بیروڕاهەواڵ

ئەو پیاوەی تونێلی بەرەو بەهەشت لێدا!

ئیلهامی ئەم وتارەم بە هۆی وتارێکی ئەحمەت دۆنمەزەوە بوو، کە لەسەر کۆتای هاتنی ژیانی عەبدوڕەزاق و خێزانەکەی لە ئاوی دەریاچەی مەریچدا نوسیبووی، لەبەر ئەوەی بووە سەرچاوەی ئیلهامی ئەم نوسینەم، سوپاسی دەکەم.

زیندانەکانی تورکیا کە بە نیسبەت ئێمەوە قوتابخانەی یوسفین، الله بە لوتفی خۆی ١٨ مانگ ژیانی لەو شوێنەدا بە نسیبی ئێمەش کرد. لەو ماوەیەدا لەگەڵ ئوغور عەبدوڕەزاقدا پێکەوە بووین. ئاشکرایە باسکردن لە تونێل لە ناو زینداندا شتێکی زۆر سەرنجڕاکێشە بۆ کەسانی ناو زیندان. گەرچی لە زیندانە مۆدێرنەکاندا ئەمە ڕێگە چارەیەکی بەردەست نیە بۆ خۆ قوتارکردن.

سەرەڕای ئەمەش ئەم بیرۆکەیە بە نیسبەت عەبدوڕەزاقەوە بووە سەرچاوەی ئیلهام و وتی” مادام ئێمە ناتوانین تونێلێک بەرەو دونیا لێبدەین، با زیندانەکەمان بکەینە تونێلێک بەرەو بەهەشت”. ئیدی لە دوای ئەوەوە ئەمە بووە پەندی سەر زوبانی هەموو لایەکمان.

دەی خۆ تونێل لێدانیش کاری تاکە کەسی نیە و لەگەڵ هەموو کەسێکدا ناتوانیت ئەم کارە بە جێبگەیەنیت، خۆ گەر بتەوێت بە تەنیا ئەم کارە ئەنجام بدەیت ئیدی توشی ناڕەحەتی زۆر دەبیت. هەرکەسێک لە قاوشەکەی ئێمە بوو لەلای خۆیەوە کارێکی دەکرد، هەندێکمان قورئانی دەخوێندەوە، هەندێکمان کە نەیدەزانی خۆی فێری قورئان بخوێنێتەوە، خەریکی خۆ فێرکردن دەبوو، نوێژەکانمان بە جەماعەت ئەنجام دەدا و خەتم و جەوشەن و نزامان پێکەوە دەکرد. هەندێکمان ڕۆژی نیو جوزئی قورئانی دەخوێند هەندێک هەتا ٣ جوزئی دەخوێند. نیوەمان زیاتر لە بۆ شەو نوێژ هەڵدەستاین، لەگەڵ نزا تایبەتەکاندا پێکەوە نزای بە کۆمەڵمان دەکرد و پێکەوە ئامینمان دەکرد.

بە نیسبەت منەوە لە مانگی ئابی ٢٠١٦ ئەم قۆناغە دەستی پێکرد و زوو زوو کەسانی تر دەهاتنە لامان و لەگەڵ ئێمەدا دەستیان دەکرد بە هەڵکەندنی ئەو تونێلە بەرەو بەهەشت.

گەرچی هەریەک لەوان شایەنی ئەوەیە بە تایبەتی باسی بکەین، بەڵام ئوغور عەبدوڕەزاق ناوەندی بابەتەکە دەبێت و بە پشتیوانی خودا باسی هەندێک لەوانی تریش دەکەین لەگەڵ باسی ئەودا.

گەرچی لە ناو خۆماندا خوێندنگە یان مەدرەسەی یوسفی زۆر بەناوبانگە، بەڵام دەبێت هەندێک لە هەلومەرجەکانی بۆ خوێنەریش بخەینە پێش چاو. خۆ گەر نەزانی لە زیندان چی دەگوزەرێت، ئیدی ئەوەی باسیشی دەکەین نرخێکی ئەوتۆی نابێت.

من لە ٤ قاوشی جیا ژیاوم و زیاتر لە ١٠٠ کەسم ناسیوە لەوانەی هاتن و ڕۆشتوون. لەگەڵ مرۆڤی جۆراو جۆر ناسیاویم دروست کرد. لە سەربازەوە هەتا دادوەری دادگا، لە یاریدەدەری پارێزگارەوە هەتا قائیمقام، لە کاسبەوە هەتا ئەوانەی لە یانەکانی شەواندا پاسەوانی تایبەتی دەکەن، لە مامۆستاوە تا پۆلیس و بەڕێوەبەری هێزەکانی پۆلیس، مرۆڤی زۆر جیاوازم ناسی.

لەو شوێنە تەنگەبەرەدا، لە ماوەیەکی کەمدا هەموو کەسێک بە زووترین کات ناوی ئەوی تر فێر دەبێت و دەزانێت چ کارێک دەکات، بەڵام نازانێت لە ژیانی ڕابردوویدا چی گوزەراوە.

