بیروڕاهەواڵ

بزاڤی دووهەمی هاوەڵان

ئاڵپەر ئەکای

 

بۆ ئەوەی تێبگەین، پێویست بەوە دەکات لەو واتایانە تێبگەین کە لەسەر چەمکەکان بار دەکرێن. ناتوانین بڵێین لە نوسراوێک یاخود وتراوێک تێگەشتووین و، وتار و نوسراوەکەمان لەگەڵ واتاکەیدا وەک خودی خۆی وەرگرتووە، گەر  نەزانین وتاربێژ یان نوسەر چ واتایەک لەسەر ئەو چەمکانەی بەکاری دەهێنێت، دادەنێت.

هەربۆیە پێویستە لە کاتی خوێندنەوە و گوێگرتندا لەو واتایانە تێبگەین کە وتاربێژ و نوسەر دەیخەنە سەر ئەو چەمکەی بەکاری دەهێنن.

دوای ئەوەی بڕیارمدا واز لە دوژمنایەتی سەعیدی نورسی و جەماعەتی گولەن بهێنم، کە بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی دامەزراندنی ئاکەپە، هەوڵێکی زۆرمدا هەتا لەو چەمکانە تێبگەم کەوا لە نوسراوەکانی سەعید نورسی و جەماعەتی گولەندا هەیە.

 

یەکێک لەو چەمک و دەستەواژانەی گولەن، کە کاتێکی زۆرم تێدا سەرف کردووە هەتا لێیتێبگەم، چەمکی “بزاڤی دووهەمی هاوەڵان” بوو.

هەرچەندە پێموابوو ئەمە قسەیەکی زۆر زیاتر گەورەیە لە حەدی خۆی، بەڵام پێچەوانەبوونی ئەم قسەیە لەگەڵ نمونەی پەندی ” شێخ نافڕێت موریدەکانی دەیڕفێنن” و ئاوەژووکردنەوەی ئەو پەندە، هەر لە سەرەتاوە سەرنجی ڕاکێشام.

 

“گومانێکی باشی زۆر قورس”

لە کەلتوری ڕۆژهەڵتدا ڕابەر ڕۆڵێکی ناوەندی هەیە و بەردەوام ڕۆڵی ڕزگارکەر و فریادڕەس دەبینێت. تەنانەت لە نێو جەماعەتی عەلمانی و سیکۆلارەکانیشدا بە هەمان شێوەیە. کاتێک حاڵی هەموو لایەک بەم شێوەیە بوو، گەر شێخ خۆشی نەفڕێت و قسەی وەهاش نەکات، موریدەکانی حەز دەکەن شێخەکەیان بفڕێنن. دوای ئەوەی یەکێک لە موریدەکانی دەڵێت کەوا شێخەکەی بینیوە هەڵفڕیوە، ئیدی هەموویان بە جەماعەت باوەڕ بەوە دەهێنن کە شێخەکەیان فڕیوە. بەڵام چەمکی ” بزاڤی دووهەمی هاوەڵان” بە تەواوی پێچەوانەی پەندە کۆنەکە دەوەستایەوە و وەک ئەوە وەهابوو کە پەندەکە بەم شێوەیەی لێهاتبێت ” ئەو شێخەی موریدەکانی دەفڕێنێت”.

لە کەلتورێک کە سیفاتی غەوس(فریادڕەس) و قوطب (لوتکە) دەدرێتە پاڵ شێخەکان و پێشبڕکێیان لەسەر دەکرێت، بۆ جاری یەکەم شێخێکم بینی پایەیەکی گەورەی بۆ موریدەکانی دادەنا.

 

 هەربۆیە ئەم لێکچواندنە زۆر گەورەیەم بۆ گومانی باشی گولەن دەگەڕاندەوە. هەروەها گولەن لە کاتی خستنەڕووی ئەم چەمکەشدا نمونەی بەرجەستەی دەهێنایەوە.

بۆ نمونە باسی لە ڕۆحی بەخشین دەکرد لە ناو هاوەڵاندا و حەزرەتی ئەبوبەکری بە نمونە دەهێنایەوە. دواتر باسی لە ڕۆحی بەخشین دەکرد لە حاجی کەمال ئێریمەزی هاوڕێی و ئاماژەی بەوە دەدا کە لەگەڵ هاوەڵاندا خاوەنی هەمان ڕۆحی بەخشینە. هەروەها باسی داوێنپاکی هاوەڵانی پێغەمبەری دەکرد و دواتر بە چەند نمونەیەک لە نێوان هاوڕێکانی خۆیدا ئاماژەی بەوە دەکرد کە کەسانێکی زیندووش لەناو جەماعەتەکەیدا هەن کەوا هەمان لوتکەی داوێنپاکی هاوەڵانیان چنگ کەوتووە.

