نوسەرانهەواڵ

باوەڕدارێک کە لە ئیماندا گەشتۆتە پلەی کامڵ بوون مەهمەت عەلی شەنگوڵ

باوەڕدارێک کە لە ئیمانیدا گەشتۆتە پلەی کامڵ بوون، نوێنەرایەتی متمانە و بەختەوەری دەکات. ئەو مرۆڤانەی نوێنەرایەتی متمانە و بەختەوەری دەکەن، دڵی کەس زویر ناکەن، نایشکێنن، لە خۆیان نایڕەنجێنن. بە گۆشە نیگای ئەوەی هەموو کەس مرۆڤە، سەیری مرۆڤەکان دەکات، لەبەر ئەوەی مرۆڤ شاکارێکی ناوازەی خودایە، ڕێز گرتن لەو شاکارە خوداییە، ڕەهەندێکی جیاواز بە ئیمانی کەسی باوەڕدار دەبەخشێت.

باوەڕداری ڕاستەقینە و کامڵ، هەروەک خۆی زوڵم لە کەس ناکات، لە هەمان کاتدا ڕێگە بەوەش نادات زوڵمی لێ بکرێت.

تەواوی پیغەمبەران و ئەو زاتە گەورانەی لەسەر ڕێگەی ئەوان بوون، ئەوانەی لە هەوڵی سوود گەیاندن بە مرۆڤایەتی و کۆمەڵگا و خەریکی کاری چاکسازی بوون، هیچ کاتێک لە ژیانیاندا لە ڕووی ماددیەتەوە ئاسوودە نەبوون و، بەردەوام گیردۆدەی ناسۆر و دەردەسەری بوون.

بەڵا و موسیبەتەکان بە گوێرەی ئاستی مرۆڤەکانە، تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی دەفەرموێت، سەختترینی بەڵاکان بەسەر پێغەمبەرانی خودادا دێت، دواتر هەر مرۆڤە و بە گوێرەی ئاستی نزیکی لەوانەوە گیرۆدەی بەڵا و موسیبەت دەبێت.

حەزرەتی ئیبراهیم بە هۆی ئەوەی مرۆڤەکانی بەرەو باوەڕهێنان بە خودا بانگ دەکرد، لەلایەن نەمرودەوە فڕێدراوەتە ناو ئاگر، بەڵام بە فەرمانی خودایی ئاگرەکە نەیسوتاند. حەزرەتی یوسفیش سەرەتا لەلایەن براکانیەوە فڕێ دەدرێتە ناوی بیرێکی ئاوی، بەڵام بە فەرمانی خودا ئاوەکە نایخنکێنێت و ، لە سایەی چاودێری خوداییەوە لە کونی بیرەکە دەردێت و رزگاری دەبێت. دواتر لەلایەن فەرمانداری میسرەوە دەخرێتە زیندان، بەڵام دواتر خودا یوسفی کردە سەرداری میسر.

حەزرەتی یونس لەبەر ئەوەی پێشبینی ئەوەی دەکرد بەڵایەک بەسەر قەومەکەیدا دێت، سواری کەشتی دەبێت و لە ئەنجامی تیروپشکێکەوە دەخرێتە ناو ئاوی دەریا، دواتر ماسیەک قوتی دەدات، بەڵام خودا ماسیەکە وەک کەشتی ژێر ئاوی لێ دەکات و دەیگەیەنێتە کەناری ئارامی، حەزرەتی زەکەریا بە مشار بڕدراوە، حەزرەتی عیسا ویسترا لە خاچ بدرێت، بەڵام خودا نەیهێشت ئەو کارەیان سەر بگرێت.

