بیروڕاهەواڵ

ئەو خزمەتەی هەتا لێیبدرێت سنگی فراوانتر دەبێت

سەفوەت سەنیح

حەزرەتی ئوستاد کاتێک باسی نەفیکردنی خۆی دەکات بۆ گوندی بارلا دەڵێت:
منیان خستۆتە گوندێکەوە و لە ڕێگەی بێ ویژدانیترینی مرۆڤەکانەوە هەوڵی سەرکەوتکردنم دەدەن. تەنانەت ڕێگەم نادەن ٦ ساڵێک جارێک بۆ ماوەی ٢٠ خولەک چاوم بە گوندەکەم بکەوێت هەتا هەوایەک بگۆڕم و لە ژێر زۆرداریەکی بێ وێنەدا هەوڵی چەوسانەوەم دەدەن. لە ڕاستیدا حکومەتێک هەرچۆنێک بێت، دەبێت یەک یاسای هەبێت. نابێت بە گوێرەی کەسەکان و گوندەکان یاسای جیاوازی هەبێت. کەواتە یاسای ئەوان بەرامبەر من بێ یاساییە. فەرمانبەرەکانی ئێرە لە ڕێگەی پشتبەستنیانەوە بە دەسەڵاتی حکومەت، کینە و ڕقی تایبەتی خۆیان بەرامبەر من بەکاردەهێنن. بەڵام سەدان هەزار حەمد و سەنا بۆ جەنابی حەق بێت – لە ڕووی باسکردنی نیعمەتەکانی ئەوەوە ئەم قسانە دەکەم – دەتوانم بڵێم:
تەواوی ئەم زوڵم و زۆرانەی ئەوان ئەنجامی دەدەن، وەک پارچە دارن بۆ خۆشکردنی ئاگری کۆشش و هیممەت کە نوری قورئان زیاتر دەدرەوشێننەوە و ، هەموو زوڵمێکیان پارچە دارێکی تر گڕ تێبەردەدات و زیاتر دەیدرەوشێنێتەوە. ئەوەی ئەو زۆرداریەی بە چاوی خۆی بینی، بە هۆی گەرمی کۆششی هەموولایەکەوە فراوانی نور و ڕوناکیەکەی قورئانی زیاتر درک پێبردووە و، پێدەچێت لە جیاتی گوندی بارلا هەموو ویلایەتەکە، یاخود هەموو مەملەکەتەکە بگۆڕێت بۆ حوجرە و مەدرەسە. ئەوان وا دەزانن منیان لەم گوندەدا زیندانی کردووە. بە پێچەوانەوەی هەوڵ و کۆششی زەندیقەکان، بارلاش وەک سەکۆی وانە وتنەوەی لێهاتووە و بە چەشنی ئیسپارتە زۆر شوێنی وەک مەدرەسەی لێهاتووە”.

“پەیامەکانی نور تەنیا تیماری وێرانکاریەکی سنوردار لە ماڵێکی دیاریکراودا ناکەن، لەوە دەچێت ساڕێژی دەردێکی گشتی قەڵایەکی زەبەلاح بکات کە جیهانی ئیسلامی لە خۆی گرتووە و بەردەکانی ناو قەڵاکە هێندەی بەرزایی شاخە گەورەکان زل و زەبەلاحن. هەروەها هەوڵی بۆ ئەوە نیە کە تەنیا دڵ و ویژدانێکی تایبەت ساڕێژ بکات، بەڵکو هەوڵی ساڕێژی برینی دڵی گشتی و هزری گشتی– بە تایبەت ئیمانداران – دەدات کە هەزاران ساڵە بە ئامێری جۆرا و جۆر هەوڵی شکاندنی بنەما و دروشمەکانی ئیسلام دەدرێت و، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی موعجیزەکانی قورئان و دەرمانە ئیمانی و قورئانیەکانەوە، تیماری برینەکانی دڵ و ویژدانیان بکات کە خەریکە ڕوویان بەرەو خراپە ئاوەڵا دەکەن”.

