هەواڵوتاری هەفتانەی م.فەحوڵڵا گولەن

ئەهلی بەیتی مەعنەوی و نەسەبی

وتاری هەفتانەی م.فەتحوڵڵا گولەن 03.09.2018

 

وەک حەزرەتی پیریش ئاماژەی پێداوە، دونیا وەک هەنگوینێکی ژەهراوی وەهایە، هێندەی چێژەکەی ئازاریشت پێدەبەخشێ!

كَمْ حَسَّنَتْ لَذَّةً لِلْمَرْءِ قَاتِلَةً * مِنْ حَيْثُ لَمْ يَدْرِ أَنَّ السَّمَّ فِي الدَّسَمِ 

بوسەیریش لە شێعرێکدا بەم شێوەیە ئاماژەی پێکردووە.

كَمْ حَسَّنَتْ لَذَّةً لِلْمَرْءِ قَاتِلَةً *

زۆرن ئەو شتە چێژبەخشانەی مرۆڤەکان دەکوژن، کە تامیان چەشنی شەربەت و شەکراوە.

داماوە نازانێت کەوا لە ناو ئەو هەنگوینەدا ژەهر هەیە.

زۆرن ئەو مرۆڤانەی دوای ئەو بانگەوازە شەیتانیە کەوتن و پێگەی خۆیان گۆڕی. دونیایەک مرۆڤ بەم شێوەیەیان کرد.

کە دەڵێم دونیا بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی خۆڕاگر بوون، ئەوانەی هەمیشە لەسەر هەمان ڕێچکە بوون، ئەوانەی پێ دەنێن بە هەمان شوێندا، بە بەراورد لەگەڵ ئەواندا ژمارەیان زۆر نیە.

بەڵام زۆر زۆرن ئەو مرۆڤانەی شوێنی خۆیان گۆڕی.

چاویان ئەبڵەق بوو لە بەرامبەر جوانی سەرسوڕهێنەری دونیا، زُيِّنَ لِلنَّاسِ حُبُّ الشَّهَوَاتِ مِنَ النِّسَاءِ وَالْبَنِينَ وَالْقَنَاطِيرِ الْمُقَنْطَرَةِ مِنَ الذَّهَبِ وَالْفِضَّةِ وَالْخَيْلِ الْمُسَوَّمَةِ وَالْأَنْعَامِ وَالْحَرْثِ ذَلِكَ مَتَاعُ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَاللهُ عِنْدَهُ حُسْنُ الْمَآبِ…

بیریان لە داهاتووی خۆیان و منداڵەکانیان کردەوە، بەڵام داهاتوویەکی ڕاستەقینەیان لەم پێناوەدا سوتاند و لەناوبرد.

بێ ئەوەی ئاگایان لە خۆیان بێت.

وتیان با داهاتوویەکی پڕ بەختەوەری بۆ کوڕ و کچەکانمان دابین بکەین بەڵام، ژیانێکی ئەبەدیان سوتاند و ڕوناکی و ڕۆشناییان لێبڕی.

 

وَالْقَنَاطِيرِ الْمُقَنْطَرَةِ

دۆلار و یۆرۆ و دینار و ئاڵتون و زیو. ئەمانە سەریان لە زۆر کەس شێواند، چاویان ئەبڵەق کرد و شوێنی خۆیان گۆڕی.

لە کاتێکدا الله هەبوو، دەستیان دایە پەرستنی ئەوان!

ئەمەش دیار نیە کەوا بەرەو کوێیان دەبات.

وَالْفِضَّةِ وَالْخَيْلِ الْمُسَوَّمَةِ وَالْأَنْعَامِ وَالْحَرْثِ

لەبەر ئەوەی لەو کاتەدا ئەسپ و هێستر بەکار دەهات لە گواستنەوە هەربۆیە باسی ئەوان کراوە، فریویان خوارد بە ئۆتۆمبیلی زرێپۆش(درع)، فریویان خوارد بە سیفۆنی سواخدراو بە ئاڵتون لە تەوالێتەکانیاندا، فریویان خوارد بە حەمام و حەوزەکانیان.

فریویان خوارد و لە خشتە چوون، لەو نێوەندەدا پێکەوە سوتان!

پەنا بە خودا، زۆر جار ئەمە چارەنوسی ئەهلی گومڕایی و دونیا پەرستان بووە.

زۆر جاریش چارەنوسی ئەوانەی دڵوابەستەی الله بوون، وەک چارەنوسی ئێوە و هاوشێوەکانی ئیوە بووە.

 بەڵام هەرگیز تا سەر لە تاریکیدا نەماونەتەوە، بە شێوەیەکی کاتی ڕۆژگیران و مانگ گیران بوون، بە شێوەیەکی کاتیانە مانگیان لێ زویر بووە، خۆریان لێ عاجز بووە، هەندێک شت ڕەشبووە لەبەرچاویان.

مرۆڤ وای لێهاتووە ڕۆژی لێ ببێتە شەو!

وەک مرۆڤ، لە ژێر ئاڕاستەکردنی چاو و گوێچکە و زمان و لێویدایە، زۆریش سەختە بە شێوەیەکی تر بێت، گەر هەموو شتێک نەخەیتە ژێر ئاڕاستەی ئەوەوە، ئەگەر زۆرە مرۆڤ بچێتە ئاڕاستەی زۆر جیاوازەوە، ڕزگاربوون لە هەمەچەشنەیی بەندایەتیەکان وابەستەی ئەوەیە تەنیا بەندەی ئەو بین.

گەر مرۆڤ تەنها و تەنها نەبووبێتە بەندەی ئەو، ڕزگاری نابێت لەوەی دامێنی لە ٥٠ جۆر بەندایەتی جیاواز گیر نەکات.

مرۆڤین و دەشێت خۆمان بەسەر زۆر شتی جیاوازەوە ببینەوە، بەڵام ئەو هەژان و هەڵنوتین و شێوازێک لە خلیسکانە، دەبێت هەر لەوێدا بمێنێتەوە، دەبێت یەکسەر ڕاست بوونەوەی بە دوادا بێت و لە هەمان ڕێگادا بەردەوام بیت لە ڕۆشتن و بڵێی: ڕێگاکان من لە ژێر فەرمانی ئێوەدا نیم، ئەوا ئێوەن لە ژێر فەرمانی مندان!

