بیروڕا

ئەو ڕاپۆرتەی ئەفسانەی 15ی تەموز هەڵدەوەشێنێتەوە

نوسینی بولێنت کۆروجو

ئەو پایەیانەی کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموزی لەسەر هەڵچنراوە یەکە یەکە دەڕوخێنرێن. ڕاستیەکان لەگەڵ پێناسەکەی ڕەجەب تەییب ئێردۆغان یەکناگرێتەوە،  کە کودەتاکەی بە “لوتفی خودا” ناوبرد و، بە ئاشکرا ڕەنج و جێی پەنجەی مرۆڤی تێدا بەدیدەکەین.

دوو پایەی سەرەکی هەیە کە کودەتا دەستکردەکەی لەسەر هەڵچنراوە و لە تۆمارە فەرمیەکانیشدا ئاماژەی پێکراوە.

یەکەم: گوایە ئەو سەربازانەی سەر بە جەماعەت بوون لە کۆبوونەوەی داهاتووی شورای سەربازیدا لە سوپا دوور دەخرانەوە، هەر بۆیە هەستان بە ئەنجامدانی کودەتا.

دووهەم: لەبەر ئەوەی هەوڵی کودەتاکە ئاشکرا بوو، ڕۆژی هەینی ناچار بوون بەوەی کاتی کودەتاکە پێش بخەن و پردی ئیستەنبول بە ڕووی ترافیکدا لە یەک سایدەوە دابخەن.

 

پایەی دووهەمیان منداڵیش باوەڕی پێناکات. هەموو کەس ئەوە دەزانێت کە کارێکی گەمژانەی وەک گرتنی سایدێکی پردی ئیستەنبول، شتێکە لەگەڵ ئەنجامدانی هەوڵی کودەتادا یەکناگرێتەوە.

 

بەڵام دواتر زانیاری گرنگتر ئاشکرا بوو. بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی هەتا ئێستا ئاشکرا بوون، ئەو تیمەی هێزە تایبەتەکان کە دەچنە بنکەی سەرەکی سوپا و ئەوانەشی دەچنە سەر ئاهەنگی هاوسەرگیری هەندێک لە فەرماندەکانی سوپا، بە تەواوی لە کاتی دیاریکراودا ڕۆشتوون. ئەم دوو تیمە بە مەبەستی پاراستنی خولوسی ئاکار سوپاسالاری تورکیا و عابدین ئوناڵی فەرماندەی هێزە ئاسمانیەکان دەڕۆن، بە تەواوی لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە. تیمەکە لە کاتژمێر ٢٠ – ٢١ بەو کارە ڕاسپێردراوە و ئەوانیش لەو کاتژمێرەدا کارەکەیان ئەنجامداوە. ئەو مامەڵەی تایبەتەی لەگەڵ ئەم دوو فەرماندەیە کراوە، قسەی ئەو تیمە پشتڕاست دەکاتەوە کە دەستگیری کردبوون.

 

“باشە هەوڵی کودەتاکە بە هۆی ئەوە نەبوو کە گوایە هەندێک سەرباز لە سوپا دوور دەخرێنەوە!”

پایەی یەکەمی ئەفسانەی کودەتاکە، لەلایەن خودی ئەو ڕاپۆرت و زانیاریانەوە هەڵدەوەشێنرێتەوە کە لیژنەی کەسانی شارەزا و سەر بە سوپای تورکیا،  پێشکەشیان بە دادگاکان کردووە.

ڕاپۆرتی نەریم بیتلیسلیئۆغلو سەرۆکی هۆبەی پلان و کارگێڕی کارمەندانی سوپا، کە لەسەر داوای داواکاری گشتی و بە فەرمانی سوپاسالاری تورکیا سازکراوە، شتێک نیە جێگەی تانەلێدان بێت.

ئەم فەرماندەیە لە دۆسیەی باڵیۆز و ئەرگەنەکۆن دادگایی کراوە و ماوەیەکیش زیندانی بووە، هەر بۆیە ڕاپۆرتێک نیە خاتری بزاڤی خزمەتی تێدا گیرابێت. بیتلیسلیئۆغلو لە دوای کودەتای ١٥ ی تەموزەوە پلەی سەربازیەکەی بەرز کراوەتەوە و ئەم پۆستەی لە سوپادا پێدراوە .

ڕاپۆرتی هێزە وشکانیەکانی سوپا کە لەلایەن بیتلیسلیئۆغلو نوسراوە دەڵێت” بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی بۆ کۆبوونەوەی شورای سەربازی ساڵی ٢٠١٦ ئامادە کراوە، ئەوە دەبینین زۆرینەی ئەو سەربازانەی بڕیاری بەرزکردنەوەی پلەکانیان دەرکرابوو، لە هەوڵی کودەتاکەدا بەشداریان کردووە”.