مادام هەتا ئێستا چاودێری و پاراستنی – بە شێوەیەک کە نکوڵی لێنەکرێت – خودامان بینی بەسەر پەیامەکانی نورەوە و، هەریەکێک لە ئێمە بە شێوەیەکی گشتی و ڕێژەیی هەستمان بەمە کردووە… مادام سیاسەت و دونیاش لە بەرامبەر ڕووداوە جیاوازەکاندا پشتگیری یەکتری دەکەن… هەروەها مادام ئێمەش ڕازین بە قەزا و تەسلیم بە قەدەری خودا بووین، جگە لەو دڵنەوایدانە پیرۆز و گەورەیەی لە ئیمان و قورئان و خزمەتی نورەوە پێمان دەگات شتێکی ترمان لەبەردەمدا نیە. بێگومان ئەوەی لێرەدا وەک ئەرکێکی گرنگ لەسەر شانمانە ئەوەیە نەشڵەژێین و، بێ هیوا نەبین و هێزی مەعنەوی یەکتر پتەوتر بکەین و نەترسین… لە ڕێگەی پشتبەستن و تەوەکل بە خوداوە ڕووبەڕووی ئەم بەڵا و موسیبەتانە ببینەوە. دواتر گرنگی بە بانگەشەی ناو ڕۆژنامە فڕفڕۆکەکان نەدەین، کە هەمیشە دەنکێک دەکەن بە گومەزێک و پێویستە گومەزەکانیان بە دەنکۆڵەیەک ببینین و بایەخیان پێنەدەین. ئەم ژیانی دونیایە لەم کاتەی ئێستا و بە تایبەت لەم هەلومەرجەدا هیچ نرخ و بەهایەکی نیە. هەرچیەکمان بەسەر بێت پیویستە بە خۆشی بێتە پێش چاومان.

ئێمە باوەڕمان وەهایە کە شەڕ و چاکەش هەر لەلای خوداوەیە و باوەڕیشمان بەوە هەیە کە لە دروستکردنی شەڕدا ئامانجی شەڕ نەبووە و لە تەواوی ئەو شەڕانەی دروستی کردووە هەزاران لایەنی چاکە و جوانی تێدایە. الله هەرچیەکی دروست کردبێت بە جوانی دروستی کردووە.( ٧/سجدة)

