بیروڕاهەواڵ

بە هۆی چاکی خۆیەوە خرایە زیندان و لەوێش گیانی لە دەستدا


لەبەر ڕق و کینە و حیرسی تاکە کەسێک دەیان هەزار ژیان دەکوژێنرێنەوە. هەزاران مرۆڤ خراونەتە زیندانەکان و ژیانیان لێدزراوە، دەیان هەزار خێزان ئازار دەچێژن، چەندین کەسی بێ گوناح بە تابوتەوە دەچنەوە بەردەم ماڵەکانیان…
خۆشیان نەیانزانی تاوانیان چیە و کرانە قوربانی گەمەی کودەتایەک، کە هەرگیز ئاگایان لێینەبوو… مامۆستا حەلیمە، مامۆستا گۆکهان، بەرک و خێزانەکەی، مامۆستا لوقمان و مەهمەت ئۆزبیر.
مەهمەت ئۆزبیر هاوڵاتیەکی ناوچەی ئاڵاشەهیر بوو لە شاری مانیسا، تەنیا تاوانێک ئەنجامیدابوو ئەوە بوو وەک کاسپکارێک یارمەتی خوێندکارە هەژارەکانی شارەکەی خۆی دابوو، مرۆڤێکی ئاسایی و تەمەنی تەنیا ٤١ ساڵ بوو. هەڵمەتی پارانۆییەکە لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٦ ئەویشی گرتەوە و دەستگیریان کرد. ناوبراو لە پێش مردنیدا نامەیەک دەنوسێت و ئەمەی خوارەوە حاڵی خۆیەتی لە زیندان کە بە دەستی خۆی نوسیوێتی.

” بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بەڵگەیەک هەبێت لەسەر زاڵمان و هاووێنەکانیان ئەم شتانەی خوارەوە دەنوسم و لێرەدا باسی ١٧ مانگی ڕابردووی خۆم دەکەم کە لە بنکەی پۆلیسەوە هەتا زیندان درێژەی هەیە…
ئەو ڕۆژەی فەرمانی دەستگیرکردنم بۆ دەردەچێت هێزەکانی پۆلیس کاتژمێر ١٦:٠٠ دێنە شوێنی کارەکەم و کاتێک لەوێ نامدۆزنەوە هەتا کاتژمێر ٢١:٠٠ بەدوامدا دەگەڕێن و پاشان بە تەلەفۆن پەیوەندیان پێوەکردم و کاتێک شوێنەکەی خۆمم پێوتن، هاتن و دەستگیریان کردم. بەیانی ئەو ڕۆژە جگە لە بوتڵێک ئاوی ٢٠٠ ملم و شەربەتێک هیچی تریان پێنەدام. سەرەڕای ئەوەی بە هێزەکانی پۆلیسم ڕاگەیاند کە نەخۆشی شەکرەم لەگەڵدایە بە شێوەیەکی بۆماوەیی و، نان نەخواردنم مەترسی گەورە لەسەر ژیانم دروست دەکات، هەروەها پێشم ڕاگەیاندن کەوا خواردنەکە لەسەر حسابی گیرفانی خۆم دەکڕم، بەڵام وەڵامی داواکاریەکەیان نەدامەوە. واتە لە بنکەی پۆلیس لە حاڵی برسێتی و تینوێتیدا فەرامۆشیان کردم.