قاچت بە ڕێگاکان ماچ بکەیت، قاچتان بەو لوتکانە ماچ بکەن کە پێیان دەخەنە سەر، دەستان ماچ بکەن، گەرچی ئێوە مەراقێکی وەهاتان نیە کە دەست و قاچتان ماچ بکرێت، بەڵا گەر ئێوە خوازیاریش نەبن ئەوا ڕێگاکان دەست و قاچتان ماچ دەکەن، ئەو ڕیگایانەی بەرەو ئەو دەڕۆن قاچتان ماچ دەکەن، بەو ستایشەوە بەو ڕێگایەدا دەڕۆن، هەر بەو ستایشەشەوە خاڵی کۆتا بۆ ژیانتان دادەنرێت.

ئەو کەسانەی پێش ئێوە نوێنەرایەتی ڕاستیان دەکرد، ئەو شتانەی بەسەر ئێوە هات و چەشتان، هەر دەیان بە یەکەوە چەشت، هەر ١٠ شت نا، بەڵکو دوو قاتی ئەو ١٠ شتەیان چەشت کە بەسەر ئێوە هات.

گەر ئەو شتانە بەسەر لوتکەی شاخەکاندا بدرایە ئەوا شاخەکان بە چەشنی گۆمی لوط بە ناخی زەویدا ڕۆدەچوون.

چەشتوویانە، ئەمە قەدەری مرۆڤە باوەڕدارەکانە، ئەمەم زۆر دووبارە کردۆتەوە، پشتیوان بە خودا ئەمجارەش دووبارەکردنەوەی سەرتان نائێشێنێت، حەزرەتی نوحیش یەکێک بوو لەو مرۆڤانەی زۆری چەشت، حەزرەتی هودیش لەوانە بوو کە ئازاری زۆریان چەشت، حەزرەتی ساڵحیش لەوانە بوو کە زۆری چەشت، قارەمانی سۆدۆم گۆمرە، جائیزە بەم جۆرە سیفەتانە ناوی پێغەمبەران ببەیت، مەگەرنا ئەمە لەناو ئەواندا بە سیفاتی فەتانەت( وردبینی و دووربینی) ناو دەبرێت.

بەلێ، ئەوان هەموویان زۆریان چەشت، مشتێک لەو شوێنانە نەبرد  وبیریان لەوە نەکردەوە مشتێک لەگەڵ خۆیان ببەن.

کۆشیان هەڵرشتووە و دەستیان لە هەموو شتێکی دونیایی شتووە و خان و ماڵیان نەبووە کە ڕۆشتوون.

هەتا دەگات بە تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی، هەموویان بەم شێوەیە لە دونیا جیابوونەتەوە، لە دوای خۆشیان هیچیان بەجێنەهێشتووە.

سەردارمان ئەوەی لە دوای خۆی جێیهێشت بریتی بوو لەو جێگا بەختەوەرەی کە تێیدا دەخەوت.

لەوە دەچێت ئەوێشی بۆیە لە دەستی خۆیدا هێشتبوویەوە، هەتا ببێتە مەنزڵگەی لە دوای وەفاتی، مەگەرنا فەرمانی پێدەکردن کەو ئەو شوێنەش بخەنە سەر مزگەوتەکەی.

بەڵام لەوێدا سوڵتانەکان ڕاکشاون، ٣ دانە، ئەو سوڵتانەی بە هەموو سوڵتانێتی دونیا ناگۆڕدرێتەوە، دایکە عائیشەمان بیری لەوە کردەوە کە شوێنێک لە پاڵ ئەودا بۆ خۆی دیاری بکات، کاتێک حەزرەتی عومەر بە خەنجەرێکی ژەهراوی بریندار کرا، سەیری ئەو تەربیەتەی بکە، لە کاتێکدا سەرۆکی دەوڵەتە، دوو زلهێزی دونیای تەختی زەوی کردووە، سەرۆکی دەوڵەتە، هەواڵ بۆ دایکمان دەنێرێت، دەپرسێت کەوا ئاخۆ دەشێت مۆڵەتی بدات لە ژێر قاچی سەردارمانەوە بنێژرێت؟

دایکی موبارەکیشمان  جوامێرێکی وەهایە لە وەڵامدا دەڵێت:

من بیرم لەوە کردبوویەوە کە ئەو شوێنە لە پاش مەرگم بۆ خۆم بێت، بەڵام عومەر بەسەر خۆمدا هەڵدەبژێرم.

سێهەم کەسیش کە لەوێدا نێژرا ئەو کەسە بوو کە لە خۆی زیاتری خۆش دەویست، ئێستا ژیانی بەرزەخیان پێکەوە دەبەنە سەر.

تەواوی سەڵات و سەلامەکان لە نێوان خۆیاندا بەش دەکەن، ئێوە سەڵاوات دەنێرن و لەوێدا بەریەک دەکەون و دەنگ دەداتەوە و ئەوانیش لە نێوان خۆیاندا بەشی دەکەن.

هەر بەشیشی ناکەن، بەڵکو چەندین قات دەبێتەوە لەو کاتەدا.

ئەوان چۆن لەوێدا زیادیان کرد و بوونە ٣ کەس، هەربۆیە هەر شتێک لە ئێوەوە دەڕوات لەوێدا دەبێتە ٣٠ و ئینجا دەگات بەوان.

لە دەرەوەی کەوانە قسەیەک دەکەم:

کاتێک لە هەموو تەحیاتێکدا دەڵێین:

اَلسَّلاَمُ عَلَيْكَ أَيُّهَا النَّبِيُّ وَرَحْمَةُ اللهِ وَبَرَكَاتُهُ 

ئەمە شتێکە الله خستوویەتە سەر زاری ئەو، ڕاسپاردەشە لەلای ئێمە، کاتێک ئەمە دەڵێین وەک لە الحجة زهراء ئاماژەی پێکراوە، وەک ئەوە وەهایە ڕاستەوخۆ سڵاوت پێشکەشی رەسولی خاوەن شکۆ کردبێت.