حەزرەتی محمد سەرداری ئێمە، گیرۆدەی هەموو نەهامەتی و ناسۆری و ئەشکەنجەیەک بوویەوە، چەندین تەڵەی مەرگیان لەسەر رێگاکەی دانا، بەڵام خودا لە هیچیاندا ڕێگەی بۆ خواستی دوژمنانی خۆش نەکرد و لە هەموو تەڵەکەکانیان پاراستی. ئەو کەسە بێ دەرەتان و بێ دەسەڵاتانەی لە سەرەتاوە باوەڕیان پێهێنا، ئەوەی نەیەت بە خەیاڵدا لە دەرد و چەرمەسەری بەسەریاندا هات،هەر بۆیە سەردارمان ناچار بەوە کرا، کۆچ لەو خاکە بکات کە تێیدا هەموو ژیانی بردبووە سەر.

بەڵام بەڵا و موسیبەت شتانێک نین کە هیچ کاتێک خوازیاری ببین و نابێت خوازیاری ببیت، هەروەک خودا لە قورئانی موعجیزەی هەموو ڕوونکردنەوەیەکدا دەفەرموێت” هەندێک لە ئێوە دەلێن خودایە لەم ژینەدا هەرچی باشی و جوانیە بە نسیبمان بکە و، لە ژیانی ئاخیرەتیشدا هەرچی باشی و جوانیە بە نسیبمان بکە، خودایە لە ئاگری خۆت بمانپارێزە”(٢، ٢٠١). هەر بۆیە دەبێت هەمیشە داوای تەندروستی و چاکە بکەین لەم ژینە و لە ژیانی ئاخیرەتیشدا.

لە هەمان کاتدا نابێت کەس هیوابڕاو بێت لە ڕەحمەتی خودا، جەنابی حەق لە ئایەتی ٥٣ ی سورەتی زومەردا دەفەرموێت” پێیان بڵێ ئەی ئەو بەندانەی هەڵەتان کردووە و گوناحتان زۆرە، بێ هیوا مەبن لە ڕەحمەتی خودا، گەر خودا بیەوێت لە گوناحەکانتان خۆش دەبێت، چونکە ئەو خودایەکی لێبوردە و میهرەبانە”.

لە تەسەوفدا کۆتا پلە کە مرۆڤ پێی بگات، ئەوەیە بە حەزەر و دیقەتەوە هەنگاو بنێت لە ژیانیدا، سەردارمان لە کۆمەڵگای خۆیدا پێش کاتی پیغەمبەرایەتی سەرەڕای ئەوەی بە “محمد الامین” ناوبانگی دەرکردبوو، بەڵام دوای شەرەفمەندبوونی بە پێغەمبەرایەتی، هەموو خراپەیەکیان بەرامبەر ئەنجامدا”.

 

لە بەرامبەر ئەم هەموو خراپەکاریەی بەرامبەر سەردارمان ئەنجام دەدرا، حەزرەتی ئەبوبەکری سددیق بێ هیچ دوو دڵیەک باوەڕی بە پێغەمبەرایەتی سەردارمان هێنا و سنگی لە بەرامبەر هەموو نەهامەتیەکاندا کردە قەڵغان، بە لەبەرچاو گرتنی مردنی خۆی، سنگی خستە بەرامبەر خراپەی خراپەکاران و پێی وتن “ناتوانن ئەم کارە بکەن”.

 

کەسانی باوەڕداری نزیک لە فیرعەونیش( یەکێک لەوانە برای ئاسیای هاوسەری فیرعەون بوو) لە بەرامبەر حەزرەتی موسادا قۆڵەکانیان کردەوە و، ڕێگەیان نەدا فیرعەون بەرامبەر موسا کاری خراپ ئەنجام بدات. کاتێک مەرگ بەر دەرگای بەو کەسە نزیکەی ئالی فیرعەون گرت، تەنیا ئەوەی وت کە حاڵی خۆی  ڕادەستی خودا دەکات. وەک لە ئایەتی ٤٥ ی سورەتی موئمنون هاتووە” خودا ئەوان و کەسانی باوەڕداری لە تەڵەی کافران ڕزگار کرد، خانەدانی فیرعەونیش بە سزا و عەزاب تەون دا”. هەر بۆیە ئێمەش خۆمان و حاڵی خۆمان حەواڵەی لای خودای خاوەنی هەموو شتێک دەکەین و پەنا بە یارمەتی ئەو دەبەین.

