هەواڵ

بەڕێوەبەری پەخشی ڕۆژنامەی زەمان: لە بری ئەوەی کاسەلێسی بۆ دیکتاتۆر بکەم کاری تاکسی دەکەم

 

عەبدولحەمید بیلیجی بەڕێوەبەری پەخشی ڕۆژنامەی زەمان وەڵامێکی شەپازلە ئاسای ڕۆژنامەی ئاکشامی دایەوە کە پێشتر گاڵتەی پێکردبوو بە هۆی ئەوەی لە ئەمریکا کاری تاکسی دەکات و هەوڵ دەدات لەو ڕێگەیەوە بژێوی ژیانی خۆی دابین بکات.

عەبدولحەمید بیلیجی دوای ئەوەی ڕۆژنامەی زەمان داخرا و دەست بەسەر تەواوی ماڵ و موڵکی ڕۆژنامەکەدا گیرا، ناچار بوو تورکیا جێبهێڵێت و ڕوو لە دەرەوەی وڵات بکات. بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە میدیاکانی سەر بە حکومەتی تورکیادا بانگەشەی ئەوە دەکرا کە بەڕێوەبەرانی ڕۆژنامەی زەمان لە دەرەوەی وڵات لە ژیانێکی شاهانەدا دەژین. بەڵام ڕۆژنامەی ئاکشامی سەر بە حکومەتی تورکیا هەواڵێکی بە ناونیشانی “عەبدولحەمید بیلیجی کاری تاکسی دەکات” بە مەبەستی سووکایەتی کردن بە بیلیجی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا چەندین وشەی نەشیاوی بەرامبەر بە عەبدولحەمید بیلیجی بەکارهێناوە.

عەبدولحەمید بیلیجی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی بۆڵد مێدیا لەو بارەیەوە وتی: “لە ڕوانگەی منەوە ئەوە شەرەفێکی زۆر گەورەترە کە کاتێک هەوڵ دەدەم بە حەڵاڵی پارەیەک پەیدا بکەم ببم بە مانشێت لە ڕۆژنامەکاندا نەک لەو کاتەی پارەی بەرتیل لە ناو پاکەتی پێڵاودا لە ماڵەکەمدا بدۆزرێتەوە. ئێستا هەموو ئەو هەواڵە چەواشەکارییانەی میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتی تورکیا بە درۆ کەوتنەوە کە دەیانوت ئێمە لە دەرەوەی وڵات لە ژیانێکی شاهانەدا دەژین. لە مانشێتی ڕۆژنامەکانی خۆیاندا ڕایانگەیاند کە ئێمە لە دەرەوەی وڵات چۆن دەژین. لە ڕاستیدا ئەوە نهێنی نەبوو. ئەوە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە لە تورکیا پیشەی ڕۆژنامەوانی تەنها لە ڕووی ئەخلاقییەوە نا بەڵکو لە ڕووی پیشەییشەوە ئیفلاسی کردووە. من ماوەی زیاتر لە ساڵ و نیوێکە لە ڕێگەی بەرنامەی ئوبەرەوە کاری تاکسی دەکەم. هەندێک ڕۆژ ٩ بۆ ١٠ کاتژمێر کار دەکەم. لانی کەم لە ٤٠ بۆ ٥٠ کۆنفرانسدا باسی ئەوەم کردووە. لە زۆرێک لە چاوپێکەوتنەکاندا باسی ئەوەم کردووە. بەڵام میدیاکانی تورکیا وەک ئەوەی شتێکی نوێیان دۆزیبێتەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتەدا دەکەن.”