وەک ئەوە وایە لە پەنجەرەکە سەیری ئەو بکەیت و ئەویش لە ژوورەوە سەیری ئێمە بکات، وەک ئەوەی چاوەڕێمان بکات کە ئێمە شتێکی پێبڵێین.

ئێوە وەک دەربڕینی ڕاستگۆیی خۆتان، دەڵێن:

اَلسَّلاَمُ عَلَيْكَ أَيُّهَا النَّبِيُّ 

ئەی ئەو پێغەمبەرە لە جیهانی نەزانراو و نەبینراوە و نابەردەستەوە پەیامگەلێکت هێنا، ئەی خاوەن شکۆشی خاوەن پەیام، سەلامت لەسەر بێت. ئەی خاوەن شکۆ، هەزاران سەلامت لەسەر بێت.

ئەمەی پێدەڵێن.

پێیدەگات هەرچیەک دەڵێن، ئەی لە ئەوەوە چ وەڵامێک وەردەگرین؟ ئەویش دەفەرموێت لە منیشەوە سەلام لە ئێوە بێت.

خۆی وا دەفەرموێت، دەفەرموێت کاتێک سەڵات و سەلامم بۆ دەنێرن، فریشتەیەک دێت و دەڵێت: عەلی و وەلی مامۆستا جەمال و مامۆستا عوسمان و مامۆستا ڕەشید و مامۆستا ڕەمەزان سەلامێکیان بۆ ناردیت. ئەویش لە وەڵامدا دەفەرموێت: تۆش لە منەوە سەلامێکیان پێبگەیەنە.

 سەلامت لێبێت ئەی هارون، سەلام ڕەشید، سەلام لە ئیسماعیل، سەلام لەسەر ئیبراهیم، سەلام لەسەر عوسمان.

چی دەنێرن و چی وەردەگرن!

با لە کەوانەیەکدا قسەیەکی تر بکەم:

پیاوێک دەچێت بۆ بەغدا و بیر لەوە دەکاتەوە کە چ دیاریەک ببات بۆ پاشا، کاتێک لە وڵاتی خۆیەوە دەڕوات ئاوێکی سازگار دەخاتە گۆزەیەکەوە و لەگەڵ خۆی دەیبات.

دواتر کە لە دیجلەوە دەڕواتە بەغداد، کاتێک دیجلە یاخود ڕووبارەکە دەبینێت، وای لێدێت کە گۆزەکەی دەستی فڕێ بدات، دەلێت جا گەر ئەم ئاوە سازگارە بە بەردەم دەرگاکەی ئەواندا تێپەڕبێت ئیدی گۆزەیەک ئاو چ نرخێکی دەبێت.

دواتر دەڵێت کورە هەتا ئێرە لەگەڵ خۆمدا هێناومە لەبەرچی بیڕژم؟!

دەڵێت خوا کەریمە.

بە گۆزەکەی دەستیەوە دەچێتە ناو کۆشکی پاشا، پێشکەشی دەکات بە پاشای عەباسیەکان، ئەمە بەسەرهاتە، لێرەدا بیر لەوە ناکەیتەوە کە ڕاستە یان نا، بیر لە پەند و وانەکانی دەکەیتەوە.

پاشا لەوێدا فەرمان بە کەسانی چواردەوری دەکات.

دەڵێت ئەو گۆزە ئاوە بکەنە شوێنێکی گرنگەوە، دواتر پڕی بکەن لە ئاڵتون و بیدەن بەو پیاوە.

ئیدی ئەوەی لە تۆوە دەڕوات بۆ سوڵتانی هەموو سوڵتانەکان تەنیا گۆزەیەک ئاوە، بەڵام چەندین قاتی ئەو گۆزە ئاوە ئاڵتون وەردەگریت.

یاخود زیو و زەبەرجەد وەردەگریت.

یاقوت و گەوهەر.

ئەوەی لە پێغەمبەری خوداوە بۆ تۆ دێتەوە بریتیە لەوانە.

کاتێک ئەمە ڕێگەی ئێوە بێت، کۆتایی ڕێگەتان بەم شێوەیە بێت، پێموایە مرۆڤ بە خواستی دڵی خۆی شانی دەخاتە بەر ئەو ئازار و سەختیانەی کەوا حەزرەتی نوح ، هود ، ساڵح ، ئیبراهیم ، لوط ، تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی چەشتوویانە.

گەر لە جەلالیەوە بێت جەفا

یاخود لە جەمالیەوە سەفا

هەردووکی بۆ گیانمان سەفا

لوتفیشت خۆش و قەهریشت هەروا

ئەمە لە سینەی دەگرێت و بەرگەی دەگرێت.

لە تۆوە هەرچیەک بێت، دەڵێت:

رَضِينَا بِاللَّهِ رَبًّا، وَبِالْإِسْلَامِ دِينًا، وَبِمُحَمَّدٍ (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) رَسُولاً

ئەمە دەڵێتەوە…

بەڵام ئەوانەی لە ڕێگەی ناشەرعی و ناڕەواوە دێنە سەر کورسی دەسەڵات، هیچ کاتێک بە شێوەیەکی ئەبەدی لەو شوێنانەیان نەماونەتەوە.

وەک چۆن هاتوون ئاوەها یەکە یەکە ڕۆشتوون، لەو شوێنانەی بوونیان هەبوو ، یەکە بە یەکە جێیان هێشتوون، تەنانەت بە گریانەوە ئاوەڕیان لە دواوە داوەتەوە و بەو شێوەیە ڕۆشتوون.

ئیدی ڕۆشتوون بەم شێوەیە باشە، یاخود ئاوڕ لە دواوە بدەیتەوە و بە زەردەخەنەوە سەیری دوای خۆت بکەیت و بەرەو الله هەنگاو هەڵبگریت.

ئەمە ڕێگای ئێوەیە، جەنابی حەق لەم خۆشبەختی و خۆشنودیەدا پێکانتان جێگیر بکات بە گەورەیی خۆی.

