بیروڕاهەواڵ

بە خۆداچوونەوە لەم قۆناغەدا!

ڤەیسەل ئایهان

 

ئەو کەسە ستەمدیدە و مەغدورانەی کە بە هۆی بینینی زوڵمەوە  بە شێوەیەکی ئاسۆیی پلەکانی دۆستایەتیان لەگەڵ خودا بڕیوە، لە دەرەوەی ئەم بابەتەن کە لیرەدا باسکراوە.

 

حەزرەتی بەدیعوزەمان تەمەنی ١٥ تا ١٦ ساڵە. ئەو کاتەی لە سیرت دەبێت، لە پاڵ ئەوەی خۆیشی وانە دەخوێنێت لە مەدرەسەی ئەو کاتە، لە هەمان کاتدا مامۆستای دەیان مەلای گەورەیە کە بە تەمەن زۆر لەسەرو خۆیەوەن.

زیرەکیە بێ وێنەیەکەیی و ئاستی زانیاری بە شێوەیەک بوو کە ئیرەیی مەلاکانی گەیاندبوویە ئەوپەڕی ترۆپکی خۆی. چاویان پێی هەڵنەدەهات، بە دوای درۆ و بوختانێکدا دەگەڕان کە لە ڕێگەیەوە ناشرینی بکەن. ڕۆژێکیان نایەت بۆ نوێژی بەیانی لە مزگەوتی حوجرەکەیان و دەستبەجێ درۆ و بوختانی “مەلا سەعید نوێژی بەیانی ناکات” ی بۆ هەڵدەبەستن. بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە. کاتێک دەگەنە نوێژی عەسر ئەم بوختانە بە تەواوی بڵاو بۆتەوە. مەلا سەعیدیش ئاگای لەم دەنگوباسە نیە و کاتێک خەریکی دەستنوێژگرتن دەبێت بۆ نوێژی عەسر، هاوڕێیەکی هەواڵەکەی پێدەگەیەنێت.

هاوڕێکەی دەڵێت” سەیدا ئەوە دەستنوێژ دەگریت، خۆ دەڵێن وازت لە نوێژ هێناوە؟!”.

مەلا سەعیدیش کاتێک ئەمە دەبیستێت یەکسەر ڕادەچڵەکێت، بەڵام کاردانەوەی توند پشان نادات  وبە بیرکردنەوەیەکی قوڵدا ڕۆدەچێت.

مەلا سەعید ئەو شەوە بە هۆی پێداچوونەوە بە وانەکانیدا ماندوو دەبێت و لەسەر کتێبەکانی خەوی لێدەکەوێت، پێش کەمێک لە نوێژی بەیانی خەبەری دەبێتەوە و دوای بانگ یەکسەر لە ژووری حوجرەکەیدا نوێژەکەی دەکات و دەخەوێتەوە.

مەلا سەعید لە وەڵامی ئەو کەسانەی ئەم قسانەیان بۆ هەڵبەستبوو دەڵێت:” شتی بێ بنەما لە ناو مرۆڤەکاندا وەها زوو بڵاو نابێتەوە. خەتاکە لە منەوەیە. هەربۆیە توشی دوو سزا بووم، یەکەم خودا عیتابی لێگرتم و دووهەم مرۆڤەکان ئیدانەیان کردم. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە پێش خوێندنەوەی ویردی شەوانەم کە وەک عادەتم لێکردووە، خەوم لێکەوت. ڕۆحی مرۆڤەکانیش هەستیان بەمە کردووە و لەبەر ئەوەی بە تەواوی لێینەگەشتوون، منیان بە ئەنجامنەدانی نوێژ تۆمەتبار کرد”.

ئەمە ئاستێکی بێ هاوتایە بۆ مرۆڤێکی ١٥ تا ١٦ ساڵ، لەوە دەچوو بەیانی ئەو ویردانەی بخوێندایەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی جەنابی حەق کەسێکی وەهای دەکردە هۆکاری ئیمانی ملیۆنان کەس، ژیانێکی بێ کەموکوڕی بە تەقدیری ئەو دانابوو. هەر لەو تەمەنە منداڵیەیەوە، ویرد و نزا و عیبادەتی شەوانەی کرد بە ڕوکنێکی سەرەکی ژیانی ئەو.

