بیروڕا

بزاڤی خزمەت بە ئاسانی نەگەیشتووەتە ئەم قۆناغەی ئەمڕۆ

ئامادەکردنی: تاریق بوراک

 

چەند هاوڵاتییەکی ئەمریکی بە مەبەستی ئامادەکردنی بەرنامەیەکی دۆکیۆمێنتاری دەربارەی کار و چالاکییە پەروەردەیی و دیالۆگی ئاشتییانەی هاوسۆزان و لێبڕاوانی بزاڤی خزمەت سەردانی شاری ئیزمیریان کرد. ئەوان داوایان کرد لەگەڵ ئەو کەسانەدا چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن کە هەر لە ڕۆژانی سەرەتای بیرۆکەی بزاڤی خزمەتەوە لە پشت مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن (خواجە ئەفەندی) دا بوون، لە ڕۆژگاری نەبوونیدا و لە قۆناغی بە دامەزراوەیی کردنی خوێندنگە و دەزگا خێرخوازییەکانی بزاڤی خزمەتدا بە “بەڵێ” وەڵامی هەموو فیداکارییەکیان دەدایەوە کە داوایان لێ دەکرا، وە لەو قۆناغە گرنگەدا خواجە ئەفەندییان بە تەنها بەجێ نەهێشت.

کۆمەڵێک لە پێشینە بەڕێزەکان و لێبڕاوانی بزاڤی خزمەت لەگەڵ میوانەکاندا کۆبوونەوە و یەکتریان ناسی، وە دواتر نانیان خوارد و چایان خواردەوە. دواتر یەکێک لە میوانەکان کە پێشکەشکاری تەلەڤیزیۆنی بوو وتی:

  • بەڕێزان، لەگەڵ ئێوە یەکترمان ناسی و قسەمان کرد، وە ئێمە شەرەفمەند بووین بەوە. لەسەر مۆڵەتی بەڕێزتان، مادەم دەرفەت هاتووەتە پێشەوە و کۆمەڵێک کەسی بە نرخی وەک ئێوەمان دۆزیوەتەوە کە لە هاوڕێ نزیکەکانی مامۆستا فەتحوڵڵا گولەنن، دەمەوێت هەندێک پرسیارتان لێ بکەم: ئێوە چۆن لەو قۆناغانە تێدەگەن کە لەژێر ناونیشانی “مرۆڤی کامڵ” لە پەرتووکی “تەپۆلکە زومرودییەکانی دڵ” باس کراوە؛ ئایا بیروبۆچوونی خۆتان لەو بارەیەوە دەخەنەڕوو بۆ ئێمە؟

خاوەن ماڵەکان بە هیچ شێوەیەک چاوەڕوانی پرسیارێکی لەو شێوەیەیان نەدەکرد. کەمێک سەریان سوڕما و دواتر وەک ئەوەی بە ئاماژە بە یەکتر بڵێن “چی بڵێین؟” تەماشای یەکتریان دەکرد. هەموویان بە ئاماژە بەوانی دیکەیان دەوت “تۆ قسە بکە!”. ئەو کەسەی پرسیارەکەی کرد وای بۆ دەچوو کە وەڵامی پرسیارەکەی دەستناکەوێت، بۆیە جارێکی تر هەر لەسەر هەمان پەرتووک کۆمەڵێک پرسیاری بە دوای یەکدا ڕیز کرد. جۆراوجۆری ئەو بابەتانەی کە تامەزرۆی زانینی بوو، وە قوڵایی پرسیارەکانی ئاماژەی بۆ ئەوە دەکرد کە بە تەواوی ژیاننامە و بەرهەمەکانی خواجە ئەفەندی دێڕ بە دێڕ شیکردووەتەوە. لە کۆتاییدا یەکێک لە برا گەورەکانمان ڕووی کردە وەرگێڕەکە؛ هەم بە هۆی ناڕەحەتی ئەوەی کە وەڵامێکی دڵ تێرکەری نەداوەتەوە، وە هەم بە دڵێکی ساف و بێگەردەوە لە ناخی دڵییەوە وتی:

  • باشە ئەم پیاوە باسی چی دەکات؛ خواجە ئەفەندی پێمان دەڵێت و ئێمەش دەیکەین؛ هەمووی هەر ئەوەندەیە!…

