەو شتانەی نەخستایەتە مێشکی ئێوەوە، وای لە هەندێک کەسی سەرمایەدار نەکردایە کە یارمەتی ئێوە بدەن، گەر لە کاتی چوونتاندا بۆ هەندێک وڵات کە کەلتوریان لە ئێوە  جیاوازە، بە جوانی پێشوازیان لێنەکردنایە و قبوڵیان نەکردنایە…

ئێوە خۆتان چۆن ئەم شتانەتان ئەنجام دەدا؟

کەواتە لە پشتی هەموو ئەم شتانەوە، لە پشتی دەیان و سەدان هۆکار  کە فەراهەم بووە لە بەردەمتاندا، قودرەتێکی ئاشکرا و ڕوون و ئیرادە و زانستێکی بێ سنور کە هەموو شتێک سنوردار کردووە،  بوونی هەیە…

ئەو ئەم کارانە دەکات، بۆیە کاتێک تەواوی ئەمانە دەبینن، دەبێت بڵێن اَلْحَمْدُ لِلَّهِ عَلَى كُلِّ حَالٍ، اَلشُّكْرُ لِلَّهِ

لەبەر ئەوەی ئەگەر هەیە بە باشی ئەمەمان نەوتبێت، هەر بۆیە وەک شەپازلەیەک بەڵا و موسیبەتمان بەسەر دێت…

ئەمە لایەنێکی بابەتەکەیە، لایەنێکی تر:

کاتێک هەلێکی وەهامان بۆ ڕەخساوە، ئایا دەمانتوانی ئەسپمان زیاتر تاو بدەین و خێراتر بڕۆین؟

بۆ نمونە لە جیاتی ٨ کاتژمێر کار کردن، دەمانتوانی ١٨ کاتژمێر کار بکەین؟

بۆ نمونە دەمانتوانی ٢٠ کاتژمێر کار بکەین؟

٤ کاتژمێر بەسە بۆ پشودانی مرۆڤێک…

ئایا دەمانتوانی ٢٠ کاتژمێر کار بکەین؟

گەر ٢٠ کاتژمێر کارمان بکردایە، ١٧٠ وڵاتمان دەکرد بە ٣٤٠ وڵات بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا…

یاخود خودا پێی دەکردین…خودای گەورە  ١٧٠ ی پێ دەکردین بە ٣٤٠…

هەر بۆیە لەبەر ئەوەی توانا و ئیمکانیەتمان بە شێوەیەکی قازانجهێنەر بە گەڕ نەخستبوو، بەمەش دەوترێت، زێدەڕۆیی و ئیسراف لە کات و توانا و ئیمکانیەتدا…

هەر لەبەر ئەمەش خودا گوێیەکمان ڕادەکێشێت و، شەپازلەیەکیشمان لێ دەدات…

ئەوەی کاری خۆیی بە باشیش ئەنجامداوە بە هاوبەشی لەگەڵ ئەو کەسەی ئەنجامی نەداوە، پێکەوە شەپازلەکەیان بەردەکەوێت…

بۆ نمونە کاتێک تەلەڤیزیۆنمان هەبوو، کاتێک ڕۆژنامەمان هەبوو، بۆ نمونە ڕۆژنامەکەمان یەک ملیۆن تیراژی هەبوو، ئایا نەدەبوو بە دوو ملیۆن؟

ئەو دەنگ و هەناسەی لە ناویدا هەبوو، نە دەکرا هاوشێوەی دەنگ و هەناسەی ئەبوبەکر و عومەر و عوسمان و عەلی بێت؟

بۆ نمونە گۆڤارێکتان دەردەکرد، لەلایەک ئەدەبی و لەلایەکی تر زانستی بوو، هەروەها لە پاڵ ڕاڤە و لێکدانەوەی ڕێساکانی بوون و گەردون، لێکدانەوەی فەرمانە تەشریعیەکانیش بوونی هەبوو.