پیغەمبەرمان کە بە فەرمانی ئیلاهی ئەرکی ڕاگەیاندنی ڕاستیەکانی بە مرۆڤایەتی پێ سپێردرابوو، بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بە ئاڕاستەی ئامانجی هێنانە بوونیان بژین، لای خۆیەوە هەموو جۆرە فیداکاریەکی ئەنجامدا، بۆ ئەو ژیاندن لە پێش ژیان بوو. ئاسوودەی لە ژیاندنی کەسانی تردا دەبینیەوە، هەموو جوانیەکانی بەهەشت لەبەر پێی هەڵڕێژرا، سەرەڕای ئەوەی جوانی خودایشی بینی، گەڕایەوە سەر زەوی بۆ ڕێپیشاندانی بەندەکانی خودا، هەربۆیە گەڕانەوەی لە میعراج ئەمە واتاکەی بوو.

تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەشکەنجە و ناڕەحەتیەک، دەستبەرداری تەواوی ئەو جوانیانە بوو کە لە میعراجدا پشانیدرا، تاکو بگەرێتەوە و دەستی ئومەتەکەی بگرێت بۆ بینینی ئەو جوانیانەی بە چاوی خۆی بینی.  دەبێت لە ئاستی پێزانین بین بەوەی کە شەرەفمەندین بە ئومەتبوونمان لە دوای پێغمبەرێکی لەو شێوەیە و، ژیانمان بە گوێرەی ئەو پێگەیەی پێمان بەخشراوە ڕێک بخەین.

گەرچی مرۆڤگەلێکی زۆر بە هۆی عینادی کوفر و دووڕووی خۆیانەوە لە بەرامبەر پیغەمبەر و پەیامەکەی وەستابێتیشن، زۆرێک لە مرۆڤەکان وەڵامی پەیامەکەیان داوەتەوە و لە پێناو ڕێگای ئیسلام و ئەو پەیامەی جوانەی هەڵیگرتوە، هەموو فیداکاریەکی ماددی و مەعنەویان ئەنجامداوە و خۆیان کردۆتە خاوەنی.

مرۆڤگەلێکی زۆری خاوەن ئەقڵ و تێفکرین و هەستی وەک عەبدوڵای کوڕی سەلام، کە زانایەکی باوەڕپێکراوی ناو جولەکەکان بوو، چونکە خۆی پێکهاتەکەی لە ئاڵتون بوو، لە کاتی بینینی سەردارماندا وتی” وەڵڵاهی لەم دەمووچاوەدا درۆ نابینرێت” و پاشان باوەڕی هێنا.

ئاڵڤارلی محمد لوتفیش کە عاشقی حەق بوو زۆر جوانی فەرمووە:

تۆ گەر مەولات خۆش بوێت، مەولاش تۆی خۆش ناوێت؟

ئەوەی پەنا بە ڕەزای بەرێت، ڕەزای خۆیی پێنادات؟

تۆ گەر لە قاپی حەقدا گیانت فیدا کەیت

گەر خزمەتی فەرمانی بکەیت، خودا پاداشتت ناکات؟

وەک ئاوەکان خوڕەت بێ و وەک ئەیوب بگری

جگەرت بۆی سوتا بێت، لە ئەحواڵت ناپرسێت؟

 

ئەوانەی بە هەوەس و ئارەزووی خۆیان دین لێکدەدەنەوە و سەختی دەکەن، ئەوانەی بە هەستەکانیان جوڵە دەکەن و دین لە خۆیان قورس دەکەن، هیچ کاتێک سەرکەوتوو نەبوون و دایم دۆڕاو بوون. سەردارمان دەفەرموێت” ئاسانکاری بکەن و دین سەخت مەکەن، موژدە بە خەڵک بدەن و نەفرەت بڵاو مەکەنەوە”.

