وتار

بەڵگەی تاوانبارکردنی ڕۆژنامە نووس ‘چایگێچ’ بە تیرۆر: مانەوە لەو هۆتێلەی ئاکەپە کۆبوونەوەی تێدا دەکرد!

بە خامەی/ ئەحمەد دۆنمەز

ڕۆژنامە نووسی شارەزا ‘جومەلی چایگێچ’ی تەمەن 43 ساڵ، بە تەواوی 362 ڕۆژە سەربەستی لێ سەندراوەتەوە. واتە نزیکی ساڵێک دەبێت. ساڵی ڕابردوو لە 22ی کانوونی یەکەمی 2016دا لەلایەن داواکاری گشتی کۆماری ئەنکەرەوە وەک یەکەی تاوانە زانراوەکان لە چوارچێوەی ئەو لێپرسینەوانەی دەستی پێ کرد،خرایە ژێر چاودێرییەوە. کاتێک لە 30ی کانوونی یەکەمیشدا دەست بەسەر کرا خرایە زیندانی ‘سینجانی’ ئەنکەرەوە.

دامەزراوەی مافەکانی مرۆڤ کە ناوەندەکەی لە سویدە “Stockholm Center for Freedom (SCF)”، دۆسییەکەی چایگێچ کە 22 ساڵ لە تەلەڤیزیۆندا کاری کردووە، خستە ژێر وردبینییەوە. بە پێی هەواڵەکەی (SCF) ئەو تۆمەتەی ڕووبەڕووی ڕۆژنامە نووسەکە کراوەتەوە بریتییە لە؛ ئەندامێتی لە ڕێکخراوێکی تیرۆرستیدا. بەڵگەکانیش بریتی بوون لە: کارکردنی تا ساڵی 2008 لە تەلەڤیزیۆنی ” Samanyolu”دا کە گوایە نزیکە لە گولەنەوە، دابەزاندنی ئەپڵیکەیشنی ” Bylock” لەسەر مۆبایلەکەی، دانانی هەزار لیرە لە بانکی ئاسیادا لە ساڵی 2014دا، مانەوە لە ئوتێلی “Kızılcahamam Asya Termal Kaplıca”دا و وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەی “تورگوت ئۆزاڵ”.

ئوتێلی “Asya Termal” لە بەشدارانی بانک ئاسیا بووە کە وا دەردەخرێت ئەم بانکە نزیک بێت لە بزاڤی گولەنەوە، لە هەمان کاتدا ئەم ئوتێلە دامەزراوەیەکی گەشتیاری هاوتای پارتی ئاکەپەی دەسەڵاتدار بووە. پارتی ئاکەپە لە دروست بوونییەوە تا ساڵی 2014 ساڵی 2 جار لەم ئوتێلەدا کۆبوونەوەی ئەنجام داوە. سەرۆکە گشتییەکان، وەزیرەکان، پەرلەمانتارەکان، سەرۆکی شار و شارۆچکەکان و سەرۆک شارەوانییەکان لەگەڵ خێزانەکانیاندا چەند ڕۆژێک لەم ئوتێلە دەمانەوە و کاروباری ناو پارتەکەیان شەن و کەو دەکرد. لە کاتێکدا ڕۆژنامە نووس چایگێچ چەند ڕۆژێک لەگەڵ خێزانەکەیدا لەم ئوتێلەدا بۆ پشوو ماوەتەوە، وەک بەڵگەی ئەندامێتی لە ڕێکخراوێکی تیرۆرستیدا هەژمار کراوە.

 

لە ساڵی 1995دا دەستی کرد بە کاروباری ڕۆژنامە نووسی

 

جومالی چایگێج خێزاندارە و خاوەنی 3 منداڵە، دەرچووی بەشی ڕۆژنامەوانی زانکۆی ئیستانبووڵە. لە ساڵی 1995 لە تەلەفیزیۆنی سامانیۆڵو (STV)دا وەک پەیامنێری شەوان لە ناوەندی هەواڵی ئیستانبووڵدا دەستی بە کار کردووە. لە دوای چەند سالێک لە ئەزموونی کاری شەوان، دواتر وەک پەیەمنێری پۆلیسی بەردەوام بوو. لە ئیستانبووڵدا وەک باشترین پەیامنێرانی پۆلیسی پیشان دەدرا. ئامێرە بێتەلەکەی هیچ لەدەستی نەدەبوویەوە، وەک ئەوەی بووبێت بە ئەندامێکی بیستنی. لە ساڵانی دواترشدا وەک سەرنووسەر و سەرپەرشتیاری هەواڵ کاری کردووە.