  

لە ڕوی چۆنیەتی و کوالیتی و ناوەڕۆکەوە، ئایا دەمانتوانی وەک پێکهاتەیەکی سوودهێنەر بۆ خزمەت بەکاری بهێنین؟

کەواتە بەکارمان نەهێناوە، هەر بۆیە جەنابی حەق هەندێک زۆردار و داگیرکەر و خۆسەپێنەر  بە شێوازی داگیرکردن و خۆسەپاندن و دەستبەسەردا گرتن خۆیان دا بە سەریاندا و دەستیان بەسەردا گرت…

زاڵمەکان دەستیان بەسەردا گرت و لە ناویان برد…

هەر لەبەر ئەوەیش شەپازلەیەکی هاوبەشمان بەرکەوت…

لەوە دەچێت لەم بابەتەدا جا ئیتر  بە شێوازی تەخسیری کردن و کەموکوڕی بێت، یاخود خراپ بەکارهێنان، یان لە پاڵ بینینی وەک نیعمەتی خودا وەک پێویست سوپاسگوزار نەبووبین لەسەری، کاریگەری هەندێک پزیسکی شەیتانیمان لەسەر بووبێت، یاخود تیشکی ئاوێزەی شەیتانیمان بەرکەوتبێت و –جا گەر گونجاو بێت بە ئاوێزە ناوی بەرین- وەسوەسەی بۆ دروستکردبین، یاخود جوانتر وەهایە بڵێین بەر تێژەنینی شەیتانی کەوتووین…

ئەگەر هەیە شەیتان ڕۆڵی هەبووبێت لەو کەموکورتیانەدا،  بە هۆی ئەو تێژەنینە شەیتانیانەوە  کارەکانمان بە تەواوی ئەنجام نەدابێت. دەبێت بەم شێوەیە سەیری بابەتەکە بکەین.

لەلایەکی ترەوە گریمان توشی موسیبەتێک بووین، لە کاتێکدا بەڵاو موسیبەت لە دەرگامان دەدەن، کاتێک دەستی خستە یەخەمان، لە یاسادا شتێک هەیە پێی دەڵێن تۆمەتدانە پاڵ کەسێکی تر، لە سیستەمی عەدالەتی ئیسلامیشدا هەیە، مرۆڤەکان کاتێک زۆریان بۆ دەهێنیت، بە درۆ دەڵێن ئێمەش ئاگادار بووین، لە زۆر شوێنی جیاوازدا توشی ئەمە بووین، کاتێک خراینە زیندانەوە، نزیکترین هاوڕێمان جاری وا هەبوو دەیوت” وەڵاهی ئێمە ئاگامان لە هیچ نیە، هەموو شتێک ئەم پیاوە پێی کردین”.

لە ڕێگەی تۆمەت دانە پاڵ کەسانی تر هەوڵی خۆ قورتار کردن دەدەن لەو بابەتە…

خودا بمانپارێزێت…

لێرەشدا ئەو ئارگومێنتەی شەیتان بەکاری دەهێنێت لە دژتان ئەمەیە، دەڵێت گەر وەها بکرایە فڵان شت نەدەبوو، گەر فیسار شت ببوایە وەها نەدەبوو، شتی هەڵەی زۆر کرا، دەڵێت مرۆڤەکان دەبێت لەگەڵ ئامنۆفیسیشدا هەڵ بکەن، گەر جول سێزاریان فریوبدایە و شتێکیان بۆ بکردایە، دەیان توانی هێز و دەسەڵاتەکەی لە قازانجی خۆیان بەکار بهێنن، شەیتان لەم ڕێگەیەوە تۆمەتتان پێ  دەداتە پاڵ کەسانێکی تر و، لە پێناو ئەوەی خۆتان قورتار بکەن، پێتان دەڵێت خۆتان لەگەڵ ئەواندا پشان مەدەن و با وا دەرنەکەون کە لەگەڵ ئەوان بوون…

هەوڵدەن خۆتان قورتار بکەن بە هەر شێوازێک قورتارتان ببێت، دەڵێت ئەم دونیایە شوێنی چێژ و لەزەت وەرگرتنە، ئێوە خەریکی چێژ وەرگرتنی خۆتان بن، شوێنی وەرگرتنی پاداشتە، پاداشتی خۆتان وەرگرن، بەم شێوەیە شەیتان دونیایەک مرۆڤ فریو دەدات…