لە کاتی سەردانی خێزانەکانیاندا چاوت بە منداڵەکانیان دەکەوێت، بەڵام ناتوانیت ناویان فێربیت. زۆر جار هەندێک قسە ئامادە دەکەیت هەتا لە کاتی هاتنی خێزانەکەتدا بیانکەیت، بەڵام لەگەڵ بینینیاندا هەموو قسەکانت لەبیر دەکەیت. هەندێک جار دەمانویست لەسەر کاغەزێک هەندێک لە قسە گرنگەکان بنوسین، بەڵام ئەویش بەر دیواری قەدەغەی زاڵمەکان دەکەوت و نەیاندەهێشت لە کاتی چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکارماندا کاغەز و پێنوسمان پێبێت.

ماوەی ٦ مانگی یەکەم زۆرێک لەوانەی دەهاتن بەشداریان لەو پەروەردە مەدرەسیەیە دەکرد کە دەستمان پێکردبوو، بەڵام کەمیان خوێندنەکەیان تەواو دەکرد! ئەوانەی دەردەچوون لەو پەروەردەیە یان کەسانێک بوون کە دەوڵەت بەمەبەستی چاودێری ناردبووی، یان کەسانێک بوون لە ژێر ناوی “دانپێدانان”دا ژیانی کەسانی ترینا ڕەش دەکرد.

من ١٧ هەمین کەس بووم کە چوومە ئەو قاوشەوە، کاتی نوێژی خەوتنان بوو. بەیانیەکەی دوو کەسی تریش هاتن و لە ماوەیەکی کەمدا بووین بە ٢٥ کەس. ئیدی زۆر بە ناڕەحەت جێمان دەبوویەوە لەو ژوورەی کە خۆی بۆ ١٢ کەس دروستکراوە. هەربۆیە قاوشەکەیان گۆڕین و سوپاس بۆ خودا ئەویان کەمێک گەورەتر بوو، بەو هۆیەشەوە تۆزێک پشومان دا.

شێوازی خەوتنمان تراژیدی- کۆمیدی بوو، لەسەر ٦ قەرەوێڵە تەنیا ١٢ کەس دەتوانێت بخەوێت، بەڵام ئێمە بە ناچاری قەرەوێڵەکانمان لەگەڵ یەکتر جووت کرد و ٣ کەس لەسەر ٢ قەرەوێڵە دەخەوتین. قاتی ژێرەوەی قەرەوێڵەکەشمان بە هەمان شێوە بوو. ئەوانەشی جێگایان نەدەبوویەوە لەسەر قەرەوێڵەکان، لەسەر زەوی مەتبەخ و شوێنە بۆشەکانی زیندان جێگایان دادەخست و دەخەوتن.

کە شەو هەڵدەستاین بۆ نوێژ، جێگاکانمان پێهەڵدەگرتن و کاتێک لە نوێژ تەواو دەبووین دووبارە دەخەوتنەوە.

لە قاوشە نوێکەشمان بە هەمان سیستەم بەردەوام بووین، شەوان جێگەی بەتاڵ نەدەما هەتا نوێژی تێدا ئەنجام بدەین. هەموو قەرەوێڵەکانمان نابوو بە پاڵ یەکەوە و ٣ کەس لەسەر دوو جێگا دەخەوتین، تەنیا یەک دوو کەسی پیر نەبێت کە بە تەنیا لەسەر یەک جێگە دەخەوتن، ئیدی زۆرینەی ئەوانەی تر بەم شێوەیە دەخەوتن. ئیدی هەموومان بە سەفتەکراوی دەخەوتین، بەتانیەکەمان لە لەشمان دەئاڵاند و لاشەی کەسمان بە ڕاستەوخۆیی بەر ئەوی تر نەدەکەوت.   

“ان شاءالله خێر دێنێت بۆ قاوشەکەمان”

لە یەکێک لەو ڕۆژانەدا بوو کە کەسێک بە ناوی ئوغور – ناوێکی تورکیە بە واتای خێر و بەخت دێت-  هاتە قاوشەکەمان و هەر دوای ئەو کەسێکی تریش بە هەمان ناوەوە هاتە قاوشەکەمان.

بە گوێرەی تەمەنەکانیان ناومان لێنان ئوغورە بچوک و ئوغورە گەورە.

لەبەر ئەوەی عەبدوڕەزاق بە تەمەن گەنجتر بوو، نازناوی بچوکەکە بەسەر ئەودا نرا. خەوتنی ٢ کەس لەگەڵ ئوغورە بچوک لەسەر دوو جێگای ٢٢ قەرەوێڵە کارێکی قورس نەبوو، چونکە لاشەیەکی باریک و لاوازی هەبوو. بەڵام خەوتن لەگەڵ ئوغورەکەی تر زەحمەت بوو، چونکە لاشەیەکی گەورەی هەبوو.

