بیروڕاهەواڵ

با سەر ڕووی زەوی بکەینە دەرسخانە

جەمیل تۆکپنار

زۆر ڕێگە هەیە بۆ سوود وەرگرتن و تێگەشتن لە پەیامەکانی نور، کە ڕاستیە ئیمانی و قورئانیەکان بە شێوەیەک ڕوون دەکاتەوە کە دڵ، ئەقڵ، لۆجیک و هەستەکان دەتوانن لە ڕێگەیەوە ئاسودەیی بدۆزنەوە.

یەکێک لەو ڕێگایانە بریتیە لەو وانە هاوبەشانەی کە بە کۆمەڵ ئەنجام دەدرێت بە مەبەستی شیکردنەوە و تێگەشتن لە پەیامەکانی نور.

لەم وانانەدا کە ڕاستیەکانی ئیمان و ئیسلام بە تێروتەسەلی باس دەکرێت، پێویستە لە هەموو هەلومەرج و بارودۆخێکدا هەوڵی سوودمەند بوون بدەین لێیان.

لە ساڵانی ١٩٧٠ کە یەکەم جارم بوو دەچووم بۆ وەرگرتنی ئەم وانانە، ماڵەکان بە ماڵی ئەرقەمی کوڕی ئەرقەم دەشوبهێنران. حەزرەتی ئەرقەم ئەو هاوەڵەی سەردارمان بوو کە میوانداری سەردارمان و هاوەڵانی دەکرد بۆ کۆبوونەوە لە ماڵەکەیدا.

هۆکاری لێکچواندنی ئەم ماڵانە بە ماڵی ئەرقەمی کوڕی ئەرقەم ئەوە بوو کە هاوشێوەی ئەو سەردەمە دونیای دەرەوە بە ساردی لەو بابەتانەی دەڕوانی کە لەو ماڵانەدا باس دەکرا. هەروەها گەرموگوڕی و برایەتی و خۆشەویستی و دڵسۆزی و یەکگرتووی نێوان ئەندامەکانی، ئەم دوو تایبەتمەندیە هاوشێوەیە وایکردبوو کە بە هاوەڵانی ناو ماڵی ئەرقەمی کوڕی ئەرقەم بشوبهێنرێن.

ئەو فەرمودە شیرینەی کە دەفەرموێت: “خۆشەویستترین کاری چاک لای خودا ئەو کردارەیە کە گەر کەمێکیش بێت بەڵام بەردەوام ئەنجام بدرێت”، ئەمە لە هەمان کاتدا ئەو کردارە چاکانەش کە خۆیان لە گفتوگۆی وانە ئیمانی و تەفەکوریەکاندا دەبیننەوە دەگرێتەوە، کەسێک هەموو ڕۆژێک یاخود چەند ڕۆژێکی هەفتە کە ڕاستیەکانی ئیمان دەخاتە تێشووی خۆیەوە، دوای چەند ساڵێک دەبێتە خاوەنی تێشووە بەرەیەکی گەورەی پڕ زانست.

جگە لەوە یەکناسین و تێکەڵبوون و دروستکردنی پەیوەندی لەم شوێنانەدا هەلێکی بێ هاوتا دەبەخشێتە ئەندامەکانی هەتا پلانی خزمەتی نوێ دابنێن و پێکەوە جێبەجێی بکەن. یەکێک لە سوودە لە ئەژمار نەهاتووەکانی ئەم پەیوەندیە ناوازە و دەگمەنە هەر ئەم بابەتەیە.

کەشوهەوایەکی نورانی و لێزمەی مەعنەویەت

 

ئەم وانە ئیمانی و قورئانیانە بە چەشنی لێزمە بارانن. ئەم کەشوهەوا نورانیە کە ئەهلی ئیمان لە هەزاران فێڵ و تەڵەکەی سەرنجڕاکێش دوور دەخاتەوە، پەناگەیەکی پتەو و قەڵایەکی خۆ حەشاردانی بێ وێنەیە.

