بیروڕاهەواڵ

ئەو کتێبانەی ١٥ ی تەموز سوتاندنی!

 

لەو شەوەدا گەرچی بەرگرتن بەو کینە و نەفرەتەی لە تەلەڤیزیۆنەکانەوە بڵاو دەبوویەوە هێندەی ئیشارەتی پەنجەیەک ئاسان بوو، بەڵام خەو لە چاوکەوتن لە شەوێکی وەهادا، کە لورەی توندوتیژی لە شەقامەکانەوە هەتا کونی ژوورەوە دەهات و داخستنی گوێچکەکان کاری نەکردە بوو. وەک ئەوە وەهابوو هەر لە یەکەم ڕۆژەوە ئاماژەی ئەوە بدرێت، کە ئەم قەرەباڵغیەی سەر شەقامەکان کۆمەڵگا بەرەو چ شێتێتیەک پاڵ پێوە دەنێن. هەرچی کەسێک لە شاشەی تەلەڤیزۆنەکانەوە سەیری دیمەنی پلیشانەوەی ئۆتۆمبیلەکانی کردبێت لە ژێر زنجیری تانکەکاندا، ئیللا ئەوەی بە خەیاڵدا هاتووە کە ئەمە دیمەنێکی هاوشێوەی فیلمە ئەمەریکیەکانە. گەرچی ڕووبەروبوونەوە لەگەڵ ڕاستەقینەکەدا کاتێکی زۆری نەدەخایەند.  دەیان وێنە کە پشتڕاستی ئەم ڕووداوەیان دەکردەوە لە ماوەی چەند خولەکێکدا بڵاو دەبوونەوە و مرۆڤەکانیش لە ڕێگەی تەلەفۆنە زیرەکەکانیانەوە تەماشایان دەکرد. کودەتایەکی سەربازی  سات بە سات ڕووی دەدا و قەرەباڵغیەکی سەر شێتانەی خەڵکیش کە دەڕژانە سەر شەقامەکان و گەوزانی هەندێک مرۆڤ لە خوێنی خۆیاندا، ڕاستیەک بوو کە هەموو کەس بە چاوی خۆیان دەیانبینی و نکوڵی لێنەدەکرا. بەڵام بە داخەوە ئەمە کودەتایەک بوو کە هێشتا ناوی لێنەنرابوو.

شۆکی یەکەم وێنە و دیمەنەکان بەسەر کەسدا تێنەپەڕیبوو، کە یەکەم هەڵمەتی دەستگیرکردن و سەرکەوتکردنی هاوڵاتیان دەستی پێکرد. بێ ئەوەی مرۆڤەکان لە هیچ شتێک تێبگەن، بە دەستە دەکرانە ناو تورەکەیەکەوە دەستگیر دەکران؛ هەموو لایەکیش لە ڕێگەی هەواڵی دەستگیرکردنی هاوڵاتیانەوە کە لە مێدیاکانەوە بڵاو دەکرایەوە، ترس دایگرتن و لە وەهامەتی ڕووداوەکان تێگەشتن.

ڕۆژنامەکان پڕ بوون لە وێنەی ڕۆشنبیر و نوسەرەکانی وڵات، کە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە کەلەپچەیان لە دەستکراوە و قۆلیان کردووە بە قۆڵیاندا بەرەو زیندانیان دەبەن. تەلەڤیزیۆنەکانیش پڕ بوون لە دیمەنی دەستگیرکردنی دادوەر، داواکاری گشتی، پزیشک، مامۆستا و پیاوی کار کە  بە تۆمەتی بەشداری لە هەوڵی کودەتا دەستگیر دەکران و یەکەم قوربانیەکانی دوای دەستپێکردنی هەڵمەتی ڕەشبگیریەکە بوون…

کۆمەڵگا بە تەواوی خۆی ڕادەستی ترس و نیگەرانیەکی گەورە کرد و، دەنگە سەلارەکانی ناو کۆمەڵگا لە نێو دروشم و هوتافەکاندا کز و ون بوون. لە نێوان ئەم هەموو کەینوبەینەدا دەستەواژەیەکی ناو هەواڵەکان وەک ئاوازی هەموو ئازارەکان دووبارە دەبوویەوە کە دەیوت:

“لە میانەی ئەو  ئۆپەراسیۆنانەی لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە ئەنجامدراوە، ژمارەیەکی زۆر لەو کتێبانەی لەلایەن سەرۆکی ڕێکخراوەکەوە نوسراوە، هەروەها لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر سیدی دەنگی- ڤیدیۆیی تایبەت بە ڕێکخراوەکە کە لەلایەن چاپخانە مۆڵەت پێنەدراوەکانیانەوە بڵاوکرابوویەوە، دەستی بەسەردا گیرا”.