لە ساڵی 2008دا شوێنی کاری گۆڕیووە. بۆ کارکردن لە پرۆژەی تەڕەتە شەش کە پرۆژەیەکی باشی پارتی ئاکەپە بوو(TRT 6 / TRT Kurdî)ماڵی گواستەوە بۆ ئەنکەرە. ئەم کەناڵە کە لە بوونییەی تەلەفیزیۆنی حکومی تەڕەتەدا کرایەوە، وەک دوو لە بەشە ڕاگەیاندنە کووردییەکانی دەوڵەت، بەشێوەیەک پرۆژەییەکی کرانەوەی دیموکراسی بوو. چایگێچیش کە خۆی بە ڕەچەڵەک کوردە لەگەڵ درووست بوونیدا چووە تەڕەتە و بووە بەڕێوەبەری هەواڵ، تا تشرینی یەکەمی ساڵی  2013لەم کارەیدا مایەوە.

لە دواتردا چووە کەناڵی “TRT Haber” و دەستی کرد بە کاری پەیامنێری. لەو ڕەشبگیرییە بێ بەزەییانەی لە ناو دەوڵەتدا لە دوای ئۆپەراسیۆنەکانی 17-25ی تشرینی دووهەمەوە دەستی پێ کرد، ئەمیش بەشی خۆی بەر کەوت. لەبەر ئەوەی پێشتر لە ‘STV’ کاری کردبوو، ئەویش خرایە ژێر چاودێرییەوە. لە کەناڵی ‘TRT Avaz’دا وەک فەرمانبەرێکی ناچالاک  دامەزرێندرا. لە دوای کودەتا سەربازییەکەی 15ی تەمووزی 2016وە لە کارەکەی دوور خرایەوە.

زیاتر لە ساڵێکە لەسەر بەرنامەی بایلۆک لە زینداندایە

 

لە 22ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2016دا خرایە زیندان، هۆکارەکەشی بەرنامەی بایلۆک بوو. بەڵام لە کاتی لێپێچینەوەکەیدا بابەتی زیاتر هێنرانە ناو ڕۆژەڤەوە. لەسەر هەندێک بابەت کە نە لە یاسای سزادانی تورکیادا تاوانن نە بە پێی بنەما یاساییە جیهانییەکان بە تاوان سەیر دەکرێن، بە بانگەشەی ‘ئەندامێتی ڕێکخراوی تیرۆر’ دادگایی کرا.

بۆ نموونە؛ یەکێک لەو پرسیارانەی ڕووبەڕووی چایگێچ کرابوویەوە ئەمەیە: “لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە تۆماری مانەوەت هەیە لە دێی ‘Asya Termal Tatil’ کە دامەزاوەیەکی سەر بە ڕێکخراوی چەکداری فەتۆ/پەیەدەیە، هەروەها دەرکەوتووە کە پەیوەندیت هەبووە بە نەخۆشخانەی تورگووت ئۆزال، بانک ئاسیا، ڕێکخراوی ‘ Kimse Yok mu’، نەخۆشخانەی زانکۆی فاتیح، ڕۆژنامەی زەمان، گەشت و گوزاری نوانس، مێیدان، سیستمی خانەنشینی بانک ئاسیا، کارتی ئاسیا و ئەنافێن. ئایا پەیوەندیت بەم دامەزراوانەوە چی بوو؟

چایگێچ پرسیارەکەی ئوتێلی ” Kızılcahamam Asya Termal Otel”ی بەم شێوەیە وەڵامدایەوە: “ئوتێلی ئاسیا، سیستمێکی گەرمی تێدایە. بە پارەی خۆم چووم. هیچ یاسایەک نییە چوون بۆ ئەوێ بە تاوان بناسێنێت. دامەزراوەیەکی فەرمییە. کاتێک من لەوێ بووم، زۆرێک لەوانەی لە ئێستاشدا لە سیاسەتدا چالاکن لەوێ بوون. پارتی ئاکەپە بۆ چەندین ڕۆژ لەوێدا کۆبوونەوەی دەکرد. منیش لەبەر ئەوەی ئەو شوێنە بەناو بانگ بوو چووم.”

