بیروڕا

بەردەوام با ببینە سەرچاوەی ئومێد!

بەخامەی: فیکرەت کاپڵان

ڕۆژی ڕابردوو یەکێک لە هاوڕێیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی زۆر ڕاستگۆیانە خواستەکانی خۆی دەربارەی “لێخۆشبوون” لە دوای ئەم قۆناغە ناخۆشەی بزاڤی خزمەت پێیدا تێدەپەڕێت، باس کردبوو. بەڵام ڕۆژنامەنووسێک کە لە ڕووی کەسێتییەوە لاواز، وە هەموو کات ئامادە بۆ ئەوەی قەڵەمەکەی بفرۆشێت، کاتێک زۆری بۆ دێت لەملا دەچێت بۆ ئەولا و لەولا دێت بۆ ئەملا، وە بە کەیفی خۆی ڕەنگی خۆی دەگۆڕێت، زۆر بە توندی وەڵامی دابووەوە. لەبەر ئەوە ئەو هاوڕێیە جەوی زۆر تێکچووبوو.

هاوڕی، ئێمە بە چەپڵەڕێزان یاخود ئیدانەکردن، سوکایەتی و بوختان هەڵبەستنی کەسانی دیکە ڕێگەی خۆمان ناگۆڕین. لەسەر ئەم ڕێگەیەی کە پێغەمبەری سەروەرمان (د.خ) دەستیپێکردووە، بە شوێن پێی ئەودا دەڕۆین. پێویستە لە خۆمان بپرسین ئەگەر پێغەمبەری ڕەحمەت (د.خ) ئێستا لە ناوماندا بوایە، لە بەرامبەر بارودۆخێکی لەو شیوەیەدا هەڵوێستی چۆن دەبوو، وە چۆن وەڵامی دەدایەوە؟

پێغەمبەری خودا (د.خ) لە بەرامبەر تۆمەت و بوختان و سوکایەتی موشریکەکان و دووڕووەکان و کافرەکان، بە ئارامگری و خۆڕاگری و پێچەسپاوی و سووربوون لەسەر ڕێبازەکەی بەردەوام بوو لە گەیاندنی حەقیقەتەکان بە خەڵکی. هیچ شتێک نەیتوانی ئەو لەسەر ڕێبازەکەی لاببات.

وە مامۆستا سەعیدی نورسی (بەدیعوزەمان) لەو بارەیەوە دەڵێت:

“ئاگرێکی زۆر گەورە لە بەرامبەرمدا هەیە. پریشکەکانی هەتا ئاسمانەکان بەرز بوونەتەوە. ڕۆڵەکانم لە ناویدا دەسوتێن، ئیمانم لە ناویدا دەسوتێت. ڕادەکەم بۆ ئەوەی ئەو ئاگرە بکوژێنمەوە و ئیمانم ڕزگار بکەم. بەڵام کەسێک لەسەر ڕێگا هەوڵ دەدات پاشقولم لێبگرێت، وە قاچم بەر ئەو کەوت؛ ئەو چ گرنگییەکی هەیە؟ ئایا لە بەرامبەر ئەو ئاگرە گەورەیەدا ئەم ڕووداوە بچووکە هیچ قیمەتێکی هەیە؟ ئایا دواتر ناڵێن تەسک بیرکردنەوە، وە کورت بینین؟”

ئەو ڕووداوە ناخۆشانەی لەم قۆناغەدا گوزەران، قەدەرێکی نەگۆڕی ئەو کەسە غەریبانەیە کە سەری خۆیان لە پێناو خزمەتکردنی بە مرۆڤایەتی داناوە. هەتا دونیا بمێنێت ئەوە هەر دەمێنێت. ئەو پێغەمبەر نازدارە (د.خ) چەند شتی بۆ هەڵدرا و چەند قسەی نەشیاوی پێ وترا.

