چاوپێکەوتنهەواڵ

ئەنەس کانتەر: لە هەفتەیەکدا سێ چوار هەڕەشەی کوشتنم بۆ دێت

“ئەوەی مامۆستا فەتحوڵا گولەن لە شەوی کودەتاکەدا ئەنجامیدا تەنها نزا کردن بوو بۆ وڵاتەکەی”

ئەنەس کانتەر یاریزانی پیشەگەری یاری باسکە کە لە خولی باسکەی ئەمریکا ناسراو بە NBA  یاری دەکات، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ تەلەفیزیۆنی فۆکس نیوز ئەنجامدا. ئەنەس کانتەر لە چاوپێکەتنەکەدا ڕایگەیاند بە هۆی ڕەخنەگرتن و ناڕەزاییەکانم بەرامبەر بە حکومەتی تورکیا لە هەفتەیەکدا سێ بۆ چوار هەڕەشەی کوشتنم بۆ دێت.

 

هەواڵەکەی فۆکس نیوز دەربارەی چاوپێکەوتنەکەی ئەنەس کانتەر بەم شێوەیەیە:

“ئەنەس کانتەر لە وەرزی ئەمساڵدا و بۆ مانەوەی بۆ وەرزی ٢٠١٨ بۆ ٢٠١٩ لەگەڵ یانەی نیویۆرک نیکس گرێبەستێکی بە بڕی ١٨،٦ ملیۆن دۆلار واژۆ کردووە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت هیچ بڕە پارەیەک ئەو ئازار و ناڕەحەتییانە لەبیر ناباتەوە کە یاریزانە تەمەن ٢٦ ساڵەکە لە وڵاتەکەی خۆی بە تیرۆریست ناوببرێت. لە ئێستادا لە لایەن حکومەتی تورکیاوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و پاسپۆرتەکەی هەڵوەشێندراوەتەوە. وەک خۆی دەڵێت بە هۆی ئەو ڕەخنە و ناڕازییانەوە بەرامبەر بە ڕەجەب تەیب ئێردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە هەفتەیەکدا سێ بۆ چوار هەڕەشەی کۆشتنی بۆ دێت.”

“ئەنەس کانتەر لە چاوپێکەوتنەکەدا وتی سەرەتا کاتێک نامەی هەڕەشە جنێوپێدانم بۆ دەهات وێنەی شاشەکەم دەگرت، بەڵام پاش ماوەیەک هەڕەشەکان هێندە زۆر بوون بێزار بووم و بڕیارمدا چیتر کاتی خۆمی پێوە نەکوژم. زۆربەی هەڕەشەکان لە تورکیاوە و بە تایبەت لە پشتیوانەکانی ئێردۆغانەوە بۆم دەهات. من هێزە ئەمنییەکان و دەستەی ئاسایشی یانەکەمم لەو هەڕەشانە ئاگادار کردوەتەوە و ئەوان دڵنیاییان پێدام. من لەناو ئەمریکادا هەست بە ئارامی و پارێزراوی دەکەم، بەڵام لە دەرەوەی ئەمریکا دەکرێت هەموو جێگایەک بۆ من زۆر مەترسیدار بێت.”

داواکاری گشتی لە تورکیا بە تۆمەتی هاوسۆزی بۆ بزاڤی خزمەت و مامۆستا فەتحوڵا گولەن داوای سزای چوار ساڵ زیندانی بۆ ئەنەس کانتەر دەکات. حکومەتی تورکیا بزاڤی خزمەت بە ئەنجامدانی هەوڵی کودەتا شکسخواردووەکەی ١٥ی تەموز دژی ئێردۆغان و حکومەتەکەی تۆمەتبار دەکات. بەڵام ئەنەس کانتەر پەشیمان نابێتەوە و ئێردۆغان بە ئەدۆڵف هیتلەر بەراورد دەکات.