 

وەک لە بابەتی چوارەمی پەیامی میوەدا ئاماژەی پێکراوە” گەورەترین و گرنگرتین و بەردەوامترین ئەرکی بچوکترین بازنە” بریتیە لەو وانە قورئانیانەی کە گرنگرترین پاڵپشتی لە بردنەوەی بانگەوازی ئیمان دەکەن. هەروەها تەنیا ڕێگەش بۆ ڕزگاربوون لە شەڕی شتە پوچ و زیانبەخشانەکانیش بریتیە لە وەی لەبەر خاتری خودا لە یەک شوێندا کۆ ببینەوە. سەردارمان دەفەرموێت دوو کەس کە لەبەر خاتری خودا لە یەک شوێندا کۆبوونەتەوە، هەتا ئەو کاتەی جیا دەبنەوە فریشتەکان نزای خێریان بۆ دەکەن.

گەر دەیان کەس لە هەمان شوێندا کۆببنەوە، نزای فریشتەکان و پاداشتی خودا بەو ڕادەیە چەندین قات زیاتر نابێت؟

 

دۆستین یاخود خوێندکار؟

نوسەری ڕاستیەکانی ئیمان، سەبارەت بەو کەسانەی دەهاتنە سەردانی، بەسەر ٣ پۆلدا دابەشیان دەکات کە بریتیە لە “برا، خوێندکار، دۆست”. کاتێک باسی تایبەتمەندیەکانی برا و خوێندکاران دەکات دەفەرموێت:
” بۆ ئەوان مەرجە بەرهەمی وانە ئیمانیەکان بە هی خۆیان بزانن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکان بە گرنگترین ئەرکی سەرشانیان بزانن”. مەرجی سەرەکیش لەم بابەتەدا بە گرنگ گرتنی وانە ئیمان و قورئانیەکانە. گەر بە پێی پێویست گرنگی نەدەن بەم وانانە، واز لە خوێندکاری و برایەتی بهێنن، ناتوانین ببینە دۆستی یەکتریش”.

خزمەتی ئیمان لەسەرو هەموو مەشغوڵیەتیەکەوەیە و وانە نورانیەکان گەورەترین ئەرکی سەر شانە. هەربۆیە پێویستە ڕێگە بە نەفسمان نەدەین کە هەندێک کار بکاتە بەهانە و بڵێین ” من کارم هەیە”.  گەر نەفسمان قسەیەکی وەهاشی کرد پێویستە بپرسین ” وانە ئیمانیەکان لەسەرو هەموو ئەرکەکانەوەیە یاخود نا؟”.

خۆتان دەزانن پرۆگرامی ژیان بە گوێرەی گرنگترینی کارەکانمان ڕێک دەخرێن. ئەو ڕۆژەی بۆ گرنگترین کار تەرخان دەکرێت ناکرێت لە ڕۆژێکی تردا ئەنجام بدرێت. جگە لەو وانانەی لە ڕێگای خودادا دەخوێنرێن چ کارێکی گرنگتر هەیە هەتا بکرێنە لەمپەر لەبەردەمیدا؟

 

با ئەوە لە یاد نەکەین کە ئەم گفتوگۆیانە لەم دونیایەدا شیرینترین و بە بەهاترین یادەوەری دەبێت و لە ژیانی ئاخیرەتیشدا یەکێک دەبن لە جوانترین و قەشەنگرتن دیمەنەکان.

کاتێک پڕۆگرامی ڕۆژانەی ژیانمان ڕێک دەخەین، لە جیاتی ئەوەی بڵێین ” گەر کارم نەبوو دەڕۆم بۆ وانەکان”، دەبێت بڵێین “من ئەمڕۆ وانەم هەیە”. هەندێک جار دەشێت نەخۆشی، ماندویەتی، بێخەوی، میوان بکرێتە بەهانە. بەڵام گەر زۆر نەخۆش نەبووین با هەر بەشداری بکەین، وانەکە دەبێتە شیفای نەخۆشیەکەتان، گەر ماندووش بووین دەمانحەوێنێتەوە. بە هۆی سەرنجڕاکێشانە قوڵەکەیەوە ماندویەتی و بێخەوی و نەخۆشیمان لەبیر دەباتەوە.