پاشان بەدیعوزەمان دەڵێت:
لە هەموو شتێکدا بە تایبەت لەو شتانەی کەوا زۆر بە ناشرین دێنە پێش چاو، لایەنێکی ڕاستەقینەی جوانی تێدایە. بەڵێ هەموو شتێکی گەردون، هەموو ڕووداوەکان، یان لە خودی خۆیاندا بریتین لە جوانی، یاخود لە سەرئەنجامدا جوانیان لێدەکەوێتەوە و بەمانەش دەوترێت ئەو شتانەی جوانیەکانیان ناڕاستەوخۆیە.
لە ڕێگەی ڕووداوگەلێکی وەک بومەلەرزە و تۆفان و نەخۆشیەوە، تۆوی زۆر گوڵی شاراوەی ژێر خاک سەر دەردەهێنن و شکۆفە دەکەن. زۆر تۆوی ژێر خاک کە هەلی نەشونمایان بۆ نەڕەخساوە، لە ڕێگەی ئەو ڕووداوانەی بە ناشرین دیتە پێشچاومان، هەلیان بۆ دەڕەخسێت و چەکەرە دەکەن. هەربۆیە ڕووداو و گۆڕانکاریەکانی ڕۆژگاریش چەشنی بارانی مەعنەوی دادەکەن و چەکەرە بە تۆوەکانی ژێر خاک دەکەن”.( وتەی هەژدەهەمین).
حەزرەتی بەدیعوزەمان سەبارەت بە پرسیاری ئەو فیتنانەی ڕوویان لە موسوڵمانان کرد لە شەهیدکردنی حەزرەتی عوسمان و ڕووداوەکانی سەففین و جەمەل و ئەو جەنگە ناوخۆییە کە زۆرێک لە هاوەڵە بەڕێزەکانی تێدا شەهید کرا، هەروەها سەبارەت بەوەی کە ئەوان شایەنی ئەوە نەبوون بەو شێوەیە بەر قەهر بکەون دەڵێت:
چۆن لە وەرزی بەهاردا باران و گەردەلولی سەخت توانا و ئامادەیی هەندێک تۆوی ژێر خاک دەخاتە کار و ئاشکرایان دەکات، هەریەکێک لەوانیش گوڵی خۆی دەکات و لە سروشتدا ئەرکێکی تایبەت بە خۆی جێبەجێ دەکات، ئەو بەڵا و موسیبەتانەی بەسەر هاوەڵان و شوێنکەوتوانیش هات، لە هەریەکێکیاندا تۆوگەلێکی جیاوازی خستە کار و قامچی لێدان هەتا زیاتر بکەونە خۆیان.
لە ڕێگەی ئەو بەڵا و موسیبەتانەوە هەموویان وتیان ” ئاگر کەوتۆتەوە و ئیسلام لە مەترسیدایە”، بە هۆی ئەو ترسەشیانەوە کەوتنە بەرگریکردن لە ئیسلام و ڕێگە گرتن لە تیاچوونی. هەریەکێک لەوان لە گۆشەیەکی جیاوازی ناو ئیسلامەوە ئەرکێکی جیاوازی گرتە ئەستۆی خۆیی و دەستی کرد بە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆی. هەندێکیان دەستیان کرد بە پاراستنی حەدیسەکان، هەندێکیان بە پاراستنی شەریعەت، هەندێکیان بە پاراستنی ڕاستیە ئیمانیەکان، هەندێکیان بە پاراستنی قورئان و چەند ئەرکێکی هاوشێوەی ئەمانە… هەر دەستە و کۆمەڵەیەک لەلای خۆیەوە خزمەتێکی جیاوازی لە ئەستۆ گرت.
لەم ئەرکە جیاوازانەشدا هەوڵ و کۆششێکی زۆریان ئەنجامدا و گوڵی زۆر جوان لە ڕەنگی جیاواز پشکوتن. بە هۆی ئەو گەردەلولەوە تۆوی زۆریان بە شوێنە جیاوازەکانی جیهانی ئیسلامدا بڵاوبوونەوە و زۆر شوێنیان کردە گوڵستان.
دەستی قودرەتی جەنابی حەق بە جەلالی خۆی هەموویانی هەژاند و، بە هۆی توند و تیژیەوە هەڵاوگێڕی کردن و، گوڕ و تینی خستە بەر خاوەن هیممەت و ئیرادەکان.
لەو هێزەشی لەو ناوەندەوە سەرچاوەی بوو، زۆر ئەندازیاری نورانی، موجتەهیدی ڕۆشنکەرەوە، حافزی پیرۆز، کەسانی هەڵبژاردە و لوتکە و قوتبی جیهانی ئیسلامی لێ پەیدابوو، کە بە هەر چواردەوری جیهانی ئیسلامدا بڵاو بوونەوە و بە ناچاری هیجرەتی پێکردن. لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا هەموو جیهانی ئیسلامیان پڕ لە جۆش و خرۆش کرد و چاوی هەموو لایەکیان بە ڕووی گەنجینەکانی قورئاندا کردەوە”.

ئەم قۆناغەش زۆر لە ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە دەچێت، پشتیوان بە خوداش ئەو هیجرەتەی لەمڕۆدا ئەنجام دەدرێت و حیکمەتی ئەو زوڵم و زۆرەی موسوڵمانانی گیرۆدە کردووە، لە داهاتوودا لێی تێدەگەین.
هیچ کاتێک الله کاری بێ حیکمەت ئەنجام نادات، چونکە ئەو میهرەبان و دانایە…

http://www.shaber3.com/vuruldukca-gogsu-genisleyen-hizmet-haberi/1313777/

Show More
Back to top button