نەخۆشخانەی تایبەتی تورگوت ئۆزالیش لە ئەنکەرە دامەزراوەیەکی تەندروستی فەڕمی سەر بە زانکۆی تورگوت ئۆزالی تایبەتە کە هەزاران نەخۆشی هەیە. جومەلی چایگێچ لە وەڵامی ئەم پرسیارەشدا وتی: “ئەو دامەزراوەی کارم تێدا دەکرد، واتە ‘ TRT’ لەگەڵ ئەم نەخۆشخانەیەدا ڕێککەوتنی داشکاندنی هەبوو. منیش لەبەر ئەوە ئەوێم بەکار هێنا.”

ڕۆژنامە نووس چایگێچ وتی کە هیچ پەیوەندییەکی بەو دامەزراوانەوە نەبووە کە باس کراون. هەروەها لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە “لە 18ی مارتی 2002دا ژمارەیەکی بانکی لە بانکی ئاسیادا کردووەتەوە و لە ساڵی 2014دا 1000 لیرەی لەم ژمارە بانکییەدا داناوە”. ناوبراو وەڵامێکی هەست بزوێنی دانەوە: “باوکم لەم 2 ساڵەی کۆتاییدا نەخۆش بوو. وایدەزانی دەمرێت. ئەو پارەیەی بۆ تێچووی پرسەکەی پیدام و وتی لە بانکێکی سوود نەویستدا دایبنێ. منیش لەبەر ئەوەی ئەم بانکە سوود نەویست بوو، لەوێ دامنا. باوکم کۆچی دوایی کرد. لەو ماوەیەدا ئەو پارەیەم ڕاکێشاو لە تێچووی پرسەکەیدا بەکارم هێنا.

 

لەبەر ئەوەی خراویتە ژێر چاودێرییەوە، تاوانباریت!

 

یەکێکی تر لە پرسیارە سەیرەکانی لە چایگێچ کرابوو، بەم شێوە بوو: “لە دوای ئۆپەراسیۆنی گەندەڵی 17ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2013 و هەوڵی کودەتاکەی 15ی تەمووزی 2016 هەندێک لەو کەسانەی کە پەیوەندیان بە ڕێکخراوی چەکداری تیرۆری فەتۆ/پەیەدە هەبوو یان ئەندامیان بوون و لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا کاریان دەکرد لە کارەکانیان دوور خرانەوە یان خرانە کاری ناچالاکەوە. لەبەر ئەوەی ئێوەش لە دوای هەوڵی کودەتاکەوە لەگەڵ دوورخرانەوەتان لە کارەکەتان، لە دامەزراوەکەش دەرکراون، ئەوە پیشان دەدات کە یەکێکن لە بەڕێوەبەرانی  یان ئەندامی ڕێکخراوی چەکداری تیرۆری فەتۆ/پەیەدە. لەبارەی ئەم بابەتەوە بەرگری لە خۆتان بکەن.”

واتە مرۆڤەکان لە سەرەتادا خراونەتە ژێر چاودێرییەوە و توشی ڕەشبگیری بوون، لە کارەکانیشیان دوورخراونەتەوە. لە دوایشدا وەک ئەوەی ئەندام بوون لەم ڕێکخراوە تیرۆرستییەدا بەڵگەیەک بێت پێی وتراوە: “مادام تۆ لەو قۆناغەدا لە کار دەرکراویت، کەواتە ئەندامی ئەم ڕێکخراوەیت. ئایا بەرگری لە خۆت ئەکەیت؟ بۆ سەرجەم ئەندامانی بزاڤی خزمەت لە هەموو دانیشتنەکانی دادگادا ئەم پرسیارە ئەگەری کردنی هەیە. وەڵامی جومالی چایگێچش ئەمە بوو؛ “من ئەندامی هیچ ڕێکخراوێکی تیرۆرستی نیم، من ڕۆژنامە نووسم.”

