نوسەرانهەواڵوتار

ئەوانەی لەسەر زەوی شوێنێکیان نیە! بەخامەی: ئەمینە ئێرۆڵو

گەر ئاگر ئاگریش نەکوژێنێتەوە، ئەوەی پێشووترت لە بیر دەباتەوە، ئێستا ئاگر هەموو لایەکی وڵاتی گرتۆتەوە.  هاوڵاتیان لە خاکی خۆیاندا وەک کەسێکی تاراوگە دەژین و هەتیوکەوتن بۆتە حاڵەتی ڕۆحی هەموویان.

ماڵەوە، واتە ئەو شوێنەی تێیدا هەست بە ئاسایش و متمانە دەکەیت، ئێستا وەک شاخێک داڕماوە و واتای خۆی لە دەستداوە.

پۆلیسەکان هەمیشە هەڵدەکوتنە سەری و باوک و دایکەکانی تێیدا دەستگیر دەکرێن، شوێنێک موختاری گەڕەک و دراوسێکان هەمیشە چاودێری بکەن کە کێ هاتووچۆی دەکات، چیدی واتای ماڵەکەی جارانی نەماوە.

گەر ترست لە خزمەکانت زیاتر بوو لە خۆشەویستیت بۆیان، تەنانەت دایک و باوکیشت بن، ئیدی بە خزم ئەژمار ناکرێن. گەر شوێنێک نەبێت سەری پێدا بکەیت و دەرگایەک نەبێت لێی بدەیت، ئیدی خاک و وڵات واتای خۆی لە دەست دەدات.

هەر بەو شێوەیەش دەستی پێکرد کۆچی ناچاری.

کاتێک ماڵ واتای متمانە و، خزمان پەناگا، وڵات و خاک هاوڵاتیبوون تێیاندا واتایەکی نەما، کۆچی ناچاری دەستی پێکرد.

موڵکی دڵان ڕووخا و، پەیوەندیە سۆزداریەکان پچڕا و، چاوەكان ڕوویان کردە نیشتیمانە دوورە دەستەکان.

ئیدی خۆ شاردنەوە و خۆ ونکردن بەو شێوەیە دەستی پێکرد.

ئەوەی نەیتوانیوە بڕوات و ملیشی بۆ ئەو زوڵمەی دەکرێت کەچ نەکردووە، خۆ شاردنەوە و خۆ ونکردن وەک جیهانی بەرزەخی لێهاتووە بۆی.

کەسانی ستەمدیدە لە تاو زوڵمی کاربەدەستانی وڵات و لایەنگرانیان لە هاوڵاتیان، ئەشکەوتی مۆدێرنیان بۆ خۆیان دروست کردووە.

 کەسانێک هاوشێوەی هاوەڵانی ئەشکەوت  کە دڵەکانیان لە ڕووی مەعنەویەوە بە گەنجی ماوەتەوە  وتیان “خودای ئێمە خودای زەوی و ئاسمانەکانە و بێجگە ئەو هیچ شتێک بە خودا نازانین” ، لەگەڵ نزای “قیتمیرێک” پەنایان بردە ئەو ئەشكەوتانە.

” ماڵێک بۆ پشوودان”

سەردارمان کاتێک لە مەککە بوو، بۆ ئەوەی دڵتەنگ بێت و لەگەڵ بیستنی ئەو هەواڵە ئەشکەنجە بچێژێت، ماڵەکەیان بە دەستی عەقیلی ئامۆزای ڕووخێنرا، وابزانم ئەم نمونەیە بەسە بۆ باسکردنی کۆچی ناچاری…

لە دوای فەتحی مەککە کاتێک لێی دەپرسن ” ئەی پێغەمبەری خودا لە چ ماڵێک پشوو دەدەیت؟”، سەردارمان زەردەخەنەیەکی پڕ ئازار لەسەر دەموچاوی دەردەکەوێت و دەڵێت ” جا عەقیل ماڵی بۆ ئێمە جێهێشووە هەتا پشووی تێدا بدەین؟”.

