بیروڕاهەواڵ

باخەوانی باخچەی جیهان

 

 

ئەو ڕێبوارەی لە ساڵی ١٩٥٩ بە شەمەندەفەرێک لە ئێرزرومەوە بەرەو ئیدیرنە گەشتی دەکرد، خەیاڵی زۆر جیاوازی لە مێشکدا هەبوو. چاو و دڵی ئەم گەنجە، کە تەواوی دونیای لە جانتایەکی تەختەدا هەڵگرتبوو، بە سەودایەکی زۆر باڵاوە پڕ بوو بوو. بە عەزمی ئەوەی ببێتە باخچەوانی تۆوی هیواکان، ملی ڕێگەی گرتبوو. بە نیەتی ئەوەی تۆوی چیەتی مرۆڤایەتیەکی باڵا چەکەرە بکات، ملی ڕێگەی گرتبوو.

ئەم باخچەوانە بەڕێزە، بە نیەتی ئەوەی جارێکی تر گوڵ بە بەری خاکی وشکبووی ئەنەدۆڵو بگرێت، دەستی بە گەشتە دوور و درێژەکەی کردبوو.

لە خەیاڵیدا درەختگەلێکی گەورەی دەبینی کەوا سەریان لە ئاسمانە و، ڕەگی چنارگەلێکی باڵا بەرزی دەبینی کەوا بە ناخی زەویدا چەقیون.

لە خەیاڵیدا نێونەمامگەلێکی دەبینی، کەوا بەفر و کڕیوە و زوقمی هیچ زستانێک کاریگەری لەسەر دانەنێت.   

ئارەزوی دروستکردنی باخچەگەلێکی دەکرد، کە لەگەڵ هەڵهاتنی ڕۆژدا، چەشنی باخەکانی بەهەشت ڕەنگاوڕەنگ بدرەوشێنەوە.

 

بەڵام لەو کاتەدا زستانێکی سەخت ئێدیرنەی داگرتبوو، هەموو لایەک سەهۆڵ بەندان بوو. گەردەلول، بەفر و زوقم و باوبۆران هەموو لایەکی تەنی بوو. وا دیار نەبوو کەو بەو زوانە بەهار بێت!

 

بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک، باخچەوانەکە لە کۆششی خۆی نەدەکوت. هەرچەندە زستان و قیامەتیش بێت، ئەو هەر خەریکی سەوزکردنی خەیاڵەکانی خۆی بوو. بە هەموو لایەکدا تۆوەکانی خۆی دەپرژاند. لە دونیای ئەودا بیرکردنەوە لەوەی قیامەتی زستان کۆتایی دێت و بە بەهارێکی قەشەنگ دەگەن بوونی نەبوو، کاری ئەو تەنیا چاندنی تۆوەکان بوو.

چونکە سەوزکردنی ئەو تۆوانە کاری خودا بوو. گەر ئەو خواستی لەسەر بێت، ئەم نێونەمامە پڕ هیوایانە، بێ ئەوەی گوێ بدەنە بەهار، زستان و هاوین و خەزان، باوەشی لێوان لێو لە میوەیان دەهێنا و، ئەوەی چاوەڕوان کراوبوو لەو باڵا بەرزانە، بەجێیان دەگەیاند.

ئەم باخچەوانە کە بە دوای گوڵی کاردەلەندا دەگەڕا[i]، هەتا زستانی نائومێدی ناوچەی ئەنەدۆڵی پێبگۆڕێت بە بەهار، توشی کۆسپی پارێزگاری ئێدیرنە بوو. فەرید کوبار پارێزگاری ئیدیرنە، یەکێک لەو مرۆڤانەی بە هاتنی گوڵەکانی بەهار دڵی خۆش نەبوو. چالاکیەکانی باخچەوانەکە زۆر نیگەرانیان کردبوو. بۆ ئەوەی ژیانی لێ تاڵ بکات هەموو شتێکی ئەنجام دەدا. لە نێو مرۆڤەکاندا ئاماژەی بەو دەکرد و دەیوت:

