بیروڕاهەواڵ

بۆ هەموو چۆلەکەکانی دونیا…

 

 

ئێمرە سۆنجان یەکێک لە سەدان ڕۆژنامەنوسی زیندانیکراوی تورکیا کە ماوەی ٧٦٥ ڕۆژە لە زیندانی سلیڤریە، دوای مردنی بێچووی چۆلەکەیەک لەسەر پەنجەرەی ژووری زیندانەکەی، نامەیەکی پڕ سۆزی بڵاو کردەوە.

سۆنجان لە نێوان مەرگی بێچووە چۆلەکە و کۆچی باڵندەکان، لە نێوان زیندان و ئازادیدا ئانالۆژی (لێکچواندن) ئەنجام دەدات.

سۆنجان پێشتر پەیامنێری ڕۆژنامەی زەمان بووە لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار و لە نامەکەیدا دەڵێت:

بۆ هەموو چۆلەکەکانی دونیا…

من بەرگە ناگرم فرمێسکی چاوی منداڵێکی بچوک ببینم، ئەو خەمە گەورەیەی ناو چاوە بچوکەکانی دێت و پەردەکانی دڵم لا دەبات، بە لادانی پەردەکانەوە ناوەستێت و دزە دەکاتە ژوورەوە، لەلای سەری سەرەوە دادەنیشێت، گەرچی ئەو دادەنیشێت بەڵام ئەمە لە هەموو کوچە و کۆڵانە پڕ سۆزەکانی دڵمدا هەستێک دروست دەکات کە دەڵێت “دەی هەستە”. دواتر منیش هەڵدەستم و چاوم وەک چاوە پڕ فرمێسکەکانی ئەو دەتروکێنم، دواتر هێڵەکانی ناو دەموچاوم وەک هێڵەکانی ناو دەموچاوی ئەوی لێدێت و کەمێک برۆکانم بەرز دەبنەوە، لێوەکانم وەک ئەوەی بە شەرمەوە ماچێکی بکەن، چرچ دەبن و کەمێک دەچنە پێشەوە…

کاتێک هێڵەکانی دەموچاومان وەک یەکی لێدێت و دەستی یەکتر دەگرن، لە خواریشەوە دەستەکانمان دەستی یەکتر دەگرن. کاتێک پێستمان دەیدات لە پێستی یەکتر، دەیکەمە باوەشم و خەمەکەی لە ئامێزم دەگرم.

دواتر دەنگم وەک دەنگی منداڵێک لێدەکەم و دەڵێم ” چی بووە؟” و ئیدی لەو کاتەدا چرچی ناو ناوچەوانم بە تەواوی دەردەکەوێت.

وای چەندە خەفەتم لە نێوان ئەو چرچانەی ناوچەوانم کۆکردۆتەوە، واتە دەڵێم ” من زۆر چاک لە تۆ تێدەگەم ئەی منداڵ”. منداڵەکەش تێدەگات لەوەی کە من دەمەوێت چی پێبڵێم، دواتر باسی دەردەکانی دەکات. تەواوی ئەو دەردە زەبەلاحانەی لە دونیای بچوکیدا کۆبوونەتەوە، خۆیان دەکێشن بە شەپۆلی زەردەخەنەکانم و پەرش و بڵاو دەبنەوە. ئیدی کێشەکەی بۆ چارەسەر دەکەم، جا ئیتر هەرچیەک بێت کێشەکەی…

ئیدی هێندەی ئەوەی پێیبڵێین بابەت هێشتا خەمەکانی  ئەو جێگای باس نین، منداڵێک کە ئەزیەتی کەسی نەداوە و کەس ئەزیەتی نەداوە، منداڵێک کە پیس نەبووە و پیس نەکراوە، دەبێت کێشەکانی چەندە گەورە بن؟!