دواتر ئەم ڕووداوە لە هۆڵێکدا گێڕدرایەوە کە خواجە ئەفەندی لەوێ ئامادەبوو، وە کاتێک ڕووداوەکە گێڕدرایەوە ڕاستەوخۆ هەموو ئامادەبووان کەمێک پێکەنین. لە ڕاستیدا لە ژێر سێبەری ئەو پێکەنینانەدا، ئەوە جێی ستایشە کە کەسانی بێگانە هێندەی شیکردنەوەی لۆکە لە لایەن هەلاجەوە، ئەو بەرهەمانەیان شیکردووەتەوە. لە هۆڵەکەدا تەنها یەک کەس هەبوو کە لەو کاتەدا هیچ لێوی لێک نەکردەوە و تەنانەت هیچ زەردەخەنەیەکیشی نەکرد و زیاتر جدیتر دەردەکەوت؛ ئەویش خواجە ئەفەندی بوو. وەک ئەوەی بیەوێت هەڵەیەک ڕاست بکاتەوە، لە شوێنی خۆی ڕاست بووەوە و وتی:

تکایە، با هاوڕێکانمان بە گوێڕەی هەندێ بابەت هەڵنەسەنگێنین؛ پێویستە سەرەتا پێش هەموو شتێک ئەوە پەسەند بکەین کە کۆمەڵێک تایبەتمەندی زۆر جیاواز کە ئەنجام دەدرێت پەیوەندی زیاتری بە بەهای کەسەکانەوە هەیە. خودای پەروەردگار بە شێوەیەک کە بە خەیاڵی هیچ کەسێکدا نەیەت دەکرێت بە هۆی فەزیلەتێکەوە کەسێک بەرەو خاڵی تەواو پێگەیشتن ئاراستە بکات و بەرگی “مرۆڤی کامڵ” بکات بە بەریدا. بەڵام دەکرێت لە ڕووی تیۆرییەوە ئەو بابەتە هەموو کەسێک لە واتا ڕاستەقینەکەی تێنەگات. گەورەیی، ڕاستەوخۆ بابەتێکی هاوڕێژەیی نییە لەگەڵ زانینی فەلسەفەی بابەتەکان.

ئەو لە ناخی دڵییەوە دەستخۆشی لەو خزمەتانە دەکات کە هاوڕێیانمان لە سەرەتاوە دەستیان پێکرد، وە ستایشی ئەو هەوڵانە دەکات. ئەوان پارێزگارییان لەم بانگەوازە کرد و سەرکەوتنێکی وایان بەدەستهێنا کە پێشتر زۆر بە کەمی هاوشێوەی لە مێژوودا بینراوە. تەنانەت دەتوانین بڵێین، ئەوان لە کاتێکدا فەلسەفەی ئەو کارەیان بە تەواوی نەدەزانی بۆ ماوەی چەندین ساڵ هەوڵیان لەگەڵ هەموو کارێکدا دەدا کە داوایان لێدەکرا. بە درێژایی ماوەی ٤٠ بۆ ٥٠ ساڵ بە بێ ئەوەی چاوەڕانی هیچ ئاوڕلێدانەوەیەک بکەن، وە بە بێ ئەوەی چاوەڕوانی پاداشت بکەن، وە بە بێ ئەوەی لە بەرامبەر خزمەتێکدا کە بچوکی دەبینرا بڵێن “ئەمە چییە، چی لەمەوە دەست دەکەوێت” هەموو کارێکیان دەکرد کە پێیان دەسپێردرا. هەندێک جار لە کێڵگەیەکدا، وە هەندێک جار لە چادرێک کە لە نزیک ڕووباڕێک هەڵدرابوو، وە هەندێک جاری تر سێ چوار کەس لە ناو خانوویەکی تەختەی زۆر بچوک کە بە زەحمەت جێگەیان دەبووە تێیدا کۆدەبوونەوە؛ بە ئومێد و تامەزرۆیی و عەشق و ئارامگرییەوە تۆوی بزاڤی خزمەتیان دەچاند. لە کاتێکدا لەو سەردەمەدا کە تەنها دەیانتوانی یەک ماڵ بکەنەوە، نەیانوت: “ئەم ماڵە بچوکە چ سوودێکی دەبێت بۆ داهاتوو؟” وە هەرگیز خەیاڵیان بە لای ئەوەدا نەدەچوو بڵێن لە بەشە ناوخۆییەکەوە چی دەست دەکەوێت. کاتێک کار گەیشتە ئەوەی هەست بەوە کرا پێویستە خوێندنگە بکرێتەوە، هەرگیز بە مێشکیاندا نەهات بیانوویەکی وەکو “توانای ئەوەمان نییە” بدۆزنەوە و خۆیان لە کارەکە بدۆزنەوە. لە پێناو بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خودای پەروەردگاردا دەچوونە ژێر هەر بارێکی گرانەوە کە داوایان لێدەکرا، وە بە بێ ئەوەی تووشی دوودڵی ببن بەردەوام لەو ڕێگەی لەسەری بوون بەرەو پێش دەڕۆیشتن.