ئەمڕۆش مرۆڤە بەدبەختەکان، لە پێناو ڕێگری کردنی لە بزوتنی ئەو خۆبەخشانە، بەردەوام درۆ و بوختانەکانیان دووبارە دەکەنەوە. دەڵێن “چالاکی ڕێکخراو”، یاخود بوختان دەکەن و دەڵێن “ئەو شتەیان دەوێت، ئەو شتە لە نییەتیاندا هەیە”. ئەو کەسانە دەدۆزنەوە کە لە ڕووی کەسێتییەوە لاوازن، بەردەوام ئامادەن بۆ ئەوەی ببن بە داردەستی کەسانی تر، وە دەیانکەن بە هەوا و ئارەزوو پەرست و بەرژەوەندیخواز، وە بۆ مەبەستەکانی خۆیان بەکاریان دەهێنن. لە کاتێکدا دەیان جار وەڵامی ئەو پرسیارانەیان وەرگرتووە کە دەربارەی هەندێک بابەت دەپرسن، بەڵام دیسان شەرم ناکەن لە دووبارە کردنەوەی ئەو بوختانانەیان، دیسان هەمان شت دەنووسن و خەڵکی چەواشە دەکەن. کاتێک دەوران پێچەوانەی خواستەکانی ئەوان دەسوڕێتەوە، هەڵدێن و ناونیشانی خۆیان دەگۆڕن و شوێن پێی خۆیان ون دەکەن. بەڵام دواتر کەسێکی دیکە دێت و دوای ئەوەی خۆی دەفرۆشێت، لەسەر هەمان ڕێبازی ئەوان لە شوێنێکی دیکەوە سەر دەردەهێنێت و هەمان بوختانەکانی ئەوان دووبارە دەکاتەوە.

لە بری ئەوەی خۆمان بە وەڵامدانەوەی چەواشەکارییەکانی ئەوانەوە سەرقاڵ بکەین، پێویستە مەشخەڵێک هەڵبکەین. چونکە، قابیل کە بەردی ئیرەیی بردنی هەڵگرتبوو ئەمڕۆ بوونەتە هەزاران و ملیۆنان… ئەبوجەهلەکان بە شوێن فێڵ و تەڵەکەی هێندە خراپەوەن کە شەیتان واقی وڕماوە بە دیاریانەوە… ئەبولەهەبەکان لە هەموو شوێنەکەوە دێنە سەر ڕێ… کەسانێک لە عەبدوڵای کوڕی سەلول دڕندانەتر لە پشتەوە خەنجەر لە پشتی برا موسوڵمانەکەی دەدات.

ناتوانیت شتەکان لەوان تێبگەیەنیت. ئەوانە لە حەق و یاسا و ویژدان تێناگەن. کێ هەر شتێک دەکات با بیکات پێوانەکە بۆ ئێمە دیاریکراوە. خۆت نیگەران مەکە بە ڕەفتارە نەشیاو و نابەجێکان! هەموو کەسێک لە ڕێگەی ڕەفتارەکانییەوە کەسێتی خۆی دەردەخات. تۆ پێش هەموو شتێک هەوڵ بدە دەردی خۆت لای مرۆڤێک باس بکەیت کە بە ڕاستی مرۆڤ بێت… مرۆڤە بێویژدان و گەمژەکان کە لە گەمژەترین بوونەورە گەمژەییەتیان وەرگرتووە، هەرگیز لە تۆ تێناگەن…

“بەندە ڕاستەقینەکانی خودای میهرەبان ئەو کەسانەن کە بە هێمنی و خۆبەکەمزانی بەسەر زەویدا دەڕۆن، وە کاتێک جاهل و نەزانەکان قسەیان پێدەلێن، پێیان دەڵێن ‘بە سەلامەت’ وە بە ڕێگەی خۆیاندا دەڕۆن” (سورەتی فورقان – ئایەتی ٦٣)