ئەمە بابەتەکەمان نیە و بابەتەکەمان هەڵوێستی ئەو ساتەی بەدیعوزەمانە.

ئەمە پێش هەموو شتێک کاردانەوەی کەسی ئیماندارە، سەرەتا بیر لەوە دەکاتەوە کە ئایا بوختانەکە لایەنێکی قەدەری تێدایە یاخود نا، پاشان بیر لە بەخۆداچوونەوە دەکات…

مەلا سەعید خۆی سەرقاڵ ناکات بەوانەی تۆمەتەکەیان بۆ هەڵبەستووە و ناڵێت” وای درۆزنانە ئێوە بە هۆی فڵان و فیسارەوە …”، بە هەموو شێوەیەک نەفسی خۆی ڕاپێچی لێپرسینەوە دەکات.

 

کاردانەوەی کەسی ئیماندار بەرامبەر بوختانەکان

بە شێوەیەکی سەرەکی و زەقانە بەسەر دوو جۆردا پۆلێن دەکرێن:

یەکەم: هەرچیەک ڕووبدات بە هیچ شێوەیەک تاوان و تۆمەتەکان قبوڵ ناکات، ڕاستەوخۆ ڕەتیان دەکاتەوە، پێیوایە هەرگیز هەڵە ناکات و داوای لێبوردن ناکات و پێی وایە لە هەموو جۆرە هەڵە و نوقسانیەک بەریە! لە هەموو هەڵە و نوقسانیەکیدا چەشنی ڕۆنی زەیتون سەر ئاو دەکەوێت و بۆ هەموو تاوانێک کە ئەنجامیداوە، ڕاستەوخۆ “لیستی گومانلێکراوەکان” لە هزریدا ئامادە کراوە!

 

دووەم: هەرچیەک ڕووبدات بەرامبەری، بە بێ بڕیاری پێش وەختە دەست بە هەڵسەنگاندنی دەکات و چەشنی داواکارێکی گشتی بێ ڕەحم لێپرسینەوە لەگەڵ نەفسی خۆی دەکات و ڕووبەڕووی هەڵەکانی دەبێتەوە. گەر پێویستیش بکات بە شێوەیەکی بێ پێچ و پەنا و گرێی دەرونی، داوای لێبوردن دەکات.

هەربۆیە تەواوی ئەو بوختان و درۆ و تۆمەتانەی بەرامبەرمان ئەنجام دەدرێت، دەبێت لە پێش هەموو شتێکدا ڕاپێچی بە خۆداچوونەوەمان بکات.

لە حەدیسێکی شەریفدا هاتووە کەوا دڕکێک یان هەر ئازارێکی تر کە بەسەر کەسی ئیماندار دێت لەلای خودا دەبێتە هۆکاری لێخۆشبوون لە گوناحەکانی.  ئەمە تەواوە، لە گەردووندا هیچ شتێک خۆسەر ڕوونادات. کەسی ئیماندار ڕاڤەی هەموو ڕووداوێک دەکات و بە دوای پەیام و داواکاری جەنابی حەق دەگەڕێت. گەر خۆیشی بۆی نەدۆزرایەوە ئەوا داوای ڕاوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ ئەهلی شورا دەکات.

فڵان و فیسار شتم/ شتمان بەسەر هات، ئاخۆ لە کوێدا هەڵەم/ هەڵەمان کردبێت و دەبێت بەم شێوەیە هەڵسەنگاندن بکات.

 

توانای خوێندنەوە…

گریمان کەسێکین زۆر ڕقمان لە درۆیە. بەڵام کەسێک بە “درۆزن” ناوزەندی کردووین، دەبێت بیر لەمە بکەینەوە:” تۆ بڵێی لەم ماوەیەدا بە سوعبەتەوە درۆم لەگەڵ کەسێکدا کردبێت، ئەمە سزای ئەو قسەیەم بێت؟، یاخود بۆ ئاشتکردنەوەی دوو کەس سازشم کرد لەسەر ئەوەی درۆیەک بکەم، تۆ بڵێی بەو هۆیەوە بێت؟”.