دەستیان بە هەر کەسێک بگەیشتایە بە بەندەیان دەناساند و دەیانهێنا بۆ وتار و صوحبەتەکان. خۆیان لە پشت بیانووی “بە یەک جار چی دەبێت؟” خۆیان نەشاردەوە. کاتێک تەماشایان کرد کەسانێک هەن سەردانی مزگەوتەکان ناکەن، ئەوان چوون بۆ لایەن بۆ قاوەخانەکان. باوەڕیان بەوە هەبوو کە دەتوانن هەندێک لە حەقیقەتەکان بۆ کەسانێک باس بکەن کە قوماریان دەکرد و بە شێوەیەکی ناشرین قسەیان دەکرد و زۆر بە ناشرینی هەڵسوکەوتیان دەکرد. تەنانەت بانگەوازیان گەیاند بەو کەسانەی لەسەر مێزی تاوڵەکردن دانیشتبوون، وە ئەوانیان ڕازی کرد هیچ نەبێت بیست سی خولەک بێدەنگ بن و گوێ بۆ بابەتەکان بگرن. بە شێوەیەکی ئاسایی لۆژیک و کاراکتەری مرۆڤ هیچ کات ئەم کارەی بە سەرکەوتوو نەدەزانی؛ هەرگیز ئەگەری ئەوەی دانەدەنا کە شتێک لەم کارەوە دەستبکەوێت. بەڵام ڕاستی کارەکە ئەوە بوو کە ئەو هاوڕێیانە هیچ یەکێک لەو کارانەیان بە بێسوود نەدەزانی، وە هیچ کاتێک تووشی نائومێدی نەبوون، خۆیان نەدزییەوە و بکشێنەوە بڵێن “ئەمانە کۆمەڵێک هەوڵی بێسوودن” وە بەو هۆیەوە تووشی ڕەشبینی ببن. ئایا ئەوان فەلسەفەی کارەکەیان دەزانی، خودا دەزانێت؛ بەڵام خودای پەروەردگار هەموو ئەو شتانەی فێری ئەوان کردبوو کە پێویست بوو بیزانن. بەڵێ، ئەوان ئەو شتانەیان دەزانی کە پێویست بوو بیزانن، وە زۆر تامەزرۆبوون بۆ ئەوەی ئەو زانیارییانە بە کەسانی دیکەش بگەیەنن.