ئاماژەی گەورەیی کەسانی گەورە ئەوەیە هەمیشە خاکی و خۆ بە کەمزانن، نیشانەی کەسی بچوکیش خۆبەزلزانی و خۆپەرستیە. گەر مرۆڤێک لە دڵەوە وابەستەی گەیاندنی پەیامەکە نەبووبێت، ناتوانێت لە بوونە قوربانی دەستی ئەنانیەت و خۆپەرستی قورتاری ببێت. دەشێت مرۆڤ جار جار بەرامبەر نەفسی خۆی بدۆڕێت. پۆست و پلەو پایە، شان و شۆرەت، شەهوەت، حەزی بوونە زانای هاوشێوەی بەلعام، باق و بریقی سەرنجڕاکێشی دونیایی، دەتوانێت مرۆڤ بخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. بەڵام هەموو ئەم شتانەی نەفسی لە بەرامبەریدا چۆک دادەدات، لەو دونیا دێنەوە بەردەمی و خەجاڵەتت دەکەن.

جەنابی حەق لە ئایەتی ٢٢٠ ی سورەتی بەقەرەدا دەفەرموێت” خودا باش دەزانێت ێ مەبەستی چاکسازی هەیە و کێ مەبەستی خراپکردنی کارەکانە، گەر خودا بیویستایە ئێوەی دەخستە ناڕەحەتیەوە، بێگومان خودا خاوەنی قودرەتی باڵا و  دانایی و فەرمانڕەوایی تەواوەتیە”.

باوەڕداری کامڵ وەک کەسە تەبشیریەکان مامەڵە ناکات، دەبێت جوانیەکانی باوەڕی لە ڕێگەی ڕەفتار و هەڵسوکەوتەوەبخاتە ڕوو. ئیدی ڕەنگ و زمان و دینی کەسەکە هەرچۆنێک بێت، دەبێت بە شێوازێکی مرۆڤانە لەگەڵ کەسەکە مامەڵە بکات. ئەرکی ئێمە ئەوەیە ببینە مۆدێل و ڕێنومایندەی کەسانی تر، کەس لە ژێر بەرگی دیندا فریو نەدەین و دین نەکەینە ئامرازی کارەکانمان، گەر بەم شێوەیەت کرد، لە ڕێگەی کەسی باوەڕدارەوە، خەڵک وایان لێ دێت خودا و پیغەمبەرکەشیان خۆش بوێت.

بەڵێ کەسی باوەڕدار دەبێت بە شیوەیەک بێت، هەرکەسێک سەیری بکات خودای بیر بکەوێتەوە و ، متمانە بە مرۆڤەکانی چواردەوری ببەخشێت، دەبێت وایان لێ بکات بڵێن ” سوێند دەخۆم ئەم کەسە فریومان نادات”. کەسانێکی لەم شێوەیە لە هەر شوێنێکی دونیا بن، مرۆڤەکان لەگەڵ دەرگای ماڵەکانیان دەرگای دڵیشیان بۆ ئاوەڵا دەکەن و باوەشی خۆشەویستیان بۆ کردوونەتەوە.

باوەڕداری کامڵ و موخلیس، هەوڵی ئەوە دەدات ژیانی لە بازنەی تەقوای خودادا بباتە سەر. هەوڵی ئەوە دەدات کە ناڕەحەتیەکانی ژیان، لە رێگەی فیداکاریەوە تێپەڕێنێت و ڕێگە نەدات زیان بە ئیمانی بگەیەنێت. هەوڵی ئەوە دەدەن لە رێگەی نوێنەرایەتیکردنی ئەو پەیامەی هەڵیانگرتووە، بە شێوەیەکی بێ خەوش بیگەیەننە نەوەکانی پاش خۆیان و، هەر کارێکی شەرعیش ئەنجام دەدەن لە ڕێگەی ڕاوێژ و ئەقڵی دەستەجەمعی ئەنجامی دەدەن و، لە ڕێگەی پەرەپێدانی ڕۆحی فیداکاریەوە، بەختەوەری و خۆشگوزەرانی خێزان و کۆمەڵگا و هەموو مرۆڤایەتی دەکەنە ئامانجیان و هەوڵێکی لە ڕادەبەدەر بۆ بەدیهێنانی دەدەن.