ئەم هەواڵانە کە بە بەردەوامی لە شاشەکانەوە بڵاو دەکرایەوە، لە نەستی هاوڵاتیاندا ترس و نیگەرانیەکی گەورەی دروست کرد. ئیدی هەموو کەس لە ماڵ و شوێنی کار و کۆگاکانیان، هەرچی کتێبێکی فەتحوڵڵا گولەنی هەبووایە یەکسەر دەستی بە سوتاندنیان دەکرد. ئەمە نەریتێکی باوی زوڵم و غەدرە لە هەموو پەڕەکانی مێژوودا تۆمارکراوە، مرۆڤەکان بە ناچاریش بێت، لە ترسی ئەوەی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر نەکرێن و لەزگەی تێکدەر و تیرۆرستیان لێنەدرێت، دەستیان بە سوتاندنی ئەو کتێبانە کردووە کە لەلایەن  فەرمانڕەوای ئەو کاتەوە پەسەند نەکراوە.

زۆرێک لەو مرۆڤانەی کتێبەکانیان لە ژێر زەمینەکانیان شاردبوویەوە یاخود لە پشتی ئۆتۆمبیلەکان و لە کاتی فڕێدانی کتێبەکان بۆ ناو تەنەکەی زبڵ دەستگیر کران، بوونە قوربانی ئەو هەڵمەتی پڕوپاگەندە ڕەشەی لە وڵاتدا دەستی پێکردبوو.

هەروەها زۆرێک لە هاوڵاتیانی هەمان گەڕەک و کۆڵان و شار، لەلایەن خودی خزم و دراوسێ و کەسە نزیکەکانیانەوە، وەک فیگورانی(ئەکتەری لاوەکی) زنجیرە درامایەکی پۆلیسی توشی ڕاوەدونان و خستنە ژێر چاودێری  بوون.

هەتا ئێستاش نازانرێت کەوا ئەم پرۆسەی سوتاندنی کتێبە لە حاڵی ئێستادا بە کوێ گەشتووە. لەوە دەچێت هیچ کاتێک ئەم ڕاستیەمان بۆ دەرنەکەوێت؛ یاخود پاش ساڵانێکی دوور و درێژ لە دوای توێژینەوەیەکی ورد و جددی قەبارەکەیمان بۆ دەرکەوێت.

 

“سوریەکان دەیانسوتاند!”

لای هەموو کەس ئەوە ئاشکرایە کە لە کاتی تەنگانەدا ڕاسپاردە مەحرەمەکان لە شوێنی پێشبینی نەکراو و لای دەستە بێ گوناحەکان دادەنرێن. دراوسێ سوریەکانیش لەم کاتەدا، ئەو دەستە بێ گوناحانە بوون کە دەبوونە یاریدەدەری ئۆپەراسیۆنی سوتاندنی کتێبەکان. بێگومان ئەوانیش بێ ئاگا لە هەموو شتێک نەبوون. ئەوانەی دەیانویست کتێبەکانیان بە شێوەیەکی سەلامەت بسوتێنن، یەکەم کەس لە دەرگای ئەو ماڵە سوریانەیان دەدا، کە بە سۆبای دار لە ماڵە بێ تاپۆکاندا خۆیان گەرم دەکردەوە. لە پێش هەموو شتێکدا ئەوان زمانی تورکیان نەدەزانی، ئەوانەشی کتێبەکانیان بۆیان دەبرد، پێیان وابوو ئەوان ئاگایان لەوە نیە کە ئەو کتێبانە ماڵی چەند کەسی وێران کردووە و، لە چاوی ئەوانیشدا کتێبەکان تەنیا کۆمەڵە کاغەزێک بوون کە بۆ خۆشکردنی ئاگری سۆباکەیان بەکاری دەهێنن! تەنیا هێندە بوو. هەروەها گەر پۆلیسی لە ماڵی ئەوانیشدا دەستی بەسەردا بگرتایە، نەیدەتوانی تاوانباریان بکات…

ئەو مورەکەبانەی تێکەڵ بە ئاو بوون!