منیش هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە سەرم کردە سەری هەردووکیان و پێموتن” وا دیارە ئێوەش ڕۆژانە دوو کاتژمێرتان بۆ نزا و پاڕانەوە تەرخان نەکردبوو، هەربۆیە خودا ئێوەشی ڕەوانەی ئێرە کرد، چونکە من قسەیەکی لەو جۆرەم پێشتر بیستبوو”. ئوغوریش لە وەڵامدا وتی: وەڵاهی ڕاست دەکەیت، وابزانم بەو شێوەیە بوو هەربۆیە وامان بەسەرهات. تەنانەت ئەم وەڵامەشی بە نیسبەت منەوە زۆر ئەرێنی بوو. دڵنیابووم لەوەی لەگەڵ کەشوهەوای مەدرەسەدا گونجاویەکی باشی دەبێت و هەر لەیەکەم ڕۆژەوە دیالۆگێکی باشمان دروست کرد. منیش لە وەڵامدا وتم” خەمت نەبێت لێرە کاتمان زۆرە، ڕۆژی ٣ تا ٤ کاتژمێر کاتمان هەیە بۆ نزا کردن”. خۆی قاوشەکەی ئێمەش بە شێوەیەک سیستەممان دامەزراندبوو، کە زۆربەی کات خەریکی عیبادەت بووین.

خوێندنەوەشمان خراپ نەبوو، بەڵام پێم وابوو لە ڕووی شەو نوێژەوە لاواز بووین.

مامۆستا ئوغور هەر لەیەکەم شەوەوە یەکێک بوو لەوانەی بەشداری لە کاروانی ئەوانەدا کرد کە شەو نوێژ ئەنجام دەدەن. سەرەیەک دانرابوو بۆ ئەو کەسانەی کە بە شەو لە خەو هەڵدەستان، هەندێکیش هەتا ٢ -٣ شەو نەدەنوستن. کاتێک یەکێک لەوان دەنوست، منی لە خەو هەڵدەستان و منیش لە دوای خۆم مامۆستا ئوغورم هەڵدەستاند. خۆی تەنیا یەک تەوالێتیش هەیە لە ژووری زیندان، هەموو کەسێک ناتوانێت لە یەک کاتدا پێکەوە هەستن لە خەو.

مامۆستا ئوغور ڕۆژێکیان پێی وتم” کە منتان لە خەو هەستان دەستم لێمەدەن، زۆر رادەچڵەکم، تەنیا ناوم بهێنن یەکسەر هەڵدەستم”. منیش هەموو کاتێک بە ناوی خۆیەوە بانگم دەکرد و دەموت “مامۆستا ئوغور” ئەویش یەکسەر هەڵدەستا. لە مەدرەسەی یوسفیەدا دەبێت بە چپە قسە بکەیت و نابێت بە دەنگی بەرز هاوار بکەیت، بە تایبەت لە کاتی شەودا.

کاتێک شەونوێژمان تەواو دەکرد و ١٥ خولەکی دەما بۆ کاتی نوێژی بەیانی، پێکەوە نوێژی حاجەتمان(پێویستی) دەکرد. نوێژی بەیانیشمان پێکەوە بە جەماعەت ئەنجام دەدا و دوای تەسبیحات دەخەوتینەوە. کاتێک ئیمام سەلامی دەدایەوە، یەک دوانێکمان هەڵدەستا و هەتا کۆتایی تەسبیحاتەکە، ٥ تا ٦کەسمان دەمایەوە. مامۆستا ئوغور بەردەوام لەوانە بوو کە تا کۆتایی دەمایەوە و پاش ماوەیەکیش ئەرکی تەسبیحاتچی دوای نوێژەکانی پێ سپێردرا.

 

دواتر جەماعەتی دووهەم لە خەو هەڵدەستان و پێکەوە نوێژی بەیانییان دەکرد، واتە نوێژی بەیانیان دوو ئیمامی هەبوو.

لە ژیانی مەدرەسەی یوسفیدا ژیانێکی زۆر جەنجاڵ هەیە، کاروباری دارایی، کارگێڕی، عیبادەت، نزا و کاتی خواردن و خواردنەوەش لە نیوان ڕۆتینەکانی ئەو ژیانەدایە. مامۆستا ئوغور هەر لە یەکەم ڕۆژەکانەوە ئەرکی خۆی لە عیبادەتدا بینیەوە و دەنگێکی زوڵاڵ و سافی هەبوو، تەسبیحاتەکانیشی لەبەر بوو. هەموو کات ئەو دەیخوێندەوە و ئێمەش لە دوای ئەوەوە دەمانخوێندەوە. واتە بە گوێرەی دەنگی ئەو دەنگی خۆمان ڕێکدەخست. بەڵام ئەویش هەندێک جار ماندوویەتی تێدەکەوت و، پاش ماوەیەک هەندێک لە تەسبیحاتەکانمان لە نێوان خۆماندا بەش کردبوو. گەر هەموومان پێکەوە تەسبیحاتمان بکردایە دەنگەکانمان تێکەڵ دەبوو بەسەر یەکدا، هەربۆیە بڕیارماندا تەنیا یەک کەس نزاکانی تەسبیحات بخوێنێتەوە و لە کاتی نزای بە کۆمەڵدا هەموومان پێکەوە دەنگمان هەڵدەبڕی.