پێغەمبەری سەروەرمان (د.خ) لەگەڵ هاوڕێ ڕاستگۆکەی ئەبوبەکری صدیق (ڕ،خ) دانیشتبوون. ڕۆژێکی گەرمی مەدینە بوو. پاش کەمێک پیاوێک هاتە لایان. دوای کەمێک تەماشای چواردەوری کرد لە بەردەم حەزرەتی ئەبوبەکر (ڕ.خ) وەستا، وە ڕاستەوخۆ بە وشەی نەشیاو و نابەجێ هێرشی کردە سەر حەزرەتی ئەبوبەکر (ڕ.خ). سوکایەتی پێکرد و هەوڵدەدات بچووکی بکاتەوە بیشکێنێت. بەڵام حەزرەتی ئەبوبەکر (ڕ.خ) بە ئارامی گوێی لێگرت. پێغەمبەر (د.خ) هەرچەندە شایەتی ئەو بارودۆخە بوو، وە بە وشە نەشیاوەکانی ئەو کەسە بێڕێزە زۆر ناڕەحەت بوو، بەڵام بۆ ماوەیەک بێدەنگ بوو. بەڵام دواتر حەزرەتی ئەبوبەکر (ڕ.خ) بە وتە نەشیاوەکانی ئەو پیاوە بێڕێزە زۆر ناڕەحەت بوو، وە نەیتوانی چیتر بەرگە بگرێت، وە بە بێ ئەوەی سنور ببەزێنێت، لە سنوری ئەدەبی خۆیدا دەستیکرد بە وەڵامدانەوە، چونکە ئەو پێی وابوو ئەگەر لەوە زیاتر بێدەنگ ببێت، ئەوکات پێغەمبەری خودا (د.خ) زیاتر ناڕەحەت دەبێت.

کاتێک حەزرەتی ئەبوبەکر (ڕ.خ) دەستی بە وەڵامدانەوە کرد، پێغەمبەری سەروەرمان (د.خ) ئەو ناوەی بەجێهێشت. کاتێک حەزرەتی ئەبوبەکر (ڕ.خ) پێغەمبەری (د.خ) بینی دوور دەکەوێت، شپرزەبوو، وە ڕاستەوخۆ بە دوایدا ڕۆشت. بە ترس و هەیەجانەوە دەستیکرد بە قسەکردن و وتی: “ئەی پێغەمبەری خودا (د.خ) ئایا هیچ شتێکم کردووە کە تۆی پێناڕەت ببیت؟ ئەگەر کارێکی هەڵەم کردبێت داوای لێخۆشبوون لە خودای پەروەردگار دەکەم”. پێغەمبەر (د.خ) ئاوڕی دایەوە بۆ لای هاوڕێ خۆشەویستەکەی و فەرمووی: “ئەی ئەبوبەکر! کاتێک ئەو پیاوە دەستیکرد بە سووکایەتی کردن بە تۆ، وە تۆ بێدەنگ بوویت، لەو کاتەدا خودای گەورە فریشتەیەکی ڕاسپارد بۆ ئەوەی بە ناوی تۆوە وەڵامی ئەو کەسە بداتەوە، وە نزا بۆ تۆ بکات. هەتا ئەو کاتەی تۆ بێدەنگ بوویت، ئەو فریشتەیە بەرگری لە تۆ دەکرد و نزای بۆ دەکردیت. هەر کە تۆ دەستت بە وەڵامدانەوە کرد، لەو کاتەدا ئەو فریشتەیە کشایەوە و شەیتان هاتە ئەو نێوانەوە. من لە شوێنێکدا نامێنمەوە کە شەیتانی تێدا بێت. ئەوە هۆکاری ئەوە بوو کە من ئەو شوێنەم بەجێهێشت.”

با ئێمەش گوێ هەڵنەخەین بۆ ڕووداوە بچوک و سادەکان. لەسەر چ بنەمایەک ئاسۆی خەیاڵەکانمان و تێفکرینەکانمان بنیاد دەنێین؟ لەو هەلومەرجەی کە لە ئێستادا تێیداین، دەتوانین چ کارێک ئەنجام بدەین؟ لە بارودۆخی ئێستادا دەتوانین چ جێگرەوەیەک دابنێین بۆ ئەوەی خزمەت بکەین؟ با تەماشای ئەوانە بکەین. ئەوە جوانترین وەڵامە بۆ ئەوان. ئەگەر وا نەبێت، کاتێک بە کۆمەڵێک شتی وەک “فڵان ستەمکار ئەوەی کرد، فیسار ستەمکار ئەمەی کرد، فڵان ئەوەی وت، فیسار ئەمەی وت” خۆمان سەرقاڵ بکەین، تووشی پەرشوبڵاوی بیرکردنەوە دەبین، وە دواتر هەموو ئەو کارانەی کە پێویستە ئەنجامی بدەین لەسەر شانمان کەڵەکە دەبێت.

