هەواڵ

بە هۆی ڕەخنەکانییەوە، لە ئاکەپەوە کرایە ئامانج

دوای ئەوەی ئالپاسلان کویتول سەرۆکی وەقفی فورقان، لە ماوەی ڕابردوودا ڕەخنەی لە پارتی داد و گەشەپێدان(ئاکەپە) گرت، لەلایەن دادگاکان سەر بە دەسەڵاتەوە کرایە ئامانج.

کویتول لە ماوەی ڕابردوودا لە یەکێک لە وتارەکانیدا ڕەخنەی لە ئاکەپە گرت کەوا زوڵم لە هاوڵاتیانی تورکیا دەکات و پێی وتن ” پێویستە لە ئاکەپەوە ناوەکەیان بگۆڕن بۆ زاکەپە. واتە پارتی هەستانەوە بە زوڵم”.

  کویتول لە بەشێکی تری ئەو وتارەیدا ڕەخنەی لە قسەکانی ڕەجەب تەییب ئێردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا گرت کە پێی وایە هیچ زوڵمێک بەرامبەر هاوڵاتیانی تورکیا ئەنجام نادرێت.

کویتول لەو بارەیەوە وتی” دەیان هەزار هاوڵاتی بە بێ هۆ لە زیندانن و ١٢٠ هەزار هاوڵاتی بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە. لە ماوەی ڕابردوودا ١١ هەزار هاوڵاتی بێ تاوان ئازاد کران کە بە تۆمەتی بەکارهێنانی بەرنامەی بایلۆک زیندانی کرابوون، پێیان وتن ببورن بە هەڵە ئێوەمان زیندانی کردووە، ئێ باشە ئێوە نەتاندەوت کەسمان مەغدور نەکردووە؟”.

کویتول باس لەوە دەکات کە دوای ئەو وتارەی ئاکەپەی بە زاکەپە ناوبردووە، بەردەوام لەلایەن دادگای شاری ئەدەنەوە بانگ دەکرێت و، بە ئاشکراش هەڕەشەی لێکراوە.

کویتول سەبارەت بەو بابەتە وتی” ئەوانە دەیانەوێت من بە دادگاکانەوە سەرقاڵ بکەن و لەو ڕێگەیەوە دەمکوتم بکەن. یەک لەسەر یەک دۆسیەی دادگاییم لەسەر دەکەنەوە. دەڵێن: تۆ بە ئێمەت وتووە زاکەپە. ڕاستە وتوومە و دەیڵێمەوە. گەر زاکەپە نەبوونایە هێندە زوڵمتان لە ئێمە نەدەکرد”.

“بێدەنگ نابم”

کویتول لە کەناڵی تایبەتی خۆی لە یوتویب وتی” ئێوە هەرچی دەکەن بیکەن، من بەردەوام دەبم لە وتنی حەق. گەر ئێوە باوەڕتان وایە لەسەر حەقن و پاکن، ئەوا وەرن مشتومڕم لەگەڵ بکەن.  لە هەر شوێنێک دەتانەوێت لەوێ ئامادە دەبم. لەبەر ئەوەی وتومە : لەم وڵاتە کۆمیتەی بێ دینەکان هەیە، دەڵێن تاوانت ئەنجامداوە. بەم شتە توڕەهاتانە ناتوانن من بێدەنگ بکەن. من بەردەوام دەبم لە باسکردنی ئەم شتانە، هەر بوختانێکیشم بۆ هەڵببەستن وەڵامیان دەدەمەوە. ئیدی با ئەوانەی خاوەنی ویژدانن خۆیان بڕیار بدەن”.

کویتول باسی لەوە کرد کە داواکاری گشتی تۆمەتباری کردووە بەوەی خەڵک هانی نەفرەت و کینە لە یەکتری دەدات و پاشان وتی” ئیشێکی ئاسانیان بۆ خۆیان دۆزیوەتەوە، لەو ڕێگەیەوە هەموو کەسێک بێدەنگ دەکەن، چەند ماددەیەکی یاساییان داناوە، هەر پیاوێکت بوێت بەو تۆمەتانە دەتوانیت تاوانباری بکەیت. ئەوان پێمان دەڵێن  هەموو کەسمان دەمکوت کردووە، تۆ بۆ بێدەنگ نابیت. منیش دەڵێم هەموو کەسێک لە خۆی بەرپرسیارە. ئەوانەی بێدەنگ دەبن، لەلایەن خوداوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت. ئەوانەی بێدەنگ دەبن، لەناو دەچن. ئەوان دەیانەوێت بە دادگاکانەوە سەرقاڵم بکەن و لەو ڕێگەیەوە دەمکوتم بکەن. یەک لەسەر یەک لە دادگاوە دۆسیەم لەسەر دەکەنەوە. دۆسیەیەکیان لەسەر کۆبوونەوەیەکم لە شاری مەرسین کردۆتەوە، کە پێش دوو ساڵ ئەنجاممداوە، دەڵێن تاوانی ئەنجامداوە. ئێ باشە گەر تاوانم ئەنجامداوە، ٢ ساڵە چاوەڕێی چین”.

