هەواڵ

باڵیۆزی کرغزستان: پێویستە تورکیا لەسەر ڕادەستکردنەوەی مامۆستاکان بەڵگەمان پشان بدات

ئیبراگیم جونوسۆڤ باڵیۆزی وڵاتی کرغزستان لە ئەنقەرە، سەبارەت بە ڕادەستکردنەوەی مامۆستایانی بزاڤی خزمەت لە وڵاتەکەی، ئاماژەی بە پێویستی خستنە ڕووی بەڵگەی یاسایی کرد لەلایەن تورکیاوە.

جونوسۆڤ سەبارەت بە ڕادەستکردنەوەی مامۆستاکان وتی” بەڵگەکانتان بخەنە ڕوو با ئێمەش پێشکەشی دادگاکانی بکەین و دادگا بڕیار بدات”.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە لەگەڵ تورکیادا ڕێکەوتننامەیەکی دوو قۆڵیان هەیە سەبارەت بە ڕادەستکردنەوەی کەسانی داواکراو و، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە تورکیا بەڵگەکانی لەسەر کەسە داواکراوەکان بخاتە ڕوو.

باڵیۆزەکە سەبارەت بە داخستنی خوێندنگەکانی بزاڤی خزمەت و ڕادەستکردنەوەی مامۆستاکانی وتی” بۆ ئەوەی کارێکی وەها بکەین پێویستمان بە بەڵگەی یاسایی هەیە. ئەنقەرە داوای هەندێک ناومان لێ دەکات، ئایا هەتا ئیستا هیچ بڕیارێکی دادگایی لەسەر ئەم کەسانە هەیە؟ گەر هەیە دەبێت پشانی ئێمەشی بدەن”.

باڵیۆزەکە سەبارەت بە ڕادەستکردنی خوێندنگەکان بە وەقفی مەعاریف وتی” ئێمە پشتگیری ئەوە دەکەین وەقفی مەعاریفیش بە هەمان شێوەی خوێندنگەکانی ساپات، خوێندنگەی خۆی بکاتەوە، گەر خوازیاری کارێکی وەها بن ئێمە ئاسانکاریان بۆ دەکەین کە مۆڵەتی یاسایی لە وڵاتەکەمان وەربگرن”.

جێی ئاماژە پێدانە وەقفی مەعاریف لە جیاتی هەوڵی ئەوە بدات خوێندنگەی هاوشێوەی خوێندنگەکانی بزاڤی خزمەت بکاتەوە لە وڵاتانی دەرەوە، بەڵکو هەوڵی ئەوە دەدات لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە و کۆنسوڵخانەکانی، بە حازری دەست بگرێت بەسەر خوێندنگەکانی بزاڤی خزمەتدا.

باڵیۆزەکەی کرغزستانیش بە ناڕاستەوخۆ پێیان دەڵێت” ئێوەش لە سفرەوە خوێندنگەی خۆتان دروست بکەن، نەک هەوڵی دەست بەسەرا گرتنیان بدەن”.

 

http://www.shaber3.com/kirgizistan-buyukelcisi-deliller-getirilirse-iade-talepleri-degerlendirilir-haberi/1302676/

 

 

Show More
Back to top button