مامۆستا ئوغور پاش ماوەیەک لیستی خوێندنەوەشی ئامادە کرد، وابزانم کەسێکی تریش لەگەڵیدا هاوکار بوو. بە تایبەت لە کاتی خەتمی قورئاندا زۆر دیقەتی ئەوەمان دەدا کە سورەتەکانمان لێ تێکەڵ نەبێت و ٦ مانگی یەکەم هەموو ڕۆژێک ٣ خەتمی خوێندنەوەی قورئانمان تەواو دەکرد. دواتر وتمان با بە تەفسیرەوە بیخوێنەوە و خوێندنەوەکەی کەمتر بکەینەوە، لەسەر ئەوە هەندێک مشومڕمان کرد. دواتر کەممان کردەوە بۆ دوو خەتمە و دەستمان کرد بە خوێندنەوەی تەفسیریش.

لەو قاوشەدا سیستەمێکی باشمان دامەزراندبوو، بەردەوام نوێژەکان بە جەماعەت ئەنجام دەدرا و لە دوای ئەوەشەوە تەسبیحاتمان دەکرد، تەنانەت ئەوانەی نوێژیشیان نەدەکرد خۆیان لەگەڵ سیستەمی قاوشەکە ڕاهێنابوو. هەر بانگ تەواو دەبوو، یەکسەر جەماعەت لە دواوە ئامادە دەبوون. لە نوێژی بەیانیاندا نزای “هو الله الذی…” مان دەکرد و لە دوای نوێژی نیوەڕۆ سورەتی فەتح، لە دوای نوێژی عەسر جوزئی عم، نوێژی ئێوارەش دووبارە ” هو الله الذی…”، لە دوای نوێژی خەوتنانیش سورەتی “الملک” مان دەخوێند، دواتر نزای ئەنجامدانی خەتمی قورئان و دوو ئایەتی کۆتایی سورەتی “البقرة” مان دەخوێندەوە و بەو شێوەیە ڕۆژمان تەواو دەکرد.

تەواوی ئەم کارانەش لە نێوان خۆماندا بەشکرابوو، وەک مامۆستا جەواد دەیوت: فەرمانبەری ” هو الله الذی” دیاریکراوە و،  فەرمانبەری سورەتی فەتح و ملک و عم دیاریکراوبوو، کەسەکانمان بەو نازناوانە بانگ دەکرد.

لە دوای نوێژی نیوەڕۆ ژیانی سەردارمان دەخوێندەوە و لە دوای نوێژی عەسریش تەفسیری مامۆستا سواد یڵدرممان دەخوێندەوە. ئەویش هاوسەری ڕەحمەتی مامۆستا ئوغوری ڕەحمەتی بۆی هێنابووین. بەرگی تەفسیرەکەی دڕاندبوو هەتا بە هۆی ناوەکەیەوە لە کاتی هێنانی بۆ زیندان کێشەی بۆ دروست نەکەن. هەموو ڕۆژێک دوو لاپەڕە تەفسیرمان دەخوێندەوە و بەردەوام لە نێوان خۆماندا باسمان دەکرد. لەبەر ئەوەی خۆی مامۆستای وانەی زمانی ئینگلیزی بوو، زۆر باش دەیزانی تەرجومەی بابەتەکان چۆنی کراوە و، هاوڕێیەکیشمان تەفسیرێکی قورئانی بە زمانی ئینگلیزی دۆزیبوویەوە و لەسەر ئەو تەفسیرە وانەیان دەخوێند. لەبەر ئەوەی منیش زمانی ئینگلیزیم دەزانی، هەندێک جار پرسیاریان لە منیش دەکرد.

کاتێک باسی مەدرەسەی یوسفی(زیندان) دەکەین، یەکسەر بیرمان بە لای ئاغای زیندان و ئاغایەتیشدا دەچێت، لای ئێمە ئاغا کەسی بەردەستی هەموومان بوو، دەبوو بۆ هەموو ئیشێک ڕابکات. وەک لە فیلمەکانی کەمال سوناڵیشدا بینیومانە، ئاغای ژوورەکانی تر، سەرانە لە هەموو زیندانیەکان دەسەنێت و هەموو کارێکی خۆی بە کەسانی خوار خۆی ئەنجام دەدات، لەبەر ئەوەی لە زیندانیش پێویست بە سەرپەرشتیارێک هەیە، کەسێکمان بۆ ئەرکە هەڵبژارد. یەک دوو کەس بۆ کاروباری دارایی دیاریکران و هەندێک کەس خەریکی کاری کارگێڕی دەبوون و، کاروباری پاککردنەوەش لەلایەن هەندێکی ترەوە ئەنجام دەدرا؛ بە کورتی ٣ دەستەی بەڕێوەبردنمان دروست کرد لە ژوورەکەی خۆماندا.

