بیروڕا

ئەگەر برایەتیمان نەبێت نابێت: هاوکاری کردن!

بەخامەی: جەمیل تۆکپنار

نزیکەی ١٠ ڕۆژ بەسەر ١٥ی تەموزدا تێپەڕیبوو. برایەکمان لەو کەسانەی کە سەری لە خزمەتدا سپی کردبوو وتی ‘هەموو مانگێک یارمەتی کۆدەکەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین ژیانێک بۆ خانەوادەی ئەو کەسانە دابین بکەین کە ستەمیان لێکراوە’. هێندە دڵم پڕ بوو بەو قسەیە کە چاوم پڕ بوو لە فرمێسک. سوپاسی خودای گەورەم کرد کە ئەو برایانەی پێ بەخشیوین.

هەموو شتەکان زۆر نوێ بوون… دەیان هەزار کەس لە کار و پیشەکانیان دوور خرابوونەوە. کەسانێک کە هاوسۆزی بزاڤی خزمەت بوون بە بیانووی ئەو کودەتا دەستکردەوە کە سیناریۆیەکی دەسەڵات بوو، کرانە ئامانج بێکار و بێ خواردن مانەوە. ئێردۆغان کە لە ساتەوەختی کودەتاکەدا هاتە سەر تەلەفیزیۆن و وتی هەواڵی کودەتاکەم لە زاواکەمەوە بیستووە، بەڵام دەستبەجێ ئەنجامدەرانیان دۆزییەوە بە قسەی خۆیان! دەیان هەزار سەرباز، پۆلیس، مامۆستا، کارمەند، کرێکار مافەکانیان زەوتکرا و ڕووبەڕووی برسێتی کرانەوە.

لە کاتێکی لەو شێوەیە ناڕەحەتدا ئامانجی یارمەتییەکان تەنها ئەو کەسانە نەبوو کە لە کارەکانیان دوورخرابوونەوە. بەڵکو هەموو ئەو کەسانەی بە ناحەقی خرابوونە زیندانەوە، ئەو کەسانەی لە دەست زوڵم و زۆرداری هەڵهاتبوون ڕوویان لە دەرەوەی وڵات کردبوو، ئەو کەسانەی دەست بەسەر ماڵ و سامانیاندا گیرا، ئەو خێزانانەی پەرتەوازە بوون، ئەو کەسانەی ناچاربوون خۆیان بشارنەوە، وە هەموو خانەوادەی ئەو کەسانە پێویستیان بە پشتیوانی و دڵدانەوە و هاوکاری کردن هەبوو. بەو هۆیەوە هەرچەندە ئەو ڕووداوە لە لایەک بووە هۆکاری برسێتی و ناڕەحەتی و خەم و خەفەت، بەڵام لە لایەکی دیکە ئامادەکاری بۆ هاتنە پێشەوەی زەمینەیەک کرد کە چەندین ڕێگەی نوێی بۆ هاوکاری کردن هێنایە ئاراوە.

بە مانایەکی دیکە لە نمونەیەکی بچوکی عەصری سەعادەتدا ژیاین. ئەو سەردەمەی کاتێک موسوڵمانەکان ستەمیان لێدەکرا و ئەشکەنجە دەدران هاوەڵە بەڕێزەکانی دیکە یارمەتیان دەدان، یاخود کاتێک موسوڵمانان بە هۆی ستەمکارییەوە ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵن لە لایەن موسوڵمانەکانی مەدینەوە پشتیوانیان لێکرا. ئەوان قارەمانێتییەکی وەهایان نیشاندا لە هاوکاری کردندا کە دواتر پێغەمبەر (درودی خودای لەسەر بێت) لە وەسفیاندا فەرمووی “هەڵەکانی لەمەودوایان زیانیان پێناگەیەنێت”.

 

هاوکاری کردن بۆچی گرنگە؟

کاتێک تەماشای مێژووی ٥٠ ساڵی ڕابردووی بزاڤی خزمەت دەکەین دەبینین کە بزاڤی خزمەت پرۆژەیەکی چاکسازی بووە هەم بۆ تورکیا هەم بۆ تەواوی جیهان. دەتوانین بڵێین هەموو دامەزراوە و دەزگاکانی بزاڤی خزمەت لە پێناو بەدیهێنانی ئاشتی و برایەتی و ئاسوودەیی بۆ مرۆڤەکان خرابوونە کار و هەر لە پێناو ئەو مەبەستانەشدا هاتبوونە بوون.

هەموو خوێندنگەکان، بەشە ناوخۆییەکان، خانووی خوێندکارەکان، زانکۆکان، ڕێکخراوەکان، دەزگا خێرخوازییەکان و دەزگا پیشەییەکان تەنها یەک مەبەستیان هەبوو، ئەویش پێگەیاندنی مرۆڤە.