ژمارەتان دەگات بە هەزاران و ملیۆنان، لەگەڵ ئەوانەی هەمان دەرد و ناسۆری ئێوە دەچێژن، هەندێک لەوان ڕاستەوخۆ دەیچێژێت. هەرکەسێک لەوان دایک، باوک، هاوسەر، منداڵ و خزم و کەسوکاری، ژنخوشکی، خەسوی، خەزوری، دراوسێکانی و ئەوانەی بە باشی دەیناسن، کاتێک ژمارەی ئەو کەسانە کەڕەتی ئەوانیش دەکەین، ئەوا ژمارەکە دەگاتە ملیۆنان کەس.

       ئەمانە هەموویان بەشداری هەمان خەم و ئازارن.

بەشداری خەمتانن.

ئەوانیش لەگەڵ ئێوەدان بەشدارن، بەڵام سکاڵاکار نین لەو ڕێگایەی لەسەری دەڕۆن، هەزاران ستایش و سەنا بۆ خودا، خۆ نەکەوتووینەتە ناو کوفر و گومڕاییەوە، هەزاران حەمد و سەنا بۆ خودا بێت.

ئەی پێغەمبەر خۆ لە تۆ دوور نەکەوتووینەتەوە، هەزاران حەمد و سەنا بۆ الله.

ئەی الله خۆ لە تۆ دوور نەکەوتووینەتەوە، هەزاران حەمد و سەنا بۆ تۆ.

گەر ئەمە بڵێن و لەسەر ئەو ڕێگایە بڕۆن، ئەوا پێم وایە لە تافی بردنەوەدا، دەسکەوتەکانی ١٠ هێندە دەکات و بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت لەسەر ڕێگاکەی.

سەد هێندەشی دەکات، ئەمانە قورئانی کەریم ئاماژەی پێداوە، دەشێ ١٠ یان ١٠٠ یاخود هەزار بێت.

دەستکەوتەکانیان هەزار هێندە دەکەن بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا.

هەمیشە بەم شێوەیە بووە و لە داهاتووشدا هەر بەو شێوەیە دەبێت.

با لێرەدا شتێکی تریش بڵێم:

هەندێک لە زانا بەڕێزەکان ئەهلی بەیتیان بەسەر ٣ چیندا دابەشکردووە.

 ئەوانەی ڕاستەوخۆ کەسی پێغەمبەر بوون، ئەوانەی ڕاستەوخۆ لە ژێر عەباکەیدا بوون وەک حەزرەتی فاتمە و حەزرەتی حەسەن و حوسەین، هەروەها دایکی موبارەکمان با قاچی وەک تاجی سەرم بێت، ئەو ڕۆژە لە ژیاندا نەمابوو، بەڵام ئەویش تاجی سەرمانە، چونکە دایکی هەموو دایکانە، لە دژوارترین ڕۆژەکاندا خۆی کردووە بە خاوەنی سەردارمان، هەتا کۆتایی ژیانیشی پێی چەسپاو بوو(ثابت القدم)، یاخود ڕاستترە بڵێینثابتة القدمبوو.

هەموو کات ئامێزی بۆ سەردارمان کراوە بوو.

هەروەها کۆچی دوایی ئەو، بە نیسبەت سەردارمانەوە ساڵی ماتەمینی بوو، هەر بۆیە ناویان لێناسنة الحزن“. خەمێکی وەها قوڵ، خودا فەرموویەتی کەوا خەمێکی وەها تەنیا لە ڕێگەی ئەوەی لە میعراجدا خۆشەویستم بهێنمە حزوری خۆم دەیڕەوێنمەوە، هەربۆیە سەردارمانی بردە حزوری خۆی.

پێی فەرموو ئەی خۆشەویستی ئازیز، دڵتەنگ مەبە، دایکە خەدیجەت لە دەستداوە بەڵام من هەم!

ئەمەی پێ فەرمووە و بە میعراج تاجی لەسەری سەرداری من داناوە، الله لە ژیانی ڕۆحی و مەعنەویشتاندا، لە ڕێگەی نوێژەوە کە میعراجی کەسی ئیماندارە، بەم حەقیقەتەش تاج لەسەر سەری ئێوەش بنێت.

وەک ئیمامی ڕەبانی دەفەرموێت نوێژ میعراجی کەسی باوەڕدارە.

نوێژ نور و پایەی دینە، کەشتی دین بە نوێژ لێدەخوڕدرێت، پیری هەموو عیبادەتەکان هەر نوێژە، بێ نوێژ  و نیاز ئیسلام بوونی دەبێت؟!

ئەمەیان قسەی ئیمامی ئاڵڤاریە، ئەوەی تریشیان وتەی ئیمامی ڕەبانیە.

ڕەحمەتی خودایان لەسەر بێت.

الله ڕەحمەتی خۆی بەسەر هەموویان بفەرموێت.

واتە یەکەم دەستەی ئەهلی بەیت بریتییە لەوانەی لە ژێر عەبای سەردارماندا بوون.

دووهەم دەستە ئەوانەی لەو ڕۆژگارەدا باوەڕیان پێهێنابوو. ئەمانە بە دەرەجەی یەکەم، ئەهلی بەیتی ژمارە یەک بوون، ئەمانەاخص الخواصبوون، ژمارەی دووهەم ئەوانەی لەو ڕۆژگارەدا باوەڕیان پێهێنابوو بە خواص ناو دەبرێن. لەمەشدا هەموو هاوەڵانی بەڕیز لە خۆ دەگرێت خودا لە هەموویان ڕازی بێت.

        لە پلەی سێهەمیشدا ئەوانە دێن کە پێیان دەوترێتعوام“.

ئەوانیش ئەهلی بەیتن، ئەوانیش لە دڵەوە وابەستەی سەردارمانن، ئەوانەی بانگەوازی ئەویان کردووە بە بەیداخی خۆیان، هەموو ئومەتی محمد دەگرێتەوە.

ئەوەی لەم ڕۆژگارەدا هەمان قەدەری خزمەتی ئەو دەژین، لە نێو ئەو پۆل و کەتەگۆریەدا هەڵدەسەنگێنرێن.

ئەوانیش بە ئەهلی بەیتی پلە ٣ ئەژمار دەکرێن.