  • لە نێو ئێوەدا خیانەتکارگەلێک هەن کە دەبێت بیانپلیشێننەوە.
  • بەڵام ئەو هەرچیەکی بووتایە، باخچەوانەکە گوێی پێ نەدەدا. چونکە ئەوەی باش دەزانی، کە مرۆڤایەتی هێندەی نان وخۆراک و ئاو و هەوا، پێویستی بە باخچەوانگەلێک هەیە، کە هەرگیزاو هەرگیز توشی وەڕزی و بێزاری و نائومێدی نەبن. باش دەیزانی مرۆڤایەتی پێویستی بە کەسانێک نیە، کەوا بە جۆش و خرۆشەوە ملی ڕێگە بگرن و پاش ئەوەی بەدینەهاتنی ئارەزوەکانیان بینی، ئیدی توشی بێ هیوایی ببن،یان لەگەڵ خودادا بکەونە مشتومڕەوە!

باخچەوانەکە هەرگیز لە پرژاندنی هیوا بە دڵانی بێبەش لە هیوادا نەدەوەستا و، هەزاران تۆوی هیواش لە ژێر خاکەوە، چاوەڕێ گەرمایەکی کەمیان دەکرد کە بەفری سەریان بتوێنێتەوە.  هەرگیزا و هەرگیزیش نەوەستا. پاشان بۆ گۆڕینی زستانێکی ڕەش بە بەهار، سەرەتا بەرەو کرککەلە ملی ڕێگەی گرت و، پاشان لە مانگی ئازاری ١٩٦٦، بە عەشقی ژیاندنەوە؛ بەرەو ئیزمیر کەوتە ڕێ.

 

ئەو جگە لە پێگەیاندنی “نەوەیەکی ئاڵتونی” لە مێشکیدا هیچ سەودایەکی تر نەبوو. تەنانەت کاتێک خەو بە باوکی خۆشەویستیەوە دەبینێت و راڤەی خەوەکەشی ئەوە دەبێت، کە دەگات بەو شتەی لە دەستی داوە، دەڵێت:

زۆر ئەستەمە ئەوەی لە دەستمداوە بیدۆزمەوە. چونکە ئەوەی من لە دەستمداوە، بەهەشتیی لەدەستچووی هەموومانە. ئەوەی لە دەستمانداوە، وڵاتەکەمان، بەها میلیەکانمان، دینامیکە مەعنەویەکانمان، جۆش و خرۆشی گەیاندنی دینەکەمانە. لە دەستدانی ڕێگاکەمانە… جگە لەمانە، یەک گەردیلە گوێ بەو شتانەی تر نادەم کە لە دەستم داون. لە ڕاستیشدا شتێکی ترم نەبووە هەتا لە دەستیان بدەم.

تەنانەت گەر خۆشم لە دەست بدەم، خودا شایەتە کە بە خەیاڵمدا نایەت. تەنیا خەمی ئەوەمە، ئەوەی لە دەستمانداوە، ساتێک زووتر بیدۆزینەوە.

بە ناوی خۆمەوە، خۆشەویستی پلەو پایە، یان ئەوەی لە ناو خەڵکدا بە باشی بناسرێم، تەواوی داخوازە دونیایەکان، بە بێ وەفایی دەزانم بەرامبەر پەروەردگار و سەردارمان و دینەکەمان.

بە ناوی گەلەکەشمانەوە، جگە لەوەی کە پێویستە خۆمان نوێ بکەینەوە، وێنەیەکی قەشەنگتر پشان بدەین، ناساندنی ئەو بەها و کەلتور و دەستکەوتانەی، بە تایبەتی لە هەزار ساڵی ڕابردوودا بە دەستمان هێناوە، جگە لە ناساندنی دینەکەمان، هیچ سەودایەکی ترم نیە.

“گەر چەشنی ئەمڕۆ، هەموو ڕۆژێکی تەمەنم لە ناو ئازار و خەم و ناسۆردا ببەمە سەر، هەریەک لەو خەم و ئازارانەش هێندە گەورە بن کە دڵم بوەستێنن و ٣ تا ٤ جەڵتە لێمبدات، پێش ئەوەی تاڵاوی دەرمانێک لە گەروم بچێتە خوارەوە، ناچار بە خواردنی دانەیەکی تر ببم؛ لە جیاتی چێژە دونیایەکان و تەنانەت بەهەشتیش، سەرەڕای هەموو شتێک، خزمەت بە دین و گەلەکەم هەڵدەبژێرم.