وابزانم ئەو زەردەخەن پڕ ئازارەی سەردارمان بۆ خۆی نەبووە، ئەو زەردەخەنە پڕ ئازارە بۆ هەموو کەسێکە کە ژیانی لەلایەن کەسە نزیکەکانیەوە تەنگی پێ هەڵچنرابێت. بۆ ئەو کەسە نزیکانەی دوور لە ئێمەیە، کە خاتری ڕابردوو، سیلەی ڕەحم و خودا و پیغەمبەرەکەی نازانن.

زەردەخەنەکە بۆ بە هەدەردانی سەربەرزی و کەرامەتی مرۆڤە، بۆ ئەو بەها ڕەوشتیانەیە کە ژێر پێ خراوە. بۆ پێشلکردنی دڕندانەی متمانەی سەر و ماڵی هاوڵاتیانە. زەردەخەنەکەی بۆ ئەو کەسانەیە کە ماڵێک بۆ حەوانەی کەسانی ستەمدیدە جێناهێڵن.

 

“کۆچ بە ناو ئاودا”

حەزرەتی موسا پێش ئەوەی لە دایک بێت، تاغوتێک بۆ مانەوەی لەسەر تەختەکەی فەرمانی مەرگ بۆ خۆی و هاوتەمەنەکانی دەردەکات. بە چاودێری خوا دەمێنێتەوە لە ژیاندا. لەوە دەچێت فیرعەون نزیک کوێر بێت، موسا بە خۆ شاردنەوە لە نزیکی بە هۆی یارمەتی دایکە ئاسیاوە لە ژیاندا مایەوە. کۆشکی فیرعەون بووە ماڵی خۆ شاردنەوە لە زوڵمی فیرعەون.

بەڵام موسا هەتا سەرەتای ژیانی گەنجێتی لە ماڵی فیرعەون ئیدارەی کرد، حەزرەتی موسا بۆ خۆپاراستن لە زوڵمی تاغوتێک کە کەس نازانێت چی دەکات، لە زوڵمی کۆمەڵگایەک کە یارمەتی زوڵمەکەی دەدەن، بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ زوڵمیان نەکات، لە وڵاتی خۆی ڕادەکات. هیچ شوێن و کەسێک نەبوو پشتی پێ ببەستێت، هەتا ئەو شوێنەی تاقەتی ڕۆشتنی هەبوو بە پێ ڕۆشت، ئەگەر زۆرە لەو شاخانە لەتێک نانیشی دەست نەکەوتبێت، دایکی و براکانی، منداڵی، یادەوەریەکانی هەمووی لە دوای خۆی جێهێشت.

لە پەنا سێبەرێکدا کە هانای بۆ بردووە لە تاو گەرما، بە زمانی هەژاری و بێ دەسەڵاتیەوە دەڵێت” خودایە ئاتاجی هەر نیعمەتێکم کە پێم عەتا بکەیت” (قصاص ٢٤).  ئیدی چاوەڕێی لوتفی سوپرزی خودایی دەکات. ئەو لە شاری ئەیکە، ئەو ١٠ ساڵەی لە ژێر تەربیەتدانی حەزرەتی شوعەیبدا دەیباتە سەر، لە ڕوی ئەو دەستکەوتانەی لە کۆچەکەیدا بەدەستی کەوت، گرنگیەکی زۆری هەبوو.

کۆچ ئەگەر بە ناچاریش بێت، گەشتوگوزار نیە، لە هەمان کاتدا کەسایەتی مرۆڤ پێ دەگەیەنێت.هەروەک چۆن بە خۆدان بە دەم ئاوەوە دەچێتە بەردەمی فیرعەون و لە زوڵمی قورتار دەبێت، بە هەمان شێوە بە خۆدان بە دەم ئاوەوە لە چنگی فیرعەون ڕزگاری دەبێت.

