بیروڕا

بۆچی پێویستە بڵێین ‘حسبنا الله و نعم الوکیل’ ؟

بەخامەی عەبدوڵا ئایماز

 

مامۆستا سەعیدی نورسی لە تیشکی چوارەمی کتێبی تیشکەکان ئاماژە بۆ ئایەتێکی قورئانی پیرۆز دەکات کە دەفەرموێت: (هه‌رگیز وامه‌زانن و وادامه‌نێن ئه‌وانه‌ی له‌پێناوی خوادا شه‌هید بوون و کوژران، مردوون، نه‌خێر وانیه‌، به‌ڵکو ئه‌وانه زیندوون، لای په‌روه‌ردگاریان له ڕزق و ڕۆزیی به‌هره‌وه‌رن. زۆر دڵخۆش و شادمانن به‌و به‌خشش و زیاده فه‌زڵه‌ی که خوا پێی به‌خشیوون، مژده‌ش ده‌ده‌ن به‌وانه‌ی هێشتا به‌وان نه‌گه‌یشتوون و (شه‌هید نه‌بوون) که بێگومان هیچ ترس و بیمێکیان له‌سه‌ر نییه‌، هیچ غه‌م و په‌ژاره‌یه‌کتان بۆ پێش نایه‌ت. مژده ده‌ده‌ن به‌نازو نیعمه‌تانی تایبه‌تی و فه‌زڵ و ڕێزی بێ سنوور له‌لایه‌ن خوای میهره‌بانه‌وه‌، به‌ڕاستی خوایش پاداشتی ئیمانداران زایه ناکات و ره‌نج به‌خه‌سار نابن ئه‌وانه‌ی که به‌ده‌م بانگه‌وازی خواو پێغه‌مبه‌ره‌وه (صلی الله علیه وسلم) چوون، دوای ئه‌وه‌ی که تووشی ناخۆشی و زام و ئێش بوون، بۆ ئه‌وانه‌یان که چاکه‌یان کردو پارێزکار بوون، پاداشتی زۆر گه‌وره و بێ سنوور ئاماده‌یه‌ ئه‌وانه‌ی که خه‌ڵکی (باوه‌ڕ لاواز) پێیان ده‌ڵێن: به‌ڕاستی خه‌ڵکی بێ باوه‌ڕو خوانه‌ناس خۆیان بۆ ئێوه کۆ کردۆته‌وه و خۆیان بۆ ئێوه مه‌ڵاس داوه‌، لێیان بترسن (خۆتان تووشی به‌ڵا مه‌که‌ن) به‌ڵام ئه‌وان (واته ئیمانداران) به‌و پڕوپاگه‌نده‌یه‌ باوه‌ڕیان زیاتر دامه‌زراو، وتیان: خوامان به‌سه که هەر ئەو باشترین پارێزەر و یارمەتیدەرە) (ئایەتی ١٦٩ – ١٧٣ لە سورەتی ئال عمران). پێویستە لەسەر ئەو ئایەتانە بوەستین بە تایبەت لەسەر کرۆکی بابەتەکە کە بریتییە لە (الله بەسە بۆ ئێمە، هەر ئەو باشترین پارێزەر و یارمەتیدەرە) هەڵوێستە بکەین. هەتا زیاتر لەسەر ئەو ئایەتە بوەستین واتاکەی زیاتر قوڵ دەبێتەوە، وە هەتا زیاتر لێی بکۆڵینەوە واتەکەی فراوانتر دەبێت.

