هەواڵ

ئەو کارمەندەی ناسا کە لە لایەن تورکیاوە دەستگیرکراوە: یاسا بۆ من هەڵپەسێردراوە، وەک بارمتە مامەڵەم لەگەڵ دەکرێت

 

سەرکان گۆلگە کارمەندی دەزگای ناسایە لە ئەمریکا. دوو ساڵ پێش ئێستا بە مەبەستی سەردانکردنی خانەوادەکەی لەگەڵ هاوسەرەکەی و دوو منداڵەکەیدا گەڕانەوە بۆ شاری هاتای لە تورکیا. بەڵام ڕۆژی ٢٣ی تەموزی ٢٠١٦ لەسەر هەواڵ لێدانی کەسێکی نەناسراو بە تۆمەتی ‘سیخوڕی CIA’ و ‘هاوسۆزی بزاڤی خزمەت’ دەستگیرکرا. دواتر و دوای ١٤ ڕۆژ ڕەوانەی گرتووخانە کرا. دادگای شاری هاتای لە دانیشتنی ٨ی شوباتی ئەمساڵدا بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە گروپی تیرۆریستی” سزای ٧ ساڵ و شەش مانگ زیندانی بۆ دەرکرد.

هێزەر ناوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەمان ڕۆژ ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند ئەو بەڵگانەی پێشکەش بە دادگا کراوە دادگا بڕیاری لەسەر داوە هیچ بنەمایەکیان نییە، لەبەر ئەوە ئەمریکا لەو بڕیارەی دادگا زۆر نیگەرانە.

بەم شێوەیە جگە لە قەشە ئەندرۆ برونسۆن سەرکان گۆلگە تاکە هاوڵاتی ئەمریکایە کە لە لایەن دادگاکانی تورکیاوە سزای بەسەردا سەپێندرابێت. ئازاد نەکردنی ئەو دوو زیندانییە لە لایەن تورکیا کێشەی لە نێوان تورکیا و ئەمریکادا درووست کرد و بووە هۆی ئەوەی لیرەی تورکی بە ڕێژەیەکی زۆر بەهاکەی لە بەرامبەر دراوە بیانییەکان لەدەست بدات. بەرپرسانی ئەمریکا داوا دەکەن جگە لە قەشە برونسۆن هەموو هاوڵاتییە ئەمریکییەکانی دیکە ئازاد بکرێن و بگەڕێندرێنەوە بۆ ماڵەکانیان.

ئاژانسی T24 لە ڕێگەی کوبرا گۆلگە هاوسەری سەرکان گۆلگەوە کۆمەڵێک پرسیاری بۆ سەرکان گۆلگە ناردووە و ئەویش لە زیندانەوە وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە و وتی: “ماوەی دوو ساڵە بە هۆی دۆسییەیەکی بەتاڵ و بێ بنەما بە کۆمەڵێک بەڵگەی پێچەوانەی هەموو یاساکان خراومەتە زیندانەوە. خستنە زیندانم بەم شێوەیە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە وەک بارمتە مامەڵەم لەگەڵ دەکرێت. ئەم دۆخێکە کە ویژان دەهەژێنێت.”

سەرکان گۆلگە لە زانکۆی فاتیح لە ئەستەمبوڵ بەشی فیزیای تەواو کردووە و دواتر لە ساڵی ٢٠٠٣ چووەتە ئەمریکا. لە ئەمریکا بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای بەدەستهێناوە و دواتر لە ساڵی ٢٠١٣ لە دەزگای ناسا دەستی بەکار کرد.  

سەرکان گۆلگە لە دانیشتنی دادگادا وتی: “ئەگەر لەسەر ئەم هەواڵە بێ بنەمایە دەستگیر نەکرابامایە، ئێستا لە نووسینگەکەی خۆم لە دەزگای ناسا لەگەڵ هەزاران زانا و ئەندازیاری بەتوانادا کارم لەسەر پرۆژەی گەورە دەکرد. پۆلیس بە بیانووی ئەوەی یەک دۆلارییەک لەو ماڵەدا دۆزراوەتەوە کە من لێی میوان بووم، تاوانبارم دەکات. هەموو لایەک دەزانن کاتێک پۆلیس ماڵەکەی دەپشکنی بۆ ماوەی یەک کاژێر هیچ بەڵگەیەکیان لە دژی من لە ماڵەکەدا نەدۆزییەوە، بەڵام لە گەڕانی دووەمدا پۆلیس یەک دۆلارییەکی لە ماڵەکەدا دۆزییەوە و منی پێ تۆمەتبار کرد. من هیچ گومانم لەوەدا نییە خۆیان ئەو یەک دۆلارییەیان لە شوێنێکدا داناوە بۆ ئەوەی وەک تاکە بەڵگە لە دژی من بەکاری بهێنن.”

ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە سەرکان گۆلگە لە زیندانی تاکە کەسیدا دەمێنێتەوە. هەتا ئێستا چەند جارێک سەرکان گۆلگە لە ڕێگەی پارێزەرەکەیەوە داواکاری پێشکەش بە دادگایی ناوخۆیی و دادگایی دەستووری کردووە بۆ ئازادبوون، بەڵام سەرجەم ئەو داوایانە ڕەت کراونەتەوە. بڕیار وایە ڕۆژی ١٩ی ئەیلول جارێکی تر دادگایی خۆجێی لەو دۆسییەیە بکۆڵێتەوە.

 

سەرچاوە: http://www.shaber3.com/nasa-calisani-golge-hukuk-benim-icin-askida-belli-ki-burda-rehinim-haberi/1311090/

Show More
Back to top button