ماوەی چەندین ساڵە ئێردۆغان هەم لە ناوخۆ و هەم لە سەر ئاستی دەرەوەی وڵات بووەتە جێگای مشتومڕ. مانگی ڕابردوو توانی لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە بە کۆمەڵێک دەسەڵاتی زیاترەوە. ئێردۆغان بە هۆی ئەو ڕیفراندۆمەی ١٦ ی نیسانی ٢٠١٧ ئەنجامیدا و لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیرانەوە کاری پێکرا توانی سیستەمی وڵات لە پەرلەمانییەوە بگۆڕێت بۆ سیستەمی حوکمڕانی سەرۆک کۆماریی و هەموو دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبردن و یاسا دانان و دادوەری لە لای خۆی کۆبکاتەوە.

ئەنەس کانتەر لە ساڵی ٢٠١١ وە لە ئەمریکا دەژی و مۆڵەتی مانەوەی یاسایی هەیە، بەڵام لە بنەڕەتدا بێ نیشتیمانە. لە ئێستادا خاوەن پاسپۆرتێکی کارا نییە و هەتا ئەو کاتەی مافی هاوڵاتیبوونی ئەمریکا وەردەگرێت ناتوانێت هیچ گەشتێک بۆ دەرەوەی ئەمریکا ئەنجام بدات.

کانتەر لە مانگی ئایاری ٢٠١٧ سەردانی وڵاتی ڕۆمانیای کرد بۆ دابینکردنی پێداویستی خواردن و جلوبەرگ بۆ ئەو منداڵانەی کە پێویستیان پێی بوو، بەڵام ڕاستەوخۆ لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە پاسپۆرتەکەی هەڵوەشێندرایەوە و دەستگیرکرا. کانتەر ئەوەی وەک هەوڵێک بۆ ڕادەستکردنەوەی بە حکومەتی تورکیا بینی، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا و خولی باسکەی ئەمریکا NBA بە شێوەی خێرا لە ڕۆمانیاوە گواستیانەوە بۆ لەندەن و دواتر لە هەلومەرجێکی تایبەتدا توانی بگەڕێتەوە بۆ ئەمریکا. لەو بارەیەوە ئەنەس کانتەر بەم شێوەیە باس لە دۆخی خۆی دەکات: “خەڵکی لێم دەپرسن کە من خەڵکی کوێم، بەڵام نازانم پێویستە چۆن وەڵامیان بدەمەوە. من لە سویسرا لە دایک بووم و لە بنەڕەتدا خەڵکی تورکیام. بەڵام لە ئێستا من تورک نیم، چونکە پاسپۆرتەکەمیان هەڵوەشاندەوە و ئەوان منیان ناوێت. بنەماڵەکەم لە تورکیا دەژین و ناتوانن بێن بۆ ئەمریکا و تەنانەت ناتوانن تورکیا جێبهێڵن. ئەوە شتێکی زۆر ناخۆشە کە تەنها بە هۆی منەوە توشی ئەو دۆخە ناڕەحەتە بوون. ساڵێک پێش ئێستا ئۆپەراسیۆنێک ئەنجامدرا بۆ سەر ماڵەکەمان لە تورکیا و هەموو کومپیوتەر و ئامێرە ئێلیکترۆنییەکان دەستی بەسەردا گیرا. تەنها لە پێناو ئەوەی بزانن کە من هەتا ئێستا پەیوەندیم لەگەڵ خێزانەکەم هەیە یاخود نا. ئەگەر تەنها یەک نامە بۆ یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەم بنێرم ڕاستەوخۆ دەستگیر دەکرێن.”

مەهمەت کانتەر کە باوکی ئەنەس کانتەرە، کەسێکی ئەکادیمیستە و مامۆستایە لە زانکۆیەک لە ئەستەمبوڵ، بەڵام ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی هاوسۆزی بۆ بزاڤی خزمەت لە کارەکەی دوورخرایەوە و دەستگیرکرا. لە ئێستادا داواکاری گشتی داوای ١٠ ساڵ سزای زیندانی بۆ دەکات و لە چەند هەفتەی داهاتوودا دانیشتنی دادگایی کردنی دەستپێدەکات.