من خواستی تەمەنێکی درێژم نیە.  هەموو شەوێک دەڵێم ” لەوە دەچێت ئەمە دوا شەوی ژیانم بێت” و لە چاوەڕوانیدام.  بەڵام دونیا بە خانەی خزمەتکردن دەزانم و هەتا ئەو کاتەی لە ژیاندام، بە گوێرەی داخوازی ئەم تێڕوانینەم هەنگاو هەڵدەگرم”.

 

گوڵ و نێونەمامەکانی دونیا، هەموو رۆژێک بەرەو تیاچوون و ژاکان دەچوون. باخچەوانەکەش لە هەوڵ و ئەوە دابوو؛ ئەم گوڵانە لە جیاتی تیاچوون بەرەو بوون، لە جیاتی پیربوون بەرەو گەنجێتی، لە جیاتی ژاکان بەرو بوژانەوەیان ببات و هەموو بیرێکی لەلای ئەمە بوو.

ڕێگەی ئەمەش لە ئیمان بە الله، ڕێکخستنی ژیان بە گوێرەی ڕەزامەندی ئەو، بوون و تیاچوون لە ڕێگەی ئەودا، تێدەپەڕی. تەنانەت گەر بوەرێت و بچێتە ژێر خاکیشەوە، دیسان لەوێوە سەر دەربکات و زیندوو ببێتەوە. هەتا لەو شوێنەی وەک تۆوێک دەڕزێن و دەچونە ژێر خاکەوە، سەرلەنوێ وەک درەختێک سەر دەربکەنەوە. کارەکانیان وەک درەختە بێگەردەکە”شجرة طوبی” میوە بدات و هەرچی شتی فانیە، میوەی جاویدانی لێدەربچێت.

 

وەک چۆن بێ چاندنی تۆو، چاوەڕێکردنی بەرهەمێک لە خاک، کارێکی بێ هودەیە، بەرز بوونەوەی گەنجان بە ئاڕاستەی مرۆڤایەتی، بێ ئەنجامدانی هیچ فیداکاری خۆبەخشیەک، کاری نەکردە بوو. مرۆڤ دەبێت پێش ئەوەی چاوەڕوانی دوورینەوە بێت، پیویستە چۆنیەتی چاندن بزانێت، هەتا لە وەرزی دروێنەدا، چەندین قاتی ئەوەی چاندویەتی بیدورێتەوە!

باخەوانەکەش بایەخی بە باخەکەی دەدا، بێ ئەوەی بچوکترین بەشی باخەکەی فەرامۆش بکات، چاودێری دەکرد، هەمیشە دەیکێڵا و لە درەختی بەردارەوە هەتا دەگاتە گژوگیا و گوڵ و گەڵای جوان، هەموو شتێکی دەڕواند. پاشان بە مەعنەویات و مەعریفەی خۆی گۆشی دەکردن. گەرچی هەندێک جار لەم باخەدا دڕکوداڵ و گژ و گیای بیانی دروست دەبوون، بەڵام باخچەوانەکە بە وریاییەوە دەیقرتاند و ڕێگەی گەشتن بە خۆر و هەوای پاک و شنەبا جیاوازەکانی بۆ گوڵەکانی دەکردنەوە.

لە پاڵ هەموو ئەمانەشدا، پیویستی بەوە دەکرد کە باخەکە بە ڕووی ڕەشەبا و گەردەلولی فیتنەدا ئامادە بکات و پەرژینێکی قایمی بە ڕوودا هەڵبخات. باخچەوانەکە لە دژی ئەو گەردەلولەی لە ساڵی ١٩٦٨ لە فەرەنسا دەستی پێکرد و هەموو ئەوروپای تەنیەوە، چەندین کەمپینی ڕێکدەخست و هەوڵی پاراستنی خونچە تازە پێگەشتووەکانی دەدا. لەم ڕێگەیەشەوە هەوڵی فەراهەمکردنی تەندروستی ڕۆحی و لاشەیی، بە زیندوو مانەوەیانی هەموویانی دەدا.