 

 

ئۆپەراسیۆنی لەناوبردنی کتێبەکان، چەشنی دیمەنەکانی ئەنجامدانی تاوانێکی گەورەی جینائی لێهاتبوو، یەکێکی تر لە ڕێگاکانی لەناوبردنی کتێبەکان بریتیبوو لە تێکەڵکردنییان بە ئاو. یەکێک لەو خانمانەی کە ئێستا لە دەرەوەی وڵات دەژی؛ بە خەفەتەوە باسی ئەو کتێبانە دەکات کە لەناویبردون و دەڵێت:

بەردەوام هەواڵی ئەوە بڵاو دەبوویەوە کە هێزەکانی پۆلیس سەردانی هەموو ماڵەکان دەکەن. گەر کتێبەکانمان فڕێبدایەتە دەرەوە، تەنیا پارچە کاغەزێکی دۆزراوە لەناویدا بەس بوو بۆ ئەوەی بەدەستمانەوە بدەن، خۆ گەر دەستە دەستە بمانگرتایە بە دەستمانەوە و بمانبردنایەتە دەرەوە، ئەوا دراوسێکانمان هەواڵیان لێدەداین. لەو کاتەشدا هەموو کەس بە دوای بەهانەیەکدا دەگەڕا، کە سکاڵا لەسەر یەک تۆمار بکەن، هەربۆیە یەکسەر کتێبەکانمان نەبردە دەرەوە،  چاوەڕێمان کرد هەتا بارودۆخەکە تۆزێک هێور دەبێتەوە، دواتر هەموویانم خستە تەشتێکی پڕ ئاوەوە، ئینجا کاتێک هەموو کتێبەکان بە تەواوی تەڕ بوون، لەناو تەشتەکەدا هێشتمنەوە و هەموویان ئاوسان، دواتر هەموویانم پارچە پارچە کرد و خستمە بەرگی سەرینێکەوە و دەمەکەیم جوان بەست. پاشان خستمە ناو مەکینەی جلشۆرینەوە و کاتێک پرۆگرامی شۆرینەکە تەواو بوو، کتێبەکان بە شێوەیەکیان لێهاتبوو کە چیدی نەناسرێنەوە. کتێبەکانمان یەکە یەکە دەردەهێنا و ڕۆژانە لە شوێنێکی دوور فڕێمان دەدان. کاتێک ئاوەها فڕێمان دەدا ناخم کزەی لێهەڵدەستا، بەڵام چارەیەکی تریشمان نەبوو. ناچار بووین.

“ئەو دوکەڵانەی لە وەرزی هاویندا بەرز دەبوونەوە”

لە شار و شارۆچەک بچوکەکانی ناوچەی ئەنەدۆڵو کە هەموو کەس یەکتری دەناسن، ڕزگاربوون لە کتێبەکان و سوتاندنیان هەروا کارێکی ئاسان نیە. فشارە لە ڕادەبەدەرەکانی دەسەڵات لای هەموو کەس ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە سەرەتا خوێندنگە و بەشی ناوخۆیی و دامودەزگاکانی تایبەت بە خزمەت دەگرێتەوە، گەر لە دوکەڵکێشی ماڵێکەوە لە وەرزی هاویندا دوکەڵ بەرز بێتەوە، ئیدی کۆمەڵانی خەڵکی ئەو ناوچەیە لەمەوە کار و وەزیفەیەکیان بۆ خۆیان فەراهەم دەکرد!

لە بەرواری ٢٠ ی تەموزی ٢٠١٦، واتە چوار ڕۆژ لە پاش کودەتاکە، ڕۆژنامەی حوڕیەت وردەکاریەکانی ئەم بابەتەی لەم هەواڵەیدا بڵاو کردەوە:

لە شاری موغڵا، بەرز بوونەوەی دوکەڵ لە باخچە و دوکەڵکێشی خوێندنگەیەکی بزاڤی خزمەت هاوڵاتیانی خستە گومانەوە و دەستبەجێ پەیوەندیان بە هێزەکانی جەندەرمەی ناوچەی مەنتەشەوە کرد. هێزە ئەمنیەکان لە کاتی هاتنیاندا بۆ ناو کۆلیژەکە، ٤ هاوڵاتیان بەدیکرد کە هەندێک کاغەز و کتێب دەسوتێنن. هێزەکانی جەندەرمەش تیمی لێکۆڵینەوەیان بۆ خوێندنگەکە بانگ کرد. سەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرکەوت کە کاغەزە سوتێنراوەکان تایبەت بە بەشی ژمێریاری بوون و کتێبەکانیش تایبەت بە فەتحوڵڵا گولەن بوون. ٤ هاوڵاتیەکە بە ناوەکانی ه.ز.، س.ج.، س.ئۆ.، ئو. گ.، لەلایەن هێزەکانی جەندەرمەوە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەیاندا دەستگیر کران! دووان لەو هاوڵاتیانەی دەستگیر کراون مامۆستای خوێندنگەکە بوون و دوانیشیان کارمەندی کۆمپانیای بەڕێوەبەری خوێندنگەکەن.

