هەواڵ

بۆیداک: کەسێک نەماوە لە خانەوادەکەماندا دەستگیر نەکرابێت

خانەوادەی بۆیداک یەکێکن لە دەوڵەمەندترین خانەوادەکانی تورکیا و لە دوای کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموزی ساڵی ٢٠١٦ بەر هەڵمەتی جینۆسایدکردنی هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت کەوتوون.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دانیشتنی هەشتەمی دادگایکردنی براکانی بۆیداک بەڕێوەچوو.

لە دانیشتنەکەدا هەریەک لە مەمدوح بۆیداک و شوکرو بۆیداک ئامادە بوون کە بە دەستبەسەرکراوی دادگایی دەکرێن و، هاوکات هەریەک لە بەکر، ئیلیاس، ئەرۆڵ، موستەفا، لە خانەوادەی بۆیداک ئامادە بوون کە بە بێ بڕیاری دەستبەسەرکردن دادگایی دەکرێن.

حاجی بۆیداک سەرۆکی پێشووی دەستەی بەڕێوەبردنی هۆڵدینگی بۆیداک، لە ڕێگەی بەرنامەیەکی ئەلەکترۆنی گواستەرەوەی دەنگ و ڕەنگ بە ناوی “سەگبیس” ئامادەی دانیشتنی دادگایکردنەکە بوو.

لە دانیشتنەکەدا سەرەتا بەرگری هەریەک لە خالید بایهان، بەکیر بۆیداک، ئیلیاس بۆیداک، مورات بۆزداغ وەرگیرا و هەموویان داوایان لە دادگا کرد ئازادیان بکات.

 

“من تاوانی ئەندامێتی لە گروپی چەکداری تیرۆرستیم ئەنجام نەداوە”

بەکیر بۆیداغ لەبەردەم دادوەردا باسی لەوە کرد  بانگەشەکانی داواکاری گشتی هەموویان باس لەوە دەکەن کە تاوانەکان لە شاری قەیسەری ئەنجام دراوە، بەڵام خۆی دانیشتووی شاری ئیستەنبولە و پاشان وتی” من هەرگیز ئەندامی گروپێکی چەکداری تیرۆرستی نەبووم. لە هەموو ژیانمدا کەسێکم بە ناوی “سدقی باش” نەناسیوە. هەرگیز فەرمانم لەو کەسەوە بۆ نەهاتووە”.

بەکیر بۆیداغ لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە کەسانێک هەیە دەیانەوێت سزای بدەن لەبەر ئەوەی نازناوی خانەوادەی بۆیداکی هەیە و پاشان وتی” من نە کاربەدەستی ناو ئەو ڕێکخراوە بووم، نە کەسێکی بەرپرسی تێدا دەناسم. من لە کەسەوە فەرمانم وەرنەگرتووە. من بیرم نایەت لە ساڵی ٢٠٠٥ چووبێتم بۆ پەنسیلڤانیا. من ٤-٥ جار چوومەتە ئەمەریکا. جارێکیان منداڵەکانم برد بۆ دیسنیلاند. ئەو کەسەی بانگەشەی ئەوە دەکات کەوا چووم بۆ پەنسیلڤانیا، نازانم ڕاست دەکات یاخود درۆ، چونکە باسی پێش ١٣ ساڵ دەکات و ئێستا لەبیرم نەماوە. زۆرێک لەم سەردانانەم بە ئامانجی کاری بازرگانی بووە. من بە هۆی کاری بازرگانیەوە لە ئەفەریقاوە هەتا وڵاتانی ئەمەریکای باشور شوێنێک نەماوە بۆی نەڕۆشتبم. پێم وایە دەیانەوێت سزا بدرێم بە هۆی ئەوەی نازناوی بۆیداکم هەڵگرتووە. من لە هەموو ژیانمدا بەشداری کۆبوونەوەکانی جەماعەتم نەکردووە”.

