هەواڵ

ئەو مەترسیە سەرەکیەی چاوەڕێی کۆمەڵگا دەکات

سەفوەت سەنیح


مامۆستا م. فەتحوڵا گولەن لە وتارەکانی ساڵی ١٩٨٠ یدا، زۆر جار باسی لە پەروەردەی منداڵان دەکرد و دواتر کتێبێکی بە ناوی “پەروەردەی منداڵ” بڵاوکردەوە، کە مامۆستا ئیبراهیم جانانی ڕەحمەتی پێشەکیەکەی بۆ نوسیوە.
لێرەدا هەوڵ دەدەم ئاماژە بە چەند خاڵێک بدەم کە لەلایەن مامۆستا جانانەوە جەختی لەسەری کراوەتەوە.
مامۆستا جانان لە سەرەتای ئەم کتێبەدا هەوڵ دەدات گۆشەنیگایەکمان پێببەخشێت و دەڵێت” لە وڵاتی ئێمەدا کەسێک کە بە ناوی داهاتوەوە، بە گوێرەی پڕۆژەی درێژخایەن هەنگاو هەڵگرتبێت و، کار و چالاکی خستبێتە ڕوو، هەمیشە بە سەرکەوتوویش لە پڕۆژەکانیدا پەرچەکرداری نەیارەکانی خۆی لەبەرچاو گرتبێت، گەر بەم چاوەوە سەیری ئەم کتێبە بکەین…”.
دواتر مامۆستا ئیبراهیم جانان لە درێژەی پێشەکیەکەیدا دەڵێت” هەر بۆیە گەر ئەم کتێبە لەم چوارچێوەیەدا وەربگرین کە لایەنی کەم لە وڵاتی تورکیادا، وەک دەسپێکی بزاڤ و سەرەتایەکی نوێ ئەژمار بکرێت، ئەوا کارێکی زیادەڕۆییمان نەکردووە. هەر بۆیە لە نێو دەربڕینە یەک لە دوا یەکەکانی نوسەردا زوو زوو چاومان بەم ڕستانە دەکەوێت ” خێزان، یەکێکە لە گرنگترین پایەکانی کۆمەڵگا. پتەوی ئەم پایەیە بە واتای پتەوی کۆمەڵگا و دەوڵەت دێت. کەواتە ئەم پایە گرنگەی کۆمەڵگا و دەوڵەت، هەرگیزا و هەرگیز نابێت بە بێ پلان و پڕۆژە بێت”.
سیستەماتیکی بەرهەمەکەش جێگای سەرنجە. بابەتی پەروەردە وەک ڕووداوێک سەیر ناکات کەوا تایبەتمەندبێت بەو منداڵانەی لە تەمەنێکی دیاریکراوی ژیاندایە و بە تەواوی لە نێو کۆی ژیان جیای بکاتەوە. بە پێچەوانەوە، لە ڕێگەی ئایەت و حەدیسەوە باس لەو سیفاتانە دەکات کە دەبێت لە کاتی هەڵبژاردنی دایکی منداڵەکاندا ڕەچاو بکرێت و، وەک تەوەرێک باسی لێوە دەکات کە دەبێت پەڕە پەڕە هەڵیدەدەیتەوە و تا مردن بەردەوامی هەیە. وەک پێویستیەکی ئەم تێڕوانینە، لە سەرەتادا باس لە گرنگی پەروەردەی منداڵان دەکرێت و بە مەبەستی قەناعەت پێکردن، باس لە چەند تەوەرێکی گشتی دەکرێت.
بۆ نمونە لە سەرەتادا کاتێک بە “تێڕوانینمان بۆ ئەخلاق” دەستپێدەکات و، چەند چەمکێکی وەک “ڕووخانی شارستانیەتەکان”، “مامۆستا پێغەمبەر”، “جوانیەکانی ژیانی دونیا”، “مرۆڤایەتی باڵای سەرو هەموو باڵاکان”، وەک چەند سەر دێڕێکی جیاواز لە یەکتریش دەربکەون، لە ڕێگەی ئایەت و حەدیسەوە باس لە گرنگی پەروەردە دەکات و ئەوە دەخاتە ڕوو کە ئەم سەر دێڕانە هەموویان تەواوکەری یەکترن.