بەڵێ بە هەڵە نەتانخوێندەوە، زۆرینەی ئەو سەربازانەی بڕیاری بەرزکردنەوەی پلەکانیان درابوو، لە هەوڵی کودەتاکەدا بەشداریان کردووە. گەر یەکێک بڵێت ئاگایان لەمە نەبووە و هەوڵی کودەتایان داوە، ئەوا دەبێتە جێگەی پێکەنین. چونکە سەرۆکی هێزەکانی جەندەرمە لە وشکانی، ئاسمان، دەریا و ئیلهان تالوی سەرۆکی پێشووی هۆبەی پلان و کارگێڕی کارمەندانی سوپا، بە هەمان تۆمەت دەستگیرکران کە گوایە لە کۆبوونەوەی داهاتووی شورادا خانەنشین دەکرێن؛ ئەوانیش بەو هۆیەوە بەشداریان لە کودەتاکە کردووە. ئەمەش تەواوی ئەو بانگەشەیە ڕەت دەکاتەوە کە گوایە سەربازەکان بە هۆی بڕیاری دوورخستنەوەیان لە سوپا، لە حاڵەتی شڵەژاندا و بە ناچاری ئەم کارەیان ئەنجامدابێت.

بیتلیسلیئۆغلو کەسێک نیە هیچ کەسێک بتوانێت بە جەماعەت بوون تۆمەتباری بکات، بەڵام تەواوی ڕاپۆرتەکەی بە پێچەوانەی هەموو لێدوان و تیۆرە فەرمیەکانی دەسەڵات و تەنانەت سوپاسالاری تورکیایە. هەروەها زیاتر لەسەر باسەکە دەڕوات و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو گروپە سەربازەی لە کودەتاکەدا بەشداریان کردووە، ڕێگایان لەبەردەمدا کراوە بووە کە هەتا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠، تەواوی جومگە سەرەکیەکانی سوپا بگرنە دەست.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەی بیتلیسئۆغلو چەند شوێنێکی تریش هەیە کەوا بانگەشەی ” بە ناچاری کودەتایان ئەنجامدا” پوچەڵ دەکاتەوە.

بەڵام پێش هەموو شتێک دەبێت ئاماژەش بەوە بکەم، کە ناوبراو ڕاپۆرتەکەی بە شێوەیەک نوسیوە، کە زۆر دژایەتی لێدوانە فەرمیەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیاوە پێوە دیار نەبێت و لە هەندێک شوێندا دەقی هەندێک وتەی دەزگا هەواڵگریەکانی وەک خۆی لە ڕاپۆرتەکەدا داناوە.

 

سەرەڕای ئەمەش، لە نیوان دێڕەکانی ناو ڕاپۆرتەکەیدا، ڕاستی بابەتەکەی بە شێوەیەکی نیمچە شاراوە ئاشکرا کردووە. تەنانەت یەکێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی نزیک لە دۆغو پەرینچەک، بەشێکی لە ڕاپۆرتەکە کرد بە کتێب.مەعسوم گۆک ئەو ڕۆژنامەنوسەی سەر بە دۆغو پەرینچەکە کە دەستی بەم ڕاپۆرتە گەشتووە و کردوویەتی بە کتێب.

بەشێک لە کتێبەکەی ناوبراو قەدەغەی بڵاوکردنەوەی خراوەتە سەر و لە هەندێک شوێندا باس لەوەش دەکات، کە ئەو سەربازانەی لەلایەن جەنەڕاڵەکانەوە بە باشی پەسن کراون، ئێستا دەستبەسەرن.

 

“فەرماندەیەکی سوپا دەستبەسەرە کە ٥ جەنەڕال داوای بەرزکردنەوەی پلەکەیان کردبوو”

بۆ نمونە یەکێک لەو سەربازانەی ئیستا دەستبەسەرکراوە، لەلایەن ساڵح زەکی چۆڵاک فەرماندەی هێزە وشکانیەکان و دوو ئەندامی تری دەستەی شورای سوپا بە باشی باسکراوە و لە بارەیەوە وتوویانە ” لە حاڵی ئیستادا خزمەتی باشی بە سوپا  کردووە، شایەنی ئەوەیە پلەی سەربازی بەرز بکرێتەوە”.

هەروەها جەنەڕاڵێکی تریش کە زەکی چۆڵاک و ئومید دوندار داوای بەرزکردنەوەی پلەکانیان کردبوو، ئیستا بە تۆمەتی بەشداری لە کودەتا دەستبەسەرە.