 

بەکیر بۆیداغ لە درێژی قسەکانیدا ڕەخنەی لە بڕیاری دەستبەسەرا گرتنی هۆڵدینی بۆیداک گرت و وتی” ماوەی ٦٠ ساڵە بە ڕەنجی شانمان هۆڵدینگەکەمان هەتا ئێرە هێناوە و لەوە تێناگەم لەبەرچی دەستی بەسەردا گیراوە. ساڵانێکی زۆرە خزمەت بەم وڵاتە دەکەین و لە باجداندا هەمیشە لە ڕیزی پێشەوە بووین و ژمارەی پێوانەیمان لە باجدان بە حکومەتدا تۆمار کردووە. تێناگەم بۆ دەبێت دەستبگیرێت بەسەر هۆڵدینگێکی وەهادا کە خزمەتێکی زۆری بەم وڵاتە کردووە. لە ناو هەموو شاری قەیسەریدا تەنیا دەست بەسەر هۆڵدینگەکەی ئێمەدا گیراوە و ئەمەش جێگای تێڕامانە”.

مورات بۆزداغ زاوای شوکرو بۆیداغ کە بە هۆی چەند تویتێکەوە دادگایی دەکرێت سەبارەت بە تویتەکانی وتی” خۆزگە ئەو تویتانەم نەنوسیایە و پەشیمانم لە نوسینیان”.

 

“کەس نەما لە خانەوادەکەماندا لێپرسینەوەی لەگەڵدا نەکرابێت”

ئەڕۆڵ بۆیداک لە بەردەم دادوەردا باسی لەوە کرد کە هەموو خانەوادەکەیان لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە و وتی” مەمدوح بۆیداک قسەیەکی هەیە منیش دووبارەی دەکەمەوە، ناومان قوربانە و نازناوەکەمان قۆچی قوربانیە. ئەوەی بەسەر خانەوادەی ئێمە هاتووە جگە لە جینۆسایدکردنمان شتێکی تر نیە.هەتا ئێستا ٦٠ کەسمان چۆتە بەردەم دادوەر و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە. تەنیا لەم هەفتەیەدا ٤ دۆسیەی پەیوەندیدار بە خانەوادەکەمانەوە بەڕێوەبراوە.تەنانەت ئەو کەسانەی خوێنەواریان نیە لە خانەوادەی ئێمەدا دەستگیر کراون”.

 

” لە هیچ کەسێکەوە فەرمانم وەرنەگرتووە”

شوکرو بۆیداغیش تۆمەتی ئەندامێتی لە گروپی چەکداری تیرۆرستی ڕەتکردەوە و وتی” لەم بانگەشەیەدا کۆپی پەیستی تۆمەتەکان بۆ هەموومان کراوە و بە هەمان شت تۆمەتبار کراوین. سەرەڕای ئەوەی چەندین شایەت و دانپێدانەر هاتوونەتە ئەم دادگایە، بەڵام کەسیان نەیانتوانیوە ئەم تۆمەتانە بسەلمێنن. هیچ بەڵگەیەکی بەرجەستە لەسەر ئەم تۆمەتانە بوونی نیە”.

شوکرو بۆیداغ لە درێژەی قسەکانیدا وتی” ئەو تۆمەتەش ڕاست نیە کەوا بە هۆی بەکارهێنانی هەستی ئاینی هاوڵاتیانەوە پارەم بۆ خوێندکارە هەژارەکانی جەماعەت کۆکردبێتەوە. من پارەم نەداوە بە جەماعەتی گولەن. بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە دوای ١٧ و ٢٥ کانونی یەکەمی ٢٠١٣ لە جەماعەتەوە فەرمانم وەرگرتووە. من لە هەموو ژیانمدا لە هیچ کەسێکەوە فەرمانم وەرنەگرتووە. من هیچ کاتێک لە دژی دەوڵەت نەوەستاوم. ئەمڕۆ وەک خائینی نیشتیمان دادگایی دەکرێم. گەر لە ڕابردوودا هەڵەیەکم کردبێت، ئەوا داوای لێبورن لە سەرۆک کۆمار دەکەم”.

حاجی بۆیداکیش داوای کرد کە لە جیاتی مەمدوح بۆیداک سزا بدرێت و وتی” من داوای لێبوردن لە هاوسەر و منداڵەکانی مەمدوح بۆیداک دەکەم. سەرەڕای ئەوەی کارێکی زۆری هەبوو، بەڵام من وەک سەرۆکی ئەنجومەنی بڕیاردانی زانکۆکە دیاریم کرد. گەر لەم بابەتەدا سزایەک هەیە ئەوا سزای من بدەن. من ئەوم نارد بۆ ئەو شوێنە و مەمدوح تاوانێکی نیە لەو بابەتەدا”.

Show More
Back to top button