ئیدی لە دوای ئەو ڕۆژەوە باوەڕدارە ستەمدیدەکان، بە کۆچکردن بە ناو ڕووبار و دەریا و زەریاکاندا پەڕەیەکی تری نەهامەتی کەسانی باوەڕدار دەخەنە سەر بەسەرهاتی “کۆچی ئاوی” حەزرەتی موسا.

“تەربیەتدانی ناو ئەشکەوت”

بۆ ئەو کەسانەشی توانای ڕاکردنیان نیە و خۆیان شاردۆتەوە، نمونەی حەزرەتی ئیبراهیم هەیە کە لە دەستی زوڵمی نەمرودی زاڵم ڕایکردە چیا و ئەشکەوتەکان.

وەک بەدیعوزەمان دەڵێت، شێوازی حیلم و ئارامگری و نەرمونیانی حەزرەتی ئیبراهیم، لە ڕێگەی تەربیەتی ئەشکەوتەوە وەری گرتووە. شاخەکان بۆ حەزرەتی ئیبراهیم و کەسانی باوەڕدار، ناونیشانی ئەو شوێنە بوو کە لەبەر زوڵمی فەرمانڕەوا و لایەنگرانیان پەنایان بۆ دەبرد هەتا باوەڕەکەیان بپارێزن. دوای ئەوەی ساڵانێکی زۆر ژیانیان لەو خەڵوەتخانانەدا بردە سەر، ئامادەگی پێدان بۆ ئەوەی ئیحسانی خودایی ڕوویان تێبکات و ئەزموونی بۆ  کارە جوانەکانی داهاتوویان پێبەخشین.

حەزرەتی موسا بە ئاو تاقیکرایەوە و حەزرەتی ئیبراهیم بە ئاگر.

حەزرەتی ئیبراهیم فڕێ دەدرێتە ناو ئاگر و هیچ دەنگێکی ناڕەزاییش لەو کۆمەڵگایەی تێیدا گەورە بوو بوو بەرامبەر ئەم زوڵمە بەرز نەبوویەوە، ئیدی دەبوو پەنا بۆ ئەو شوێنانە بەرێت کە خودا خاوەنی بوو. هەر بۆیە لەو شوێنانەی پەنایان بۆ برد، وەحی و سروشی خودایی ڕووی تێکردن.

 

ماڵی بێ ماڵان

ڕێگە نەدان بە هەناسەی کەسانی ستەمدیدە هەرچەندێک ڕەفتاری هاوبەشی فیرعەونەکان بێت، کۆچ و ژیانی تاراوگە و دورە دەستی، قەدەری هاوبەشی پێغەمبەران و شوێنکەوتوانیان بووە.

ئێ هەر خودا خۆی خاوەنی غەریبان و پەناگای بێ کەسان نیە؟ وەک چۆن لە ئەشکەوتەکەدا بە گوێی حەزرەتی ئەبوبەکردا دەچرپێنێت و دەڵێت ” خەم مەخۆ، خودا لەگەڵ ئێمەیە”. ئەمە هەر بۆ ئەبوبەکر نەیوت، بەڵکو دڵنەواییە بۆ هەموو ئەو کەسانەی بە ناچاری ملی ڕێگەیان گرتووە. ڕووتەختی زەوی بۆ ئەو کەسانە ئاوەڵایە کە بە ناچاری ملی ڕێگە دەگرن و ماڵی هەر شوێنێکە لەسەر زەویدا سفرەیەکی لەسەر ڕاخات.

ئەوانە کەسانێکن ئاوارەیی ناسنامەیانە لەو شوێنانەی بۆی دەڕۆن. ئەو شوێنانەی بۆی دەڕۆن دەکەنە ماڵیان و، بە عەکسی ئەوانەی ماڵەکانیان بۆ ڕووخاندن، سینەیان وەک دەریای عومان بۆ هەموو مرۆڤایەتی ئاوەڵا کراوە و بانگهێشتی میوانی ناو دڵەکانیان دەکەن.

http://www.tr724.com/yeryuzunu-mulk-edinmeyenler/

 

 

 

 

 

 

Show More
Back to top button