هەواڵ

ئەنقەرە لێکۆڵینەوەی لەسەر 3 تیمی کوشتن دەستپێکرد

گارۆ پایلان، ئەندامپەرلەمانی هەدەپە

دوای ئەوەی گارۆ پایلان پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە) ڕایگەیاند کەوا هەندێک کاربەدەستی تورکیا 3 تیمی کوشتنیان ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کردووە بە مەبەستی کوشتنی هاوڵاتیانی دەرەوەی تورکیا، داواکاری گشتی ئەنقەرە دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوە دەست پێکرد.

داواکاری گشتی ئەنقەرە پایلانی وەک شایەتحاڵ بانگ کردە دادگا و داوای لێکرد زانیاریان لەسەر ئەو بابەتە پێبدات.

داواکاری گشتی ئەنقەرە سەبارەت بە قسەکانی پایلان لە ڕوونکردنەوەیەکدا وتی” سەبارەت بە قسەکانی گارۆ پایلان کە لە بەرواری 20 ی کانونی یەکەمی 2017 لە پەرلەمانی تورکیا ئەنجامیدا، ناوبراومان وەک شایەتحاڵ لەسەر بابەتەکە بانگ کردووە و زانیاری پێویستی لێوەردەگرین”.

پایلان لەو قسانەی لە پەرلەمانی تورکیا ئەنجامیدا، ئاماژەی بەوەدا کە تیمەکە کەسانی کورد و ئەرمەنی و عەلەوی و ڕەخنەگر لە دەسەڵاتی تورکیایان کردۆتە ئامانج.

پایلان لە درێژەی قسەکانیدا وتی “دوای ئەو مامەڵە زۆرداریانەی حکومەتی ئاکەپە لەم دواییانەدا پەیڕەوی دەکات، زۆرێک لە کەسانی ئەکادیمی و ڕۆژنامەنوس و ڕۆشنبیر، ناچار بوون بەوەی لە دەرەوەی وڵات بەردەوامی بە ژیانی خۆیان بدەن. ئەم کەسانە لە سەرۆک کۆمار و مێدیاکانەوە وەک “خاینی نیشتیمان” بەرگیان بە بەردا کراوە و بەردەوام کراونەتە ئامانج. بە داخەوە ئەم جۆرە وتارانە وای کردووە کە بکەونە خۆیان و ئەم کەسایەتیانە بکەنە ئامانج. تورکیا دەسەڵاتێکی ناوەندگیرە، هەر بۆیە دەبێت لە ئەنقەرەوە ئەم کەسانە ڕاسپێردرابن بە ئەنجامدانی ئەو کارە. ئەم زانیاریانە لەلایەن وڵاتی ئەڵمانیا و ئەوروپا بە جددی وەرگیراوە و دەزگا هەواڵگری و ئەمنیەکانیان چەندین کەسیان خستۆتە ژێر چاودێری و پاراستنی خۆیانەوە. منیش بە مەبەستی ئەوەی ئەرکی حکومەتی تورکیا بە بیری بەرپرسان بهینمەوە ئەم قسانەم ئەنجامدا”.

سەرچاوە: ماڵپەڕی TR724

 

 

 

Show More
Back to top button