هەروەها هەمان شتی سەبارەت بە فەرماندەکانی هێزە ئاسمانیەکان دووبارە کردۆتەوە و ئەوەی لێرەدا پیویستە هێڵی بە ژێردا بهێنم ئەمەیە:

تەواوی ئەو سەربازانەی ئیستا لە زیندانن یاخود زۆرینەیان، گەر ١٥ ی تەموز ڕووینەدایە هەموویان پلەکانیان بەرز دەکرایەوە، ئەمەش بانگەشەی نوسەری ئەم چەند دێڕە نیە، بەڵکو کەسی شارەزای ناو سوپا، کە سوپاسالاری ڕایسپاردووە بە نوسینی ڕاپۆرت، ئەم قسانە دەکات.

بیتلیسلیئۆغلو جگە لەو ڕاپۆرتەی لە ٢١ ی شوباتی ٢٠١٧ پێشکەشی کردووە بە دادگا و ناوی سەربازەکانی تێدایە، نامەیەکی تریش بە دادگا گەیاندووە.

لە کتێبی ” هێڵی ئایدۆلۆژی سوپای تورکیا لەمڕۆدا” کە لەلایەن چاپخانەی کایناک بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بە وردەکاری زۆر گرنگ دەکات. پەرینچەک وەک ئاماژەیەک بە ڕاپۆرتەکە لە بەشێکی کتێبەکەدا دەڵێت” بە کورتی لە ناو سوپادا پاکتاوی سەربازەکانی سەر بە هێزەکانی ناتۆ کراوە”.

پێم وایە ئەم قسەیەی پەرینچەک، کاکڵەی ناوەڕۆکی کودەتاکەی ١٥ ی تەموزە.

هەروەها بیتلیسلیئۆغلوش کە نوسەری ئەم چەند دێڕەی خوارەوەیە، وا دیارە لەگەڵ پەرینچەکدا هاوڕایە کە دەڵێت” هەندێک لەو سەربازانەی سەر بە جەماعەت بوون و لە چوارچێوەی هێزەکانی ناتۆدا بۆ کاروباری دەرەوەی تورکیا دەنێردران،  هەندێک زانیاری سوپا و نێستیمانیان بە هێزەکانی ناتۆ دەدا. هێزەکانی ناتۆش لە ڕێگەی ئەم زانیاریانەوە هەوڵی لێدانی سوپای تورکیایان دەدا و هەندێک جار لە ڕۆژنامە بیانیەکانیشدا زانیاریەکانیان بڵاو دەکردەوە”.

لە ڕاپۆرتەکەدا کە زۆر هەڵسەنگاندنی نابابەتیانە سەبارەت بە بزاڤی خزمەت کراوە، شێوازی قسەکردنی دۆغو پەرینچەک بەسەر کۆی ڕاپۆرتەکەدا زاڵە و بە ئاشکرا بەرچاومان دەکەوێت.

 

“دانپێدانان بە ڕەشبگیریەکەدا”

بیتلیسلیئۆغلو لە لاپەڕەی ٤٠ و ٤٨ ڕاپۆرتەکەیدا دان بە بێ بنەمای پاکتاوی ناو ڕیزەکانی سوپادا دەنێت کە لە دوای ١٥  تەموزەوە دەستی پێکردووە.

ناوبراو لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت” هیچ پێودانگێکی دیاری کراو بۆ هەڵسەنگاندنی ئەندامانی جەماعەت لە ناو سوپا بوونی نیە. ئەوان بە مەبەستی خۆ شاردنەوە دەتوانن شتانێک ئەنجام بدەن کە لە ئاینی ئیسلامدا حەرامکراوە وەک خواردنەوە مەشروب و قومار کردن. ئەوان بۆ ئەوەی ساڵانێکی درێژ بوونی خۆیان لە ناو سوپادا بپارێزن، لە ژیانی ڕۆژانەیاندا کۆمەڵە کردارێکیان پشان داوە، کە نەتوانیت لە ڕێگەیەوە بە ئاسانی بیروڕای راستەقینەی خۆیانت بۆ ئاشکرا ببێت”.

ئەم قسانەی ناوبراو، چەند بەشێکی کتێبی ” چەند ڕێنماییەک بۆ ئەو دادوەرانەی بە دوای جادوگەراندا دەگەڕێن” ی بیرخستمەوە.