بۆ نمونە کەسێک پێمدەڵێت “بوختانچی” کە ئەمە خۆی لە خۆیدا بوختانێکی ئاشکرایە، لەو کاتەدا دەبێت بڵێم:” تۆ بڵێی لە ناو مێشکمدا هەندێک گومانی خراپ بەرامبەر کەسانی تر هەبێت، من بەرامبەر ئەو بوختانانەی بەرامبەر خودی خۆم ئەنجام دەدرێت زۆر توڕە دەبم، تۆ بڵێی بە هۆی ئەوەی وەک پێویست کاردانەوەم بەرامبەر ئەو بوختانانە پشان نەدابێت کە بەرامبەر بزاڤی خزمەت ئەنجام دەدرێن و بەم هۆیەوە وام پێدەوترێت؟ یاخود لە ناو مێشکمدا بە چاوی سوکەوە سەیری هەندێک لە موسوڵمانانم کرد و مەحکومم کردن بە نەبوونی و خۆم لەوان بە گەورەترزانیوە، تۆ بڵێی بەو هۆیەوە بێت؟

کەسێک قسەی بە هیممەت وت، بەڵام من زیاتر لە ناموسم ئاگام لە هیممەتە، دەبێت لەو کاتەدا بڵێیت:

پارەی هیممەت و خۆم لە یەک جزداندا هەڵدەگرم، تۆ بڵێی لەو نێوەندەدا شتێکم لەبیرچووبێت و تێکەڵیەک ڕوویدابێت؟

تۆ بڵێی بەرامبەر ئەم پارەیە کە دەبێت لە ڕێگەی خودادا ببەخشرێت، وەک پێویست هەستیاریم پشاندابێت؟!

یاخود تۆ بڵێی ئەو پارەیەی بۆ فڵان هەژار وەرمگرت بە فیسار هەژاری ترم دابێت؟!

یاخود لە فیسار شوێندا تەنانەت گەر کەمیش بێت ئیسراف و زێدەڕۆییم کردبێت؟

یاخود تۆ بڵێیت بەرامبەر ئەو ئەمانەتە کەموکوڕیم پشاندابێت؟

تۆ بڵێی بە پارەی مەڕەکان، مانگام کڕیبێت؟

تۆ بڵێیت ئەو لیستەیەی پێمدرابوو بە شێوەیەک لە شێوەکان خیانەتم لێکردبێت؟

یاخود تۆ بڵێی چیم لەبیرکردبێت و چی هەڵەم کردبێت؟

یان تۆ بڵێی بێ ئەوەی ئاگام لە خۆم بێت، زوڵمم بەرامبەر هاوسەر و منداڵ و هاوڕێکانی خۆم لە شوێنی کارەکەم ئەنجام دابێت؟

دڵی کەسێکم شکاند؟ یان حەقی کەسێکم خواردبێت؟

دەبێت بیر لە هەزار شت بکەیتەوە و بە هەموو شێوازێک ڕووی ڕەخنەت لە خۆت بێت.

گیانی درۆزنان و بوختانچیان بە دۆزەخ، لە دەستدانی خودا لەلایەن ئەوانەوە وەک سزایەک بەسە بۆ ئەوان، ئەوە پەیوەندی بە منەوە نیە.

دەبێت بەوپەڕی هەستیاریەوە بە خۆمدا بچمەوە.

دەبێت بۆ ئەم بەدواداچوونە هزریەش بەردەوام لە حاڵی نزاکردندا بێت بۆ ئەوەی ڕاستیەکە بدۆزێتەوە و بە هەڵەدا نەچیت.

شوان بۆ ئەوەی مەڕەکەی ئاگاداربکاتەوە بەردێکی تێدەگرێت. ” ئەم بەردە لە کوێوە هات؟ چەند خۆشە لێرەدا دەلەوەڕم، لەعنەت لەو بەردەی لێیتێکدام”، گەر مەڕەکە بەم شێوەیەی وت ئەوا لە پەیامی شوانەکە تێنەگەشتووە.

لەوە دەچێت پەیامی شوانەکە ئەوە بێت بڵێت:

دیقەت بدە ئەوەی دەیخۆیت گیای خراپە یاخود دەڵێت وا ئێوارەیە و پێویستە بگەڕێینەوە. یان دەڵێت لە کێڵگەی کەسێکی تردایت و حەرام دەخۆیت.

