هەواڵ

بە فەرمانی دادوەر ڕۆژنامەنووسێک بە ڕێگریکردن لە خەو ئەشکەنجە دەدرێت

ڕەسول جەنگیز ڕۆژنامەنووسێکەو لە دوای هەوڵی کودەتاکەی ١٥ تەموزەوە لە دینیزلی دەستگیرکراوە، دواتر لە تشرینی دووەمی ٢٠١٧دا ئازادکرا. لە ئێستادا لە یو تیوب باسی ئەو ڕۆژانە دەکات کە لە زیندان بووە و جۆری ئەشکەنجەکان بە بەڵگەوە دەگێڕێتەوە.

 

جەنگیز دەڵێت:”سەرۆکایەتی دادگا، بە تایبەتی بڕیاری ئەشکەنجەدانی منی دابوو، بە ڕێگری کردن لە نووستنم، ئەمەش بە بەڵگەوە دەخەمە ڕوو”.

 

جەنگیز باس لەوە دەکات کە ئەو ئەشکەنجەیە لە کانوونی دووەمی ٢٠١٧دا ئەنجام دراوە و دەڵێت: “شەو نووستبووم، کەسیک هات و گڵۆپەکانی داگیرساند، دواتر تا بەیانی زیاد لە ١٠ جار خەبەری دەکردمەوە و نەیدەهێشت بخەوم. من سەرەدتا وامزانی ئەو هەر بە زارەکی فەرمانی ئەوەی پێ کراوە، دواتر بۆم دەرکەوت کە فەرمانەکە لەلایەن سەرۆکایەتی دادگاوە و بە نووسراو ئاراستە کراوە. ئەوەش بەڵگەکانن بە دەستمەوە”.

جەنگیز دەڵێت کە وتەکانی دادگای وەک خۆی وەرنەگیراوە و سەرەڕای ئەوەی کە ڕۆژنامەنووسە، وەک ئەندامی کۆمەڵە و ڕێکخراو ناسێندراوە و مامەڵەی لەگەڵ کراوە. هەروەها دەڵێت: “ئەوان لەوە دەترسان کە من کاریگەریم لەسەر خەڵکی هەبێت، لە کاتێکدا من بە تەنیا لە ژووری تاکە کەسیدا زیندان کرابووم، ئیتر چۆن کاریگەریم لەسەر خەڵک دەبێت”.

جەنگیز باس لەوە دەکات کە ئەو تاکە کەس نەبووە کە بە ڕێگری کردن لە خەوتنی ئەشکەنجەیان داوە و چەندین کەسی تری بینیوە کە هەمان ئەشکەنجە دراون، ئاماژە بەوەش دەکات کە هێشتا ئەو جۆرە ئەشکەنجەیە بەردەوامە و دادگاکان ماف بە خۆیان دەدەن کە ئەو ئەشکەنجەیە بە یاسا بکەن.

جەنگیز دەڵێت:”دادگاکانی تورکیا ئەو کارە وەک کارێکی “دژ بە یاسا” نازانن و وەک ڕێکارێکی یاسایی دەیناسێنن” جەنگیز لە قسەکانیدا باس لەوە دەکات کە ئەو چووە بە تەنها لە دادگای دەستووریی داوای تۆمار کردووە. هەروەها ڕاشیدەگەیەنێت کە بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەی یاداشتەکانی ناو زیندان بە بڵاوکردنەوە ڤیدیۆ لە یو تیوبدا.

 

Show More
Back to top button