سەیرکەن لە بەشێکی ئەو کتێبەدا دەڵێت” گەر ئەو ژنە جادوگەرەی بە دوایدا دەگەڕێن ژیانێکی خراپی هەیە ئەوە تاوانبارە. خۆ گەر ژیانێکی باش و ئاسایشی هەیە، بەهەمان شێوە هەر تاوانبارە. چونکە زۆرێک لە جادوگەرەکان بە درۆوە خۆیان باش دەردەخەن، فێڵ و تەقیە دەکەن ولایەن ڕاستەقینەکانی خۆیان دەشارنەوە و وەک مرۆڤی بەڕێز خۆیان پشان دەدەن، گەر جادوگەرەکەتان دەستگیر کرد و ترستان لێبەدی کرد، ئەوا بەڵگەیەیەکی ئاشكرای ترە، چونکە تەنیا تاوانباران ترسیان لە خۆیان هەیە، خۆ گەر ترسیشتان لێبەدی نەدەکرد، ئەوەش هەر بەڵگەیە لەسەر تاوانباربوونی، چونکە هەندێک لە جادوگەرەکان بە متمانەوە مامەڵە دەکەن و خۆیان وەک کەسێکی بێ تاوان پشان دەدەن، جگە لەوان هەرکەسێک بەرگری لە جادوگەرێک کرد، ئەوا پیویستە ئەویش هەمان مامەڵەی جادوگەری لەگەڵدا بکرێت”.

 

لاپەڕە ٥٣ ڕاپۆرتەکە، خۆی لە خۆیدا بەڵگەیە لەسەر ئەو ڕەشبگیریەی لە ناو سوپادا ئەنجامدراوە. بیتلیسلیئۆغلو باس لەوە دەکات کە ٣٠ هەزار سەربازی تورکیا لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە. هەروەها باس لە بەشداری ٨ هەزار خوێندنکاری سەربازی دەکات لە کودەتاکەدا.

تەنیا بیر لەوە بکەنەوە، ڕێکخراوێک لە ناو سوپادا هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی کودەتا، بەڵام تەنانەت لە %١٠ سەربازەکانی سەر بە خۆی بەشداری پێنەکات لە کودەتاکەدا. ناوبراو لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەیدا ناچار دەبێت دان بەوەدا دەنێت کەوا سەدان جەنەڕال سەرەڕای ئەوەی هیچ بەشداریەکیان لە کودەتاکەدا نەکردووە، بەڵام بە هۆی بوونی پەیوەندیان بە جەماعەتەوە لە سوپا دوور خراونەتەوە.

 

“یاسایان بە ئاکەپە دەرکردووە”

جەنەڕال بیتلیسلیئۆغلو یەکێکە لەوانەی دەستێکی دیاری هەبووە لەوەی دوورخستنەوەی سەربازانی ناو سوپا بگۆڕێت بۆ ڕەشبگیریەکی تەواو.

ناوبراو لە بەشێکی تری قسەکانیدا ڕەخنە لە ئاکەپە دەگرێت و دەڵێت” بە مەبەستی بەرزکردنەوەی پلە سەربازیەکانیان و پاکتاوکردنی ئەو سەربازانەی لە پێش خۆیانەوە، یاسای وەرگرتنی پلەی سەربازیان لە ٤ ساڵەوە کەمکردەوە بۆ ٣ ساڵ و هەندێک لە سەربازە بە ئەزمونەکانی ناو سوپاشیان خانەنشین کردووە هەتا شوێنیان بگرنەوە. بۆ ئەم مەبەستەش تەمەنی خانەنشین بوونیان کەمکردەوە بۆ ٢٨ ساڵ، هەتا بتوانن سەربازە دەرچوەکانی ساڵی ١٩٨٨ و پێشتر بە زووترین کات لە سوپا دوور بخەنەوە”.

یاساکە لە ١١ شوباتی ٢٠١٤ دەرکراوە، واتە لە دوای بەرواری ١٧ – ٢٥ کانونی یەکەمی ٢٠١٣…

بەڵام ڕۆژنامەکان لەو بەروارەدا پێچەوانەی ئەم قسانەیان دەکرد، وەک موژدە بە ئەندامانی سوپا ئەم هەواڵەیان بڵاو دەکردەوە و ڕۆژنامەی وەتەن و میللیەت، پێیان وابوو ئەم یاسایە لە خزمەتی سەربازە دەرچوەکانی ساڵی ١٩٧٨ و لە ڕێگەیەوە دەتوانن بگەڕێنەوە ناو سوپا.

ڕوونکردنەوەی کودەتاکە وەک گەڕانە بە دوای دەرزی لە ناو کادا. سەرەرای ئەوەی دوو ساڵ تێپەڕیوە بەڵام هێشتا تاریکی زیاترە. هەتا دادگاکان لایەنی تاریکترکردنی بابەتەکە بگرن، کارەکەمان قورستر دەبێت. بەڵام هێندەی ئێستاش ڕوناکی بەوە بۆ شڵەژاندنی هەندێک کەس.

 

سەرچاوە: http://www.tr724.com/15-temmuz-efsanesini-cokerten-rapor/

Show More
Back to top button