مرۆڤگەلێک کە سیستەمی بەرگری خۆیان بەهێز نەکردووە، بە چی؟

بە باوەڕهێنان بە خودا، بە مەعریفەت و ناسینی خودا، خۆشەویستی خودا، عەشق و تامەزرۆیی گەشتن بە دیداری خودا… لەم ڕێگایانەوە سیستەمی بەرگری خۆیان بەهێز نەکردووە…

واتە پێکهاتەی مەعنەویان بەهێز نەکردووە، لە بەرامبەر بچوکترین ڤایرۆسدا دێنە لەرزین، لە بەرامبەر بایەکی زۆر کەم بەلادا دێت، جا گەر بەو شێوەیە بوویت ئیدی لە بەردەم گەردەلول و زریان و تۆفان، وەک ئەو گەردەلولەی ڕووی لە ئەمەریکا کرد لە ماوەی ڕابردوودا، لە ڕەگە دەردەکێشرێت و بەدەم باوە دەڕۆیت…

دەڵێت تۆبە بێت بۆ حەوت پشتم گەر جارێکی تر لەمانە نزیک ببمەوە، ئیدی بوختانچیگەلێکی وەها هەرچی نەیەت بە ئەقڵماندا لە جینایەت و تاوان ئەنجامی دەدەن…

شەیتان لە کاتێکی ئاوەهادا دێت و دەڵێت ئێستا کاتی خۆیەتی، پێویستە لەم مرۆڤانەدا هەستی تۆمەت بەخشینەوە بجوڵێنم، مادام لە دەستمدا موشەدەمێکی وەک وەسوەسە هەیە، بەم موشەدەمەوە ئاگرەکە خۆشتر دەکەم و دەبێت بەنزینیش بکەم بەو ئاگرەدا، ئیدی ئەمانە بە تاوانبارکردنی یەکتری، بڵێن بە هۆی تۆوە ئەمە ڕوویدا، ئایا نەمان دەتوانی یەک دوانێک لەو سوفیانانە قەناعەت پێ بکەین؟

ئایا نەماندەتوانی هەندێک لەو کارانەی دەیکەین بە ناوی ئەوانەوە ئەنجامی بدەین؟

لە هەندێک شوێندا نەمان دەتوانی هەندێک کەشتیان پێ بدەین؟ لە هەندێک شوێندا نەمان دەتوانی ناوی ئەوان وەک ئاڵا بشەکێنینەوە؟

لە ڕێگەی تێژەنینی لەم شێوەیەوە کە وەک ماقوڵ دێتە پێشچاوت فریوت دەدات، من ئەو مەلعونە دەناسم، کەسێکی هەڵبژێردراوی وەک حەزرەتی ئادەمیشی توشی هەڵەیەکی لەو شێوەیە کرد، هێندە پڕۆفێشناڵە لە کاری خۆیدا!

سیناریۆ نوسەکانی هۆڵیود لەو بابەتەدا ناتوانن بەردەستیشی بۆ بکەن…

لەبەر ئەوەی لە سەردەمی حەزرەتی ئادەمەوە هەتا ئیستا خەریکی کاری شەیتانیە، ئەنجامدانی کاری شەیتانی بۆ ئەو وەکو پەنیر خواردن وەهایە بە نانەوە…

   

دواتر دەڵێت من دەتوانم ئەم تابلۆ ئامادەیە زۆر بە باشی بەکار بهێنم. چۆن بەکاری بهێنم؟   ئێستا ئەمانە توشی مەغدوری و ستەم و ڕاگواستن و  مەحکومیەت و ناسۆری بوون و بێبەشبوون بوون و کەساسی بوون، یاخود دڵشکاو بوون، مادام توشی ئەم شتانە بوون، دەتوانم لەم ڕێگەیەوە لە دژی هاوڕێکانیان و سەرکارەکانیان هانیان بدەم…