 ئەهلی بەیت بەو واتایە دێت کە ئەو میراتەی سەردارمان بەجێیهێشتووە، بەو ئاڕاستەیەدا هاوبەشی خەم و ناسۆری ئەو ڕێگەیە بیت. واتە هاوبەشی لەگەڵ خەم و دەردی سەردارمان.

ئەو دەردەی خودا لە بارەیەوە دەفەرموێت:

لَعَلَّكَ بَاخِعٌ نَفْسَكَ أَلاَّ يَكُونُوا مُؤْمِنِينَ

بۆ ئەوەی هەموو مرۆڤەکان باوەڕ بهێنن، خەریک بوو لە خەم و خەفەتدا دەمرد، وەک چۆن لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشماندا کەسانێک بۆ ئەوەی ناوی جەلیلی محمدی لە هەر چوار دەوری دونیا لەسەر منارەکاندا وەک یەک دەنگ و هەناسەی لێبێت خەریکی ڕاکە ڕاکن، ئەوان لەمڕۆدا نوێنەرایەتی ئەرکی ئەهلی بەیت دەکەن. هەربۆیە بە ئەهلی بەیتی ژمارە ٣ ئەژمار دەکرێن.

دەبێت پایەیەکی وەها بە ستی تر نەگۆڕنەوە.

گەر فەتحی ئیستەنبول بە هەریەکێک لەوان بدرێت، پێموایە نابێت ئەم پایەیە بەوەش بگۆڕنەوە!

جا ئیتر واز بێنن لەوانەی لە بەردەم کۆشکێکی تاریک و نوتەکدا خەریکی ڕکوع و سوژدە بردنن.

ئەوان لە بەردەم شتێکی وەهادا سەریان نەوی کردووە، پشتوێنی بەندایەتیان لێبەستووە، گەر هەموو دونیاشیان پێبدەیت، دووبارە نابێتە هاوتای ئەو پایەیان، ناتوانێت سەر بەرابەری بێتەوە.

جارێکە هەر شەرەفی گەشتن بەو پایەیە بەسە بۆ ئێمە، کاتێک باسی ئەهلی بەیت دەکەین، دەبێت ئەوە بزانین کە پێغەمبەرایەتی لەگەڵ سەردارماندا مۆری لێدراوە، خاتم الانبیاء، بەڵام ئەوانەی ئەرکەکانی ئەو لە دوای ئەو جێبەجێ دەکەن بریتین لە اولیاء، اصفیاء، ابرار و مقربین…

ئەمانەش زۆرینەی زۆریان، لەو کەسانە پێک دێن کە لە پشتی موبارەکی ئەوەوە هاتوون، واتە حەزرەتی خەدیجە و ئەوانەی لەوەوە هاتونەتە دونیاوە وەک حەزرەتی فاتمە و ئەوانەی لە حەزرەتی فاتمەوە هاتوونەتە دونیاوە، وەک حەزرەتی حەسەن و حوسەین، دواتر ئەوانەی لەوان بوون وەک ئیمامی جەعفەر و زەینول عابدین، محمد الحنیفی،

کەسانێکی وەک ئەوان، هەتا ئەمڕۆ بەردەوامی هەبووە، هەمیشە ئەرکی ئەهلی بەیت لە ئەستۆ گیراوە، دەڵێن گوایە وتەبێژی سەردەم سەعیدی نورسیش ئەهلی بەیت بووە، خۆی دەڵێت کەوا زانیاریەکی لەو شێوەیەی نیە، بەڵام ئەوانەی لە ژیانی جوانی ئەویان کۆڵیوەتەوە، لە سەردەمێکی جیاوازی جیهانی ئسیلامدا، وەک چۆن لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا بەدی دەکەین، لە بەرامبەر فشار و زوڵمی ئەو سەردەمەدا ناوچەی ئەنەدۆڵو شوێنێکی دوورە دەست و ئەمین بوو، هەربۆیە ئەگەر هەیە ئەوانیش لەو خانەوادانەوە هاتبن کە لە دامێنی چیایەکی ئەنەدۆڵو گیرساونەتەوە و بەردەوامیان بە ژیانیان داوە.

بەڵام لەبەر ئەوەی ڕەچەڵەکی خۆی لە تۆمارەکاندا ئاماژەی بەمە نەداوە، بەڵام هەندێک کەس ئەمەیان دۆزیوەتەوە، گەرچی خۆی دەلێت کەوا شتێکی لەو جۆرەی نەبیستووە کەوا ئەهلی بەیت بێت.

لە ڕاستیشدا ئەمە بە واتای خاکی بوون و خۆی بە  هیچزانین و شەرمنی ئەو دێت کە لە هەمان کاتدا ئەمە بناغەی پیشەکەی ئەوە،  هەربۆیە بابەتەکە دەبەستێتەوە بە بناغەی پیشەکەی خۆیەوە.

بەڵام هەرکەسێک بێت با ببێت، تەواوی ئەو کەسانەی سەریان لەو ڕێگەیەدا داناوە، ئەرکی ئەهلی بەیت جێبەجێ دەکەن.

بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا.

هەربۆیە ئەو کەسانە دەبێت ئەوە لە یاد نەکەن کە هەریەک لە حەزرەتی عەلی و حەسەن و حوسەین لەسەر سەری خۆیان وەک فەرماندەیەک ببینن و، دەبێت هیچ کاتێکیش ئەمە فەرامۆش نەکەن.

بەڵام ئەوانیش زۆریان چەشت، یەکێکیان لە ڕێگەی ژەهرخواردکردنەوە شەهید کرا.

یەکێکی تریشیان لە کەربەلا لە لای ڕوباری ڕەوانی.

شەهید کرا بە خۆیی و ٣٠ تا ٤٠ مرۆڤی چواردەوریەوە.

پێموایە ئەوانەی کۆبوونەوەی ٣٠ تا ٤٠ مرۆڤ لە شوێنێکدا بە شتێکی مەترسیدار دەبینن، پێموایە ئەوانە هێندەی ئەوەی نازانن مەترسی چۆنیە ئەحمەقن، بمبەخشن کەواش دەڵێم.

