هەواڵ

ئەو دادوەرەی بە هۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لە دەستدا، دایک و باوکیشی بە هەمان شێوە گیانیان لە دەستداوە

تیۆمان گۆکچە ئەندامی پێشووی دەزگای باڵای دادوەر و داواکارە گشتیەکانی تورکیا، دوای ئەوەی ماوەی دوو ساڵ لە زینداندا مایەوە و بە هۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لە دەستدا، ئەوەش دەرکەوت کە دایک و باوکی پێش ٦ مانگ بە هەمان هۆ گیانیان لە دەستداوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی هەواڵی گریهەت، دایک و باوکی ناوبراو لە ماوەی ٦ مانگدا دوا بە دوای یەک جەڵتەی دڵ لێیداون و کۆچی دواییان کردووە، بە هەمان شێوە کوڕەکەشیان دوای ٦ مانگ لە بیستنی هەواڵەکە بە هۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لە دەستداوە.

گۆکچە کە پێشتر سەرۆکی فەرمانگەی یەکەمی دەزگای باڵای دادوەر و داواکارە گشتیەکانی تورکیا بوو، پشتیوانی خۆی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی گەندەڵی ١٧ و ٢٥ ی کانونی یەکەمی ٢٠١٣ دوپات کردبوویەوە و، بە توندی ڕەخنەی لە بڕیاری دوورخستنەوە دادوەر و داواکارە گشتیەکانی دۆسیەکە گرت، کە لەلایەن دەسەڵاتەوە دوور خرانەوە.

گۆکچە بڕیاری دوورخستنەوەی دادوەر و داواکاری گشتی و پۆلیسەکانی بە نایاسایی لە قەڵەمدا.

گۆکچە لە کاتی هەڵبژاردنی ئەندامانی دەزگاکەدا، دووهەم کەسی ناو ئەندامە هەڵبژێردراوەکان بوو کە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێنابوو.

ناوبراو لە دوای هەوڵی کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموزەوە زیندانی کراوە و بە گوێرەی زانیاریەکان چەندین جار خراوەتە ژێر ئەشکەنجەی جەستەییەوە.

گۆکچە ماوەی دوو ساڵ لە زیندانی تاکە کەسی ژیانی بەسەر بردووە و، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار بە فەرمی داوای گواستنەوەی کردووە، بەڵام داواکانیان پشت گوێ خستەووە.

 

“خێزانەکەی باوەڕیان بە هەواڵی مردنەکەی نەکرد”

هاوسەری ناوبراو بە ناوی سامیە گۆکچە کە مامۆستایە و بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران لە کارەکەی دوور خراوەتەوە، باوەڕیان بە هەواڵی مردنی ناوبراو نەکرد.

خێزانەکەی چاوەڕێی ئەوەیان دەکرد پاش چەند ڕۆژێک لە کاتی دیاریکراوی چاوپێکەوتنی زیندانیەکاندا سەردانی ناوبراو بکەن و چاویان پێی بکەوێت، بەڵام هەواڵی کۆچی دوایی گۆکچە شۆکی کردن.

هاوسەری ناوبراو سەبارەت بە کۆچی دوایی مێردەکەی وتی” دوای ئەو هەموو زوڵمەی لە خانەوادەی ئێمەیان کرد، بە هیچ شێوەیەک گەردنیان ئازاد ناکەین”.

لە کاتێکدا خێزانەکەی گومانی ئەوەیان هەیە گۆکچە لە کاتی ئەشکەنجەدانیدا گیانی لە دەستدابێت، بەڵام مێدیاکانی سەر بە دەسەڵات بانگەشەی ئەوە دەکەن لە کاتی وەرزشکردندا گیانی لە دەستداوە.

مردنی لە ناکاوی گۆکچە قسەکانی نیهات زەیبەکچی وەزیری پێشووی ئابوری تورکیای بە بیرهێناینەوە کە لە بەردەم کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا وتی” ئەم خائینانە دەگەیەنین بەو سزایەی ئەم گەلە داوای دەکات. واز لە سێدارەدان بهێنن، کارێکیان پێدەکەین کە خۆیان ئاوات بە تۆپینی خۆیان بخوازن، وایان لێدەکەین لێمان بپاڕێنەوە هەتا بیانتۆپێنین. ئەمانە فڕێ دەدەینە کونی وەهاوە، هەتا ماون چاویان بە خۆری ئاسمان نەکەوێت. جارێکی تر دەنگی مرۆڤ نەبیستنەوە. ئەمانە لە کونی مشک دەخزێنین و لەبەردەم ئەم گەلەدا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکەین. هیچ گومانتان نەبێت لەوەی دەیڵێم”.

ئەم قسانەی زەیبەکچی ڕێگەی بۆ کاربەدەستانی گرتوخانەکان خۆش کرد، کە دەیان هاوڵاتی بێ گوناح، بە شێوەیەکی دڕندانە و نامرۆڤانە بخەنە ژێر ئەشکەنجەوە.

گۆکچە ماوەی ٢ ساڵە لە زیندان ژیانی بەسەر برد و بێ ئەوەی لە دادگا ڕوون ببێتەوە کە تاوانبارە یاخود بێ گوناح، لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەستدا.

 

http://www.tr724.com/hucre-iskencesi-sonucu-olen-hsyk-uyesi-gokcenin-anne-ve-babasi-da-uzuntuden-hayatini-kaybetmis/

 

 

 

Show More
Back to top button