ئەو پرۆژە تێکدەرانەیەی ماوەی پێنج ساڵە بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو و سیستەماتیک کاری بۆ دەکرێت، هەموو دامەزراوە و دەزگاکانمانیان داگیرکرد. ڕێگرییان لە چالاکییەکانمان کرد، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئەو مرۆڤانەی کە پێمان گەیاندن هێشتا لە ژیاندان. بە واتایەکی تر دەتوانین بڵێین ئەوان باخ و باخاتیان وێران کرد، بەڵام میوەکان لەناو کۆمەڵگادان هەتا ئێستا ماون. لە ڕاستیدا ئامانجی ئەو پرۆژە تێکدەرە میوەکان بوو، دەیانویست بە تەواوی میوەکان لەناو بەرن، بەڵام ئێمە ئومێدمان وایە کە خودای گەورە دەرفەتی ئەو کارەیان پێنادات، ئێمە لە نزاکانماندا بە پشتوپەنا بە ڕەحمەت و دادپەروەری خودای گەورە دەپاڕێینەوە کە سەرکەوتنمان بە نسیب بکات.

مادەم هەموو ئەو کارانەی کە کراوە لە پێناو پێگەیاندنی مرۆڤدا بووە و ئەو مرۆڤانە هەتا ئێستا دەژین، بەڵام لە ناو ناڕەحەتی و لە هەلومەرجێکی سەختدا دەژین، پێویستە ئەو کەسانەی کە توانایان باشترە، هەتا ئەو کاتەی بە تەواوی هەموو کێشەکان چارەسەر دەبن یارمەتی لێقەوماوان بدەن و هاوکارییان بکەن.

ئیشەڵا ئەم بزاڤی خزمەتە، هەموو دامەزراوە و دەزگایانەی کە لە لایەن کەسانی تێکدەرەوە ڕووخێنراوە، بە باشتر بنیاد دەنێتەوە. بەڵام ئەو مرۆڤە خاوەن توانایانەی کە پەنجا ساڵە سەرقاڵی پێگەیاندنیانین ناتوانین جارێکی تر پێیان بگەیەنینەوە. مامۆستایەک یاخود پزیشکێک یاخود کەسێکی ئەکادیمیست پێویستی بە ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵ هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باش پێبگات. بۆیە لە ئێستادا یارمەتیدان و هاوکاری کردنی خانەوادەی ئەو کەسانەی ٥٠ ساڵە لە بزاڤی خزمەتدا سەرقاڵی پێگەیاندنی مرۆڤن، کارێکە هاوتای خزمەتێکی ٥٠ ساڵییە. جگە لەوەش هاوکاری کردن مەرجێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی برایەتی و وەفا پشت بەیەکتر بەستن بەردەوام بێت. ئەو برایەتی و یەکێتییەمان دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی ڕەحمەتی خودای گەورەمان بەسەردا ببارێت.

لە کاتێکدا کە بزاڤی خزمەت بە قۆناغێکی ناڕەحەتی گەورەدا تێپەڕ دەبێت، وەک هەمیشە ئەو کەسەی دەیەوێت یارمەتی کەسانی ستەم لێکراو و خاوەن پێویستییەکان بدات وەک ئەوە وایە کراسێکی لە ئاگر درووستکراو لەبەر بکات. بۆیە ڕەنگە ئەو هاوکارییەی ئەمڕۆ دەکرێت هەزار هێندەی ڕابردوو لە لای خودای گەورە خێر و پاداشتی هەیە.

خودای گەورە لە باسی ئەو کەسانەی بە ماڵ و گیانیان لە پێناویدا دەبەخشن لە ڕۆژە سەختەکاندا دەفەرموێت:

ئه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌، ده‌ستنیشانی بازرگانیه‌کتان بۆ بکه‌م، که له سزایه‌کی به ئێش ڕزگارتان بکات؟!