ئەو ئەحمەقیەتەش لەو سەردەمەدا یەزید ئەنجامیدا، یەزید فعلێکی مضارعة(ڕانەبردووی بەردەوام) لە زاد یزید دێت، تا دێت زیاتر دەبێت و لەم سەردەمەدا یەزیدەکان پەیا بوون.

زیادی کرد و زیادی کرد و زیادی کرد، یەزید دووجا و سێجاش پەیابوون!

خۆ پێویست ناکات ناوەکانیان ببژێرم؟!

وابزانم پێویست ناکات، کاتێک یەکێکیان لە بری هەموویان بەس بێت، ئیتر باس کردن لە هەموو ناوەکان دەبێتە ئیسرافی قسە…

ئێوە خۆتان پێشبینی ناوی یەزیدەکانی تر بکەن.

گەر دەمارەخانەکانی مێشکتان خەریک بێت خەویان لێبکەوێت، بە هێنانە یادی ناوەکانیان بێدار دەبنەوە!

ئیدی لەبەر خۆتانەوە دەڵێن: لەوانەیە فڵانیش لە هەمان پۆلدا هەڵبسەنگێنرێت، لەوەش دەچێت فیساریش هەر پۆلی یەزید بێت، بەڵام با لە کەوانەیەکدا شتێکتان عەرز بکەم:

بەڕای من واباشترە بیر لەم شتانە نەکەنەوە و دونیای خەیاڵتان بە ناوەکانیان پیس مەکەن.

ئەنجامدانی کارەکانتان وا دەخوازێت کە دونیای خەیاڵتان پاکوتەمیز بێت.

وەک لە تورکیدا دەڵێین دەبێت پیر و پاک بێت.

دەمارەخانەکانتان چەندە بە پاکی بمێننەوە، مرۆڤ بەو ڕادەیە بە شێوەیەکی پێکەرانە بیر دەکاتەوە، بە شێوەیەکی پێکەرانەش بڕیار دەدات.

مرۆڤی ڕۆژگاری ئەمڕۆمان زۆر پیویستی بەوە هەیە بە شێوەیەکی پێکەرانە و ڕاست و ڕەوانانە بیر بکاتەوە و بڕیار بدات، لەناو ئەم هەموو تەنگوچەڵەمەیەدا، چۆنی بە شێوەیەکی دروست بڕیار بدەین بە پشتیوانی خودا، کەوا لە بەرامبەر ئەوانەی دەیانەوێت ئەم خزمەتە بوەستێنن و کۆتایی پێبهێنن، تا ئێمە هەر لەسەر ڕێگای خۆمان بەردەوام بین و بڕۆین بە پشتیوانی خودا.

بەرەو ئامانجەکەمان بڕۆین، بێ ئەوەی بە هیچەوە گیر بخۆین بە پشتیوانی خودا، چونکە ئەم ڕێگایە ڕێگای ئەهلی بەیتە.

گەر ئەمڕۆ ئەهلی بەیت لە ژیاندا بوونایە و تەمەنیان هەزار ساڵ بووایە، یاخود دوو هەزار ساڵ بژیانایە، هەمان کاری ئێوەیان ئەنجام دەدا.

چییان دەکرد؟

ناوی جەلیلی ئیلاهیان لە هەر چواردەوری دونیا وەک بەیداخ هەڵدەدا و هەوڵی مسۆگەرکردنی شەکانەوەی ئەو بەیداخەیان دەدا.

ئەو شتانەی بە شێوازێک لە شێوازەکان لە پێغەمبەرەوە بە میرات بۆیان ماوەتەوە، ئیدی دابونەریت بێت یان بۆماوەکان بێت یان کردارە پێغەمبەئاسایەکان بێت، یان تێبینیەکانی پێغەمبەر بێت، هەرچیەک بێت بابەتەکە، تەواوی ئەو پێکهاتەیەیان وەک دوڕ و مرواری و گەوهەر ، دەگەشتن بە هەر شوێنێک هەڵیان دەواسی بە گەردنی مرۆڤەکاندا.

دەیانوت دەی ئێوەش دانەیەک لە مل بکەن.

دەی ئێوەش دانەیەک لە ملتان بکەن.

هەندێک لەوان دڵیان بازێکی هەڵدەدا و ئاڕاستەی ئەوەی دەکرد کە بڵێ:

لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللهُ 

وای لە هەندێکیشیان دەکرد کە بە شێوەیەکی میانەڕەوانە سەیری بابەتەکە بکەن.

وای لە هەندێکیشیان دەکرد کە بڵێن: کورە ئەمانە مرۆڤی باشن، کراوەشن بە ڕووی ئەوەی دیالۆگیان لەگەڵدا دروست بکەین.

هەموویانی ئاراستەی ئەم هەستە دەکرد و لە هەر چواردەوری دونیا کەشوهەوایەکی محمدی هەڵیدەکرد.

کاتێک شنەبای دەریا هەڵدەکات، لە هەموو لایەک بۆنێکی محمدی هەستی پێدەکرێت.

وەک ئەوەی لە بازاڕی بۆنفرۆشاندا بیت، بە هەرلایەکدا بڕۆیت هەر بۆنی عەتر دەکەیت.

تێبینیەکی جیاواز، زۆرێکیش هەیە بێ ئەوەی لە هیچ تۆمارێک و درەختێکی ڕەچەڵەکەدا شتێکی وەها هەبێت، لە خۆیانەوە خۆیان بە سەید دەزانن، لەبەر ئەوەی بە سوک سەیریان کراوە و چەوسێندراونەتەوە، بە چاوی مرۆڤی پلە دوەوە تەماشا کراون، وەک لە سیستەمی کاستدا هەیە، هەربۆیە پاڵیان پێوە نراوە بۆ ناو گرێیەکی دەرونی، بەڵام لە ڕاستیدا مرۆڤ هەر مرۆڤە، بە سوک سەیرکردن و بچوک بینینی مرۆڤەکان، بە واتای سوکی و بچوک بوونی ئەو مرۆڤە دێت کەوا سەیری مرۆڤەکانی تر دەکات.

بەو شێوەیە پێگەی خۆت دیاری دەکەیت.