 

“ئیمامی مزگەوتەکانیش نەیاندەوێرا هەندێک چاپی قورئان وەربگرن”

ئەو دەنگی سەڵایەی لە منارەی مزگەوتەکانەوە بەرز دەبوویەوە، نیشانە و ئاماژەی ئەو ترس و نیگەرانیە بوو کە باڵی بەسەر هاوڵاتیاندا کێشابوو. لە ڕۆژێکی هەینی پاش کودەتاکەدا، بە مەبەستی ئەنجامدانی نوێژی هەینی ڕووم لە یەکێک لە مزگەوتەکانی ئیستەنبوڵ کرد.   ئیمامی مزگەوتەکە لە پێش دەسپێکردنی وتاری هەینیدا بەم شێوەیە نوێژخوێنانی ئاگادار کردەوە:

هەندێک لەوانەی جەماعەتی ئەم مزگەوتەن و لە گەڕەکەکانی نزیک ئەم مزگەوتەوە، کەسانێک دێن و چاپی قورئانی کەریم دادەنێن کە لەلایەن چاپخانە مۆڵەت پێنەدراوەکانداوە چاپکراون، کاتێک ئەم قورئانانە بەرچاوی هەندێک کەس دەکەون، وا دەزانن ئێمە دامانناون، ئێمەش بە ناچاری دەبێت لەناویان ببەین و فڕێیان بدەین، تکام لە ئەهلی جەماعەت ئەوەیە کە جگە لە چاپی تایبەت بە کاروباری ئاینی، هیچ کتێبێکی تر بۆ مزگەوت نەهێنن”. دەبێت ئەوەشتان بە بیر بهێنمەوە کە لەو ڕۆژانەدا زوو زوو لە شاشەی تەلەڤیزیۆنەکانەوە وێنەی قورئانمانمان دەبینی لە تەنەکەی خۆڵدا و، هێزەکانی پۆلیسیش وەک کتێبێکی قەدەغەکراو دەستیان بەسەردا دەگرت و لە ماڵپەڕەکانی تایبەت بە خۆیانەوە پشانیان دەدا!

” کاتێک لە دارستان کتێب دەسوتێت…”

نیگەرانی هەموو مرۆڤەکانی داگرتبوویەوە. هەرکەسێک دەیویست کتێبێک بسوتێنێت، خۆی لە دارستان و شوێنە پەنا و دوورە دەستەکاندا ون دەکرد. ئیدی نازانم ناشتنی کتێبەکان لە ژێر زەویدا ئەفسانەیەکی ناو شارە یاخود نا، بەڵام بڵاوبونەوەی هەواڵی بەرزبوونەوەی دوکەڵ لە ناو گژ و گیای دەشت و دەردا ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگری دوای کودەتاکەی ١٥ ی تەموزە. لە ڕاستیدا ئەوە دوکەڵی سوتانی قۆناغێکی مێژوویی بوو کە بەرز دەبوونەوە. لە ڕاستیشدا پێویستمان بە دوور ڕۆشتن نیە لەم بابەتەدا، مانشێتی یەکێک لە ڕۆژنامەنوسەکانی وڵات، بە جوانی تەواوی ئەو ڕاستیانەی لە وڵاتدا دەگوزەران بۆ هەموو لایەک ئاشکرا دەکرد؛ مانشیتەکەی بریتی بوو لە ” بە دەستە دەستە کەسانی خۆ قورتارکەر لە کتێبەکانی گولەن دەبینین”.

دەزگا مێدیایەکان وەک ئەوەی هەواڵەکانی یەکتری دووبارە بکەنەوە، هەرکەسێک ڕۆژنامەیەکی بە دەستیەوە بگرتایە و لاپەڕەی سێهەمی بخوێندایەتەوە، دەستبەجێ هەواڵی فڕێدانی کتێبی قەدەغەکراوی بۆ ناو ڕووبارەکان و دارستەکان و تەنەکەی خۆڵەکان بەرچاو دەکەوت. هەروەها هەواڵی فڕێدانی کتێبە پیرۆزەکان بۆ ناو ئاوی دەریا بەرچاو دەکەوت.