 

لە کاتی ڕێکخستنی ئەم کەمپینانە لە سێ مانگی هاویندا، بە دەستی خۆی چادرەکانی لێ دەدا، بە پاچ و خاکەناز چاڵی ئاوی هەڵدەکەند، مۆلیدەی هەڵدەکرد و شوێنی تایبەتی بۆ تەوالێت دروست دەکرد. بەرەنگاربوونەوەی تەواوی لایەنە دژوارەکانی سروشت، لەسەر شانی ئەو بوو. باران و قوڕ و چڵپاو، مێش و مەگەز و شۆردنی جلەکان… وەرزش، وانەکان، بەردەوام خەریک بوون بەو مۆلیدەیەی کە زوو زوو تێک دەچوو.

لە تەواوی ئەو ڕۆژە پڕ ناسۆریانەدا، سەرۆکی پارتی میللی نیزام، دێتە ئیزمیر و سەردانی باخچەوانەکەی دەکات.

کاتێک ژیانی سەخت و دژواری گەنجەکانی ناو ئەو کەمپەی بینی، سەرۆکی پارتە سیاسیەکە وتی:

واز بێنە لەم منداڵانە، کاریگەرترین ڕێگە بۆ خزمەتی وڵات سیاسەتە، پاشان وتی:

ئەم کارەی ئێوە هیچ نیە جگە لە هەڵکەندنی بیرێک بە دەرزی درومان!

 

بەڵام باخچەوانەکە دەمێک بوو بڕیاری خۆی دابوو، سیاسەت کارێک نەبوو بە گوێرەی ئەو بێت. چونکە ئەو بارودۆخەی تورکیای تێدا بوو، تەنیا بە ڕێگەیەکدا تێدەپەڕی کە سەرو هەموو سیاسەتێک بێت و بتوانێت هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا لە باوەش بگرێت. پاشان هەمان تەکلیف لەلایەن پارتی عەدالەت و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەییەوە خرایە بەردەمی، بەڵام باخچەوانەکە بە هەمان شێوە وەڵامی دانەوە.

ئەو دەبوو وەک سەردارەکەی، بە دەرزی بیرێک هەڵبکەنێت!

 

گەمە جیاوازەکانی سیاسەت، فریودانی کۆمەڵانی خەڵک و غافل کردنیان، پشاندانی هەموو ڕێگە ناشەرعیەکان وەک ڕێگەی شەرعی لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتدا، شتانێک نەبوون کەوا لە  دڵی باخچەوانەکە جێگای ببێتەوە. هەربۆیە بە ناوی ژیانی دڵی و ئاڕاستەی بیرکردنەوە و پەیوەندی بە خوداوە، دەبوو لە هەموو بزاڤێکی سیاسی خۆی بە دوور بگرێت و ئەمەش بە نیسبەت باخەوانەکەوە کارێکی حەتمی بوو.

چەرخی زەمان هەر سوڕایەوە و ئەو هەر لەسەر هزری خۆی بەردەوام بووە. بە هەستی بەرپرسیارێتی و بە شعوری ئەرکەکەیەوە، هەمیشە وەک شاخە بەرز و پتەوەکان هەر بە پێوە مایەوە. هەموو کاتێک تەحەدای گەردەلول و باوبۆرانی دەکرد، بەردەوام لەگەڵ بەفر و زوقمی زستاندا جەنگاوە و، لە ڕێگەی پەی بردن بە نهێنی ئەوەی کە هەموو وەرزێک میوەی خۆی دەدات، هەمیشە لە باخەکەیدا گوڵی گۆش کرد  و سرودەکانی گوڵی چریەوە.