یەکێک لەو سەر دەستانەش مامۆستا ئوغوری ڕەحمەتی بوو،  ئەم ٣ کەسە هەرچی داواکاری کەسانی ناو قاوشەکەیە کۆیان دەکردەوە و گەر پێویست بە بڕیارێکی بە کۆمەڵ بووایە، ئەوا داواکەیان ئاشکرا دەکرد و پێکەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەمان دەدا. دواتر دەماننوسی و بە لەوحەی ئاگاداریەکاندا هەڵماندەواسی.

بۆ نمونە بابەتی ئەوەی کاتی خەوتن هەموو لایەک بێدەنگ بێت یان لە بابەتی نان خواردندا، کاتێک بڕیارێک دەدرا، بە هەموو لایەکمان ڕادەگەیاند. وتەبێژی هەر ٣ سەردەستەکەش مامۆستا ئوغور بوو، پێموایە لەبەر ئەوە بوو کە خۆشەویستی هەموو لایەکمان بوو، لەگەڵ ئەوەشدا دەنگێکی زوڵاڵی هەبوو. چونکە بڕیارەکانیش هەموو کاتێک بە دڵی هەموو لایەک نەدەبوو.

 

“زیندان بە خەوتن تێیدا تەواو دەبێت”

ئەم قسەیەمان هەمیشە لە ناو خۆماندا دووبارە دەکردەوە. بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژیانمان لە زیندان درێژتر دەبوویەوە و لە شوێنی ئەوانەی ئازاد دەبوون، کەسانی نوێ دەهاتن. هیچ کاتێک لە ٢٥ زیندانی کەمتر نەدەبووینەوە. لەم کاتەدا کە زیاتر هەست بە نیگەرانی دەکرا، بە یەکمان وت با کاتەکانمان بە خەتمی قورئان و لەبەرکردنی ببەینە سەر و لەم بابەتەشدا هانی یەکتری بدەین. من سەرەتا لەگەڵ فاروق دەستم پێکرد، دواتر ئاکن، پاشان ئیسماعیل و دواتر مامۆستا ئوغور. هەندێک لە سورەتەکان زیاتر لە ١٠ جار دەمانخوێندەوە و هەندێکمان دەرخ کردبوو بە دەرخکردن.

سەرەتا بڕیارماندا سورەتی فەتح لەبەر بکەین، لە قاتی ژێرەوە دەستمان دەکرد بە خوێندنەوەی ئەو سورەتە و لە ماوەی هەفتەیەک تا ١٠ ڕۆژ، ٦ لە هاوڕێکانمان سورەتی فەتحیان لەبەر کرد. ئیدی لە نوێژەکاندا لەبەر دەمانخوێند. ئەمەش وای لە زۆربەمان کرد غیرەت بدەینە بەر خۆمان و وای لێهات هەموو نیوەڕۆیەک سورەتی فەتحمان بە لەبەری دەخوێند.

یەکێکی تر لەو شتانەی هاوڕێیانی قاوشەکەمان بە خۆشیەکی زۆرەوە ئەنجامیان دەدا، یاری بالە بوو لەو باخچە تەنگەبەرەی لە کاتی بردنە دەرەوەماندا، سازیان دەکرد.

    لە وەرزی زستانیشدا لەبەر ئەوەی پارشێو و ڕۆژهەڵهاتن کاتەکەی درەنگ دەبێت، مامۆستا ئوغور لە دوای نوێژ نەدەخەوتەوە و هەندێک جار نانی بەیانی ئامادە دەکرد و منیش بانگهێشت دەکرد. بە گوێرەی یاساکانی قاوشەکە، نانی بەیانی بە شێوەی کۆمەڵ ئەنجام نەدەدرا. چەند گروپێکمان دروست کردبوو، ئەوەش چەند هۆیەکی مەنتقی هەبوو، هەندێک وەک من باسترمە و گۆشتیان نەدەخوارد، هەندێکیش وەک فاروق تاحین و دۆشاویان نەدەخوارد، چونکە گەر پێکەوە بمانکردایە، بە هۆی جیاوازی خواردنەکانەوە کێشە دروست دەبوو.

گروپەکان بە گوێرەی حەز و بژاردەی کەسەکان لە جۆری خواردنەکان، دروست بوو بوو. گەرچی من یەکێک بووم لەوانەی سەر بە هیچ گروپێکیان نەبووم. ئەمەش چەند هۆیەکی هەبوو، چونکە من پێموابوو لە مەدرەسەدا دەبێت کەم بخۆین و شتی سادە بخۆین، جگە لەوە هەمیشە کێشەی زۆری کێشی لاشەم هەبوو، زیاتر لەبەر ئەمەش بەو شێوەیە دەژیام. هەروەها گەر بە تەنیا بوویت، هەموو کەس بانگهێشتت دەکات و وەک میوان مامەڵەت لەگەڵدا دەکەن، بەمەش دەڵێن بەلاش خۆری.