خواجە ئەفەندی بەم شێوەیە لە قسەکانی بەردەوام بوو: “لە دوای کودەتاکەی ١٢ی ئازار، بە تۆمەتی هەبوونی کاردانەوە لە بەرواری ٣ی ئایاری ١٩٧١ دەستگیرکرام، وە دوای مانەوەم لە زینداندا بۆ ماوەی شەش مانگ ئازاد کرام. کاتێک لە زیندان ئازادکرام، چەندین کەس کە وەک بڕودارێکی باش دەمناسین و چاوەڕوانی وەفاداریم لێ دەکردن دەیانوت ‘چیتر ئێمە لەو ئیشانەوە تێوە مەگلێنە!’ وە ئەوەش زۆر منی ڕووخاند. بە هۆی ئەو هەموو ئەو خزمەتانەی لە پێناو ئایین و نیشتیمان ئەنجاممان دەدا خەڵکی لێی تێنەدەگەیشت زۆر تووشی ڕووخان بووم، وە نیگەران بووم لەوەی کارەکانی ئەم بانگەوازە بە نیوەناچڵی بمێنێتەوە. لەو ڕۆژگارەدا لەگەڵ هەندێک لە هاوڕێیان لە ژوورێکی بچوکدا کۆبووینەوە. لەوێدا هەوڵمدا هەستەکانم و ڕووخانم بۆ هاوڕێیان بەیان بکەم. باسی ئەوەم بۆ کردن کە چەند هەستم بە ناڕەحەتی کردووە کاتێک هەندێک لە مرۆڤەکان تەنگوچەڵەمەیەکی بچوک یاخود بە هۆی تۆمەتێکەوە بڕیاریان داوە بکشێنەوە. کاتێک بە دەم گریانەوە وتم ‘ئایا پیاوەتی و شکۆی خۆتان فڕێ دەدەنە سەر زەوی؟’ کاک یوسف یەکسەر هەستایە سەرپێ و دەستی لەسەر سنگی دانا و وتی ‘مامۆستا گیانم بە قوربانی ڕێگاکەت بێت’. ئەوانی دیکەش هاوشێوەی ئەویان کرد؛ هەرچەندە زۆرێک لە هاوڕێکانم بەرەو سووچەکانی خۆیان پاشەکشەیان کرد، بەڵام ئەو هاوڕێ وەفادارانەم جارێکی تر خەندەیان بۆ ڕووخسارم گێڕایەوە و دواتر بە ڕاستگۆیی لەسەر ئەو پەیمانەیان مانەوە. بەردەوام بە هەڵوێستە جێگیرەکانیان، وە بە فیداکارییەکانیان کە کۆتایی نایەت، وە بەو تامەزرۆیی و شەوقەوە کە تەواو نابێت هێزی خۆیان بۆ سەر هێزی مەعنەوی زیاد دەکرد و دەبوونە نمونەیەکی جوان بۆ کەسانی دوای خۆیان. بۆیە ئەگەر باسی شتێک بکرێت، من هەرگیز ئەو هاوڕێیانەم لە یاد ناکەم؛ ناتوانم خۆم لە گێلی بدەم بەرامبەر بەو کارە گەورانەی ئەوان ئەنجامیانداوە؛ وە تەنانەت ئەگەر بە لوتفی خودای گەورە لە ڕیزی ڕزگاربوواندا حەشر کرام، پشتیوان بە خوا هەتا ئەو هاوڕێیانەم لەگەڵ خۆم نەبەم ناچمە ناو بەهەشتەوە… وە بە هیچ شێوەیەک لەسەر بنەمای ئەوەی ئایا ئەوان فەلسەفەی کارەکەیان زانیوە یاخود نا، ناتوانم هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەم.”

خواجە ئەفەندی ڕۆژی ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٧ کاتێک لەگەڵ میوانەکانی قسەی دەکرد، دیسان چاوەکانی بەرەو دوور دەیانڕوانی و لەبەر خۆیەوە دەیوت “ناتوانم بۆشایی هەندێک لە مرۆڤەکان پڕ بکەمەوە” وە یادی حاجی کەمال ئێریمەز و ناجی شەنشەکیجەری دەکرد کە هەردووکیان وەفاتیان کردووە.

بەڵێ، کەسانێک کە بەردەوام بیروبۆچوونی خۆیانیان پێش خزمەتکردن خستووە، وا دەزانێت خزمەتی ئایینەکەی دەکات بەڵام لە ڕاستیدا خزمەتی نەفسی خۆی دەکات، لە بچووکترین شلۆقییدا ڕاستەوخۆ بە شوێن تۆمەتباردا دەگەڕێت، ئەو ستایشانەی ئاراستەی بزاڤی خزمەت دەکرێت بە هی خۆی دەزانێت، وە هاوشێوەی ئەوەی زۆرێک لەو کەسانەی ئەمڕۆ دەیڵێن، ئەو ڕۆژانەش کەسانێکی زۆر هەبوون دەیانوت “تەواو ئەم کارە تەواو بووە، پێویستمان بە ڕێگەیەکی نوێیە” بەڵام لە بەرامبەر ئەوانەدا کۆمەڵێک کەسی لێبڕاو و فیداکار متمانەی تەواویان بە بزاڤی خزمەت هەبوو، وە بوونە هۆکاری ئەوەی خزمەت بگات بە ئەمڕۆ.

ئەو هاوسۆزانەی بزاڤی خزمەتیان کە ئەمڕۆ ئەم بانگەوازەیان بۆ بەجێماوە ئەرکی پارێزگاری کردن لەم بزاڤەیان بە هەمان وەفا و فیداکاری و تامەزرۆییەوە دەکەوێتە سەرشان. خۆی لە خۆیدا جگە لەوە هیچ شتێکی تر لە دونیادا ئەوە ناهێنێت کە لە پێناویدا بژییت.