پاشان گولەن بڵاوبوونەوەی خێرای جەماعەتەکەی لە ١٦٠ وڵاتی دونیادا دەچواند بە بڵاوبوونەوەی خێرای هاوەڵان و سەرکەوتنیان لە گەیاندنی ئیسلام بە گەلانی جیاوازی دونیا.

لە کۆتای قسەکانیدا هەمیشە ئاماژەی بە فەزیلەتی هاوەڵان دەکرد و دواتر لە ڕێگەی سیفات و ئەو سەرکەوتنانەی جەماعەتەکەی لە ماوەیەکی کەمدا بەدەستیان هێنابوو، جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە ئەوانیش هەنگاوێک لە دوای هاوەڵانەوە دەڕۆن و بە جەماعەتێکی لە قەڵەم دەدان کە شوێنپێهەڵگری هاوەڵان بن. واتە بە “بزاڤی دووهەمی هاوەڵان” ناوی دەبردن.

هەرچەندە ئەم بە یەک لێکچواندنەی گولەن گومانێکی باشی زۆر قورسە، بەڵام نازانم کەوا ئەندامانی بزاڤەکە چەندە ئاگان بەرامبەر قورسی ئەم گومانە باشە.

ڕۆژێکیان ئیمامێک دەبێت گوێی لە دوو پیاو دەبێت کەوا باسی عیبادەتەکانی خۆی دەکەن. یەکێکیان باسی هەندێک عیبادەتی ئیمامەکە دەکات کە زیاد لە حەدی خۆیەتی و، ئیمامەکەش کاتێک گوێی لەو گومانە باشە دەبێت، دەست دەکات بە ئەنجامدانی ئەو عیبادەتانەی کە هەتا ئەو ڕۆژە ئەنجامی نەدابوون و لە گومانی باشی کەسانی تردا گوێی لێبوو.

پێموایە ئەندامانی بزاڤەکەش کە گومانی باشی “بزاڤی دووهەمی هاوەڵان” یان پێبراوە، دەبێت هانیان بدات کەوا ژیانیان وەکو ژیانی هاوەڵانی پێغەمبەر لێبکەن.

” لایەنی ڕاستەقینەی ئەم گومانە باشە”

گولەن کاتێک لە ڕێگەی سیفاتەوە لێکچواندنی ” بزاڤی دووهەمی هاوەڵان” دەکات، شتێکە جێگەی قبوڵکردن و تێگەشتنە. هەرچەندە من لە گومانی باشی ئەویش تێدەگەشتم بەڵام هەر پێموابوو شتێک لە زێدەڕۆیشی تێدایە. چونکە ئەوەی لێکچوێنرابوو لەبارەوە کرابوو، خودی هاوەڵانی سەردارمان بوو.

بەڵێ ڕاستە کەوا ئەحمەدی ناو جەماعەت لە ڕووی سیفاتەوە بە خودی حەزرەتی عوسمان بشوبهێنین و هەنگاوێک لە پشتی ئەوەوە بیوەستێنین. هەروەها دەشێت حاجی کەمالیش بە حەزرەتی ئەبوبەکر بشوبهێنین کەوا چەشنی ئەو تەواوی ماڵەکەی بەخشی و وتی ” خێزانەکەمم بە خودا سپارد” و، دەتوانێت هەنگاوێک لە دوای حەزرەتی ئەبوبەکرەوە شوێنی خۆی بگرێت. ئەمانە لایەنی ڕاستی و ڕاستەقینەی گومانە باشەکە بوون کە هەتا ئەو کاتە بە چاوی خۆم بینیبووم.

بەڵام هێشتا توشی ناخۆشیەکی وەها نەبووبوون کە لە بەرامبەریدا بڵێن ” متی نصر الله”. هەرکاتێک ئایەتی ” وَلَمَّا يَأْتِكُم مَّثَلُ الَّذِينَ خَلَوْاْ مِن قَبْلِكُم” دەخوێندەوە، دەموت بۆ ئەوەی جەماعەتەکە شایەنی ئەوە بن کەوا بە بزاڤی دووهەمی هاوەڵان بشوبهێنرێن، پێویست دەکات بە چەشنی ئەوان توشی ناڕەحەتی و دەردەسەری ببن.