دڵی ئەو خوازیاری ئەوە بوو، گوڵ و نێونەمامەکانی، هەمیشە لە هەست، هزر، تێڕوانین، باوەڕ و خزمەتیاندا بە گەنجی بمێننەوە… بمێننەوە و هەمیشە توانی ئەوەیان تێدا بێت کە ئاو لە بەردەکان دەربهێنن… هیچ کاتێکیش پیر نەبن… وەک ئەو گوڵانەی کە هەرگیز ناژاکێن، هەمیشە و هەردەم بە گەنجی بمێننەوە. چەشنی منداڵ هەمیشە پاک و بێگەرد بمێننەوە. لە باوەڕ و کردار و خزمەتەکانیاندا هەمیشە بە بێگەردی بمێننەوە.  هەمیشە لە ڕیزی پێشەوە بەرەو خزمەت و کار ڕابکەن. چەشنی کوهەیلان هەمیشە بەرەو پێشەوە بڕۆن… تەنانەت هەتا ئەو کاتەی دڵیان شەق و پەرت دەبێت، بێ ئەوەی سازش لە جۆش و خرۆشی حاڵی یەکەم جاریان بکات، هەمیشە هەر ڕابکات.

 

ئەو کەلتورێکی نوێ و شێوازێکی نوێی لە مرۆڤ دروست دەکرد. ئیدی لە مهاتما گاندیەوە بیگرە هەتا کەسانی دواتر، هەموو کەسێک هەوڵی دەدا لە رێگەی شۆڕش و سەرهەڵدانەوە کارێک بکات. ئەمەشیان لە ڕێگەی مانگرتن، خۆپشاندانی سەر شەقامەکان، کۆبوونەوەی جەماوەری و پێکدادانەوە ئەنجام دەدا.

بەڵام باخچەوانەکە ڕێگایەکی زۆر جیاوازی هەڵبژاردبوو. بە هێواشی و لەسەرخۆ، خزمەتی بە هەموو مرۆڤەکان دەکرد. تۆوەکانی دەچاند و چاوەڕیی بەر گرتنیانی دەکرد. تەنانەت لەم کارەیدا هەندێک جار نەبینینی گوڵ و میوەی چاندراویش هەبوو. زۆر جار باخچەوانەکە خۆی قسە ناکات و باخی گوڵەکانی بە ناوی ئەوەوە قسە دەکەن(پرۆفیسۆر دکتۆر رۆستیسلاڤ  ریباکۆڤ، ئەندامی دەستەی ئەکادیمیە زانستیەکانی ڕوسیا)

 

بەڵێ، بەم شیوەیە وەک داخوازێکی سروشتی، ئەم میوانە کە تا ماوەیەک بەروبومیان بە چواردەوری خۆیان دەدا، بە تێپەڕینی کات قوڵایی ڕاستەقینە و هێزی ڕۆحییان بەدەرکەوت و، چەشنی ئەو هەورانەی لێوان لێون لە باران، بوونە خۆشەویستی، نەشە، هیوا، خۆشەویستی و بەسەر هەموو لایەکدا بە لێزمە دایانکرد و، ئەو دڵانەی تینوی خۆشەویستی و لێبوردەیی بوون و بەو هۆیەوە وشک بوو بوو بوون، گۆڕان بە باخچەکانی بەهەشت.

ئەو گوڵانەی لە چواردەوری دونیا شکۆفەیان کرد، ڕەنگی سوری خۆیان لە دەموچاوە مانگ ئاساکانی پەروەردەی دەستی باخەوانەکە و ئەو واتایانەی لە ڕۆحیاندا هەڵیانگرتبوو، وەرگرتبوو.

سەراپای ڕووی زەوی، لە ڕێگەی ئەو تۆوانەی ئەوان چاندبوویان، بە ڕووی بەهارێکی نوێدا دەکرایەوە. لە ئاسیاوە هەتا ئەمەریکا، لەوێشەوە هەتا ئەفەریقا، هەریەک لەو نێونەمامانەی ماڵ و حاڵ و خێزانی خۆیان بەجێهێشتبوو، دەچوونە هەر شوێنێک، زەویە وشکوبرنگەکان دەستیان بە سەوز بوون دەکرد. ئەم عەشقی ژیاندنە، چەشنی شنەبای برایەتی و لێبوردەیی و خۆشەویستی لە هەموو لایەکی دونیا هەستی پێدەکرا. فیداکاری نێونەمامەکان کە ئیلهامی لە باخەوانەکە وەرگرتبوو، دەم بە دەم و دڵ بە دڵ دەگیڕدرایەوە.