 

تەنانەت بەشداری ٥ – ١٠ خولەکیش زۆر گرنگە

ئوستاد بەدیعوزەمان کاتێک ئامۆژگاریمان دەکات کەوا پەیامەکان بە یەکەوە بخوێنینەوە شێوازێکی لەم شێوەیە دەخاتە بەردەممان:

گەر هەریەکێک لە ئێوە ٤ تا ٥ منداڵی هەبێت، ئەوا با ماڵەکەی خۆی بکاتە خانەیەکی بچوکی وانەکانی پەیامی نور. گەر منداڵی نەبوو هەر خۆی بە تەنیا بوو، ئەوا با ٣ یان ٤ لە دراوسێکانی یەکبگرن و ماڵەکەیان بکەنە حوجرەیەکی بچوکی وانەکانی پەیامی نور. هیچ نەبێت لەگەڵ هاوسەرەکەیان گەر ڕۆژانە ٥ تا ١٠ خولەک بیخوێننەوە یاخود گوێی لێبگرن و بینوسنەوە، ئەوا هەروەک چۆن پاداشتی خوێندکارە ڕاستەقینەکانیان بە نسیب دەبێت، لە هەمان کاتدا ئەو ٥ عیبادەتەشیان بە نسیب دەبێت کە لە پەیامی ئیخلاسدا ئاماژەی پێکراوە. بە چەشنی خوێندکارە ڕاستەقینەکان، مامەڵەی سادەی ڕۆژانەشیان وەک عیبادەتی لێدێت.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا وەک چۆن زۆرێک لە پڕۆگرامە جددیەکانی خزمەت لەمپەری هاتۆتە سەر ڕێگا، لە هەمان کاتدا وانە ئیمانیەکانیش فەرامۆش کراوە. بەڵام ئوستاد تەنانەت لە هەلومەرجی سەختی زیندانیشدا نوسینی بەشی نوێی پەیامەکانی نور و خوێندنەوەیانی فەرامۆش نەکردووە. سەرەڕای هەموو شتێک کۆبوونەوە لەگەڵ چەند هاوڕێیەک یاخود ئەندامەکانی خێزانی خۆت بە مەبەستی خوێندنەوەی پەیامەکانی نور زۆر گرنگە. لایەنی کەمی ئەم بابەتەش دەبێت ٥ تا ١٠ خولەک بێت و بە گوێرەی توانا گەر زیادمان کرد سوود و پاداشتی زیاتر دەست خۆمان دەخەین.

هەربۆیە چاوەڕێ کردن کات و شوێنی گونجاو و دواخستنی وانە ئیمانیەکان بەم پاساوانە،  بەهانەیەکی نەفس و شەیتانە و زۆر شتمان لە دەست دەدات.

شەیتان بە تایبەت لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا کە بارودۆخەکە بە هەل دەزانێت، زۆر پرسیار و وەهم و پرسیاری تێکدەرانە دەخاتە ناو ئەقڵ و دڵی ئێمە و منداڵەکانمانەوە. گەرچی گەنجینەی پڕ زانستی وەڵامدەرەوەی هەموو پرسیارەکان لە ژێر دەستماندایە و پێویستە درکی پێبەرین.

 

پەیامەکانی نور هۆکاری ئاسودەیی و خێر و بەرەکەتە

لەم هەلومەرجەی ئێستا پێیدا تێدەپەڕین، زۆر شتێ نەرێنی ماددی و مەعنەوی هەیە کە جەوی مرۆڤ تێکدەدەن و گیانی ناڕەحەت دەکەن.

کاتێک لە پاڵ حەقدا دەبیت و  باجی قورسی هەڵبژاردنی ژیانی ئاخیرەت بەسەر دونیا دەدەیت، پێدەچێت خانمان و منداڵان لە بەرامبەر ئازار و ناڕەحەتیەکاندا زیاتر لە هەموو لایەک توشی کەم حەوسەڵەیی و کەمی بەرگەگرتن ببن. لە خەمی دابینکردنی ژیانەوە هەتا توشبوون بە نەخۆشی خەمۆکی و زۆر    کێشە و بێبەشبوونی تریان لەناو کۆمەڵگادا توش بووە. هەربۆیە مەشغوڵ بوون بە پەیامەکانی نور لە کاتێکی وەک ئێستادا گرنگیەکی زۆری هەیە.

ئوستاد سەبارەت بەو ئەزمونەی لەم بابەتەدا هەیەتی دەڵێت:

من بە شێوەیەکی ڕەها و لە ڕێگەی هەزاران ئەزمونی خۆمەوە بە شێوەیەکی ڕەها گەشتومەتە ئەو قەناعەتەی کە: ئەو ڕۆژانەی لە خزمەتی پەیامەکانی نوردا بووم، بە گوێرەی ئەو خزمەتە لە دڵ و مێشک و دەماغ و ڕۆحمدا ئاسودەگی و کرانەوە و دڵخۆشیم بەدیکردووە. تەنانەت کە لەوێ بووم و لێرەش بووم ئەمەم بەدیکردووە،   هەروەها ئەمەشم لە زۆرێک لە هاوڕێکانمەوە بەدی کردووە و زۆریشیان دانیان بەوەدا ناوە کە هەستیان بە هەمان حاڵەت کردووە. تەنانەت نهێنی ئەوەی کە بە خواردنێکی زۆر کەم ژیانم دەگوزەرێنم هەر بە هۆی پیت و بەرەکەتی ئەو خزمەتەوەیە”.