لەم ڕێگەیە دەری دەخات کەوا مرۆڤایەتی خۆی لە چ ئاستێکدایە.

هەربۆیە هەندێک لە بۆ چارەسەرکردنی گرێیەکی دەرونی لەو شێوەیە، بیر لەوە دەکاتەوە کە چارەیەک بدۆزێتەوە، لە کۆتایدا دەگاتە ئەو ئەنجامەی گەر بە هەموو کەسێک بڵێت کەوا لە ئەهلی بەیتە، گرێ دەرونیەکەی چارەسەر دەبێت، بە تایبەت لەو کاتەی گەر قەدەر لوتفی ئەوەی لەگەڵدا کردبێت کەوا تەکیە و خانەقایەکی بەنیسب ببێت، یەکێک پێش خۆی تەکیەیەکی کردۆتەوە، دواتر ئەوی کردووە بە جێنشینی خۆی، ئیدی وەک ئەوەی یەکێک بێت لە نەوەکانی سەردارمان ئەژمار دەکرێت لەلایەن چواردەوریەوە، ئەهلی بەیتێکی لەو جۆرەش بوونیان هەیە.

بەمان دەڵێن ئەهلی بەیتی درۆزنەکان!

بە هۆی دین و دیانەتیانەوە ناتوانین هیچیان پێبڵێین، بەڵام بە هۆی ئەوەی لەبەر گرێی دەرونی خۆیان بانگەشەیەکی وەها دەکەن کە لە ڕاستیشدا شتی وەها بوونی نیە، بە شێوەیەک لە شێوەکان دەکەونە ناو گوناحەوە.

چونکە درۆ دەکەن، قسەکەیان وانیە لە ڕاستیدا.

ئەمە هەمیشە قەدەری ئەهلی بەیت بووە کە شتی وەهایان بەسەر بێت، ئەوەی بەسەر سەر پێغەمبەران هاتووە:

أَشَدُّ النَّاسِ بَلاَءً اَلْأَنْبِيَاءُ، ثُمَّ اْلأَمْثَلُ فَاْلأَمْثَلُ 

دژوارترینی بەڵاکان بەسەر سەری پێغەمبەراندا هاتووە، سەردارمان لە هەموو پێغەمبەرانی زیاتر چەشت، دوای ئەویش هەر یەکە و بە گوێرەی ئاستی خۆی.

بەسەر سەری موسوڵمانە دڵسۆزەکانی تریشدا هاتووە بە گوێرەی ئاستی خۆیان.

وەک ئەوەی بەسەر حەزرەتی عەلی هات، ئەوەی بەسەر سەری دایکە فاتمەمان هات، تەنیا ٦ مانگ لە دوای وەفاتی پێغەمبەرمان بەرگەی گرت، بەڵام دوو ڕۆڵەی ئاڵتونی و زەبەرجەدی لە دوای خۆی جێهێشت.

لە دوای ئەوانیشەوە هەتا قیامەت هەرکەسێک دڵوابەستەی دینی ڕەوانی ئیسلام بێت، هەتا دەگاتە وتەبێژی سەدە، هەتا دەگاتە حەزرەتی شاهی گەیلانی، هەتا زۆرێک لە کەسە صادقەکان، ئەو کەسانە هەموویان لە ئەهلی بەیتن کە بوونە هۆی زیندووڕاگرتنی دینەکە.

بوونە هۆی زیندوو بوونەوەی پاش مەرگ، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا.

هەمیشە ئەوانە چەشتوویانە، کەسیان نەماوە نەیچێژێت!

ئیمامی زەینول عابدین ئازاری زۆری چەشت، ئیمامی جەعفەر زۆری چەشت، محمد حەنیفیە زۆری چەشت، تەنانەت ئەهلی بەیت کە لەسەر هەمان ڕێچکەن و بە ئەهلی بەیتی پلە ٣ ناویان دەبەین، بە هەمان شێوە چەشتوویانە.

بەڵێ، حەزرەتی حەسەن شازەلی زۆری چەشت، ئیمامی ڕەبانی چەشتی، سەرەڕای ئەوەی ئیمامی ڕەبانی بوو، بەڵام تەمەنێکی درێژی لە زینداندا بەسەر برد.

ئەبوحەنیفەش چەشتی، سەراخسیش چەشتی، کتێبێکی ٣٠ جەڵدی لەو بیرە قوڵەدا نوسیەوە کە فڕێیان دابوویە ناوی، ڕۆژانە کەمێک نانیان بۆ فڕێ دەدا و وابزانم لەوێدا کەمێک ئاویش هەبوو، دەستنوێژی دەگرت و نوێژی دەکرد، لەناو بیرەکەشەوە کتێبەکەی بۆ خوێندکارەکانی شەرح دەکرد، گێڕانەوەکان بەم شێوەیەیە.

کەس نەبووە ئەوەی نەیچەشتبێت، ئیمامی ئەحمەد لە ژێر قامچیدا ئازاری زۆری چەشت، ئەمانە ئەهلی بەیتن لە پلەی سێهەمدا، هەتا دەگەینە سەر وتەبێژی سەردەم، ئەو کاتێک باسی چەشتنی ئازارەکانی دەکات لەسەر شێوازی گلەیی و گازندە نایکات، پێمان دەڵێت کەوا ئەمە قەدەری ئەم ڕێگایەیە، کتێبێکیان دەرکردووە ناویان لێناوە “قەدەری ڕێگاکە”، ئەمەش قەدەری ڕێگامانە.

ئوستاد نورسی دەڵێت:

ماوەی ٢٨ ساڵ دەرد و جەفایەک نەما نەیچێژم، لە دادگا سەربازیەکاندا وەک تاوانبارێک دادگایی کرام. وەک سەرسەریەک لەملای وڵاتەوە بۆ ئەولا نەفی کرام.

چەندین مانگ قەدەغە کرام لەوەی تێکەڵی خەڵک ببم، لە شوێنێکدا کە گیانی دێتە سەر بینەقاقای لە ئازاردا دەڵێت:

گەر دینەکەم ئەوەی حەرام نەکردایە کە خۆت بکوژیت، ئەوا سەعید ئیستا لە ژێر خاکدا بوو!

