هەواڵ

ئەو مامۆستایانەی لە گابۆن ڕفێندران دوای ١٥ مانگ بۆ یەکەم جار برانە بەردەم دادوەر

 

سێ مامۆستای هاوسۆزی بزاڤی خزمەت لە وڵاتی گابۆن لە کیشوەری ئەفریقا ڕفێندران و دواتر ڕادەستی تورکیا کرانەوە و دوای مانەوەیان بۆ ماوەی ١٥ مانگ لە گرتووخانەکانی تورکیادا بە دەستبەسەری بۆ یەکەم جار برانە بەردەم دادوەر.

دانیشتنی دادگا بۆ لێپێچینەوە لە مامۆستایانەی لە گابۆن دەژیان و لە ڕێگەی بەرتیلەوە ڕفێندران بە ئاراستەکردنی کۆمەڵێک تۆمەتی پڕوپووچ و بێ بنەمای وەک “دامەزراندن یاخود بەڕێوەبردنی گروپی تیرۆریستی” و “ئەنجامدانی سیخوڕی نێودەوڵەتی” بۆ ئەو سێ مامۆستایە دەستی پێکرد.

ئەو سێ مامۆستا دەستگیرکراوە کە بریتیین لە عەدنان دەمیرئۆنال و ئیبراهیم ئاکباش و عوسمان ئۆزپنار دوای ١٥ مانگ مانەوەیان لە زینداندا برانە دادگای ئەستەمبوڵ بۆ لێپێچینەوە. لە دانیشتنەکەدا سەرەتا عەدنان دەمیرئونال بەرگری لە خۆی کرد و وتی “لە گابۆن پیشەی مامۆستایەتیم دەکرد و لەو ڕێگەیەوە بژێوی خانەوادەکەمم پەیدا دەکرد. بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو دەستگیر کرام. دەستەکانم لە پشتەوە کەلەپچە کرا و هێنرام بۆ ئێرە. ماوەی ١٥ مانگە لە زینداندا دەمێنمەوە. من پەیوەست نیم بە هیچ گروپێکەوە، و خۆم و خانەوادەکەم تۆمارەکانمان پاکن. بە چاوی نەفرەتەوە تەماشای هەموو گروپەکان دەکەم. تەنها کارێک کە من کردوومە مامۆستایەتی بووە، لەبەر ئەوە داوا دەکەم بێتاوانیم بسەلمێنرێت و ئازاد بکرێم.”

دواتر ئیبراهیم ئاکباش قسەی کرد و وتی “بەشێکی زۆر لە ژیانی من لە دەرەوەی وڵات تێپەڕیوە. کۆتا جار لە وڵاتی گابۆن کارم دەکرد. پیشەی من مامۆستایەتی بوو. بە شوێن پەیداکردنی بژێوی ژیانەوە بووم. هەتا ئێستا هیچ جۆرە کار و چالاکییەکم نەبووە پەیوەندی بە تیرۆرەوە هەبووبێت. ئەو پارانەی لە دەرەوەی وڵات دەستم دەکەوت لە بانک ئاسیادا کۆمدەکردەوە. بە مەبەستی درووستکردنی گروپ و کاری ڕێکخراوەیی پارەم کۆنەکردووەتەوە. ئەو بانکەش لەبەر ئەوەی بانکێکی پارێزکار بوو هەڵمبژارد و بڕیارمدا پارەکانم لەو بانکەدا دابنێم. من هیچ تاوانێکم ئەنجام نەداوە لەبەر ئەوە داوا دەکەم ئازاد بکرێم.”

دواتر عوسمان ئۆزپنار لە کاتی بەرگری لەخۆکردنیدا وتی “بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە من گروپی تیرۆریستی چەکدارم درووست کردبێت یاخود بەڕێوەم بردبێت. من کاری مامۆستایەتیم دەکرد. بەڕێوەبەری ئەو خوێندنگەیە بووم. ئەوە مافێکی ئاسایی خۆمە کە لە هەر وڵاتێک بمەوێت کاری ئاسایی خۆم ئەنجام بدەم. هیچ پەیوەندییەکم بە گرووپی تیرۆریستی چەکدارەوە نەبووە. بە ئەنجامدانی سیخوڕی تۆمەتبار دەکرێم، ماوەی ١٥ مانگە لە زینداندام سیخوڕیم بۆ کێ کردووە و زانیاریم بە کێ داوە؟ ئایا تا ئێستا هیچ سەرۆکێک پەیوەندی کردووە هەواڵی من بپرسێت. من هیچ تاوانێکم ئەنجام نەداوە لەبەر ئەوە داوا دەکەم ئازاد بکرێم.”

لە کۆتاییدا دادوەری داواکاری هەرسێ مامۆستاکەی سەبارەت بە ئازادکردنییان ڕەت کردەوە و بڕیاریدا لە گرتووخانەدا درێژە بە مانەوە بدەن و دانیشتنەکەی بۆ کاتێکی دواتر دواخست.

http://www.shaber3.com/gabondan-kacirilan-turk-ogretmenler-ilk-kez-hakim-karsisinda-suclamalarsa-absurd-haberi/1326415/

 

Show More
Back to top button