بیروڕاهەواڵ

ئەو چەقۆیەی ملم دەبڕێت نایلێسمەوە

ئەحمەت توران ئاڵکان نوسەری زیندانیکراوی ڕۆژنامەی زەمان

ئەحمەت توران ئاڵکان نوسەری پێشووی ڕۆژنامەی زەمان، لە بەرواری ١٠ ی ئەم مانگە لەگەڵ هاوڕێ ڕۆژنامەنوسەکانی جارێکی تر دەچێتەوە بەردەم دادگا.

ئاڵکان نزیکەی دوو ساڵە لە زیندانی سلیڤری دەستبەسەرە و لە نامەیەکی کراوەدا بۆ ڕای گشتی تورکیا، باسی لەو ناحەقیانە کرد کە بەرامبەری ئەنجام دراوە.

ئاڵکان باس لەوە دەکات کە بە هۆی “تاوانی هزری” دادگای دەکرێت و داوای سزای هەتا هەتایی بۆ کراوە.

ناوبراو لە سەرەتای نامەکەیدا دەڵێت “پەیامم بۆ ویژدانە ئازاد و دیموکراتەکان” و ئاماژە بەوە دەکات کە لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا خراوەتە زیندان و ماوەی ٢٢ مانگە بە دەستبەسەرکراوی دادگایی دەکرێت.

ئاڵکان دەڵێت” داواکاری گشتی داوای سزای هەتا هەتایی و ١٥ ساڵ زیندانیم بۆ دەکات، وەک بەڵگەش لەسەر ئەو تاوانەی ئەنجامم داوە، ١٥ وتاری ناو ڕۆژنامەی زەمانی پشانداوە، بێجگە ئەوە هیچ بەڵگەیەکی تری نیە. لە کاتێکدا ئەم وتارانەم بە گوێرەی یاساکانی تورکیا هیچ ڕەهەندێکی تاوانی تێدا نیە”.

ئاڵکان لە بەشی کۆتایی نامەکەیدا دەڵێت:

ئەو چەقۆیەی ملم دەبڕێت نایلێسمەوە، داوای لێبوردن لە زاڵمان ناکەم. ناچم لەو کەسانەی فەرمانبەری سیاسەتمەدارانن بپاڕێمەوە و بڵێم ” بۆ خاتری خودا ئازادم بکەن”.

من پەیامم بۆ ئەو ویژدانانەیە کە باوەڕیان بە ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی هەیە، من سوپاسی ئەو کەسانە دەکەم کە من و خانەوادەکەم لە نزیکەوە ناناسن و لەگەڵ ئەوەشدا پاڵپشتی داوا و کۆششی لەسەر حەقی ئێمە دەکات، بە ناوی خۆم و خانەوادەکەمەوە سوپاسی هەموویان دەکەم.

لە هەموو دونیادا شتێک نەماوە بە ناوی “تاوانی هزری” و ئەمە لە گۆڕی مێژوودا دەمێکە نێژراوە. بە داخەوە وەک کرم و پەتا و نەخۆش گوڵ و گیا سەری هەڵدایەوە و،  ئەمەش لە وڵاتی مندا روو دەدات.

لە نێوان ئەوەی بە تاوان ناوی دەبەن و ئەو سزایەی داوایان کردووە بۆم بێ ئەندازەییەکی زۆر گەورە هەیە. خۆی لە دوای ١٥ ی تەموزیشەوە دادگا بە تەواوی چۆتە ژێر ڕکێفی دەسەڵات و سەربەخۆیی و بێ لایەنی خۆی لە دەستداوە.

دانیشتنی چوارەمی دادگا کە پێدەچێت دوا دانیشتنی دادگاییەکەمان بێت، لە بەرواری ١٠ ی ئایاری ئەم مانگە ئەنجام دەدرێت. دادگا لە ژێر فشاری زۆری سیاسیەکاندا، لەوە دەچێت سزایەکی زۆر قورس بەسەر من و هاوڕێ ڕۆژنامەنوسەکانمدا ببارێنێت.

لە بەرامبەر ئەوەی فکری خۆمان بە ئازادانە وتووە، داوای سزای هەتا هەتاییمان بۆ کراوە، ئەمەش بە واتای لە سێدارەدان دێت. هەرچەندە ٣ بڕیاری گرنگی دادگای دەستوری تورکیا و دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا هەیە کە دەبێت لەسەر ئێمەش جێبەجێبکرێت و لە بەرژەوەندی ئێمەیە، بەڵام دادگا جێبەجێی ناکات.

 

لە ساڵی ٢٠١٤ دەوڵەتی مافەکان خراوەتە سەر ڕەفە. لە جیاتی دەوڵەتێکی ڕەق و تەقی یاسایان هێناوە. لە دوای ١٥ ی تەموزیشەوە ” دەوڵەتی کەیفی”، تەشریفی جەنابی سەرۆک سەروەر بووە بەسەر یاسادا.