مامۆستا ئوغوریش هەموو کاتێک منی بانگهێشتی نانخواردن دەکرد و، گەرچی زۆر جاریش ڕەتم دەکردەوە، بەڵام هەندێک جار لەگەڵیدا نانم دەخوارد. ٧ تا ٨ زەیتون دەکەمە ناو سەمونێکەوە و دەیخۆم ئەویش پێکەنینی پێمدەهات. منیش دەموت لە کاتێکدا خوێندکار بووین، پارەمان نەبوو نانێکیش بکڕین، گەر بشمانکڕیایە، ئەوا پارەی زەیتون کڕینمان پێنەبوو، بۆیە دەچووینە دوکانی میوەفرۆشێک و تکامان دەکرد ئاوی زەیتونمان بۆ بکات بەسەر نانەکەدا. دەموت بە یادی ئەو ڕۆژانەوە زەیتون بە نانەوە دەخۆم.

مامۆستا ئوغوریش وەک من ئالودەی خواردنەوەی نیسکافە بوو، حەزیشی لەوە بوو چاکەی لە پیاڵە باریکەکاندا بخوات. وەک دەزانن لە مەدرەسەی یوسفیە، زۆر زەحمەتە بە پیاڵە چا بەسەر ٢٥ تا ٢٩ کەسدا دابەش بکەیت. هەربۆیە زۆرێک لە زیندانیەکان بە پەرداخی ئاو خواردنەوە چاشیان دەخوارد. تەنیا یەک پەرداخ بەس بوو، دواتر بە ئاسانیش دەشۆردرا. جگە لەوە لە کتێبێکدا خوێندمەوە کەوا موسوڵمان نابێت خۆی ئالودەی هیچ خواردنێک بکات، ئیدی وازم لە خواردنەوەی نیسکافەش هێنا. ئیدی وەک نەمدەخواردەوە، لە هەمان کاتیشدا هەوڵمدەدا بە خەیاڵی مێشکیشمدا نەیەت. لەم کارەشمدا مەبەستم لەوە بوو لەو کەسانە تێبگەم کە ئالودەی جگەرە کێشانن، بە داخەوە لە هەموو قاوشێکدا ٣ تا ٤ کەسی وەهای تێدایە.

بە هەر حاڵ، مامۆستا ئوغور لەبەر ئەوەی زیرەک و ورد بوو، هەندێک جار لە پەرداخە بچوکەکاندا قاوەی بۆ من و خۆشی دروست دەکرد و پێیدەوتم” براکەم ئەمە پەیمانی تۆ ناشکێنێت، چونکە تۆ قاوەی سادەت تەرک کردووە، بەڵام ئەمە شیری تێدایە”.

 

” هیچ کاتێک نەمدیوە ڕۆژووی دوو شەممە و پێنجشەممە بفەوتێنێت”

لە پاڵ ڕۆژووی سونەتی پێنجشەممان و دوو شەممان، گرتنەوەی ڕۆژووە فەرزەکان و سونەتەکانی تریش لە قاوشەکەمان ئەنجام دەدرا؛ ڕۆژنەبوو دوو یان سێ کەس بەڕۆژوو نەبن. هەرچەندە مامۆستا ئوغور بە لاشە زۆر لاواز بوو، بەڵام قەت نەمدیوە ڕۆژووی سونەتی دووشەممە و پینجشەممە بفەوتێنێت.

وەک وتم تونێلی بەرەو بەهەشت لێدەدا و بە باشترین شێوەش یارمەتی هەموو کەسی دەدا لەو بابەتەدا.

بە نیسبەت کەسانێکی ڕەشبین و کامڵخوازی وەک منەوە، هەرچەندە وێنەی مامۆستا ئوغور کەمبوو، بەڵام خێرا دەگەشت بە فریای کەسانی وەک منەوە و وای لێدەکردین بڵێین: مادام کەسێکی وەهاش لەسەر ئەم ڕێگەیەیە کەواتە ڕێگاکەمان ڕاستە. بە داخەوە لایەنی ئەوەی کە کەسێکی ڕەخنەگرم و لە شتەکاندا هەڵدەدەمێ، هەموو کاتێک کێشەی دروست کردووە، بۆ منیش و بۆ ئەوانەی لە ناو قاوشەکەشدا دەژیان. بەڵام مامۆستا ئوغور خۆش بێت هەموو کاتێک بە فریامان دەکەوت. هەرکاتێک بێ تاقەت دەبووم، یەکسەر دەهاتە لام و دەیوت: براکەم چیە دەڵێی دیسان توڕە بوویت. بۆ ئەوەی بێتاقەتیم لاببات، هەرچی لە دەستی بهاتایە ئەنجامی دەدا. خۆی تەنیا ئەوەی ئاگای لە حاڵی من بوو، بەس بوو بۆ ئەوەی ئاسوودەی بێت بە گیانمدا.

لە ڕەنزەکانی قاوشەکەماندا، قاتی خوارەوە بۆ ئەوانە بوو کە سەیری تەلەڤیزیۆنیان دەکرد، قاتی سەرەوەش بۆ ئەوانە بوو کە عیبادەتیان دەکرد. ئەوانەی قاتی سەرەوە دەهاتنە خوارەوە و ڕۆژنامەیەکیان لەسەر زەویەکە دادەخست و قسەی خۆشیان دەکرد، مامۆستا ئوغوریش زۆر جار چای ئامادە دەکرد و بەسەر هەمووماندا دابەشی دەکرد. دواتر کاتێکمان بە دیاریکراوی بۆ قسەکردنی نێوان خۆمان تەرخان کرد و، هەریەکەمان بابەتێکی لە پەیامەکانی نور و تەفسیری قورئان ئامادە دەکرد و لەگەڵ براکانماندا باسمان دەکرد.