 

أَمْ حَسِبْتُمْ أَن تَدْخُلُواْ الْجَنَّةَ وَلَمَّا يَأْتِكُم مَّثَلُ الَّذِينَ خَلَوْاْ مِن قَبْلِكُم مَّسَّتْهُمُ الْبَأْسَاء وَالضَّرَّاء وَزُلْزِلُواْ حَتَّى يَقُولَ الرَّسُولُ وَالَّذِينَ آمَنُواْ مَعَهُ مَتَى نَصْرُ اللّهِ أَلا إِنَّ نَصْرَ اللّهِ قَرِيبٌ(Bakara 214)

واتە: بۆ ئێوە واتانزانی بێ ئەوەی بەسەر کەسانی پێش خۆتاندا هات دەتوانن بچنە بەهەشتەوە؟  ئەوان توشێ سەختی و دژواری وەها هاتن کە تەنانەت پێغەمبەر و شوێنکەوتوانی دەیانپرسی سەرکەوتنی خودا کەی بە هانامانەوە دێت و هەموویان کەوتنە سەختی و دژواریەکی وەهاوە کە لەرزاندنی، بەڵام ئەوە باش بزانن کەوا یارمەتی خودا زۆر نزیکە”.

 

“ئەو ناسۆریەی پشتگیری بانگەوازی بزاڤەکە دەکات”

لەوە دەچێت لە سەرەتای دروستبوونی بزاڤەکەدا هەندێک ناڕەحەتی و ناسۆری ڕووی تێکردبێت. بەڵام ئەمانە شتانێک بوون کە دەبوو ڕووبدەن و بۆ گەشتن بەوەی لە ئیمکاندا نەبوو پێویست بە چەشتنیان هەبوو. دواتر تەواوی ئەو ناسۆریانە ڕەوینەوە. چونکە هەموو توانا و ئیمکانێک هاتە بەردەستیان. تەنیا شتێک لەبەردەمیان مایەوە ئەوە بوو کە ئیمکانی ژێر دەستیان بە شێوەیەکی ڕەنتەبڵ(سوودهێنەر) بەکاربهێنن. بەڵام تاریکونوتەکیەکی وەها لە ئارادا نەبوو کە بڵێن : سەرکەوتنی خودا کەی دێت بە هانامانەوە”.

بۆ نمونە دەرکردن لە ماڵ و حاڵی خۆیان لەلایەن قەوم و نەتەوەی خۆیانەوە نەبوو.  هەروەها بە نەڕەی ” ئامانیان پێنەدەن و نەهێڵن قسە بکەن” هاوسەرەکانیان لەبەرچاودا بەردەباران نەکرابوو هەتا مردن. ئەوەیان بەسەر نەهاتبوو کە یەکێک لە گەورەترین دوژمنەکانت خودی مامی خۆت بێت. تەنیا لەبەر بیر و باوەڕت زاواکانیان وازی لە کچەکانیان نەهێنابوو و تەڵاقی نەدابوون. دایک و باوکێکیان نەبوو کە تەنیا لەبەر بیروباوەڕیان زیندانیان بکات. برا و مامێکیان نەبوو کە تەنیا لەبەر بیروباوەڕیان شمشێریان لێهەڵگرتبن و لەبەردەمیاندا وەستابن. لەلایەن قەومەکەتەوە گەمارۆ نەخرابووە سەر هۆز و شوێنکەوتوان و ماوەی ٣ ساڵ لە شیوی ئەبوتالیب مەحکوم بە برسێتی نەکرابووی بە ڕادەیەک ناچار بە هەڵکەندنی ڕەگی درەختەکان بیت، لە جیاتی خواردن.

لە وڵاتی خۆتدا هێندە زوڵمت لێنەکرابوو کە ناچار بە ئاوارەیی کۆچ کردن ببیت. کەسانێکی ڕۆح پڕ کێم و پیساییت شوێن نەخرابوو بۆ ئەو شوێنانەی کۆچت بۆ کردبوون. ماڵ و موڵکت بە تاڵان نەبرابوو. توشی بوختان و درۆی  دووڕووان  نەبووبوویت، کە تەنانەت هاوسەر و هاوڕێیەکی وەک پێغەمبەریش بکەوێتە گومانەوە و بفەرموێت :” ئەی عائیشە تۆ بڵێی …”.

توشی ئەوە نەبوویت کە ماڵ و منداڵت بە سوپای موشریکان  لە پێشەوە و بە سوپای دووڕووان لە دواوە، گەمارۆ بدرێت.

هەربۆیە لە گفتوگۆی چا خواردنەوە و سفرەی مەقلوبە خواردن “بزاڤی دووهەمی هاوەڵان” دەرنەدەچوو. بەڵام ئێستا دەرد و ناسۆریەک ، گەمارۆی “بزاڤی دووهەمی هاوەڵان” ی داوە کە گومانە باشەکەی وەرچەرخاندووە بۆ حەقیقەت!

 

وەک کەسانی پێش خۆیان فڕێ دەدرێنە زیندان و ئەشکەنجە دەدرێن و لە ژێر ئەشکەنجەی سەختدا گیان لە دەست دەدەن.

ئێستا وەک کەسانی پێش خۆیان لە ژێر نەڕەی ” ئامانیان نەدەن و نەهێڵن قسە بکەن” بەردباران دەکرێن هەتا ئەو کاتەی دەمرن.