من شانازی دەکەم بەوەی نوسیمە و فکری من بووە، هەرگیز پەشیمان نیم لەو شتانەی کە نوسیومن. داوای لێبوردن لە دەسەڵات ناکەم و هەرگیز هەنگاوێکی لەو شێوەیەش هەڵناگرم.

دادگایەکی وەها دادگایی من دەکات، لە جیاتی بەرگری کردن لە خۆم، گەر وەک حەزرەتی موسا لە شاخی طورەوە گەر ١٠ لەوحەی فەرمانی ئیلاهی بێنم، یاخود گەر جوبرەئیلیش دابەزێتە بەردەمیان و بەرگریم لێبکات، تەنانەت جوبرەئیلیش دەستگیر دەکەن و دەیخەنە زیندان.

من دەزانم ئەو سەرچاوەیەی کاریگەری لەسەر دادگا داناوە لە کوێیە، بەڵام لە دانیشتنی یەکەمی دادگاوە بە سەرشۆڕیم زانی کە بانگ لەو سەرچاوەیە بکەم و هەردەم بە سەرشۆڕیش ئەژماری دەکەم.

 

من ڕازیم بەوەی بە هۆی زوڵمی ئەوەوە لە زیندان قەتیس بکرێم بەڵام بەوە ڕازی نابم بە هۆی لوتفی ئەوەوە ئازاد بکرێم. ئەمە بۆ من شەرەفە و جێگای شانازیمە.

با هەموو کەس جارێکی تر ئەوە ببیستێت و بیزانێت، ئەمە دۆسیەیەکی سیاسیە. دۆسیەیەکی بێ بنەما و پڕ و پوچ و هەزەلی و جێگای گاڵتەجاڕیە.

لەم دادگایەدا لە جیاتی تاوان, نیەتەکان دادگایی دەکرێن، لە جیاتی کردە و چالاکی, فکرەکان دادگایی دەکرێن، لە جیاتی بەڵگەی تاوانی بەرجەستە، هەڵوێستە سیاسیەکان دادگایی دەکرێن.

دەتوانن سزای هەتا هەتاییم بەسەردا بسەپێنن، بەڵام ئەمە لە ڕوی یاساوە نیە و ناتوانن من شەرمەزار بکەن. دەتوانن لە زینداندا بمهێڵنەوە بەڵام ناتوانن هیچ تاوانێکی ڕاستەقینەم بخەنە پاڵ.

دەتوانن لەم زیندانەدا بمکوژن بەڵام هەرگیز ناتوانن شەرمەزارم بکەن.

ئەو شتانەی ئەوان وەک بەڵگەی تاوان لە بەردەم دادگادا دەیخەنە ڕوو، شتانێکن کە من بە شانازیەوە خۆم دەکەم بە خاوەنیان. بەڵێ من لە ڕۆژنامەی زەمان نوسیومە، بەڵێ ئەو وتارانەی داواکاری گشتی لە دۆسیەکەمدا پشانی داوە هەمووی هی منە، هیچ پەشیمان نیم، من حەقی پێنوسەکەی خۆمم داوە، چەپڵەم بۆ گەندەڵی نەکوتاوە، دزیم وەک چکۆلاتە نەهاتۆتە بەرچاو و پێم هەزم نەکراوە، ماستاوم بۆ زاڵمان نەکردووە و چاوپۆشیم لە کارەکانیان نەکردووە.

 

بەڵێ، من ئەحمەت ئاڵتان نوسەری ڕۆژنامەی زەمانم، کەسێکی ڕەخنەگر و ئۆپۆزسیۆنم. بەڵێ من وەختی خۆی دەسەڵاتم بە نوسینەکانم قەڵس کردووە و پێم وایە هەتا ئێستاش بوومەتە سەر ئێشە بۆیان.

بەڵێ من هەرگیز ئەو چەقۆیە نالێسمەوە کە ملم دەبڕێت، من داوای لێبوردن لە زاڵمان ناکەم ، لەو کەسانەی بوونەتە فەرمانبەری سیاسیەکان ناپاڕێمەوە و بڵێم ” بۆ خاتری خودا ئازادم بکەن”.

من پەیامم بۆ ئەو ویژدانانەیە کە باوەڕیان بە ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی هەیە، من سوپاسی ئەو کەسانە دەکەم کە من و خانەوادەکەم لە نزیکەوە ناناسن و لەگەڵ ئەوەشدا پاڵپشتی داوا و کۆششی لەسەر حەقی ئێمە دەکەن، بە ناوی خۆم و خانەوادەکەمەوە سوپاسی هەموویان دەکەم.

 

http://www.tr724.com/ahmet-turan-alkan-bogazimi-kesen-bicagi-yalamayacagim/

 

 

Show More
Back to top button