دەتوانم بەردەوام لە دژی ئەوان تێوەیان بژەنم و قسەیان پێ بکەم، لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت ئەمەتان لە دژ بەکار بهێنێت، پەنا بە خودا…

سەیرکەن شەیتان لە حاڵە جیاوازەکاندا بە شێوازی جیاواز پەلامارتان دەدات، لەم بابەتەدا هیچ گومانتان نەبێت…

بەم شێوەیە سەرکارەکان بەکار دەهێنێت، بە شێوازێکی تر مێگەلی چینی ناوەند بەکار دەهێنێت، کەسانێکیش کە لەسەر ڕێگای خودا و پێغەمبەر دەڕۆن، شەیتان لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئەو جۆرە ئارگومێنتەوە هەوڵی فریودانیان دەدات. ئەمە شەیتانە ، دەتوانێت هەموو شتێک لە دژی خۆت بەکار بهێنێت، هەر بۆیە ئەوەی لەسەر شانی باوەڕداری ڕاستەقینە پێویستە ئەوەیە:

 کاتێک عەماری کوڕی یاسر و بیلالی حەبەشی خودا لە هەموویان ڕازی بێیت، دووچاری بەڵا و موسیبەتی زۆر بوون خۆیان ڕادەستی کەس نەکرد. ئەو ئایەتانەی دابەزیبوون، ٥ تا ١٠ ئایەت زیاتر نەبوو، پێغمبەرایەتی تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی لە سەرەتای دەستپێکردنیدا بوو، بە ڕادەی ئەو ئایەتانەی دابەزیبوو هەست بە پێغەمبەرایەتی ئەو کرابوو…

بەڵام بوونیان بە ژێر ئەو تاشە بەردانە و دانانیان لە گەرمای ئەو بیابانە، وای لێنەکردن لە باوەڕیان پەشیمان ببنەوە.

گەرمای ئەو بیابانە مێشکی مرۆڤ دەکوڵێنێت، هەندێک مرۆڤ بە چوونە بەر ئەو گەرمایە هاوسەنگی لەشی تێک دەچێت و دەبوورێتەوە…

خودا ئەوانی پاراست، هاوشێوەی ئەوەیە لە خاچت بدەن، من لە کتێبەکانی حەدیس و سیرە و بەسەرهاتەکاندا، هیچ کاتێک ئەوەم بەرچاو نەکەوتوە هاوەڵان لەبەرامبەر ئەم موسیبەتانە یەکتری تاوانبار بکەن. هەرگیز بە کەسیان نەوتوە، گەر تۆ نەبوویتایە و ئەم ڕێگەیەمان هەڵنەبژرادایە، ئەم شتانەمان بەسەر نەدەهات…

نەیان وت باوکە، دایکە گەر تۆ باوەڕت نەهێنایە،      منیش ئەمانەم بەسەر نەدەهات، گەورەم گەر تۆ باوەڕت نەکردایە، منیش نەدەچوومە سەر ڕێگای دایک و باوکم و باوەڕم پێ نەدەکردن و ئەم شتانەی ئیستام بەسەر نەدەهات، من تا ئێستا کەسێکم نەدیوە لە هاوەڵانی سەردارمان شتێکی وەهای لە دەم هاتبێتە دەرەوە…

یەک یان دوو کەس هەیە کە مورتەد بوون، ابن اختل، بەڵام باوەڕەکە لە ناخیدا جێگیر نەبووە، لەوە دەچێت زۆر چاوەڕوانی هەبووبێت کاتێک لەگەڵ پەیامهێنەری خودا کۆچی بۆ مەدینە کرد، دەیزانی قسەی جوان بکات و هۆنراوە بنوسێت، دەیزانی بە شێوەیەکی ئەفسوناوی ئەو شتانە بخوێنێتەوە لە ناو خەڵک، دەیزانی قسەی فیردەوسی بکات، ئەگەر هەیە وتبێتی، من هێندە توانام هەیە، لەوە دەچێت وەکو ئەبوبەکر و عومەر و عوسمان و عەلی تەماشا بکرێم و لوتفم لەگەڵدا بنوێنن، خۆ لە ڕاستیدا سەردارمان بەرامبەر هەموو کەسێک لوتفی پشان دەدا… کاتێک جەریری بەجەری هات بۆ لای کەس نەیدەناسی، بەڵام ئەو کەوا و سەڵتەکەی بەری داکەند و لە ژێریدا ڕایخست و فەرمووی لێکرد…