 

بەڵام لەم نێوەندەدا، حەسودی و نەفرەت و کینەیەکی ناهاوسەنگی وەها هەڵیکردبوو، چەشنی ئەوەی هابیلی بە قابیل کوشتدا و یوسفی بە براکانی فڕێدایە ناو بیرە ئاوەکەوە،  تەپوتۆزێکیان هەستاندبوو کە چاو چاوی نەدەبینی. “ئیدی لە خوار و لە سەرەوە هێرشیان دەهێنا و کەسانی ئیمانداریش بە تاقیکردنەوەیەکی زۆر دژواردا تێدەپەڕین و توشی لەرزین و داخورپان بوو بوون. وەک چۆن کەسانی بێ باوەڕ و دووڕوو لەبەرخۆیانەوە دەیانوت” ئەو بەڵێنانەی خودا و پێغەمبەرەکەی پێمان دەدەن، هیچ نیە جگە لە فریودانی ئێمە”.(احزاب ١٠ – ١٢).

ڕەشەبای ئەم فیتنەیە بە هۆی کودەتایەکی دەستکردەوە هەڵی کرد و ئارەزویەکی شەیتانی وەهایان تێدا دەرکەوت، کە خواستی دەرکێشانی هەموو درەختەکانیان لە بێخەوە هەبوو. بەڵام ئەمە تەنیا کاریگەری لەسەر ئەو درەختانە هەبوو، کە لە ڕاستیدا ڕەگ و بێخیان بە زەویدا نەچەقیبوو.

 ئیدی چەندە گەردەلولەکە سەخت بووایە، نەیدەتوانی ڕەگی ئەو چنارانەی بە قوڵی بە زەودا چەقیبوون، لە بێخەوە دەرکێشێت.

“کەسانی ئیماندار کاتێک هێرشی حیزبەکانیان لە دژی خۆیان بینی، لە دڵی خۆیاندا وتیان ئەمەیە ئەو بەڵینی سەرکەوتنی کە خودا و پیگەمبەرەکەی پێی داوین! بێگومان خودا و پیگەمبەرەکەی بەڵێنێکی ڕاستیان پێدابوون، بینی یەکگرتنی دوژمنەکانیان لە بەرامبەر خۆیان، تەنیا باوەڕ و خۆ ڕادەستکردنی ئەوانی بە خوداکەیان زیاد کرد”(احزاب- ٢٢).

باخچەوانەکە هەمیشە لە بەرامبەر حەق و حەقیقەتدا زۆر وەفاکار بوو. هیچ کاتێک بە هۆی بوختان و هەڕەشەی زیندانەوە چۆکی دانەدا، زۆرینەی کاتیش بە تەنیا مانەوە و ڕێگە نەدان بەوەی کە کەسێک پشتی بگرێت، هیچ کاتێک ئەویان بێ هیوا نەکرد. تەنانەت نەرێنیترینی ڕووداوەکانیش، چۆکیان بەو دانەدا. ئەو بە درێژایی ژیانی چەشنی ئوستاد کە وتی” غەریبم، بێکەسم، نەدار،، داماو و بێچارەم”، بەڵام هەمیشە سەرێکی بەرز و باڵایەکی نەچاماوەی هەبوو.

باسکردنی هەوڵ و کۆششی بەرزی ئەو لە پێناو گەیاندنی حەق و حەقیقەت و بەرزکردنەوەی ناوی جەلیلی ئیلاهی، وتار و کتێبەکان ناتوانن لە خۆیان بگرن. لە پێناو خزمەتی مرۆڤایەتی و دین، مومکین نیە هیچ کەس هێندە پڕ هیممەت و مەشغوڵیەت بێت. ئەو لە پاڵ تەواوی ئەو خزمەتانەی کە کەس توانای هەڵگرتنیانی نیە، هیچ کاتێکیش دەستبەرداری ویرد و زیکرەکانی نەبووە.

لە ژێر دژوارترین بارودۆخەکانیشدا، کتێب دەنوسێت و وتار دەدات، خوێندکارەکانی پێدەگەیەنێت، ویرد و زیکرەکانیشی فەرامۆش ناکات.