مادەم بەو شێوەیەیە پێویستە خۆمان بە شتی لاوەکییەوە سەرقاڵ نەکەین. بە دڵنیاییەوە لە بەرامبەر ستەمکارییەکاندا بە بێدەنگی نامێنینەوە. بەرگری لە مافی خۆمان و هاوڕێکانمان دەکەین. هەروەک پێشتر ئاماژەی بۆ کرا: پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێت “ئەو کەسەی بە دەم دەردی موسوڵمانانەوە نەچێت و بە ئازاری دەردەکانیانەوە نەتلێتەوە، لەوان نییە”. لەم ڕوانگەیەوە، هەر لەو کەسانەی لە زیندانەکاندا ڕووت دەکرێنەوە دەخرێنە ژێر ئاوی ساردەوە، وە لە ڕێگەی لێدان و جنێو و سوکایەتییەوە ئەشکەنجە دەدرێن، هەتا ئەو منداڵانەی بە بێ دایک و باوک بە تەنها جێدەهێڵدرێن: ١٧ هەزار ژن، سەدان هەزار بەندکراو، وە ٧٠٠ منداڵ کە لە زیندانەکاندا لەگەڵ دایکیاندا دەژین؛ ئەو بێتاوانانەی کاژێرێک دوای منداڵبوونیان لەگەڵ کۆرپە ساواکەیان دەبرێنەوە بۆ زیندان و ستەمیان لێدەکرێت؛ ئەو کەسانەی لە وڵاتی خۆیاندا پاروویەک نانیان پێ ڕەوا نابینن؛ درێژکردنی دەستی یارمەتی بۆ هەموو ئەوانە، وە لەبیرنەکردنیان لە کاتی نزا و پاڕانەوەکاندا، وە گەیاندنی دەنگیان بە لایەنەکان و بەرگری کردن لە مافەکانیان ئەرکی هەموو موسوڵمانێکە.

بەڵام کۆمەڵێک ڕستەی وەک: “ئەو قسەیەکی بە من وت، با منیش شتێ بەو بڵێم! ئەو کۆمەڵێک شتی نەشیاوی پێ وتم، با منیش یاخود لەگەڵ چەند هاوڕێیەکم شتێک نزیک لەوەی خۆی پێ بڵێمەوە…” ئەوانە شتی بێسوودن. بەو شتانە هیچ شتێک ناگەڕێتەوە. هەر موسوڵمانێک کە خاوەنی ژیریی بێت، پێویستە لەگەڵ هەر جووڵەیەکدا کە ئەنجامی دەدات، پلانی هەبێت بۆ گەڕانەوەی بەشێک لەو شتانەی لەدەستچووە: “من پێویستە چی بکەم، وە چۆن هەڵسوکەوت بکەم، کە ببێتە هۆی بەدەستهێنانی هەندێک شت لەو جووڵەیەوە؟ وە لە هەمان کاتدا مرۆڤە خاوەن ویژدانەکان لەو ڕووداوانە تێبگەن کە بەسەر هاوسۆزانی بزاڤی خزمەتدا هاتووە”.

تاکە ڕێگە بۆ ئەوە بریتییە لەوەی بەردەوام ئومێدبەخش بین و بەردەوام سەرچاوەی ئومێد بین. واز لە غەم و پەژارە بهێنین و بە ئیرادەمان زیندوو بمێنینەوە. بە ئومێدەوە دابنیشین و بە ئومێدەوە هەستین، بەو شێوەیە بیربکەینەوە، وە بەو شێوەیە قسە بکەین، وە بەو شێوەیە هەڵسوکەوت بکەین کە ئەو کەسانەی لە دوای ئێمەوە دێن کاتێک تەماشای ئێمە دەکەن بە ئومێد بدەن لە شەقەی باڵ. بەرپەرچدانەوەی یەکتر بە شەڕ و قسەی نەشیاو لەناوبەری ئومێدە: بە داهاتوو لە بیروبۆچوونە تاریکەکان بپارێزین. پێویستە لە هەموو کاتێکدا تەنانەت لە کات زۆر تاریکەکانیشدا بە ئاگری ئومێد مەشخەڵ دابگیرسێنین و ڕێگە ڕووناک بکەینەوە.