لە بنکەی پۆلیس پرسیاری ئەوەیان لێکردم کەوا قوربانیم سەربڕیوە یاخود نا، دواتر پرسیاری عەقیدە و بیروباوەڕیان لێکردم و بەم شێوەیە تاوانیان ئەنجامدا بە گوێرەی یاساکان. هەروەها پرسیاری بیروڕای تایبەتی خۆمیان کرد لەسەر ڕووداوەکانی ١٧ و ٢٥ کانونی یەکەم، لەگەڵ ڕووداوی ڕاگرتنی لۆریە چەکهەڵرەکانی دەزگای میت. کاتێک داوای خوێندنەوەی وەڵامە نوسراوەکانی خۆمم کرد قبوڵیان نەکرد و منیش لەبەر ئەوەی ڕازی نەبووم واژۆی لەسەر بکەم، بە ناچاری بۆیان خوێندمەوە. داواکاری گشتیش سەرەڕای ئەوەی باسی ئەوەم بۆکرد کە خۆم شوێنی مانەوەی خۆمم بە پۆلیسەکان ڕاگەیاندووە و ئینجا دەستگیر کراوم، دواتر وتم گەر داواکاری گشتی بانگی بکردمایە بە پێکانی خۆم دەڕۆشتم بۆ لایان، بەڵام بە پاساوی ئەوەی کە گومانی بەهێزیان هەیە لەوەی هەڵبێم، فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکردم.
کاتێک چووینە بەردەم دادوەریش بە بێ ئەوەی جبەی دادوەری لەبەر بکات هاتە سەر مێزەکەیی و منیش بۆ پرۆتێستۆ کردنی بڕیارەکانی، لە کاتی خوێندنەوەی بڕیارەکەیدا دانیشتم و هەڵنەستامە سەر پێ، ئەویش بە بێ ئەوەی بپرسێت کەوا بۆچی هەڵنەستاومەتە سەر پێ، بڕیارەکەی خوێندەوە و ڕۆشتە دەرەوە.
شەوی یەکەمی زیندانیشم لەبەر ئەوەی پاسەوانەکە کلیلی ژووری شتومەکەکانی جێنەهێشتبوو، بە ناچاری لەسەر زەمینی زیندان بەتانیەمان داخست و خەوتین. ڕۆژی دواتر دۆشەکی سەر قەرەوێڵەکەیان هێنا و لە بەشی کۆتایی قەرەوێلەی ٢٦ هەمینی زیندانەکە نیشتەجێ بووم.
زیندانەکە هێندە ناڕەحەت و قەرەباڵغە، کەسێک بە ئاستەم دەتوانێت بە نێوان دوو قەرەوێڵەدا تێپەڕێت. قاوشەکەمان پەنجەرەی تێدا نیە، هەرچەندە ئێستا کێشە نیە بەڵام نازانم بۆ زستان چی دەبێت. دواتر لەو قاوشەدا ژمارەمان بوو بە ٣٣ کەس و، ٧ کەسمان لەسەر زەوی زیندانەکە دەخەوتین، کە لە گەنجەوە هەتا پیرە پیاوی تەمەن ٧٠ ساڵمان تێدا بوو. یەک تەوالێت و حەمام بۆ ٣٣ کەس و، چێشتخانەکەش سنگێکی دوو حەوزی تێدا بوو، کە بەردەوام قالۆنچە و حەشەراتی بەسەردا دەڕۆی.
نە مێزی لێیە نە کورسی، لەسەر دەبە ٥ لیتریەکانی ئاو یاخود بە پێوە نان دەیخۆین. خۆڵ و خاشاک هەفتەی ٣ جار کۆ دەکرێتەوە و لەم مانگی ئابەدا هەموومان بە بۆنی ناخۆشی ناو زیندانەکە بێزار بووین. لە هەفتەیەکدا تەنیا ٢ ڕۆژ بۆ ماوەی کاتژمێرێک ئاوی گەرم هەیە بۆ خۆ شوشتن و، زۆرێک لە زیندانیەکان لەبەردەم خۆردا دەبەی ٥ لیتری ئاو دادەنێن، هەتا گەرم ببێت.
کاتێک وەرزی زستان دەستی پێکرد، بە هۆی ئەوەی پەنجەرەی تێدا نەبوو قاوشەکەمان، ئاوی باران دەهاتە ژوورەوە و جێگاکانمان تەڕ بوون. سەرەڕای ئەوەی چەندین جار بە نوسراو داوامان کرد، بەڵام ئاوێنەیان بۆ نەهێناین و ناچار بووین لەبەردەم پارچە شوشەیەکی ٥ سانتیمەتریدا ڕیشمان بتاشین. چەندین جار داوامان کرد پەتێکمان بدەنێ بۆ دروستکردنی تەناف هەتا جلەکانمانی پێدا هەڵواسین، بەڵام دواجار لە ناچاریدا لەزگەی دەبە ٥ لیتریەکانمان لێکردەوە و بەیەکەوە بەستمانن هەتا وەک تەنافی لێبێت.