ئیمانداری ڕاستەقینە کە دڵی پڕە لە وەفا و ڕاستگۆیی، تەنانەت باوەشی میهرەبانی بۆ ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە ڕێگەی پێ دەگرن و هەوڵی لەناوبردنی دەدەن و، بە میهرەبانیەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکات. هەر بۆیە لەم ڕێگەیەوە هەوڵی ڕزگارکردنی ژیانی ئاخیرەتی ئەو کەسانە دەدات کە دوژمنایەتی دەکەن.

ئەو باوەڕدارانەی بە واتای وشە کامڵ بوون لە ئیمانیاندا، بە درێژای مێژوو گیرۆدەی دەستی دوژمن و نەیارەکانیان بوون و هیچ کات لە کورتیان نەهێناوە، هەر بۆیە گەر خواستی خودای لەسەر نەبوو بێت، هەرگیز نەیانتوانیوە زیانیان پێ بگەیەنن. هەر بۆیە کەسانی باوەڕدار کە لە پەیوەندی نێوانیاندا ڕەچاوی وەفا، دڵسۆزی، ڕاستگۆیی   دەکەن لە هەموو کارێکیاندا ڕاوێژی یەکتر دەکەن و، خۆیان دەپارێزن لەوەی لەبەردەم خودادا خەجاڵەت ببن.

وەک چۆن لە ئامۆژگاری زۆرێک لە گەورەکانمندا بەدیمان کردووە، خایدی بەغدادیش دەفەرموێت” با خانوو و ئۆتۆمبیلتان نەبێت، خۆتان لە سیاسەت بەدوور بگرن. تەنانەت گەر لە هەموو نیعمەتێکی دونیایش بێ بەشکران بەو هۆیەوە، پەنا بۆ پەرستگاکان و ئەو شوێنانە بەرن کە بەردەوام ناوی خودای تێدا دەبرێت. دڵتان وابەستەی  شۆهرەت و پلەوپایەی بەرز مەکەن، خۆتان تالیبی کاری پڕ دڵسۆزی و ئیخلاس بکەن”.

 

ئیمانداری کامڵ دەبێت کار بە قورئان و سونەت بکات و، نەکەوێتە داوی بێ کۆتای شەیتان و هاووێنەکانی و فەرمانەکانی نەفسیەوە. پێویستە بە ڕۆحی “نوراوی بوون بە نهێنیەکان”  هەستی نەرمونیانیەوە  مامەڵە بکەن.

مەگەرنا ڕێگا زۆر خلیسکە و پێچ و لۆفەکانی زۆر سەختە و شاخ و دەریاکان وا دێتە بەرچاومان کە هەرگیز نابڕدرێن. بەڵام هێز و دەسەڵات هەر بۆ خودایە. هەر ئەوە دڵەکان هەڵاوگێڕ دەکات. گەر بیەوێت زستان دەکاتە بەهار و شەو بە ڕۆژ، گوناحەکانمان دەکات کاری چاکە و پاداشتمان دەداتەوە.

هەربۆیە کەسانی کامڵ لە باوەڕ و ئیمانیاندا، بێ هیوا نابن لە خودا، بە هیواوە شاباڵ دەگرن و ئەرکەکانیان ئەنجام دەدەن و حەقیان نیە بەوەی خودا چۆن بڕیار دەدات. دەڵێن پشتمان بە خودا دەبەستین و هەمیشە چاویان لە ڕەزامەندی ئەوە.

http://www.shaber3.com/yazar/mehmet-ali-sengul/imanda-kemale-eren-mumin/1298976/

 

 

 

Show More
Back to top button