گەرچی هەرگیز بیری لە شتی وەهاش نەکردۆتەوە، دەیەوێت ئەوەمان پێبڵێت کە ئازارەکانی هێندە زۆر بوون، ڕادەی بەرگەگرتن و ئارامگرتنی تێپەڕاندووە.

هەتا دەگەینە ئەخیر کەس ئەمەی بەسەریان هات بریتیبوو لەم شتانە، گەر ئێوە خوازیاری ئەوە بن لەو ڕێگەیەی ئەواندا بڕۆن، پێموایە دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرن کە ناتوانن لەم شتانە ئازاد بن.

گەر ڕۆشتنتان لەسەر ڕێگای ڕاست بیت،  پێموایە شەیتان هەموو هاووێنەکانی خۆی لە سیاسیەکان و سەربازەکان و کاربەدەستانی دەوڵەت و سەرمایەداران، هەموو هێزیان پێدەخاتە کار لە دژی ئێوە، هاووێنەکانی خۆی لە زۆر شوێنی دونیا دەجوڵێنێت، زەبریان پێ دەوەشێنێت، ئامبازی ملی ئەو کەسانەی کرد کە بە شێوەیەک لە شێوەکان ژیانێکی موسوڵمانانە دەبەنە سەر.

هەندێکیان لەوان دەستگیر کرد و خستیانە ژێر دار، یاخود هەڵیانواسین، هەندێکی تریشیان بە شێوەی جیاوازتر لەناوبرد.

هەندێکی تریش بە شێوەیەکی جیاوازتر.

لە سەردەمی ئوستاد نورسیدا ١٥ هەزار مرۆڤیان لە سێدارە دا، ئەم ژمارەیەتان بە کەم نەیەتە پێش چاو، چونکە لەو سەردەمەدا ژمارەی هاوڵاتیانی هەموو ئەنەدۆڵو ١٥ ملیۆن کەس بوو.

لە هەموو ملیۆنێک هەزاریان لە سێدارەدا، هەزار مرۆڤ!

پێموایە گەر ئەو سزای لە سێدارەدا هەڵنەگیرایە، لە ڕۆژگاری ئێستاماندا وابزانم ٨٠ ملیۆن هاوڵاتین، پێم وایە تەنیا  لە سێدارەدانی ٨٠ هەزار مرۆڤ ڕق و کینەی ئەوانی دادەمرکاند!

لە ٨٠ هەزار شوێنی پەتی سێدارەیان هەڵدەخست و، لە ٨٠ هەزار شوێن مرۆڤتان دەبینی بە پەتی سێدارەوە دێت و دەچێت.

ئەمە فەلسەفەی ئەوانە و بناغەی فکریانە.

هەربۆیە کاتێک بەم شێوەیە سەیری بابەتەکە دەکەین، دەبێت بڵێین ئەمە قەدەری ئەم ڕێگایەیە و وەک ئەوەی قوم لە شەربەت و شەکراو بدەین ئاوەها لەسەر ڕێگەی خۆمان بەردەوام بین.

هەزاران حەمد و سەنا بۆ خودا، لە سەردەمێکی مێژوودا کە پڕە لە پەڕەی ڕەش و سپی، پڕە لە پەرەگرافی ڕەش و سپی، خودا بۆ ئەوەی لەناو پەڕە تاریک و نوتەکاندا جێتان نەبێتەوە، ئێوەی هەڵگرت و خستنیە پەڕەگراف و دێرە سپیەکانەوە.

لە جیاتی ئەوەی لەگەڵ کەسانێکدا بە چەشنی شەیتان یاد بکرێنەوە، پێموایە لە ڕێگەی تۆزێک چەشتنەوە لە ڕۆژی ئەمڕۆدا، بۆ ئەوەی لەو پەرەگرافە سپیانەدا جێگەیەکتان هەبێت، ئەوەی بەسەرتان هات شایەنی هەڵبژاردنە.

سوپاسی خودا بکەن لەسەر حاڵی خۆتان، شوکری بکەن، هەزاران حەمد و سەنا بۆ خودا، گەر ئەمڕۆش نەبووایە بەیانی، گەر بەیانیش نەبێت دوو سبەی، گەر دووسبەیش نەبێت ڕۆژی دواتر، مرۆڤە بێ بەیانیەکان لە ناو ئازاری خۆیاندا دەتلێنەوە.

یاخود بە نەفرینەوە یاد دەکرێنەوە.

بە شێوەیەک یاد دەکرێنەوە کە لەچاویاندا ڕەحمەت بۆ زاڵمانی پێش خۆیان دەنێردرێت!

بەڵام خەڵک بە باشە یادی ئێوە دەکەنەوە.

 وَاجْعَلْ لِي لِسَانَ صِدْقٍ فِي الْآخِرِينَ * وَاجْعَلْنِي مِنْ وَرَثَةِ جَنَّةِ النَّعِيمِ

وەک لە سورەتی شوعەرادا ئاماژەی پێکراوە، دەربڕینی حەزرەتی ئیبراهیمە ئەم نزایە.

لەلایەن نەوەکانی دوای خۆتانەوە بە جوانی یاد دەکرێنەوە.

دەڵێن: خودا بۆ ئەبەد لێیان ڕازی بێت.

میراتێکی جوانیان بۆ جێهێشتین. ناوی جەلیلی محمدیان لە هەر چواردەوری دونیا وەک ئاڵایەک شەکاندەوە.

دووبارە شیعرەکەی یەحیا کەمالم بە بیردا هاتەوە:

ئەجەل سوڵتان سەلیمی یەکەمی ڕام نەکرد

دەبوو هەموو جیهان فەتح بکا شانوشکۆی محمدی

ئاسمان لە نوردا غەرق بوو کاتێک لە سەد هەزار منارەوە

شاباڵی گرت ڕۆحی ڕەوانی محمدی

ئەرواح هەموویان بینیان الله اکبر

کاتێک لە عەرشندا عەکس بوویەوە زمانی محمدی

 

هەر ڕێچکەیەکی هەبوو بێت لە ژیاندا جێگای بەهەشت بێت.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

Show More
Back to top button