کاتێک دەمانبەنە دەرەوەی قاوشەکە بە ئامێری پشکنینمان بۆ دەکەن و لەگەڵ ئەوەشدا بە دەستیان دەستدرێژی دەکەن لە کاتی پشکنیندا. کاتێک خێزانەکەت دێن بۆ سەردانت ناهێڵن لەلای یەکەوە دابنیشین و قەدەغەیە باوەش بە منداڵەکانتدا بکەیت.
هەندێک جار بێ ئەوەی پێشتر ئاگادارت بکەنەوە و بێ ئەوەی بهێڵن نانی بەیانی بخۆیت، یەکسەر دەتبەنە دەرەوەی قاوشەکە بۆ ئەوەی چاوت بە هاوسەر و منداڵەکانت بکەوێت.
هەندێک جاریش بە هۆی ئەوەی زیندانیەکان ئاگادار ناکەنەوە لەوەی دەیانگوازنەوە بۆ شوێنێکی تر، دەرمانەکانیان بەجێدەهێڵدرێت و لە نیوەی ڕێگا دەبورێنەوە. لە زیندانە نوێکاندا هەندێک جار بە بێ ئەوەی هیچ بڕیارێکی یاساییان لە پشتەوە بێت، ٤ زیندانی دەخرێنە ژوورێکی ٨ مەتر دووجاییەوە و لە بەرامبەردا ٨ زیندانی تر دەخەنە ژوورێکی ٣ کەسیەوە و لە تۆماری فەرمیدا وەک ٣ کەس ناویان دەنوسن. کاتێک لە زیندانێکەوە دەتگوازنەوە بۆ شوێنێکی تر، جل و پارەت لە زیندانە کۆنەکە بەجێدەمێنێت و چەندین کێشەی لەو شێوەیە دروست بووە. کەسوکارەکانمان پارەمان بۆ دەنێرن، بەڵام لەبەر ئەوەی پارەکەمان پێنەگەشتووە ناتوانین چایەک بخۆینەوە و سەرەڕای ئەوەی چەندین جار داوای کتری و سەماوەرمان کردووە، بەڵام هەتا ئێستا بۆیان نەهێناوین.
لە زیندانین و پارەمان لەلای نیە، کاتێک داوا دەکەین پێداویستە سەرەتایەکانمان بۆ دابین بکەن، داواکانمان ڕەت دەکرێتەوە. کاتێک سابون و ماددەکانی پاککردنەوەمان تەواو دەبێت، ناچار لە نێوان خۆماندا کەلوپەلی یەکتری بەکاردەهێنین چونکە بۆمان ناهێنن. بۆ نانخواردنیش تەماتە و پیازمان پێدەدەن هەتا زەڵاتە دروست بکەین، بەڵام چەقۆمان پێنادەن. جاری وا هەیە کە پارەمان بۆ دێت، ماوەی ١٠ ڕۆژ پێمان نادەن و دواتر بێ ئەوەی شەرم بکەن پارەی حەواڵەکردنمان لێدەسەنن.
هەرچەندە دەمانەوێت بە پارەی خۆمان و جەوشەن و قورئانی کەریم دیاری بکەین (بکڕین) بەڵام مۆڵەتمان پێنادرێت. دوای ماوەیەک مۆڵەتیان پێداین هەموومان قورئانمان لەلابێت، بەڵام تەنیا ڕێگەیان بە دوو جەوشەن دەدا لەیەک قاوشدا. ئیدی ٥ یان ٣٠ کەسیش بیت لە ژوورێکدا هەر ڕێگەیان بە دوو جەوشەن دەدا. کاتێک داوای پەیامەکانی نورمان دەکرد لە کتێبخانەی زیندان پێیان نەدەداین و کاتێک دەمانویست بیشیکڕین، لە وەڵامدا دەیانوت قەدەغەیە و ناتوانین بیکڕن.