فەرموی أَكْرِمُوا كَرِيمَ الْقَوْمِ

فەرموی بەخشندەیی بنوێنن بەرامبەر بەخشندەترینی قەومێک…

پێغەمبەرمان کەسی نەدەشکاند و وای لە کەس نەدەکرد کە چاوەڕوانیەکی جیاوازی هەبێت لێی. بەڵام لەوە دەچێت ئەم مەلعونە چاوەڕوانی زۆر جیاوازی هەبوو بێت، هەر بۆیە کاتێک هەڵگەڕایەوە، ئەو توانا و بەهرەیەی هەیبوو لە قازانجی موشریکەکان و لە دژی پێغەمبەر و موسوڵمانانی موهاجیر بەکاری هێنا…

هەندێک لەوانیش بە تەواوی موسوڵمان نەبوو بوون، لە ئەعرافدا وەستابوون، کاتێک ئەو ڕوداوی هەڵگەڕانەوانە ڕوویدا، وەک ڕوداوی موسەلەمەی درۆزن و ٨ ڕووداوەکەی دوای ئەوانە، هەندێک لەوانیش خۆیان تێکەڵ بە هەڵگەڕاوەکان کرد…

خودا بمانپارێزێت، لە ئەعرافدا بوون… لە ناوەڕاستدا بوون، جارێک سەیری ئەملایان دەکرد ، جارێک سەیری ئەولا، وەک ئەو کەسانەی ئەمڕۆ بوون کە لە ئەعرافدا وەستاون…

بیر لەوە دەکەنەوە کە بچنە لای کێ دەبنە خاوەنی ڤیلایەک، حسابەکانیان زۆر جیاوازە، ناتوانن بە گوێرەی حسابی بیرکاری ئەمانە هەڵبسەنگێنیت، چونکە ئەمانە حسابەکانیان زۆر عەبقەریانەیە!!!

ئەوانەی زۆر توشی لەرزین دەبن ئەوانەن کە لە ئەعرافدا وەستاون…

وابزانم هەر ئەوانەی لە ئەعرافدان سەر لە کەسانی دامەزراویش دەشێوێنن…

   

بە هۆی ئەو توانا و ئیمکانیەتەی هەیانە، توشی هەندێک لە خۆپەرستی و ئەنانیەت بوون، بۆ نمونە لە شوێنێکدا جێگەیەکی بۆ خۆی گرتووە… گەرچی لە دوێنێوە هەتا ئەمڕۆ هیچ شتێک نەگەشتووە بەوەی لەلای ئەو جێگەیەک بۆ خۆت بگریت…

گەر گیانم گیانیان بیەوێت منەتی پێ ناوێت

گیان چیە هەتا نەیدەم بەو…

فزوڵی رۆحت شاد بێت…

هەندێک لە مرۆڤەکان وەهایان وتووە و لەو ڕێگەیەدا ئەسپی خۆیان تاوداوە…

کەسانێکی وەک ابن اختلیش هەن وتوویانە ئێمەش لەسەر هەمان ڕێگاین، پەنا بە خودا لەوەی بەو تێبینیەوە کار بکەیت…

ئەمانە جۆرێک لە پزیسک دروست دەکەن…

هەندێک لە مرۆڤەکانیش لە ژێر کاریگەری پزیسکی شەیتانی ئەم جۆرە کەسانەدا دەمێننەوە…

هەر بۆیە کەسانێک سەریان لەم ڕێگەیە داناوە، کەسانێک بۆ ئەم ڕێگەیە خۆیان کردووە بە دوو کەرتەوە، بەڵێنی ئەوەیان داوە لەم ڕێگەیەدا هەمیشە دەست لەسەر سنگیان بوەستن، ئەوەی لەسەر ئەو جۆرە مرۆڤانەیە ئەوەیە لە شوێنی خۆیان خۆڕاگر بن…