باوەڕدارێکی ڕاستەقینە تەنها لە پێناو ڕەزامەندی خودا پێیوستە لە دونیادا بمێنێتەوە، وە لە پێناو خودا بژی، وە لە پێناو خودا دابنیشێت و لە پێناو خودا هەستێت، وە هەموو کارێک لە پێناو خودا ئەنجام بدات. مرۆڤ تەنها لە سایەی ئەو هەستەوە دەتوانێت ببێتە مرۆڤێک بۆ خودا. کاتێک دەبینە مرۆڤێک بۆ خودا، ڕاستەوخۆ ڕزگارمان دەبێت لەوەی ببینە مرۆڤێک بۆ شەیتان. بوون بە مرۆڤێک بۆ شەیتان، لەوەدا دەردەکەوێت کە لە هەموو دەرفەتێکدا باسی خۆت بکەیت. کەسێک کە دەبێتە یارییەکی دەستی شەیتان دەیەوێت جیهان ئەو بکەن بە ویردی سەر زاری خۆیان و بیکەنە قارەمان… پێش ئەوەی بکەوینە قۆناغێکی مەترسیداری لەو شێوەیەوە، ئارەزووکردنی ڕۆیشتن بەرەو خودای پەروەردگار (مردن) واتای وەفاداری دەگەیەنێت…

مرۆڤ پێویستە بەردەوام کۆنتڕۆڵی ناخی خۆی بکاتەوە، ڕووبەڕووی خۆی ببێتەوە، وە بەردەوام چاو بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ خودا بخشێنێتەوە: ‘پەیوەندییەکانم لەگەڵ خودا لە چ ئاستێکدایە، ئایا من لە کوێدا ڕاوەستاوم؟ خۆم پێویستە لە کوێدا بم، وە ئێستا لە کوێدام؟ ئایا بە واتای ڕاستەقینەی خۆی دەتوانم پارێزگاری لەم بانگەوازە بکەم کە هەتا ئەمڕۆ بە ئیخلاسەوە بە من گەیەندراوە؟’

خۆزگە دەمانتوانی بە هەمان هەڵوێستی جێگیر و فیداکارییە نەبڕاوەکان و لێبڕاو و عەشق و وەفادارییەوە بەردەوام خزمەتی ئەم ئایینەمان بکردایە!..

“خۆزگە!.. هیچ کاتێک بە بێ گوێدانە پلە و پایە و جیاوازی وەک مرۆڤێکی ڕاست خزمەتمان بکردایە. خۆزگە لە هەر چواردەوری جیهاندا بە بێ جیاوازی ئایین و زمان و ڕەنگ و ڕەگەز یارمەتی مرۆڤەکانمان بدایە؛ باسمان لە ئایینەکەمان و ئەو حەقیقەتانە بکردایە کە دەمانزانی، وە لە کاتێکدا کە ئەوەمان دەکرد بە تەواوی بە بێ هیچ چاوەڕوانییەک بمانکردایە.”

“خۆزگە!.. هەست و بیروبۆچوونەکانمان هیچ کات بە پلە و پایە و ناوبانگ و شکۆ و ئەو بابەتانە لە کەدار نەکردایە و تەنها بەندایەتی خۆمان بۆ پەروەردگار بەجێ بگەیاندایە. ژیانمان تەنها ببەستایەتەوە بە باسکردنی ئایینەکەمان و ناساندنی پەروەردگارمان. لە هەر شوێنێک دەژین، وە لە هەر شوێنێک دەمێنینەوە با وابێت: لەو شوێنەی کە تێیدا دەمێنینەوە تەنها و تەنها لە پێناو گەیاندنی پەیامی خودا کار بکەین کە مرۆڤایەتی زۆر پێویستی پێیەتی. هەڵوێستەکانمان بە داهاتووی خۆمانەوە نا، بەڵکو بە ئارامی و دڵخۆشی مرۆڤایەتییەوە ببەستینەوە، وە بەردەوام بیر لەوە بکەینەوە. خۆزگە!..”

 

سەرچاوە: http://www.shaber3.com/hizmet-bugunlere-kolay-gelmedi-haberi/1318105/

Show More
Back to top button