هەواڵ

ئەو ٦ کەسەی لە کۆسۆڤۆ ڕفێندران، دەستبەسەرکران

دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا دەزگای هەوڵگری تورکیا(میت)، ٥ مامۆستای بزاڤی خزمەت و پزیشکێکی لە وڵاتی کۆسۆڤۆ ڕفاند، دادگای ئیستەنبول فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکردن.

لە ٢٩ ی ئازاری مانگی ڕابردوودا ٥ مامۆستای کۆلیجەکانی مەهمەت ئاکیف بە ناوەکانی موستەفا ئێردەم، یوسوف کەرەبینا، قەهرەمان دەمیرەز، جیهان ئۆزکان، حەسەن حوسەین گیونئاکان، لەگەڵ پزیشکێک بە ناوی عوسمان کەرە کەیا لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیا کۆسۆڤۆوە ڕفێندران و، دوای دوو هەفتە لە لێکۆڵینەوەی پۆلیسی ئیستەنبول، لەلایەن دادگاوە فەرمانی دەستبەسەرکردنیان بۆ دەرکرا.

سەرەڕای ئەوەی ئەنجامدانی ئەم کارە نایاساییە لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیاوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی لێکەوتەوە و ڕەخنەی لێگیرا، بەڵام دەزگای هەواڵگری کۆسۆڤۆ مامۆستاکانی ڕادەستی دەزگای هەواڵگری تورکیا کرد.

ئەم ڕووداوە لە ناوخۆی کۆسۆڤۆشدا قەیرانێکی گەورەی سیاسی دروست کرد. ڕاموش هاردیناژ سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە، بێ ئاگایی خۆی لە ئۆپەراسیۆنەکە ڕاگەیاند و هەر بەو هۆیەشەوە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەی و وەزیری ناوخۆی لە پۆستەکانیان دوور خستەوە. هەروەها دواتر دۆسیەیەکی فراوانتری لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەرانەی ڕووداوەکە کردەوە.

رەجەب تەییب ئێردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاش ئۆپەراسیۆنەکەی بە “هەماهەنگی نێوان دەزگای هەواڵگری هەردوولا” ناوبرد و پاساوی بۆ کارە نایاساییەکەیان هێنایەوە.

ئێردۆغان بەوەشە نەوەستا بەڵکو ڕەخنەی لە سەرۆک وەزیرانی کۆسۆڤۆ گرت و وتی” ئەی سەرۆک وەزیرانی کۆسۆڤۆ، تۆ بە فەرمانی کێ سەرۆکی دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەت و وەزیری ناوخۆ لە کارەکانیان دوور دەخەیتەوە. لە کەیەوە دەستان کردووە بە پاراستنی ئەو کەسانەی لە دژی تورکیا هەوڵی کودەتایان داوە؟ من ئەو برا کۆسۆڤۆیانەی خۆم بناسم، حسابی ئەمەت لەگەڵدا دەکەن”.

هاردیناژیش لە وەڵامدا وتی” کەس ناتوانێت لە وڵاتی مندا بەم شێوەیە خەڵک بڕفێنێت، ئەمە وەک شێوازێک لە دزی کردن وەهایە. سەرم لەوەش سوڕ دەمێنێت ئێردۆغان بەو شێوەیە کاردانەوە پشان دەدات”.

http://www.tr724.com/kosovadan-kacirilan-egitimciler-tutuklama-istemiyle-mahkemeye-sevk-edildi/

 

Show More
Back to top button