بە سیفەتێ کەوا مرۆڤ وەک مەڕ نیە، پێویستە خۆی بە هۆکارەکانەوە خەریک نەکات. واتە پێویستە خۆی نەکات بە دوێنراوی شمشێرە تۆڵەسێنەرەکانی خودا کە “زاڵمانن”. هێندە تۆزێک و گەردێکیش هێز نەخاتە پاڵ زاڵمان و دارودەستەکەیان.

واتە خۆی نەخاتە حاڵەتێکی کۆمێدی وەک ئەوەی لەگەڵ شمشێر و بەردەکاندا بکەوێتە کێبڕکێ…

 

دوا ئاگاداری…

هیچ موسیبەتێک توشی کەسی ئیماندار نابێت گەر پەیامی خودای لەگەڵ خۆیدا هەڵنەگربێت. کەسی ئیماندار بریتیە لەو مرۆڤەی لە ڕێگەی ئەقڵیەوە پەیامی ناو ڕووداوەکان هەڵدەهێنجێنێت. بیرمان نەچێت “اقرا” فەرمانی خوێندنەوەی ڕووداوەکانیشمان پێدەکات. پێویستە قەڵەمی کۆنتڕۆل بگرم بە دەستمەوە و لە لاشەی شەخسی و کۆمەڵایەتیمدا هەر ئەندامێکم بەردی بەرکەوتبێت،  بیخەمە ژێر پشکنینەوە.

ئەو “نیعمەتە” ئیلاهیانە بە پەیامی خودا لێکبدەینەوە و لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵایەتی بە فرمێسکی چاوەکانمانەوە داوای لێخۆشبوون بکەین و، لە بەرامبەر ئەو بەردانەی بەر سەرمان دەکەون، لە بەرامبەر ئەو نوکی شمشێرانەی لاشەمان بریندار دەکەن، پێویستە نەکەوینە کوێرێتی ئەوەی:” ئاخ و ئۆف بکەین و بڵێین کەم ئەم بەڵایانە لەسەرمان هەڵدەگیرێت”.

بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی کە دەڵێت ” ئەی چۆنی بیر بکەینەوە؟”، نوسەری کتێبی گۆشەی شکاو بەم شێوەیە وەڵام دەداتەوە:

تۆ بڵێی من چۆن فەڵتەیەکم ئەنجامدابێت بەرامبەر خودای گەورە، وەها بەم شێوەیە توشی ناڕەحەتی بووم.چونکە لە ڕووداوەکانی گەردووندا بە هیچ شێوەیەک ڕووداوی خۆسەر و سەرپێی بوونی نیە. گەر بە چاوی پڕ دیقەتەوە سەیری ژیان بکەین، ئەوا دەبین تەنانەت لە بچوکترین بەڵا و موسیبەتەکانیشدا ئاگاداری خودا بەدی دەکرێت و هەموو ڕووداوێک لایەنێکی هۆشداریدانی هەیە. مرۆڤیش دەتوانێت لەو ئاگاداریە تێبگات. خۆ گەر ڕووبکاتە خودا و خێرێک ئەنجام بدات کە ببێتە کەفارەتی ئەو بەڵایە، بە پشتیوانی خودا دەبێتە هۆکاری ئەوەی بەڵا و موسیبەتی گەورەتری لەسەر هەڵبگرێت”.

کۆتا هۆشداریدانێکی تر…

مرۆڤی هۆشیار، خۆی بە چەشنی ئەو فڕۆکەوانە دەبینێت کە پێیوایە بچوکترین هەڵە و نوقسانی، خۆیی و زۆرێک لە کەسانی تریش سەربەرەو خوار بەرەو تیاچوون دەبات، بەم شێوەیە بینینیش وای لێدەکات بەردەوام بە هۆشیاری بمێنێتەوە و بچوکترین هەڵە ئەنجام نەدات هەتا خۆیی و کەسانی تریش سەربەرەوخوار تیانەچێنێت.

الله خزمەت و هاوڕێیانی خزمەت لە “هەڵە” و “جینایەت”گەلێک بپارێزێت کە سەربەرەوخواریان بکات.(١٣ ی ئەیلولی ٢٠١٥)

 

 

 

Show More
Back to top button