هێشتنەوەی کتێبەکان لەناو ماڵەکاندا و ترسی ئاشکرا بوون لە کاتی لەناوبردنیاندا، تەنگی بە هەموو لایەک هەڵچنیبوو. ئەم کەشوهەوایە کە تا دێت زیاتر لە هەوادا بەرز دەبوویەوە و بەسەر هاوڵاتیاندا زاڵ دەبوو، لە زمانی ڕۆژنامەکانیشدا ڕەنگی دابوویەوە:

” لە شارۆچکەی تیرە کاتێک جەماعەتی گولەن کتێبەکانیان سوتاند، ئاگریان لە ناوچەیەکی کشتوکاڵی بەردا” ئەم هەواڵەش لە بەرواری ٨ ی ئابی ٢٠١٦، لە ڕۆژنامەیەکی لۆکاڵی بە ناوی “ڕۆژنامەی تیرەی گەورەی ئۆردو” بڵاوکراوەتەوە.

 

“با لێمان دوور بن دوور”

پێشتریش وتمان کەوا لەو ڕۆژە پڕ ئازارانەدا، لە ناو  هەموو گژ و گیا و لێڕەوار و چۆڵەوانیەکدا ئاگر بەرز دەبوویەوە. لەم کاتانەدا تەنیا کتێبەکان نەبوون ئەوەی فڕێ دەدران.

هەروەها چەندین سیدی و کاسێتی تایبەت بە وتارەکانی مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن بە کۆمەڵ لەناو دەبران. سیدیەکان و ئەوانەی لە ماددەی ڕەق دروستکرابوون هەموویان لەت و پەت دەکران، کاسێتەکانیش شریتەکانیان دەردەهێنرا و پارچە پارچە دەکران. بەڵام لەناو هەموو ئەمانەدا شوێنی کتێبەکان جیاواز بوو. گەرچی زۆر سەختیش بوو، بەڵام سوتاندنی کتێبەکان بە واتای بوونە پارچەیەک لەو کۆمەڵکوژیە گەورەیەی ئەنجام دەدرا، هەربۆیە کەسانێک دەستیان نەدەچووە لەناوبردنی کتێبەکان و ڕادەستی کەسانێکی متمانەپێکراویان دەکردن کە سەر بە پارتێکی سیاسی دیاریکراو بوون، یاخود ڕادەستی دراوسێکانیان دەکردن، ئەوان هیوای ئەوەیان لە دڵدا بوو کە ڕۆژێک دێت و خاتری هەموو شتێک دەگەڕێتەوە و زۆریش لە هاوڵاتیان ئەم غیرەتەیان نەبوو.

گەر قسەکانم پوخت بکەمەوە لێرەدا ئەوا پێویستە بڵێم:

سوتاندنی کتێب؛ نیشانە و ئاماژەی شاڵاوبردنە بۆ سەر بیر و هزرێکی تایبەت بە شێوەیەک کە هەموو شتێکت لەبەرچاوت ڕەش بووبێت. نیشانەی ئەوەیە سەدەگەلێکە نەفرەت و کینە دەستیان بە هزر و بیرێک نەگەشتووە و نەیانتوانیوە بیخەنە ژێر کەڵبەی ددانەکانیان، هەربۆیە کاتێک دەستیان  پێیگەشتووە  یەکسەر هەوڵی قڕکردنی دەدەن. بەڵام لە حاڵی ئێستادا کە سەدان کەسان لە پێناو سەلامەتی خۆیان ئەم کارە ئەنجام دەدەن، ئەم تابلۆیە دەهێننە بەرچاومان.

هەرکەسێک هەوڵی ئەوەی داوە هزر و ناوی کەسانێک لەناو مێژوودا بسڕێتەوە و هاوڵاتیانیشی ناچار بەمە کردبێت، ئەوا نەیتوانیوە بەر بەوە بگرێت کە خودی ناوی خۆی وەک باربار و دڕندەیەک لە مێژوودا تۆمار نەکرێت.

بیر لەو جەنگە بکەنەوە کە خوێندکارانی سەردەمی نازی، جەنگێکی سەرتاسەریان بەرامبەر هەموو شتێک دەست پێکردبوو کە بە میللی ئەژماریان نەدەکرد. لە ساڵی ١٩٣٠ هەڵیانکوتایە سەر کتێبخانەی زانکۆکان و، کڵپە و قرچە قرچی سوتانی کتێبەکان لە ئاگرە زەبەلاحەکاندا هاوکات لەگەڵ قاچ کوتانی خوێندکارەکان بە زەویدا چەشنی ڕۆشتنی سەربازەکان، بێننەوە بەرچاوی خۆتان. ئیدی نازانم ئەمە ناو دەنێن دووبارە بوونەوەی مێژوو، یاخود پێیدەڵێن زیادکردنی قافیەکی نوێ بۆ سەر هۆنراوە دوور و درێژەکەی، ئەوە شتێکە خۆتان دەیزانن!..

 

 

 

 

 

 

 

Show More
Back to top button