چەندین جار نوسراو دەنوسم کەوا چاوم بە پزیشک بکەوێت، لە نێوان پەنجە گەورەم و پەنجەی شایەتمانمدا گۆشتێکی ڕەق دروست بووە هێندەی نۆکێکە، دواجار کاتێک پزیشک بینیمی ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی کردم. دوای ١٠ ڕۆژ ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەوڵەت کرام و لە بەشی ئێسک بڕیاریاندا وێنەی ڕێسۆنانسی موگناتیسیم بۆ بگرن. پاش هەفتەیەک کاتێک وێنەکەیان بۆ گرتم، بێ ئەوەی ئەنجامەکەی وەرگرمەوە دووبارە ڕەوانەی زیندان کرامەوە. پاش ماوەیەک دەمبەن بۆ نەخۆشخانەیەک کەوا چارەسەری سروشتی وەربگرم، پزیشکەکە بڕیاریدا وێنەی تیشکیم بۆ بگرن، منیش سەرەڕای ئەوەی پێموت کەوا وێنەی موگناتیسیان بۆ گرتووم و چاوەڕێی ئەنجامەکەی دەکەم، پزیشکەکە لە وەڵامدا وتی : ئەوە تۆیت بڕیار دەدەیت کە چۆن چارەسەر بکرێی یاخود من…
دوای هەفتەیەک دووبارە بردرامەوە بەشی ئێسک و پزیشکەکە پێیڕاگەیاندم کەوا گرێکەی نێوان پەنجەکانم پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی پێویستی بە پزیشکی نەشتەرگەری گشتی هەبوو کە لەو نەخۆشخانەیە نەبوو، ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی تری کردم.
تا دێت ئازارەکانم زیاتر دەبن و سەرەڕای ئەوەی ڕاپۆرتی پزیشک پشانی بەڕێوبەری زیندان دەدەم، بەڵام ڕێکارەکانی گواستنەوەکەمی بۆ نەخۆشخانە تەواو نەکردووە و هەموو جارێک کە لێی دەپرسم گەشتین بە کوێ؟ لە وەڵامدا دەلێت چاوەڕێ ببە…
لەبەر سەختی ئازارەکانم بەردەوام دەچمە لای پزیشکی زیندان و دەرزی دیکلۆفیناک( بە مەبەستی لابردنی ئازار) لێدەدات، سەرەتا دەرزیەکان ٢٥ بوو، بەڵام دواتر دەرزیەکانی کردە ٥٠ و ١٠٠ و هێشتاش ئازارەکەم هەروەک خۆیەتی.
ئازارەکەم ئێستا بە شێوەیەکە کە چیدی ناتوانم بەرگەی بگرم، هەموو ٣ کاتژمێرێک حەپی ئازار دەخۆم، لەبەر ئازار شەوان خەوم لێناکەوێت، بە دەم باس ناکرێت کە شەوانە چەند خەمگین و پڕ ئازارە…
مانگی ئایار نەیانبردم بۆ نەخۆشخانە.
مانگی حوزەیرانیش نەیانبردم.
مانگی تەموزیش هەروەها نەیانبردم، لەگەڵ مانگی ئابدا ئازارەکانم هێندەی تر سەختتر بوون، لە کاتی سەرژمێری زیندانیەکاندا بوورامەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی کۆتایی هەفتە بوو، ئۆتۆمبیلی فریاکەوتنی بە پەلەیان بۆ بانگ نەکردم…”
***
پاش ماوەیەک کاتێک نەخۆشی شێرپەنجەکەی بە تەواوی تەشەنەی کرد، مەهمەت ئۆزبیر لە زیندان ئازاد کرا و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا.
لێپرسینەوەیەکی تری زاڵمان بۆ ڕۆژی دوایی مایەوە.

Show More
Back to top button