دەتوانم شتی زۆر بگێڕمەوە، یادگاری زۆرە، بەڵام  دەمەوێت باسی دوا شەو و ڕۆژی خۆم بکەم لەگەڵ مامۆستا ئوغوردا:

لە بەرواری ٢ ی تشرینی دووهەمی ٢٠١٧ هەموو لایەک لە قاتی سەرەوەی ڕەنزەکان کۆبوونەوە و ئەو بڕیارانە خوێندرایەوە کە ٣ سەرپەرشتیارەکە دەریانکردبوو.

وەک هەمیشە بڕیارەکان لەلایەن مامۆستا ئوغورەوە خوێندرانەوە و بۆ هەموو لایەکی ڕوونکردەوە. بە گوێرەی ڕێساکانی ناو خۆمان، لە کاتی خوێندنەوەی بڕیارەکاندا نابێت کەس قسە بکات، تەنیا گوێ دەگرین و گەر سکاڵایەکمان هەبوو، دواتر بە دەستەی سەرپەرشتیاری ڕادەگەیەنین. چونکە بەو جۆرە نەبووایە زۆر مشتومڕ دروست دەبوو، دواتر دڵمان لە یەکتر دەشکا. سەرەڕای ئەمەش هاوڕێیەکمان لە بابەتەکەدا هەڵیدایە و قسەی ناخۆشی کرد، بەڵام مامۆستا ئوغور وەک هەمیشە هێمنی خۆی پاراست و هاوسەنگی لە دەستنەدا. منیش زۆر لەو کەسە توڕە بووم، بەڵام چونکە زانیمان لایەنی دەرونی زۆر تەواو نیە و کێشەی هەیە، کەسمان قسەی نەکرد.

دواتر بەیانی کە ڕۆژ بوویەوە، ویستم دڵنەوایی مامۆستا ئوغور بدەمەوە، بە دوای هەلێکدا دەگەڕام کە باسی بابەتێکی ناو کتێبی پاشکۆکانی مامۆستا سەعیدی بۆ بکەم، بە تایبەت باسی ئەو ڕێسایانەی لە کۆستورمەدا لە ڕوسیا دیاریکردبوو، بەڵام لەو شوێنە تەنگەبەرەدا هەلی بە تەنیا مانەوە ئەستەمە. لەو قاوشەی ئێمەدا هەر لە سەرەتاوە نوێژی هەینی نەفەوتێندرا بوو. کاتێک ویستم دەستنوێژ تازە بکەمەوە، کە هاتمە دەرەوە بینیم مامۆستا ئوغور خەریکی دەستنوێژ گرتنە، وتم مامۆستا ئوغور لەو برادەرە توڕە مەبە، ئەوە گرفتی دەرونی هەیە، مامۆستا سەعید نورسیش سەبارەت بەوانەی لە کەمپدا لەگەڵیدا بوون وتوویەتی: سەرەتا ڕێگە بدەن بەوانەی ناحەقی دەکەن، چونکە کەسانی حەقدۆست خۆیان دادپەروەر و بە ئینسافن، دواتر دەتوانن کەسە ناحەقەکان بە ئاسانتر ڕازی بکەن. ئەویش لە وەڵامدا وتی، کورە من هەر گوێم بە قسەکانی ئەو نەداوە، داماوە سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەردا دراوە، خوا دەزانێت کەی لە زیندان دەردەچێت.

لەم نێوەندەدا نوێژی هەینیمان کرد، دواتر لەسەر بابەتێکی سادە، لە نێوان من و ئەو برادەرەدا کێشەیەک دروست بوو، شتەکە دواتر گەورە بوو، مامۆستا ئوغور کەوتە نێوانمان، دواتر پۆلیسەکان هاتن و هەردووکمانیان برد، ئیتر ئەوە دواڕۆژی بینینی من و مامۆستا ئوغور بوو.

دوای ٣ مانگ ئازاد کرام، لەبەر ئەوەی گوێم لە هەواڵەکان نەدەگرت، ئاگام لە هیچ نەمابوو، دواتر ڕۆژێکیان کچەکەم هات و وتی: باوکە حەز ناکەم خەفەتت پێبدەم، بەس وابزانم کەسێک لە زیندانەکەی ئێوە لە ئاوی مەریچدا خنکاوە. سەرەتا وامزانی  دەستگیر کراون، دواتر بە داخەوە لە هەواڵەکاندا باسی ئەوە دەکرا کە سەرجەم سەرنشینەکان خنکاون. دواتر چاوم بە هاوڕێیەکی هاوبەشی نێوانمان کەوت، باسمان لەوە کرد کە مامۆستا ئوغور هیچ بانگەشەیەکی تاوانی لەسەر نەنوسراوە و، سەرمان سوڕما لەوەی کە کەی ئازاد کراوە و کەی بڕیاری هیجرەتی داوە.