مامۆستا سەعیدی نورسی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هەموو کەسێک خۆشەویستی بۆ ئەبەدییەت و لە ناو نەچوون بەردەوام هەبوون هەیە هەتا ڕادەی عاشق بوون. بەڵام دەزانین کە مرۆڤ فانییە و دونیا فانییە… هەربۆیە ئەم هەست و عاشق بوونە بە مانەوەی ئەبەدی لە خاڵێکی هەڵەدایە) ، کاتێک لە ڕووداوێکدا مرۆڤ فانی بوونی خۆی بیردەکەوێتەوە، برینێکی قوڵ لە فیترەتی مرۆڤدا درووست دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئایەتی (الله بەسە بۆ ئێمە، هەر ئەو باشترین پارێزەر و یارمەتیدەرە) ئەم ئایەتە خاوەنی مانەوەی هەمیشەیی و کامڵێتی ڕەهامان پشان دەدات. وە هەم ئاوێنەیەکی درەوشانەوەی ناوی (الباقی) خودای گەورەیە. هەستکردن بە پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان مرۆڤ و خودای تاک و تەنها درووست دەکات. هیچ خۆشی و لەزەتێک لە سەروو ئەوەوە بوونی نییە. لەبەر ئەوە ئەو شتە ناخۆشانەی لە دونیای فانیدا بەسەرتدا دێت، یاخود لەدەستچوونی هۆکار و پلەوپایە کاتییەکانی دونیا هێندە خەفەت و ناڕەحەتی بە مرۆڤ نابەخشن. ئەوکات مرۆڤ دەڵێت “ئەو بەخشی، ئەو لێی وەرگرتیتەوە، الله هەیە، غەم نییە”.

“لە ڕێگەی ئەم هەستە ئیمانیەوە بە بوون و  و باقیەتی جاویدانی ئەوەوە، چۆنیەتی کامڵ بوونی زانینی گەردوون و مرۆڤ دەزانرێت و دەدۆزرێتەوە و، شەیدایی مرۆڤ بە دوای کەماڵی خۆیدا، لە ئازاری بێسنور ڕزگاری دەبێت و دەست دەکات بەوەی چێژ و تامی لێ ببات.”

خۆشەویستی و عەشق کە دەرکەوتە و درەوشانەوەی یەکێک لە ناوە جوانەکانی خودایە بە ناوی “الودود”، خۆی لە ڕاستیشدا ئەم خۆشەویستی و عەشقەی ئێمە هەر لە خۆشەویستی ڕەهای جەنابی حەقەوە سەرچاوەی گرتووە. تەنها خودای گەورەیە کە شایستەی خۆشویستن و (مەحبوب)ی ڕاستەقینە بێت. بەڵام هەر کات ئەو خۆشەویستییەی کە تەنها شایستەی ئەوەیە بە خودای گەورە ببەخشرێت بشێوێندرێت و مرۆڤ ڕووی ئەو خۆشەویستەییە بکاتە خۆی، کێشەکان دەست پێدەکات. چونکە مرۆڤ فانییە… لەبەر ئەوە ئایەتی (الله بەسە بۆ ئێمە، هەر ئەو باشترین پارێزەر و یارمەتیدەرە) مرۆڤ بەرەو (باقی) ڕاستەقینە و (کەمال)ی ڕەها دەبات. لە قاڵبە تەسک و بچوکەکانی فانی بوون ڕزگار دەبین و بەو هەستە ئیمانییە بە بقاء (مانەوە)ی بێ کۆتا ئاشنا دەبین. هەربۆیە ئەو شەیداییە سروشتیەی بەرامبەر نەفسی خۆمان هەمانە دادەمرکێتەوە. بەردەوام وتنەوەی ئایەتی (حسبنا الله و نعم الوکیل) هاوشێوەی کەسانی وەک مامۆستا سەعیدی نورسی ٥٠٠ جار و تەنانەت ٥٠٠٠ جار لە ڕۆژێکدا دەبێتە هۆی ئەوەی چێژ و لەزەتێکی ڕۆحی بێ وێنە وەربگرین.

بە هۆی ئەم هەستە ئیمانیەوە مرۆڤ دەتوانێت پەیوەندیەک لەگەڵ جەنابی حەق کە خاوەنی مانەوەی  جاویدانە دروست بکات و،  بە هۆی ئەم پەیوەندیە ئیمانیەشەوە پەیوەندی لەگەڵ خاوەنی هەموو موڵک و دەسەڵاتەکان پەیدا بکات و بە هۆی پەیداکردنی ئەم پەیوەندیەشەوە وای لێ دێت وەک ئەوەی خاوەنی بێ سنوری هەموو شتێک بێت، بە چاوی ئیمانەوە دەڕوانێت و لە ڕووی مەعنەویشەوە سوودمەند دەبێت.