مادام تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی ڕۆژانە ١٠ جار، وەک لە وتاری “دڵ” یشدا ئاماژەی پێکراوە، ڕۆژانە لەوە دەچێت ١٠٠ جاریش وتبێتی يَا مُقَلِّبَ الْقُلُوبِ، ثَبِّتْ قَلْبِي عَلَى دِينِكَ

ئەی ئەوەی دڵەکان هەڵاوگێڕ دەکەیت، خۆی دڵ هەر خاسیەتی ئەوەی تێدایە هەڵاوگێڕ دەبێت، دڵی من لە باوەڕدا جێگیر بکە…

يَا مُقَلِّبَ الْقُلُوبِ، ثَبِّتْ قُلُوبَنَا عَلىَ دِينِكَ

ئەی ئەو خودایەی دڵەکانمان هەڵاوگێڕ دەکەیت، دڵەکانمان بەرو تاعەت و عیبادەت ئاڕاستە بکە…

لە نزایەکی تریدا دەڵێت : يَا حَيُّ يَا قَيُّومُ، بِرَحْمَتِكَ أَسْتَغِيثُ، أَصْلِحْ لِي شَأْنِي كُلَّهُ، وَلاَ تَكِلْنِي إِلَى نَفْسِي طَرْفَةَ عَيْنٍ

ئەی ئەو خودایەی حی و قیومیت، هێندەی چاوتروکانێک، خۆم لەگەڵ نەفسم بە تەنیا جێمەهێڵە…

چاوتروکاندن ئەمەیە، واتە لە کاتێکی لەمەش کەمتر، من لەگەڵ نەفسی خۆمدا بە تەنیا جێمەهێڵە، تەنانەت لەویش کەمتر…

لە ڕیوایەتێکی لاوازیشدا دەفەرموێت: وَلاَ إِلَى أَحَدٍ مِنْ خَلْقِكَ

واتە بە تەنیا لەگەڵ هەرکەسێک لە دروستکراوەکانیشت بە تەنیا جێم مەهێڵە…

خودایە دەستەکانم بگرە بە بێ ناتوانم…

هەمیشە بەم تێبینیەوە ڕوو لە خودا بکەین و بۆ ئەوەی توشی لەرزین نەبین ئەوەی لە دەستمان بێت ئەنجامی بدەین…

گەر کەسێک تا ئەمڕۆ ئیهمالی کردبێت، پێویستە لەمەودوا نوێژی شەونوێژ و تەهەجود  فەرامۆش نەکەن،

 چونکە بە ڕۆژ لەگەڵ زۆر بێگانە دەبیت غافڵ

ئەی ئەوەی غافڵی لە دڵدار، هیچ نەبێت لە شەودا شەرم لە دڵدارت بکە

کەم بخۆ و کەم بنو، حەیران ببە و خودا بدۆزەرەوە،

بیدۆزەوە لە میوانە شەودا!

تۆزێک جیاواز لە ئیبراهیم حەققی دەرمبڕی…

ساتە تاریکەکانی شەو، کاتی ڕۆشن بوونەوەی تۆیە…چونکە یەکێک هەیە لە تاریکیدا هەموو شتێک دەبینێت و لە شادەماری دڵت زیاتر لێتەوە نزیکە…

کاتێک سەرت خستە زەوی و ناخت بۆ هەڵڕشت، وەک لەو حەدیسە شەریفەدا ئاماژەی پێکراوە دەفەرموێت خودا دێتە ئاسمانی یەکەم، لێرەدا واتایەکی متشابه هەیە و بە واتای  ڕەحمەتی خودا دێت، دەفەرموێت کەس نیە داوای لێ خۆش بوون بکات؟ کەس نیە نزا بکات؟