کویتول لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە جەماعەتە ئیسلامیەکانی تورکیا بەرامبەر ئەو زوڵمەی دەکرێت بێدەنگیان هەڵبژاردووە و پاشان وتی” ئەوەی ئەم زوڵمە دەکەن، وا دەزانن قەت ناپێچرێنەوە و هەر ئاوەها بەردەوام دەبن. من بانگهێشتیان دەکەم بۆ تەوبە کردن. گەر تەوبە ناکەن، ئەوا با چاوەڕێی شەپازلەی خودایی بن. دەیانەوێت سیستەمێکی دیکتاتۆری لە وڵاتدا دابمەزرێنن. بە داخەوە هەموو لایەک بێدەنگ بووە. هەتا ئەوان زیاتر بێدەنگ بن، ئەم سیستەمە زیاتر جێگیر دەبێت. کاتێک گیرفانیان بەتاڵ بوو، ئەوکات بە ئاگا دێنەوە. کاتێک نرخی شت بەرز بوویەوە و، موچەکانیان بەشی هیچی نەدەکرد، ئەو کاتە بە ئاگا دێنەوە. کاتێک سزای خودا هات، ئەو کاتە بە ئاگا دێنەوە، زوڵم تاسەر بەردەوام نابێت. خودا ئەوەی شایەنی زاڵمان بێت، پێیان دەدات. بەڵام ترسی من ئەوەیە بە هۆی کەسانێکی بێ مێشک و بێدەنگەوە، لەم وڵاتەدا دیکتاتۆریەت دابمەزرێت؟ داوام لە خودا ئەوەیە ئەم هەلەیان بۆ نەڕەخسێنێت”.

“کاتێک کردارەکانیانیان ئاشکرا دەبێت، بێزیان لێدەکەنەوە”

کویتول باسی لەوە کرد کە تورکیا لە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤدا بەرەو دواوە چووە و پاشان وتی” تورکیای پێش ٤ ساڵ، یاخود ئێستا؟ زۆر شت گۆڕاوە، وانیە؟ بە تایبەت لە دوای ١٥ ی تەموزەوە، ئەوەی بیانەوێت، ئەنجامی دەدەن. چەتەیەک هەیە خۆی بە ئێمەوە سەرقاڵ کردووە، خودا لە کۆتایدا هەموویان دەکات بە گژ یەکدا. کاتێک کردارەکانیانتان بۆ ئاشکرا دەبێت، بێزیان لێدەکەنەوە. هەر بۆیە هەوڵی بێدەنگ کردنمان دەدەن. سەر زارەکی دیموکراسین، بەڵام سیستەمی پاشاییان داناوە”.

“هەوڵی لەناوبردنی جەماعەتەکان دەدەن”

کویتول لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە ئاکەپە بە بەڵێنی چاکسازی لە سیستەمی دەوڵەتدا هاتە سەر دەسەڵات، بەڵام پاش ١٥ ساڵ ملی بۆ دەوڵەت کەچ کردووە و پاشان وتی” ئاکەپە بووە بەشێک لە سیستەمەکە. لە بابەتی جەماعەتە ئیسلامیەکان و بابەتی کوردا، هەمان شتی سیستەمی جاران دووبارە دەکاتەوە. ئێستا هەوڵی لەناوبردنی جەماعەتەکان دەدات. بوون بە کەمالی و ڕقیان لە گروپە دینیەکانە و دوژمنیانن. ئێ کەواتە ئێستا چ واتایەکیان هەیە؟ لە پشت پەردەوە، چۆکیان بۆ دەوڵەتی ڕاستەقینە داداوە. تۆ بڵێی بە چی وایان لێ کردبن؟ پەرینچەک تەنیا پێش هەفتەیەک وتی، کەوا ٣٨ دۆسیەی گەندەڵی سەرۆک کۆماریان لە بەردەستدایە. ئەوانەی هەموو کەسێک بێدەنگ دەکەن، ئەویان پێ بێدەنگ ناکرێت. ڕێگە نادەن لە کۆنفڕانسێکدا قسە بکەین، بەڵام پەرینچەک ئەم قسانە لەسەر تەلەڤیزیۆن دەکات. هەروەها پەرینچەک دەڵێت کەوا پێش ڕۆژێک هەواڵی کودەتاکەیان بە ڕۆژنامەی یەنی شەفەق و کاربەدەستانی حکومەت ڕاگەیاندووە. باشە ئەم پیاوە چۆن دەتوانێت ئاوەها قسە بکات؟ تەنیا یەکێکیان نابینن بێنە مەیدان و بەم پیاوە بڵێن درۆ دەکەیت، ئێ کەوایە ئێوە چۆن لەمە تێدەگەن؟ ئەو پرسیارانەی لێم دەکەن لە کاتی لێپرسینەوە، لەگەڵ وەڵامەکانی خۆم بڵاو دەکەمەوە، خۆیان دەزانن…”

http://www.shaber3.com/akpye-zulumle-kalkinma-partisi-deyince-hedefe-konuldu-haberi/1298446/

 

 

 

Show More
Back to top button