دواتر لە هەڵدانەوەی یەکە یەکەی لاپەڕەکانی تەوەری پەروەردەدا، باس لە “هاوسەرگیری”، “خێزان”، “هەستیاری لە پەروردەدا”، “پەروەردەی دینی منداڵان”، ” چۆنی ئەم پەروەردەیە ئەنجام بدەین؟”، “بەراوردی پەروەردەی قورئانی و دەرەوەی قورئان”، “ڕەهەندەکانی پەروەردە”، بابەتی یەک لە یەک گرنگتر و بەو ڕادەیەش سەرنجڕاکێش دەخرێتە ڕوو.
” لە ڕوانگەی مامۆستا فەتحوڵا گولەنەوە، کاتێک باسی پەروەردە دەکرێت یەکەم شت کە بە مێشکی مرۆڤدا بێت خێزانە. چونکە خێزان لە ڕووی پەروەردەی منداڵەوە، یەکەم ئاگردان و یەکەم خوێندنگە و یەکەم حوجرەیە. پەروەردە دەبێت لە خێزانەوە دەست پێبکات هەتا بەردەوامی هەبێت. گەر خێزان لەسەر پایەی پەروەردە هەڵنەچنرابێت، ئەوا بیرکردنەوە لە کۆمەڵگایەکی پەروەردەکراو کاری نەکردەیە. چونکە بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی ئایدیال، پێش هەموو شتێک پێویست بە لانەیەکی ئایدیال دەکات. خێزان گرنگترین بنمیچی کۆمەڵگایە. پتەوی ئەم بنمیچە، بە واتای پارێزراوی کۆمەڵگا و دەوڵەت دێت.
یەکەم ئەرکی سەرۆکی خێزان ئەوەیە هاوژینێکی ” چاکەکار، موسوڵمان، گوێڕایەڵ، لە خواترس، ڕاستگۆ” هەڵبژێرێت بۆ پەروەردەی منداڵەکانی. لە خێزانێکی ئایدیاڵدا، باوک و دایک هەردووکیان وەستای بواری پەروەردەکردنن.
لە بابەتی پەروەردەکردنی منداڵدا، دەبێت خاوەنی هەستی بەرپرسیارێتی و زانستی تەواو بن. هەرکەسێک دەیەوێت ببێت بە دایک و باوک، دەبێت خاوەنی ئاستێکی دیاریکراوی بواری دەرونناسی و پەروەردەی منداڵ و یاخود لایەنی کەم شارەزای پوختەی ڕێسا قورئانیەکان بێت. مرۆڤ دەبێت بە شێوەیەکی ڕەها بە دوای فێربوونی چۆنیەتی پێگەیاندنی نەوەی نوێ بێت.
ئەوەی لەم بەرهەمەدا وا لە خوێنەر دەکات قەناعەت بە گرنگی بابەتەکان بکات ئەوەیە بەردەوام هانی دەدات بۆ تەفەکور و بیرکردنەوە و لە خۆپرسینەوە و چوون بە دوای هۆکارەکاندا. گەر پێش پەروەردەکردن بیر لە بابەتەکان بکەینەوە، ئەوا تا ڕادەیەک دەزانین چی باشە و چی خراپە. بۆ نمونە پێویستە بیر لەم پرسیارە بکەینەوە، سەبارەت بەچۆنیەتی پەروەردەکردنی منداڵەکانتان بیر لە چی دەکەنەوە؟ سەبارەت بەوەی منداڵەکان تا درەنگانێکی شەو لە فڵان شوێن کات بەسەر ببەن بیر لە چی دەکەنەوە؟ هەر کاتژمێرێکی شەو کە منداڵەکە هاتەوە ماڵەوە، دەبێت یەکسەر لە ئامێزی بگرین و لێی نەپرسین لە کوێ بووی؟ گەر ئەم پرسیارانەمان لە خۆمان نەکردبێت یان گەر پرسیبێتمان و وەڵامەکەی لەلامان ئامادە نەبێت، ئایا ئەمە بە واتای کەموکوڕی نایەت لە ئێمەدا؟
دوای ئەوەی سەبارەت بەم گوێمەدەرەیی و فەرامۆشکردنە ئاگادارمان دەکاتەوە دواتر دەڵێت: سروشت هەرگیز بۆشایی قبوڵ ناکات، ئەو بۆشاییەی ئێوە لە دڵیدا بەجێی دەهێڵن کەسانی تر پڕی دەکەنەوە، دواتر بە بێ ئەوەی ئاگاتان لە خۆتان بێت، لە پڕێکدا ئێوە بوونەتە زڕ باوکی.