گریمان تۆ بەو حاڵەوە نزا دەکەیت، داوای لێخۆشبوون دەکەیت، دەلێی خودا گیان، وەک ئەوە وایە بڵێی خودایە من هەم بۆ وەڵامدانەوەی ئەو چاوەڕوانیە قودسیەت، ئەو چاوەڕوانیە پیرۆزەی تۆ…

شەو لەسەر ئەو جێگا نەرمە، تَتَجَافَى جُنُوبُهُمْ عَنِ الْمَضَاجِعِ يَدْعُونَ رَبَّهُمْ خَوْفًا وَطَمَعًا

لەسەر ئەو دۆشەکە نەرمە، لە ژێر ئەو لێفە گەرمەوە، لە پاڵ هاوڕێی گەرمی ژیانت، شەو هەڵدەستێت و دەست لەسەر سنگ لەبەر دەم خودادا دەوەستێت، بەرەو بەرماڵ رادەکات و سەری دەخاتە سوژدە، ناخی بۆ خودا هەڵدەڕێژێت، دەڵێت خودایە یەک هەنگاو لە ڕێگەی خۆت هەڵمان مەخلیسکێنە…

هانامان بۆ تۆ هێناوە، دەبێت بەم شێوەیە لە خودا بپاڕێیتەوە…

ئەمە خاڵی یەکەم، خاڵی دووهەم ئەوەیە:

کاتێک کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەن، وەک ئەو چەنەبازیەی ئێستای من نا، دەبێت لە ڕوی قسەکانمانەوە دڵنەوایی یەکتر بکەین و ساڕێژی برینەکانی یەکتر بین، دەبێت سیستەمی بەرگری خۆمان بەهێزتر بکەین…

دەبێت هیزی مەعنەوی یەکتر پتەوتر بکەین، دەبێت هەرچی قسەیەکمان کردووە بیهێنینەوە سەر سوحبەتی جانان، دەبێت هەر قسەیەکمان کردوە بە خودا و پیغەمبەر و ئەبوبەکر و عومەر و عوسمان و عەلی و هاوەڵانی ئازیز و پێغەمبەرە گەورەکانەوە بیبەستینەوە…

 

 

پێغەمبەر گەورەکان لە قورئانی پیرۆزدا لەوە دەچێت لە ١٠٠ شوێنی جیاواز بە شێوازی جیاواز باسی کردبن، کەواتە شتی جیاواز دێنە پێشتان، دەفەرموێت گەر وەها بوو ئەمە ڕەچەتەکەیەتی…

ئەی خۆشەویستی خاوەن شکۆ و ڕێز، لە ڕوی ئەوەی بە تۆی دەڵێم ئەم شتانە،  بۆ ئەوەی کەسانی تر تێبگەن، وەک چۆن دەڵێین کچم لەگەڵ تۆمە، بوکێ تۆش تێبگە…

تا ئەوانەی لە دواوە دێن تێبگەن، مادام لە پشتی تۆوە دەست لەسەر سنگ وەستاون، من بە تۆ ڕادەگەیەنم بەڵام با ئەوانیش تێبگەن، من مەبەستم ئەوانە زیاتر…

 خودا بە شێوازی وردکردنەوەی جیاواز پێمان ڕادەگەیەنیت و ، بەردەوام خودا دەردەکانمان ساڕێژ دەکات، دەبێت سەیری قسەکانی حەزرەتی پیر بکەین، سەبارەت بەو شتانەی لە قورئاندا زۆر دووبارە بوونەتەوە…

دووبارە لەسەر دووبارە، بابەتی دووبارەبوونەوەی باسەکان لە قورئاندا لەلایەن ئۆریانتالیست و ڕۆژهەڵاتناسەکانەوە کراوەتە بابەتی ڕەخنەکردن…

بەڵام حەزرەتی پیر وەک موعجیزە و کەرامەت و بەخشندەی زۆری خودا بۆ بەندەکانی باسی لێوە دەکات…

بەڵێ لە هەر شوێنێکدا هەستاین و دانیشتین بە ناوی ساڕێژکردنی کەسانی ترەوە، دەبێت دڵیان بدەینەوە و بەردەوام هێز بدەین بە یەکتر و سەرمان بنێین بە سەری یەکەوە…

بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا…

لە جیاتی توڕە بوون و خۆڕاپسکان و قسە وتن بە کەسانی تر، وەک چۆن شەیتان هەوڵی هەڵسەنگاندنی بارە جیاوازەکان دەدات، ئێمەش دەبێت بیر لە چۆنیەتی هەڵسەنگاندنی بارە جیاوازەکان بکەینەوە…

لێرەدا من حەدم نیە ئەم قسەیە بە ئێوە بڵێم، چونکە من قیتمیری ناو ئێوەم، ٢٠ جۆرەی ناڕەحەتیم هەیە، ٢٠ جۆری نەخۆشی، بەڵام کەسێک لە دەرەوە سەیر بکات دەڵێت ئەم پیاوە وەک کەسێکی ٢٠ ساڵ قسە دەکات، گەرچی تەمەنم ٤ هێندەی کەسێکی ٢٠ ساڵە، هەتا ئێستا شتێک بە ناوی چێژ بردن لە دونیا نازانم، هەموو تەمەنم هەر بە ناڕەەتی بردە سەر، لە کاتی خوێندکاریشمدا هەر وابووم، لە کاتی هەموو کودەتاکانیشدا هەر وابووم، لە هەموو کودەتایەکەدا وەک ئەوەی زنجیری دەبابەکان بەسەر مندا بڕۆن ئاوەها بووم بە ژێرەوە، بەڵام وەک دەبینن قسە دەکەم، لەبەر چی؟ ئەمە بە واتای ئەوە نیە کە هێزی مەعنەوی و سیستەمی بەرگریم بەهێزە، حەقی ئەوەم نیە هێزی مەعنەوی ئێوە بشکێنم، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا ئەوەی لە دەستم بێت و لە ئیرادەمدا بێت، وەک مرۆڤێکی دڵنەواییکەر، خودا حەقیقەتی خۆشیمانی بە نسیب بکات، هەوڵی ئەوە دەدەم کە هەرگیز ورەتان نەشکێت،  بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا هەتا ئەو کاتەی جەنابی حەق ئەمانەتەکەیم لێ وەردەگرێتەوە، سوورم لەسەر ئەوەی لەسەر هەمان هەڵوێستم بەردەوام بم، خودا لەوەی دەێڵێم و دەیکەم بە تەنیا جێمنەهێڵێت، ئەوانەی لەسەر ڕێگەی ئەون بە تەنیا جێیان نەهێڵێت، جێشیان ناهێڵێت، وەک چۆن تا ئێستا جێی نەهێشتوون، لەمەو دواش جێیان نەهێڵێت

اَللَّهُمَّ يَا مُقَلِّبَ الْقُلُوبِ، ثَبِّتْ قُلُوبَنَا عَلَى دِينِكَ * يَا مُصَرِّفَ الْقُلُوبِ، صَرِّفْ قُلُوبَنَا إِلَى طَاعَتِكَ * يَا حَيُّ يَا قَيُّومُ، بِرَحْمَتِكَ نَسْتَغِيثُ، أَصْلِحْ لَنَا شَأْنَنَا كُلَّهُ، وَلاَ تَكِلْنَا إِلَى أَنْفُسِنَا طَرْفَةَ عَيْنٍ، وَلاَ أَقَلَّ مِنْ ذَلِكَ، وَلاَ إِلَى أَحَدٍ مِنْ خَلْقِكَ، مِنَ السِّيَاسِيِّينَ، وَالْمَدَنِيِّينَ، وَاْلاِسْتِخْبَارِيِّينَ، وَالْعَدْلِيِّينَ، وَالشُّرْطِيِّينَ، وَالشَّيْطَانِيِّينَ * آمِينَ، أَلْفَ أَلْفِ آمِينَ * وَصَلَّى اللهُ عَلَى سَيِّدِنَا مُحَمَّدٍ وَعَلَى آلِهِ وَصَحْبِهِ وَسَلَّمَ

 

Show More
Back to top button