هەربۆیە پێویستە هانی منداڵان و گەنجانیشمان بدەین لەم بوارەدا.

هەندێک کەسیش هەیە لە پاڵ ئەوەی خوازیاری ئەوەن کە بیخوێننەوە، بەڵام لەوە دەچێت لە بابەتی تێگەشتنیاندا توشی کێشە ببن. باشترین ڕێگەش بۆ ئەوەی بە باشی بیخوێنینەوە و لێیتێبگەین ئەوەیە پێکەوە کۆبینەوە و بە یەکەوە بیخوێنینەوە. هەر کۆبونەوەیەک بە مەبەستی زیادکردنی ئیمان و مەعریفەت و تێگەشتن لە ڕاستیە قورئانیەکان بێت، ئاسودەگی و متمانەی مەعنەوییان بەسەردا دەبارێنێت و واتای نوێیان لەبەردەمدا دەکاتەوە، لەو واتا نوێیانەشدا هەلی قوڵبونەوەیان بۆ فەراهەم دەبێت. پەیامەکانی نور تەنیا گەنجینەی زانست نین. لە هەمان کاتدا ئامرازی کرانەوەی مەعنەوی، پیت و بەرەکەت، ئاسودەگی، متمانە،  عەشق و تامەزرۆیی و خۆڕادەستکردنن بە جەنابی حەق.

بەڵێ ئەوانەی بە ڕاستگۆیانە لە دڵیانەوە  کۆدەبنەوە و تەنیا لەبەر ڕەزامەندی خودا بە برایانە دێنە ڕیزی یەکتر، جەنابی حەق بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لوتف و ئیحسان و بەخشندەیی خۆیی بە نسیبیان دەکات. لەوەش دەچێت ئەمە کەرامەتی ئەم ڕاستگۆیی و خزمەتە بێت.

با لە گفتۆگۆکان و کۆبوونەوەکانماندا منداڵان و گەنجانیش بەشدارکەین لەگەڵ خۆماندا. ئەمڕۆ لە دەستی هەموو گەنجەکانماندا مۆبایلێک هەیە. بە شێوەیەکی بێ سنور سەیری ڤیدیۆ یاریەکانی ناو ئینتەرنێت   دەکەن و هیچ بەرەکەت و سوودیكیان لەو کارەیان دەستناکەوێت. بەڵام گەر بچینە ناو دڵەکانی ئەوانەوە، لەگەڵ مامەڵەی شیرین و هاندەرانەمان لە هەمان کاتیشدا بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و گوێڕایەڵیپێکردن بۆ چەند ڕێسایەکی دیاریکرا، دەتوانین وانەکانی ئیمانیان پێبڵێینەوە و، وەک ئەمڕۆ و داهاتووشیان ڕۆشن دەکەینەوە لە هەمان کاتدا ژیانی ئاخیرەتیشیان ڕزگار دەکەین.

 

بە پێچەوانەوە زۆر دیمەنێکی پڕ ئازارە کە مرۆڤێک ژیانی خۆی بۆ چاکسازی مرۆڤایەتی تەرخان کردبێت، بەڵام لە هەمان کاتدا نەیتوانیبێت منداڵەکانی خۆی بە باشی پەروەردە دەکات.

باشترین شێوازی سوودوەرگرتن لە وانەکانی پەیامی نور ئەوەیە پێکەوە کۆبینەوە و بیانخوێنینەوە. گەر ئەمەشمان بۆ نەکرا ئەوا دەتوانین لە ڕێگەی بەرنامەکانی ڤایبەر و وەتسئەپەوە لەگەڵ مرۆڤی شوێنە جیاوازەکانی دونیا کۆ ببینەوە و ئەم کارە ئەنجام بدەین. بەم شێوەیە تەواوی سەر ڕوی زەوی دەبێتە دەرسخانەی پەیامەکانی نور.

 

 

 

Show More
Back to top button