وەک کەسانی پێش خۆیان دایکان، باوکان، هاوسەران، مێردەکان، هاوڕێکان، براکان، بوک و زاواکانیان شمشێریان لێهەڵکێشاون و لەسەر ڕێگایان وەستاون.

وەک کەسانی پێش خۆیان لەلایەن دراوسێ و خزمەکانیانەوە، گەمارۆی ئابوری خراوەتە سەریان  و بە ڕادەیەک برسی کراون کە مەحکوم بە خواردنی ڕەگی درەختەکان بن هەتا نەمرن و لە ژیاندا بمێننەوە.

وەک کەسانی پێش خۆیان دەڵێن ” ئەی مەککە گەر زۆرداری قەومەکەم نەبووایە وەڵڵاهی بەجێمنەدەهێشتی” و ناچار بەوە دەکرێن خاکی وڵات و خۆشەویستانیان بەجێبهێڵن.

وەک کەسانی پێش خۆیان ئەو ماڵ و موڵکەی لە وڵاتی خۆیان بەجێیانهێشت، بە تاڵان بردرا.

وەک کەسانی پێش خۆیان، کەسانێکی خاوەن ڕۆحی پڕ کێم و تاریکی دەنێرن بە شوێنیاندا هەتا لەو وڵاتانەی بۆی ڕۆشتوون بیانهێننەوە و ئەشکەنجەیان بدەن.

وەک کەسانی پێش خۆیان، نەک توشی بوختانگەلێک نابن کە دایک، باوک، هاوسەر، مێرد و براکانیشیان بڵێن “لەوانەیە”، بەڵکو بوختانگەلێکی دووڕووانەی وەهایان سەبارەت دەکرێت، کە تەنانەت  ئیمانیشیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

ئەم دەرد و ناسۆریەی لە کەسانی پێش خۆیانەوە وەک میرات بۆیان ماوەتەوە، بەڵگەی پاڵپشتیکەری ئەوەیە کە شوێنکەوتەی ئەوانن. قەدەری ئەم ڕێگەیەی کە لەگەڵ کەسانی پێش خۆیاندا تێیدا هاوبەشن، قەدەری ڕێگای ئەوانەیە کە دەچن بۆ بەهەشت. ئەم ناسۆریەی لە سەردەمی دابەزینی قورئانەوە هەتا ئێستا بەردەوامە، پاڵپشتی ئەوە دەکات کە شوێنپێی هاوەڵانیان هەڵگرتووە.

 

بزاڤی دووهەمی هاوەڵان:

دڵ قەڵایەک نیە دەرگاکەی بە شەق بشکێنیت و بچیتە ناوی. ناتوانیت بە زۆر لای هیچ کەسێک خۆت خۆشەویست بکەیت. گەر لە ١٦٠ وڵاتی دونیا بە هەموو ڕەنگ و دین و کەلتور و بیرو باوەڕە جیاوازەکانیانەوە، ئەو مرۆڤانەی بزاڤی خزمەتیان خۆش ویستبێت، ئەوا دەبێت ئەو ڕێگایەی لەسەری دەڕۆن پارچەیەک لە حەقیقەتی تێدا بێت، هەربۆیە خوداش لە هەموو ئەو وڵاتانەدا خۆشەویستی ئەوانی لە دڵی هاوڵاتیاندا چاندووە. پێغەمبەری خوداش هەر بەو شێوەیەی دەفەرموو: ئەوەی خودا خۆشی بوێت، وا لە هەموو خەڵکی سەر ڕووی زەوی دەکات خۆشیان بوێت. ئەمەش وایلێکردم قەناعەت بەوە بهێنم کە ئەم جەماعەتە لەسەر ڕێگای ڕاست دەڕۆن.

ئەو دەرد و ناسۆریەی بە چاوی خۆمان بینیمان، وا دەکات ئەوەی من بە گومانێکی باشی قورسم دەزانی لە “بزاڤی دووهەمی هاوەڵان”، لەبەرچاوم ببێتە حەقیقەت و تەواوی ئەو دەرد و ناسۆریەش پاڵپشتی ئەم قەناعەتەم دەکات.

خودا ناهێڵێت ئەم ناسۆری و ئەوانەشی ئەم ناسۆریە دەچێژن ڕەنجیان بە فیڕۆ بڕوات. وەک چۆن مژدەی بەوانە داوە کە دەپرسن “متی نصر الله” و لە وەڵامدا دەفەرموێت ” بێگومان سەرکەوتنی من نزیکە”. لە هەمان کاتدا مژدەی سزایەکی سەخت دەدات بە زاڵمان. فَبَشِّرْهُمْ بِعَذَابٍ أَلِيمٍ…

 

 

 

 

Show More
Back to top button