(له الملک) واتە تێکڕای موڵک بە تەنها هی ئەوە. ئەو خاوەنی هەموو شتێکە… دەکرێت مرۆڤ بە هەستێکی ئیمانی و هەستکردن بە خاوەندارێتی هەموو شتێک لە لایەن خودای گەورەوە، سود لە موڵکی خودا وەربگرێت و چێژ و خۆشی لێوەربگرێت. هەندێک مرۆڤی تایبەت توانیویانە ڕێژەیەکی زۆر لە موڵکی خودای گەورە بەکاربهێنن و چێژی لێوەربگرن. پێغەمبەر سولەیمان (سەلامی خوای لەسەر بێت) بەم شێوەیە نزا لە خودا دەکات: (وتی: په‌روه‌ردگارا لێم خۆش ببه و ده‌سه‌ڵاتێکم پێببه‌خشه که ده‌ست نه‌دات بۆ که‌سی تر له دوای خۆم، چونکه به‌ڕاستی ته‌نها تۆ به‌خشێنه‌ری هه‌موو ناز و نیعمه‌تێکیت). لە ئایەتەکانی دواتردا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دەسەڵاتە بە پێغەمبەر سولەیمان (سەلامی خوای لەسەر بێت) بەخشرا کە داوای کردبوو. وە هەروەها باسی حەزرەتی (ذوالقرنین) (سەلامی خوای لەسەر بێت) لە قورئانی پیرۆزدا بەم شێوەیە هاتووە: (ئێمه توانا و ده‌سه‌ڵاتمان له زه‌ویدا پێ به‌خشی بوو، بۆ هه‌رشتێکی پێویستی ئه‌و سه‌رده‌مه هۆکاره‌که‌یمان بۆ ڕه‌خساندبوو). وە هەروەها قورئانی پیرۆز لە باسی حەزرەتی داود و حەزرەتی سولەیمانی کوڕی (سەلامی خوایان لەسەر بێت) دەفەرموێت: (سوێند به‌خوا بێگومان ئێمه داود و سوله‌یمان زانیاری و زانستیمان به‌خشی، هه‌ردووکیان وتیان: سوپاس و ستایش بۆ ئه‌و خوایه‌ی که زیاده ڕێزی ئێمه‌ی داوه به‌سه‌ر زۆرێک له به‌نده ئیمانداره‌کانیدا).

هەموو بوونەوەر بە هەموو سیستەمەکانییەوە، بە گەردەکانییەوە، بە خانەکانییەوە، وە بە هەموو زیندەوەرانەوە وەک میوەی بەری درەختێک هەست بە پێکەوبوون دەکەن وەک ئەوەی مرۆڤ پەیوەندییەکی برایانەی لەگەڵ هەموو بەشێکی ئەم بوونەوەرەدا هەبێت کە بەرهەمێکی هونەریی هونەرمەندێکی مەزنە. وتنی (حسبنا الله و نعم الوکیل) پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان خودای گەورە و هەموو درووستکراوەکانیدا بنیاد دەنێت. ئەوکات هەستی خۆشەویستیت بۆ هەموو بونەوەر بۆ درووست دەبیت. چونکە ئەگەر وا نەبێت و ئەو پەیوەندییە درووست نەبێت، دەزانین کە مرۆڤ فانییە و دونیا فانییە و هەموو شتێک فانییە، واتە ڕۆژێک دێک هەموو شتێک لەناو دەچێت، ئەوکات هەموو شتێک لەدەست دەدەیت. ئەوە لە کاتێکدایە کە هەستی ئیمان پەیوەندییەکی بەهێز و نەبڕاوە درووست دەکات.

 

سەرچاوە: http://www.shaber3.com/neden-hasbunallahu-ve-ni-me-l-vekil-demeliyiz-haberi/1312016/

Show More
Back to top button