بە شایەتی هەموو خوێندکارەکانی، شەوانیشی بە خشوعێکی چاو ئەبڵەق کەرەوە هەتا بەیانی خەریکی عبودەتە و ، هیچ کاتێک وازی لە شەو نوێژ و موناجات و زیکر و ویردەکانی نەهێناوە.

لەوە دەچێت ئەمانە ڕۆژانێکی پڕ تەپوتۆز بن، بەڵام چەشنی هەموو گەردەلولێک، ئەمەشیان مەحکومە بە نیشتنەوە.

بە پشتیوانی و چاودیری خوداش، لە ڕاستیدا شکۆفەی خونچە و نێونەمامەکان، لە هەر چوار دەوری دونیا بەردەوامی هەیە.

 

درۆ، بوختان، ڕق و کینە، ئەم بەندە ناوازانەی ئیمان، لە ڕێگەی خۆیان وەرناگێڕێت.

ئەوانەی وا دەزانن بە هەڵوەراندنی گوڵێک و ژاکاندنی ڕێگە لە هاتنی بەهار دەگرن، فریویان خواردووە.

ئەوانەی باخەوانەکەیان خۆش دەوێت و بایەخ بە فکرەکانی دەدەن، بێ ئەوەی هەوڵ و کۆشش و بزاڤی خۆیان بوەستێنن، بە پشتیوانی و چاودێری خودا، ڕێگە و ئەڵتەرنەتیڤی جیاواز دەگرنە بەر و بەردەوامی بە کارەکانیان دەدەن. ئەویش بەم شێوەیە وەسفی مرۆڤی خزمەت دەکات:

مرۆڤی خزمەت، سوورە لە پێناو ئەو داوایەی دڵی پێداوە، دەریای پڕ تۆڕ و تەڵەی خوێناوی ببڕێت، کاتێک دەگاتە ئامانجی خۆیشی، هێندەی ئەوەی هەموو شتێک ڕادەستی خاوەنەکەی بکات، کەسێکی پێگەشتوو و بەرامبەر ئەفرێنەری مەزنیش بە ڕێز و بە ئەدەبە.

هەموو دەنگ و هەناسەیەک بە ناوی خزمەتەوە بە زیکر و تەسبیح ئەژمار دەکات، هەموو تاکێکیش بە ئازیز و قەدرگران دەزانێت، هێندەی ئەوەی چەپڵە بۆ سەرکەوتنەکانیان لێبدات و لە هەمان کاتدا نەشیانکات بە بت، هاوسەنگی دەپارێزێت و باوەڕی بە ئیرادەی پەروەردگاری هەیە.

هەر کارێکی بەجێهێڵدراو ببینێت، لە پێش هەموو کەسێکدا خۆی بە بەرپرسیار دەبینێت، لە بەرامبەر هەرکەسێکدا کە پشتگیری حەق بکات و هەڵیبگرێت و بەرەو یارمەتیدانی ڕابکات، بە ئینساف و ڕێزەوە مامەڵە دەکات.

کاتێک دامودەزگاکانیان دەڕوخێت، پلانەکانیان تێک دەچێت و یەکگرتووییان دەشێوێت، زیاد لە باری ئاسایی پڕ هیوا و باوەڕ دەبن و، کاتێک سەرلەنوێ باڵ دەگرنەوە و بەرەو لوتکەکان پەرواز دەکەن، هەتا بڵێیت خاکی و لێبوردە دەبن…

هێندەی ئەوەی لە سەرەتاوە پێشبینی سەختی و دژواری ئەم ڕێگایە بکەن، خاوەنی ئەقڵ و بەسیرەتن، تەنانەت گەر چاڵەکانی دۆزەخیش بەری پێبگرن، هیممەت وباوەڕی ئەوەی تێدایە کە بیانبڕێت.

وەک دێوانەی ئەو داوایەی کە سەری لە ڕێگای داناوە، ئامادەی تێدایە گیانی خۆی فیدای بکات و هێندەی ئەوەی جارێکی تر بیر لەو شتانە نەکاتەوە کە لە پێناویدا لە دەستی داوە، خاوەنی دڵێکی گەورە و پڕ سەخاوەتە.

 

 

 

 

 

 

 

 

[i] گوڵێکی سپیە لە زستاندا لە ناو بەفردا دێتە دەر

Show More
Back to top button