بیلیجی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “زۆرێک لە هاوڕێیانی دیکەشمان کاری تاکسی دەکات. بۆ نمونە ئادەم یاڤوز لە من زیاتر ئەو کارەی کردووە. لە ڕاستیدا کەسێک کە لە ڕۆژنامەی زەماندا بەڕێوەبەر بووبێت و لە ئێستادا کاری تاکسی بکات هەموو بوختانەکان بە درۆ دەخاتەوە. هاوڕێیانمان هیچ کامیان جیاوازییان لەگەڵ من نییە. هیچ کەسێک قرووشێکی بە ناحەق لەو دەزگایانە وەرنەگرتووە کە کاریان تێدا کردووە. خۆی لە خۆیدا هەموو حساباتێکی ئێمە و ئەو دەزگایانەی کارمان تێدا کردووە لە ژێر دەستی حکومەت دایە. تا ئێستا نەیانتوانیوە یەک خراپ بەکارهێنان ئاشکرا بکەن. نەیانتوانیوە پێش منیش هیچ خراپ بەکارهێنانێک لە ئەکرەم دومانلی بدۆزنەوە. ئێمە لە سەردەمێکدا زۆر نزیک بووین لە حکومەتەوە، ئەگەر لە هەر تەندەرێکدا یاخود لە هەر دۆسییەیەکدا یارمەتی بازرگانێکمان بدایە، لە ئێستادا ئەوەندەمان سەروەت دەبوو کە بەشی حەوت پشتمانی بکردایە. ئێمە هیچ کات هەوڵمان نەداوە بۆ ئەوەی ئەو نزیکییەمان لە حکومەتەوە بۆ بەرژەوەندی خۆمان بەکار بهێنین. سوپاس بۆ خودا کە وا نەبووین، ئێستا دەتوانین بە شەڕەفەوە بژین. زۆرێک لە هاوڕێیانمان لە بارودۆخێکی خراپ و چەوساوەدان بەڵام ئێمە نامانەوێت بەردەوام قسە لەسەر ئەوە بکەین. هاوڕێیانمان لە لایەن کاری خۆیان دەکەن و لە لایەکی دیکەشەوە هەوڵ دەدەن بژێوی خۆیان پەیدا بکەن. من زیاتر گرنگی بەوە دەدەم کە لە ڕێگەی کۆنفرانسەکانەوە بارودۆخی ئازادی ڕۆژنامەوانی لە تورکیا و ئەو هاوڕێیانەمان کە لە گرتووخانەکاندان و هەموو ئەو ستەمکارییانەی دیکە کە ئەنجام دەدرێن بۆ هەموو جیهان باس بکەم. لە هەمان کاتیشدا هەوڵ دەدەم لە ڕێگەی کاری تاکسییەوە بژێوی خۆم پەیدا بکەم. پێم وایە کارکردنم لە ڕێگەی ئوبەرەوە شتێکی زۆر گرنگە لە ڕوانگەی پاراستنی سەربەخۆییمەوە. پێشتریش هەر بەو شێوەیە بووین. ڕەنگە لە چەند بابەتێکدا ڕەخنە لە ڕۆژنامەی زەمان بگیرێت بەڵام یەکێک لە ڕووە هەرە گرنگەکانی ڕۆژنامەی زەمان سەربەخۆبوونی بووە.”

بیلیجی لە کۆتایی قسەکانیدا دەربارەی مانشێتی ئەو ڕۆژنامانەی باسیان کردووە وتی: “من پێشتریش وتوومە کاری تاکسی دەکەم و ئەوە لە میدیاکاندا باس کراوە. بەڵام ئەوەی من نیگەران دەکات ئەو شێوازەیە کە هەواڵەکەی پێ نووسراوە. بۆ نموونە ڕۆژنامەی جومهورییەت، کە گوایە ڕۆژنامەیەکی ئازادیخوازە، پێگەیەکی دیاری هەیە لە وڵاتدا بەڵام ئەو مانشێتەی دایانناوە جێی شەرمەزارییە. ئەو مانشێتەی ئەوان دایان ناوە بۆ ڕۆژنامەنووسێک کە ڕۆژنامەکەی داخراوە و دەستی بەسەردا گیراوە، و هاوڕێکانی بەند کراون و خۆشی لە ئاوارەییدا دەژی، دەبێت بە شەرمەزارییەک بۆ مێژووی ئەوان. چەندین کەسی ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس هەبوون پێشتر لە جیهان و لە تورکیاشدا کە ناچاربوون وڵاتی خۆیان بەجێبهێڵن و کاری تر بکەن بۆ ئەوەی لە ژیاندا بمێننەوە. ئەوە مایەی شکۆ و شانازییە بۆ ئەوان. لە بری ئەوەی کاسەلێسی بۆ دیکتاتۆرێک بکەم، لە بری ئەوەی لە کۆشکەکان و لە فڕۆکە تایبەتییەکاندا شوێنم هەبێت، ئەگەر پێویست بکات کلێنس دەفرۆشم و ئەگەر پێویست بکات کاری تاکسی دەکەم و بەو شێوەیە بژێوی پەیدا دەکەم و شانازیش بەوەوە دەکەم.”

http://www.shaber3.com/abdulhamit-bilici-diktatorluge-yalakalik-yapmaktansa-taksicilik-yaparim-haberi/1329709/

Show More
Back to top button