هەواڵ

بەپرسێکی CIA: باباجان بە ئاشکرا پێی وتین کەوا ئابڵوقەی سەر ئێرانیان شکاندوە

دەیڤد کۆهەن یاریدەدری پێشووی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکی(CIA)، لە ڕۆژی نۆهەمی دادگاییکردنی رەزا زەراب و مەهمەت هاکان ئەتیلا، وەک شایەت لەبەردەم دادوەردا ئامادە بوو.

لە ماوەی ڕابردودا زەراب دانی بە تاوانەکانیدا ناو، ئێستا مەهمەت هاکان ئەتیلا تەنیا گومانلێکراوی ناوی دۆسیەی دادگایە.

کۆهەن لە بەردەم دادوەردا وتی” عەلی باباجان وەزیری پێشووی دارایی تورکیا، بە ئاشکرا ئەوەی پێ ڕاگەیاندین کە تورکیا ئابڵوقەی ئابوری سەر ئێرانی شکاندوە”.

بەرپرسەکەی CIA  لە بەردەم دادگادا باسی لەوەش کرد کە لە مانگی ١٢ ی ساڵی ٢٠١٣ سەردانی تورکیای کردوە و سەبارەت بە پەیوەندی نێوان رەزا زەراب و بەرپرسانی بانکی هەڵک، لەگەڵ کاربەدەستانی بانکەکە کۆبوونەوەی ئەنجام داوە.

داواکاری گشتی لەم کاتەدا پرسیارێکی ئاڕاستەی کۆهەن کرد و وتی” ئایا وەڵامەکانیان بۆ تۆ، بە پێی پێویست بوو؟”

کۆهەن لە وەڵامدا وتی” زۆر نا”.

کۆهەن لە بەردەم دادگادا باسی لەوە کرد کە ئێرانیەکان بۆ شکاندنی ئابڵوقەی ئابوری سەر وڵاتەکەیان “ڕێگەی فریودەرانە” یان بەکار هێناوە و پاشان وتی” لە ڕاستیدا گەر بمانەوێت ڕوبەڕوی ئەو کەسانە ببینەوە کە ئابڵوقەی ئابوری سەر ئێرانیان شکاندوە، دەبێت بزانین لەگەڵ کێدا ئەم کارانەیان کردووە، ئێرانیەکان بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندیان بە مەهمەت هاکان ئەتیلاوە کردووە”.

کۆهەن لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە یاساکانی دەزگای نێودەوڵەتی بەرەنگاربونەوەی کتوپڕی هێزی ئابوری (IEEPA) کرد، کە دەزگایەکی سەر بە CIA و، لەو تاوانانە دەکۆڵێتەوە کە لە دژی ئابوری ئەمەریکا ئەنجام دەدرێت.

کۆهەن باسی لەوە کرد کە لە ڕابردودا چەندین جار هاکان ئەتیلای سەبارەت بە شکاندنی ئابڵوقەی ئابوری سەر ئێران ئاگادار کردۆتەوە و، جگە لە بانکی هەڵک، لەسەر ئاستی هەموو جیهان، کاری لەگەڵ زۆر بانکی تر کردووە.

کۆهەن باسی لەوەش کرد کە کاربەدەستانی وەزارەتی دارایی ئەمەریکا، چەندین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کاربەدەستانی بانکی هەڵک ئەنجامداوە لە تورکیا و ئەمەریکادا، لە کۆبونەوەکانیشدا هەریەک لە سولەیمان ئاسڵان و مەهمەت هاکان ئەتیلا ئامادە بووە.

کۆهەن ئاماژەی بەوەدا کە دوای ئەوەی گۆڕانکاری لە یاساکانی ئەمەریکادا کراوە سەبارەت بە چۆنیەتی ئەنجامدانی بازرگانی لەگەڵ ئێران، هەریەک لە سولەیمان ئاسڵان و مەهمەت هاکان ئەتیلایان ئاگادار کردۆتەوە.

بەڵام ئەوان پێیان ڕاگەیاندوون کە بە هۆی پەیوەندی دراوسێیەتی و کەلتوری نیوان هەردوو وڵات، ناچارن بەوەی بەردەوامی بدەن بە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئێران.

کۆهەن باسی لەوەش کرد کە ئاسڵان و ئەتیلا متمانەیان پێداوە بەوەی ئابڵوقەی ئابوری سەر ئێران ناشکێنن.

 

کۆهەن لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە لە بەرواری ١٤ ی ئازاری ٢٠١٢ لەگەڵ هەریەک لە ئاسڵان و مەهمەت هاکان ئەتیلا کۆبونەوەی ئەنجام داوە و، سەبارەت بەو یاسایانەی لە بەرواری ١١ ی مانگی ١٢ ی ٢٠١١ لە کۆنگرێسی ئەمەریکا دەرکراوە، هەردووکیانی ئاگادار کردۆتەوە.