لە لایەکی دیکەوە پێویستە لە نێو ترس و نیگەرانیدا لە شوێنێک دانەنیشین خۆمان بشارینەوە. پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێت: “ئەو موسوڵمانەی تێکەڵ بە مرۆڤەکان دەبێت و هاوبەشی غەم و ناخۆشییەکانیان دەبێت، پلەی بەرزترە لای خوا لەو موسوڵمانەی هەوڵ دەدات دوور لە خەڵکی بوەستێت و خۆی لە ئازار و ناڕەحەتییەکانیان بپارێزێت، وە پاداشتی زیاتریشیان هەیە.”

بە پێی دەستووری هاوبەشی لە کردەوە دواڕۆژییەکاندا، ئەگەر بتوانین هەست بە هەمان ئەو ئازار و ناڕەحەتییانە بکەین کە کەسانێک لە زیندانەکاندا، لە نەخۆشخانەکاندا، لە ڕێگەکانی هیجرەتدا وە لە شوێنەکانی دیکەدا دەیچێژن، وە هەروەها هەست بە هەیەجانی ئەو ملیۆنان کەسە بکەین کە لە پێناو خزمەتکردن بە ئیمانی مرۆڤەکان بە چواردەوری زەویدا بڵاوبوونەتەوە؛ واتە لە پاداشتی ئەواندا بەشدار دەبین. ئەگەر لەگەڵ ئەو ملیۆنان کەسە هەموو کات و لە هەموو حاڵێکدا، وە بونیانی مەرسوس، وەک دیوارێکی تێکەڵکێشکراو لەپاڵ یەکدا بین، بە ئومێدەوە ڕێک ڕاوەستابین، واتە ئێمەش بەشدار دەبین لە پاداشتی ئەو کەسانەدا.

پوختەی بابەتەکە: خودای گەورە هەر یەکێک لە ئێمەی خستووەتە شوێنێکەوە، کەسانی تر نا، بەڵکو ئێمە، وە لە شوێنی دیکە نا، بەڵکو خستوینێتییە ئەو شوێنەوە کە پێویستە تێیدا بین. مادەم وایە پێویستە بیر بکەینەوە، “خودای گەورە لەسەر بنەمای چ حیکمەتێک ئێمەی خستووەتە ئێرەوە. حاشا خودای گەورە کاری هەڕەمەکی ناکات، وە لە هەر کارێکیدا حیکمەتێک هەیە، بەو پێیە ئاخۆ چی لە ئێمە دەوێت؟”

با واز لە بابەتە لاوەکییەکان و قسە پڕوپووچەکان بهێنین… با هەموومان پێکەوە دەستەکانمان بەرزبکەینەوە بەرەو ئاسمان: “ئەی دادوەری هەموو ئەم شوێنانە! پێویستمان بە تۆیە و لێت دەپاڕێینەوە و خزمەتکاری تۆین. ڕەزامەندی تۆمان دەوێت و بە دوای تۆدا دەگەڕێین. ئەی ئەو خودایەی ئێمەت ناردووەتە ئەم غەریبییەوە، مەبەستت لەو کارە هەرچییەک بێت ئەو شتە بە ویژدانەکانمان ڕابگەیەنە. وە تەنها ڕاگەیاندن نا، بەڵکو ئێمە پڕ بکە لەو هەستە. ئێمە سەرکەوتوو بکە لە جێبەجێ کردنی ئەو ئەرکە و پێدانی حەقی خۆی بەو ئەرکە. ئەو کەسانەی خەریکی درووستکرنی دوژمنایەتیین، ئیرەیی دەبەن، وە بوختان هەڵدەبەستن بە شێوەیەک شەرمەزارییەکانیان ئاشکرادەبێت، وە بە شێوەیەک کارە خراپەکانیان دەدرێتەوە بە ڕوویاندا، وە بە شێوەیەک ڕووبەڕووی ئیدانەکردن دەبنەوە کە بە ئەندازەی بێمنەتی ئێمە لە چاوەڕوانی شەرمەزارکرنی ئەوان لە لایەن کەسانی دیکەوە.”

 

سەرچاوە: http://www.shaber3.com/daima-umit-kaynagi-olalim-haberi/1319294/

Show More
Back to top button