 

“ڕۆژ نیە خەیاڵی مامۆستا ئوغور بە مێشکمدا نەیەت”

ئیدی لەو ڕۆژەوە بیرم نایەت ڕۆژێکم بە بێ خەیاڵی مامۆستا ئوغور بەسەر بردبێت. ئیدی لە نوێژدا بێت یاخود کاتی تەسبیحات و قورئان خوێندن، خەفەتی ئەوەی کە جارێکی تر گوێم لە دەنگی مامۆستا ئوغور نابێتەوە لەسەر دڵم زۆر گرانە و کاتێک لە بەرواری ٩ ی ئەیلولی ئەمساڵدا چاوم بە وتارەکەی ئەحمەد دۆنمەز کەوت لە ماڵپەڕی TR724، هەموو وتارەکەم بە فرمێسکی چاوەکانمەوە خوێندەوە و  ئیدی بڕیاری ئەوەمدا ئەم نوسینە بنوسم.

شێوازی نوسینەکەی زۆر کاریگەرە، خوێندکارەکەی مەدرەسەی بە بیر هێنامەوە کە ئوستاد باسی دەکات، خوێندکارەکە دەمرێتر بەڵام هێشتا وا دەزانێت لە مەدرەسەیە، کاتێک فریشتەکان پێی دەڵێن ” من ربک”، لە وەڵامدا دەڵێت: من موبتەدایە و “ربک” ش خەبەرە…” گومان و هیوام وەهایە کە مامۆسرا ئوغور و خێزانەکەشی لە کاروانی شەهیدانن و بەردەوامن لە خزمەتی خۆیان. هۆکاری ئەمەش خەوێک بوو کە لە مانگی ئابدا بینیم.

نوێژی بەیانیم کرد  و خەوتمەوە، وابزانم ئەو کاتەش بیری مامۆستا ئوغورم کرد بوو، لە گوندەکەی خۆمان کەسێک دەنێژین، بەڵام نەماخستۆتە گۆڕەکەوە و لاشەکەمان لەسەر زەویەکەی سەر گۆڕەکە داناوە، منیش یەکێک بووم لەوانەی بە خاکەناز خۆڵم فڕێ دەدایە ناو گۆڕەکەوە، دواتر وتم شتی وەها نابێت، گەر یەک تۆز خۆڵەکە لاببەیت ئەم لاشەیە یەکسەر دەرەکەوێتەوە، دواتر بینیم کەوا لاشەی ناو گۆڕێکی تریش بە هەمان شێوە لە دەرەوەیە، منیش وتم جا گۆڕ چۆن ئاوا دەبێت خۆ هەموو لاشەی بەدەرەوەیە، کاتێک هەندێک خۆڵی سەر لاشەکەم لابرد، بینیم هەناسە دەدات، بە خەڵکەکەم وت ئەمە نەمردووە و ناشتوویانە، ئیدی بە پەلە دەستم کرد بە لابردنی خۆڵی سەر لاشەکە. دواتر چی ببینم خودایە، کەسی ناو گۆڕەکە مامۆستا ئوغور بوو، منیش وتم خودایە کێ مامۆستا ئوغوری ناشتووە پێش ئەوەی بمرێت!

ئیدی باوەشی پێدا کردم و دەستی بە توندی گرتم، لەو کاتەدا یەکسەر بە خەبەر هاتمەوە، وا هەستم کرد ڕۆحی مامۆستا ئوغور لەلامەوە بێت و پێم بڵێ:

براکەم خەفەت مەخۆ من زیندووم.

ناتوانین قەدەری ئیلاهی بگۆڕین، ئەمە قەدەری ئیلاهیە و هاتووە، هیوادارم خودا هاوسەرە بەڕێزەکەشی بە پلەی شەهادەت بگەیەنێت و، بەر شەفاعەتی ئەوان بکەوین. بیری ئەوەم کەوتەوە کە تونێلمان بەرەو بەهەشت لێدەدا، ئیدی تێگەشتم مامۆستا ئوغور لە پێشی پێشەوە بووە و، کاتێک گەشتووە بە بەهەشت یەکسەر منداڵەکان و هاوسەرەکەشی ڕاکێشاوە، خودا جارێکی تر نەیهێشت بە ئازار و دەردی دونیاوە خەریک بێت.

تەنیا دڵم بەوە خۆشە ئێستا ناسیاوێکمان لە بەهەشت هەیە و هیوادارم ئێمە لە یاد نەکات. وەک چۆن کەسانێک دەچنە دەرەوەی وڵات و ئیش و کار بۆ خزمەکانیان دەدۆزنەوە، منیش هیوای ئەوەم هەیە ئاسانکاریەک بۆ ئێمەش بکات بە پشتیوانی خودا!

http://www.tr724.com/cennete-tunel-kazan-adam-ugur-abdurrezzak/

 

Show More
Back to top button