 

لەبەرامبەر بانگەشەی بەکارهێنانی بەرنامەی بایلۆکیشدا وتی: “بەکارم نەهێناوە. ئەگەر بەکاریشم هێنابێت، دەمەوێت بەڵگەکانی تاوانەکەم ببینم، دەمەوێت ئەو نامانە ببینم کە دەبنە بنەمای تاوانەکەم.”

 

چایگێچ لە بارەی هەوڵی کودەتاکەی 15ی تەمووز و تاوانبارکردنی بە ئەندامێتی ڕێکخراوی تیرۆر، ئەم دەستەواژانەی بەکار هێنا: “هیچ یەکێک لەم تاوانبار کردنانە پەسەند ناکەم و ڕەتی دەکەمەوە. کە لە TRT 6 کارم دەکرد، ڕۆژێکیان بەڕێوەبەرەکم وەرەقەیەکی بەدەستەوە بوو، هات بۆ لام. وتی کە ئەم وەرەقەیە لەلایەن ‘میت’ەوە هاتووە، هەروەها وتی؛ تەنها لەبەر ئەوەی لە TRT 6 کار دەکەیت، ناوت لە لیستی مردنی ڕێکخراوی پەکەکەدا هەیە. پێی ڕا گەیاندم کە دەبێت ئاگام لەخۆم بێت. زۆرم لا ناخۆشە کە پێشتر ناوم لە لیستی مردنی پەکەکەدا بووە، بەڵام ئێستا وەک تیرۆرستێک مامەڵەم لەگەڵ دەکرێت و بەم تاوانە قورسانەش تاوانبار کراوم. ئەمە کارە شیکردنەوەی نییە. ناتوانم ئەو هێرشانەی کە کرانە سەر سەرۆک کۆمار، پەرلەمانەکەمان، پۆلیسەکانمان و سوپاکەمان لە شەوی کودەتاکەدا پەسەند بکەم، بە هێچ شێوەیەک پشت ڕاستی ناکەمەوە و هەر لەسەریشی نادوێم. لە هیچ شوێنێکی ئەم هەوڵی کودەتایەدا نیم. ناشتوانم ببم. من تیرۆرست نیم. هەرگیزیش ناتوانم ببم بە تیرۆرست. لە جێی ئەوەی بە من دەڵێن تیرۆرست، فیشەکێک بنێن بە نێو چاوانمەوە باشترە.”

جومالی چایگێچ دوای ئەم لێپرسینەوانە، لە 30ی کانوونی یەکەمی 2016دا دەست بەسەر کرا. وا خەریکە یەک ساڵی تەواو لە زیندان پڕ دەکاتەوە. لە قاوشی بەندینخانەی ‘سینجان’ی 8 کەسیدا، 28 کەس دەمێننەوە. لەبەر نەبوونی شوێن خەوی پێویست، بە درێژایی 7 مانگ لەسەر زەوی نووستووە. نزیکی 30 کەس، 2 تەوالێت و یەک گەرماو بەکار دەهێنن.

 

دوای 10 مانگ ئەنجا توانی بچێتە بەردەم دادوەر

 

بۆ یەکەم جار لە 24ی تشرینی یەکەمی 2017دا، واتە دوای 10 مانگ لە زیندانی کردنی دەرچوو. دووهەم دانیشتنی لە 13ی شوباتی 2018دا دەبێت.

سێ منداڵی هەیە بە ناوەکانی؛ فاتیح. ئایشێ نالان و خەلیل ئیبراهیم. کوڕە بچووکەکەی؛ خەلیل ئیبراهیم کاتێک باوکی گیرا تەمەنی 3.5 ساڵ بوو. یەکەمجار پێی وترا کە باوکت لەوێدا کار دەکات. دواتر بە پێی کات خەلیل ئیبراهیم دەستی کرد بە سکاڵا کردن و دەیوت: “من هیچ شوێنی کاری نوێی باوکمم بە دڵ نییە، با بگەڕێتەوە سەر کارە کۆنەکەی. لێرە چیتر شەوان نایەتەوە ماڵ”. چیتر زوو زوو دەگری و دەڵێت: “من زۆر بیری باوکم دەکەم”. جار جار بەدەم گریانەوە دەپرسێت؛ “دایە، باوکی ئێمە مردووە؟”.

 

سەرچاوە: ماڵپەڕی TR724

 

Show More
Back to top button