کۆهەن لەم کاتەدا باسی لەو یاسایانە کرد کە بە مەبەستی کەمکردنەوەی قەبارەی بازرگانی ئێران، لەلایەن کۆنگرێسی ئەمەریکاوە دەرکراوە.

داواکاری گشتی لەم کاتەدا پرسیاری ئەوەی لە کۆهەن کرد کە ئایا هەریەک لە ئەتیلا و ئاسڵان باسی بازرگانی ئاڵتونیان کردووە یان نا؟ کۆهەنیش لە وەڵامدا وتی ” زۆر جار”.

کۆهەن باسی لەوەش کرد کە لە سالی ٢٠١٢ سەردانێکی تری بۆ تورکیا کردوە و سەبارەت بە چۆنیەتی شکاندنی ئابڵوقەی ئابوری ئێران لەلایەن کاربەدەستانی ئێرانیەکانەوە، ئاگاداری داوە بە سولەیمان ئاسڵانی بەڕێوەبەری بانکی هەڵک.

هەروەها لە هۆڵی دادگا ئەو نامەیە پشاندرا کە لەو بەروارەدا کۆهەن بۆ سولەیمان ئاسڵانی ناردووە.

کۆهەن باسی لەوەش کرد کە عەلی باباجانی وەزیری دارایی ئەو کاتەی تورکیا، بە ئاشکرا پێی ڕاگەیاندوە کەوا تورکیا ئابڵوقەی ئابوری سەر ئێرانی شکاندوە.

کۆهەن دواتر باسی لەوە کرد کە دوای دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەرێکی نوێ بۆ بانکی هەڵک، لە دوای ڕووداوەکانی ١٧ ی کانونی یەکەمی ٢٠١٣، دووبارە سەردانی بانکی هەڵکی کردوە و داوای لێکردوون کە رەزا زەراب بخەنە ژێر چاودێریەوە.

داواکاری گشتی پرسیاری ئەوەی ئاڕاستە کرد کە ئایا وەڵامەکانیان بە پێی پێویست بووە؟ کۆهەن لە وەڵامدا وتی ” زۆر نا”.

کۆهەن باسی لەوەش کرد کە بەڕێوەبەرە نوێکەی بانکی هەڵک متمانەی ئەوەی پێداوە کە ئاگاداری زەراب دەبن، بەڵام بە هۆی ئەوەی بەردەوام زانیاریان لەسەر زەراب پێگەشتوە، متمانەیان بە قسەکانی بەڕێوەبەرەکە نەکردوە.

کۆهەن باسی لەوەش کرد کە ٦ کۆبوونەوەی لەگەڵ هاکان ئەتیلا و کاربەدەستانی بانکی هەڵکدا ئەنجام داوە، بەڵام ئەتیلا لە هیچ کامیاندا ئامادەیی ئەوەی پشان نەداوە چالاکیەکانی ئێران لە بانکەکەیان ئاشکرا بکات.

ئەمەی خوارەوە بەشێکە لەو دیالۆگەی لە نێوان ڤیکتۆر ڕۆکۆ پارێزەری هاکان ئەتیلا و دەیڤد کۆهەن ڕویدا:

ڕۆکۆ: ئایا ئێوە ئەوەتان پێ ڕاگەیاندن کەوا لە بانکی هەڵکدا شتێکی گوماناوی ئەنجام دەدرێت؟

کۆهەن:

من بیری ئەوەم نیە کە وشەی “گوماناوی”م بەکارهێنابێت، من بیری وشە بە وشەی قسەکانی خۆمم نەماوە، بەڵام پێم وتن کەوا لە بازرگانی ئاڵتونی نێوان ئێران و تورکیادا زیادبوونێکی بەرچاومان بەدی کردوە، من بیری ئەوەم هەیە کە لە بەهاری ٢٠١٣ لەگەڵ هاکان ئەتیلا و کاربەدەستانی بانکی هەڵک کۆبوونەوەم ئەنجامدا، خودی ئەتیلا ئەوەی پێ ڕاگەیاندم کە دەتوانین دڵنیا بین لەوەی بانکی هەڵک لە جێبەجێکردنی ئابڵوقەی ئابوری سەر ئێراندا، خاوەنی ڕێوشوێنێکی توند و تۆڵە.

دانیشتنی ڕۆژی نۆهەمی دادگا لێرەدا کۆتایی هات.

http://www.tr724.com/ifadesi-tamamlanan-reza-zarrab-durusmaya-gelmedi-tanik-kursunde-eski-cia-direktor-yardimcisi-var/

 

Show More
Back to top button