ئینجا لە فیلمەکاندا، یان پەڕەی چیرۆک و ڕۆمانەکان، کاتێک باسی باوکێک دەبیستم کە نەیتوانیوە پاسکیلێکی سوور یان جانتایەکی پەمەیی بۆ منداڵەکەی بکڕێت، بەرگە ناگرم… یان گەر باوکێکی داماو ببینم لە هەواڵەکاندا کاتێک بەسەر سەری منداڵە نەخۆشەکەیەوە وەستاوە و ناوچەوانی خستۆتە نێوان هەردوو دەستیەوە، دڵم توند توند دەبێت…

لەو کاتەدا خۆم دەخەمە ناو پەڕەی چیرۆک و ڕۆمانەکان و خوازیارم شتی ئەفسوناوی  تێکەڵکەم، دەمەوێت لە پڕێکدا ئەو باوکە دەوڵەمەند بێت و ئێوارە کە گەڕایەوە ماڵەوە، بە جانتا پەمەیەکە یان پاسکیلە سوورەکەوە بگەڕێتەوە. دواتر خەیاڵی ئەوە دەکەم کە ملیۆنان دۆلارم هەبێت و بەسەر هەر هەموو باوکانی لێقەوماو و منداڵانی نەخۆشی دونیادا دابەشی بکەم…

**

ماوەیەکە لەوەش تێگەشتووم کە بەرگەی مەرگی چۆلەکەکانیش ناگرم، ئەمەیانم لە زینداندا بۆدەرکەوت. زۆر جار لە حەمام و تەوالێت و  شوێنی دەستشۆریندا مێرولەم لە خنکان ڕزگار کردووە، بەڵام هیچم بۆ ئەو بێچوە چۆلەکەیە بۆ نەکرا.

کاتێک چۆلەکەکە ٩ هەنگاو لەوبەری پەنجەرەی ژوورەکەمەوە کەوتە خوارەوە، کاتێک دایکی بەجێیهێشتووە و خەریکی باڵەفرتێیە، کاتێک هەوڵی فڕین دەدات و ناتوانێت، هەرچەندە بە باڵە بچوکەکانی هەوڵی فڕین دەدات و لەگەڵ هەموو هەوڵێکیدا خۆی دەدات بە دیواری کۆنکریتی  ژووری زیندانەکەمدا، دواتر بە قەدەری خۆی ڕازی دەبێت و بێدەنگ بێدەنگ دەست دەکات بە چاوەڕوانی مەرگی خۆی…لەبەر ئەوەی فێری نان خواردن نەبووە بە تاقی تەنیا، کاتێک بە پەنجە توتەم هەندێک نانی خوساوم بۆ درێژکرد، لەبەر ئەوەی نەیدەزانی ئەوە چیە، دووبارە چاوەکانی لێکنایەوە و دەستی کردەوە بە چاوەڕێکردنی مەرگ.

نیگەرانی مەرگی ئەویش پەڕە پەڕەی بەری دڵی گرتم، خەمی ئەوەی بۆ ئەبەد چاوەکانی دادەخات کسپەی لە دڵم هەستان و،      کاتێک دەنوکەکانیم بە کراوەیی بینی، لە نێوانی پەنجەکانمەوە چەند دڵۆپە ئاوێکم فڕێ دایە ناو دەمی، کاتێک زانیم کارەکەم بێهودەیە خەمێکی قوڵ دایگرتم، سەرنەکەوتنی من لە ژیاندنی ئەو و نەزانی ئەویش لەوەی چۆن خۆی بە ژیانەوە هەڵواسێت، هەردووکیان قۆڵیان بە یەکدا کرد و وەک هەوری ڕەش بەسەر دڵی زیندانیەکدا دایان کرد…

**

ئێستا وا وەرزی پایز دێت و باڵندەکان کۆچیان کردووە. بێچارەیی منیان لە بەرامبەر مەرگدا خستە سەر باڵەکانیان و فڕین. هەتا بەهار نایەنەوە. بەڵام دووبارە دێنەوە. چیدی نامەوێت مەرگی چۆلەکەیەک تر ببینم لەم زیندانەدا. لە هەموو چۆلەکەکانی دونیا دەپاڕێمەوە… هەرگیز هێلانەکانتان لەسەر پەنجەرەی زیندانەکان دروست مەکەن. یان لەسەر دیوار و کوچە ساردەکانی زیندان، جریوە و مردووەکانتان جێمەهیڵن، چونکە هەزار جریوە بارتەقای مەرگێک نایەت…

ئێمرە سۆنجان

زیندانی سلیڤری – ئابی ٢٠١٨

Show More
Back to top button