سه‌ره‌تا باوه‌ڕهێنانتانه به خواو پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی، ئینجا هه‌وڵ و تێکۆشانتانه له‌ڕێگه‌ی خوادا به به‌خشینی ماڵ و سامانتان، وه به‌خشینی خۆتان (واته‌: ماندووکردنی جه‌سته و بیروهۆشتان، تا به‌خت کردنیان له‌پێناوی خوادا) بێگومان ئه‌و کاره‌تان چاکتر و به‌فڕتره بۆتان ئه‌گه‌ر بزانن و تێبگه‌ن. (سورەتی الصف: ١٠-١١)

 

به‌ڕاستی خوا، گیان و ماڵی له ئیمانداران کڕیوه به‌وه‌ی که به‌هه‌شت بۆ ئه‌وانه‌و به‌شیانه (به‌ڕاستی په‌روه‌ردگارێکی به‌خشنده‌یه‌، هه‌ر خۆی به‌خشێنه‌ری گیان و ماڵ و سامانه‌، که‌چی ئاوا مامه‌ڵه ده‌کات له‌گه‌ڵ ئیماندارانداو نرخێکی نه‌بڕاوه‌، نرخێکی زۆر گه‌وره‌ی بۆ بڕیارداوه‌، کاتێک له پێناوی ئه‌ودا ده‌یبه‌خشن) ئه‌وانه ده‌جه‌نگن له پێناوی ئاینی خوادا، دوژمنانی ئاینی خوا ده‌کوژن (له گۆڕه‌پانی جه‌نگدا)، یان ده‌کوژرێن و (شه‌هید ده‌کرێن)، ئه‌و پاداشت و به‌ڵێنه به‌ڕاستی له‌سه‌ر خوایه و باس کراوه له ته‌ورات و ئینجیل و قورئاندا، جا کێ هه‌یه به قه‌ده‌ر خوا به‌وه‌فاو به‌ئه‌مه‌ک بێت بۆ جێ به‌جێکردنی به‌ڵێنه‌کانی، که‌واته زۆر دڵخۆش و کامه‌ران بن به‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی که ئه‌نجامتانداوه و به‌و فرۆشتن و کڕینه‌ی که له‌سه‌ری ڕێککه‌وتوون، بێگومان هه‌ر ئه‌وه‌شه سه‌رفرازی و سه‌رکه‌وتنی نه‌بڕاوه و بێ سنوور. (سورەتی التوبة: ١١١)

 

چۆن هاوکاری بکەین؟

سەرەتا با خەیاڵێک بکەین. با خۆمان بخەینە جێگای کەسێک کە بێکارە، یان لە زینداندایە، یان هەڵهاتووە لە وڵاتەکەی و موهاجیرە یاخود کەسێکی دیکەی ستەملێکراو. بۆ ئەوەی هەست بەو دۆخە بکەین پێویستە هەوڵ بدەین ئەو هەواڵانەی کە پێمان دەگەن بخوێنینەوە. پێویستە سەرەتا هەست بە ئازار و ناڕەحەتی و بێچارەیی براکانمان بکەین. پێویستە ئەو ساتانەی ڕابردوومان بیربێتەوە کە هەژاری و نەبوونی تەنگی پێهەڵچنیبووین.

بە تایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاتێک بڵاوکراوەیەکی نمونە خێرخوازییەکان دەبینین با بیخوێنینەوە و پاشان بە خەڵکی ڕابگەیەنین.

بە ئەوەندەی لە تواناماندایە هاوکاری خەڵکی بکەین. ئەوەندەش لە دەستمان نایەت هەر هاوکاری بکەین. واتە پێویستە زۆر لە خۆمان بکەین. گیانی خۆمان ئازار بدەین. با ئێمەش تووشی ناڕەحەتی ببین. ئەگەر وا نەکەین ئەوکات برایەتیمان چ واتەیەکی دەبێت؟

ساڵی ڕابردوو کاتێک بیستم برایەکمان بڕێکی ئێجگار زۆر هاوکاری لە ماڵ و سامانی خۆی جیاکردووە بۆ لێقەوماوان، نەمتوانی فرمێسکەکانم ڕابگرم. سوپاسی خودام کرد و وتم “زۆر سوپاس بۆ تۆ خودایە هەموو شتێکیان لێ بردین بەڵام نەیانتوانی ئەمە ببەن، نەیانتوانی برایەتی و وەفا و یەکێتیمان بشێوێنن”.

هەرچەند دەتوانین با هاوکاری بکەین با زۆر کەمیش بێت، چونکە دەبێتە هۆکاری بەرەکەت و هانی کەسانی دیکە دەدات و نمونەی زیاد دەبێت. بەخششی کەسێک کە خۆی لە ناڕەحەتی و نەبوونیدا بوو، بوو بە هۆکارێک بۆ ئەوەی دڵی کەسانی تر بێتە جۆش و هانیان بدات بۆ ئەوەی ئەوانیش ببەخشن. جگە لەوە با هەوڵ بدەین ببینە هۆکار بۆ هاوکاریکردنی کەسانی دیکە. هانی کەسانی دیکە بدەین.

 

سەرچاوە: http://www.tr724.com/kardesligimizin-olmazsa-olmazi-muavenet/

Show More
Back to top button