بەڵێ، گەر وتەکان ببنە تەرجومانی ناو ناخی مرۆڤ و، لەدونیات و جیهانی مەعنەوی دڵ و ڕۆحی، کردار و ڕەفتاری، ئەو شتانەی هەستی پێدەکەین، بیری لێدەکەینەوە و بڕیارمانداوە بیگەیەنین بە کەسانی تر، زۆر بە ئاسانی لە دوێنراوەکانماندا ڕەنگدانەوەی دەبێت. وەک چۆن لە شتە ئەرێنیەکاندا پێویستە ببینە نمونە بۆ کەسانی تر، دەبێت لە خۆگرتن لە شتە نەرێنیەکانیشدا زۆر هەستیار بین.
ئێستاش نەک وەک هەندێک لایەن بانگەشەی بۆ دەکەن، لە کاتێکی دیاریکراوی منداڵی و گەنجێتی مرۆڤدا کە زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستی بە ئاڕاستەکردن هەیە، بە تایبەت لە سەردەمی ئیستاماندا کە سەری هەموو کۆڵانێک تەڵەیەکی لێدانراوە و مرۆڤەکانیش بە تەواوی بەرەڵا کراون، کاتێک هەندێک لایەن هەموو ڕۆژێک دەڵێن ” پێویستە دەست وەرنەدرێتە کاری گەنجان”، یاخود ” پێویستە گەنجان بە تەواوی ئازادیانەوە بژین”، لەم کەینوبەینەدا کە دایکان و باوکان بە تەواوی سەریان لێشێواوە و نازانن چۆنی ڕەفتار بکەن، ئەم ئامۆژگاریە دڵسۆزانەی مامۆستا، وەک ئاوی ژیان و قیبلەنمایە بۆ کەسێک لە چۆڵی بیاباندا ڕێگەی ون کردبێت.
هیوام وایە کتێبەکە بەوپەڕی ئینساف و هەستیاریەوە بخوێننەوە. بێگومان گەر بەم شێوەیە بوو، ئەوا داهاتوومان بە گوێرەی ئەو دینامیکە دەبێت کە قورئان دیاری کردووە.
مامۆستا ئیبراهیمی ڕەحمەتی کاتێک ئامۆژگاریمان دەکات بەوەی کتێبی ” پەروەردەی منداڵان” بخوێنینەوە، دەست دەخاتە سەر زۆر خاڵی حەیاتی.
وەک نمونە بە قسەیەکی مامۆستا فەتحوڵا گولەن دەهێنێتەوە کاتێک دەڵێت” گەر سەیری ڕووخانی تەواوی مەدەنیەتەکانی ڕابردوو بکەین، ئەوا بە چەشنی ڕووخانی بەنداوی ئیرەم کە بە هۆی مشکەکانی ناویەوە بوو، دەتوانین ڕووخانی هەموویان بە داخورانی ئەخلاقەوە گرێ بدەین”.
گەر ئەمڕۆش سەرنج لەو مشکانە بدەین کەوا گەنجەکانمان پێوەی گرفتار بوون، ئەوا بە تەواوی لە نەهامەتی ئەم بابەتە تێدەگەین. چارەی ئەمەش ئەوەیە کە هەر لە سەرەتاوە زۆر وریا بین. خۆی لەم کتێبەشدا بابەتەکە هەر لە بناغە و لە زۆر قوڵەوە دەستی دەدرێتێ. کاتی خۆی ئەم کتێبەمان وەک دیاری ڕۆژنامەی زەمان دەبەخشی بە خوێنەران و هیوادارم سەرلەنوێ چاوێکی پێدا بخشێننەوە. یاخود بە دیقەتێکی وەهاوە بیخوێننەوە کە دێر بە دێڕی هێڵی بە ژێردا بهێنرێت و بەوپەڕی وردیەوە لێی بڕوانن.

Show More
Back to top button