ئەنەس کانتەر لە درێژەی قسەکانیدا وتی “ناتوانم پەیوەندی بە ئەندامانی خێزانەکەمەوە بکەم، بەو هۆیەوە لە هەواڵەکانەوە دەیبیستم کە چییان بەسەر دێت. خەڵکی پێیان وایە کە من وڵاتەکەمم خۆش ناوێت، بەڵام لە ڕاستیدا خۆشم دەوێت. خۆزگە دەخوازم بتوانم بگەڕێمەوە و لەگەڵ هاوڕێکانم و خێزانەکەمدا کاتێکی خۆش بەسەر ببەم. ئەوەی لە ئێستادا لە هەموو شت زیاتر بیری دەکەم خواردنەکانی دایکمە، هیچ خواردنێک نییە لە جیهاندا لەوە خۆشتر بێت.”

“سەرەڕای هەموو ناڕەحەتییەکان، ئەو بەرخۆدانە ئەوە دەهێنێت کە لە پێناویدا ئازار و ناڕەحەتی بچێژیت. لە ڕیستۆرانتێکی ناو فڕۆکەخانەدا بە ڕێکەوت هەندێک هاوڵاتی ئەمریکی پێیان وتم کە بەردەوام بن لە خەبات و تێکۆشان لە پێناو ئازادی و مافی مرۆڤ بۆ وڵاتەکەم. ئەو بە نیسبەت منەوە شتێکی زۆر گرنگە. هەرچەندە ئەم قسانەی من لێرە خێزانەکەم لە تورکیا دەخاتە مەترسییەوە، بەڵام دەمەێت خەڵکی لەو شتانە تێبگەن کە لە تورکیا ڕوودەدات. تەنها خێزانەکەی من لە مەترسیدا نین لە تورکیا، بەڵکو هەزاران خێزانی دیکە هەن. من هەوڵ دەدەم لێرە ببم بە دەنگێک بۆ ئەوان. حکومەتی تورکیا نەفرەت لە قسەکانی من دەکات. نایانەوێت من قسە بکەم و بۆ ئەوەی بێدەنگم بکەن خێزانەکەم دەخەنە زیندانەوە. لە دوای هەوڵی کودەتاکەی تورکیاوە باری نائاسایی لە سەرانسەری تورکیادا ڕاگەیەندراوە و لەو ڕێگەیەوە حکومەتی تورکیا دەیەوێت کەس و لایەنە ناڕازییەکان سەرکوت بکات. لەم ماوەیەدا زیاتر لە ١٠٠ هەزار هاوڵاتی لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و زیاتر لە ٥٠ هەزار کەسیش بە تۆمەتی جیاواز خراونەتە زیندانەوە.”

بەرپرسانی تورکیا هەتا ئێستا چەندین جار داوای ڕادەستکردنەوەی مامۆستا فەتحوڵا گولەنیان کردووە لە بەرپرسانی ئەمریکا. بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن هەتا ئێستا هیچ بەڵگەیەک ڕاست و دروست لەبەردەستدا نییە کە گولەن و بزوتنەوەکەی دەستیان لە ئەنجامدانی کودەتاکەدا هەبوو بێت.

ئەنەس کانتەر لەو بارەیەوە یادگارییەکی خۆی لەگەڵ مامۆستا فەتحوڵا گولەن لە شەوی ئەنجامدانی کودەتاکە گێڕایەوە. ئەنەس کانتەر وتی: “بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لەو کاتەدا سەردانی مامۆستا فەتحوڵا گولەنم کردبوو. ئەو شەوەی کە هەوڵی کودەتاکە درا من لەگەڵ مامۆستا پێکەوە بووین. تەنها کارێک کە کردی ئەوەبوو کە لە سەر کورسییەک دانیشت و نزای بۆ وڵاتەکەی دەکرد. دواتر ئێردۆغان دەرکەوت و ئەو و بزاڤەکەی بە ئەنجامدانی کودەتاکە تۆمەتبار کرد. لە ڕاستیدا من بەوە تووشی شۆک بووم. ئەو گرنگ نییە کە لەگەڵ کام لایەنەدایت: هیچ کەس نایەوێت مرۆڤەکان بمرن. ئەو ڕۆژە زۆر ناخۆش بوو.”

 

سەرچاوە: http://www.tr724.com/enes-kanter-fox-newse-konustu-haftada-uc-dort-olum-tehdidi-aliyorum-gulenin-o-gece-yaptigi-tek-sey-dua-etmekti/

Show More
Back to top button