هەواڵ

“ئەندازیاری مووکێشی” و ڕاپۆرتی ئەوقاف سەبارەت بە مامۆستا فەتحوڵا گولەن – بەشی سێیەم

 

دکتۆر ئێرگون چاپان، نووسەر و پسپۆڕی ئایینی، زنجیرە وتارێکی لەسەر بابەتی (ڕاپۆرتی ئەوقاف سەبارەت بە مامۆستا فەتحوڵا گولەن و “ئەندازیاری مووکێشی”) ئامادەکردووە. ئەوەش نووسینێکی شیکاری گرنگە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت بزانن ڕاپۆرتەکە بە چ شێوازێک نووسراوە. لێرەدا بەشی سێیەمی زنجیرە وتارەکە بڵاودەکەینەوە:

ئەگەر بە گوێرەی ڕواڵەت هەڵسەنگاندن بۆ دەربڕینە مەجازی و لێکچووەکانی قورئانی پیرۆز بکەین ئەوا دەکەوینە هەڵەوە و تووشی لادان دەبین. زانایانی بواری کەلام لەو بارەیەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بەکارهێنانی ئەو دەربڕینە مەجازی و لێکچووانە لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەکاندا بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باشتر سەرنج بۆ بابەتەکان ڕابکێشرێت و یارمەتیدەر دەبێت لە تێگەیشتن لە بابەتەکان بە شێوەیەکی ئاسانتر.

جگە لەوە هەر لە ئینساکلۆپێدیای بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئایینیدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پێویستە بە وردی واتای دەربڕینە مەجازی و لێکچووەکان لەیەک جیابکەینەوە بۆ ئەوەی بە تەواوی لە بابەتە تێبگەین و نەکەوینە هەڵە و لادانەوە.

سەرەنجام بۆمان دەردەکەوێت کە لە چەندین شوێنی قورئانی پیرۆز و فەرموودەکاندا دەربڕینی مەجازی و لێکچوو بەکارهێنراوە و ئەو بابەتە لە لایەن زاناکانەوە تەواو یەکلاکراوەتەوە. ئەوانە وەک تایبەتمەندی و دەوڵەمەندی زمان و دەربڕین هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت. هەر لەبەر ئەوەشە کە مامۆستا فەتحوڵا گولەن لە قسە و نووسینەکانیدا ئەو جۆرە دەربڕینانە بەکاردەهێنێت، بەڵام بەکارهێنانی ئەو دەربڕینانی مامۆستا فەتحوڵا گولەن بۆ ئەوەی وەک کەسێکی گومڕاکەر و لە دین دەرچوو پیشانی بدەن کارێکی ناڕاستە و بە ئەندازیاری مووکێشی دادەنرێت.

مامۆستا فەتحوڵا لە بابەتی دەربڕینە مەجازی و لێکچوواندنەکاندا هەمان هەڵوێستی زانایانی ئەهلی سونەتی هەیە و لە بەرهەمەکانیدا بە ڕوونی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە کاتێک باس لە دەست، چاو، شوێن و هەر شتێکی دیکەی الله دەکرێت نابێت بە واتا حەقیقییەکەی لێکدانەوەی بۆ بکرێت دەنا بەرەو گومڕایی دەڕوات. بۆ نموونە مامۆستا فەتحوڵا لە یەکێک لە بەرهەمەکانیدا دەڵێت: “خودای گەورە بێبەری و پاکوپێگەردە لە هەموو زەمان و مەکانێک. حاشا ئەگەر شوێنێک بدرێتە پاڵ خودای گەورە، ئەوکات بە بوونەوەران چوێندراوە”. بەڵام گۆرمەز کە بانگەشەی ئەوە دەکات لێکۆڵینەوەیان لە هەموو بەرهەم و وتەکانی مامۆستا فەتحوڵا کردووە، پێویستبوو ئەو بابەتە بە باشی ببینن کە مامۆستا فەتحوڵا هەمان هەڵوێستی زانایانی ئەهلی سونەتی هەیە لەو بارەیەوە، نەک بەو جۆرە چەواشەکاری ئەنجام بدەن.

بابەتی ئەوەی کەوا مامۆستا فەتحوڵا گولەن لە ڕوانگەی باوەڕ و خزمەت و هەڵسوکەوتەوە لەسەر ڕێبازی ئەهلی سونەتە لە لایەن زۆربەی زانایانی ئەهلی سونەتەوە گەواهی لەسەر دراوە و پشتڕاست کراوەتەوە. لەو چوارچێوەیەدا دەکرێت دوو نموونەی کەسایەتییە دیارەکانی جیهانی ئیسلامی بخەینەڕوو:

  • پرۆفیسۆر دکتۆر موحەمەد عمارە کە یەکێکە لە دیارترین بیرمەندەکانی جیهانی ئیسلامی، سەبارەت بە مامۆستا فەتحوڵا گولەن دەڵێت: “مامۆستا فەتحوڵا گولەن زانایەکە کە حیکمەتی عەقڵ و بەسیرەتی دڵی یەکخستووە و یەکێکە لە جوانترین میوەکانی شارستانێتی ئیسلام. قورئان ڕابەری ئەوە کە فیکر و ژیانی ڕێکخستووە”.
  • پرۆفیسۆر دکتۆر سەعید رەمەزان ئەلبوتی کە یەکێکە لە دیارترین زانایانی جیهانی ئیسلامی سەبارەت بە مامۆستا فەتحوڵا گولەن دەڵێت: “مامۆستا فەتحوڵا گولەن زانایەکە کە لەسەر ڕێچکەی بەدیعوزەمان مامۆستا سەعیدی نورسی دەڕوات. من ستایشی بەڕێزیان دەکەم بە هۆی ئەو خزمەتە گەورانەی بە ئایینی ئیسلامیان کردووە”.

لە لایەکی دیکەوە پرۆفیسۆر فەتحی ئەلحیجازی، مامۆستای لە زانکۆی ئەزهەر لە میسر، سەبارەت بەو ڕاپۆرتەی دەزگای کاروباری ئایینی تورکیا لە دژی مامۆستا فەتحوڵا گولەن ئامادەی کردووە دەڵێت: “هەوڵدان بۆ ناشرین کردن و شێواندنی وێنای مامۆستا فەتحوڵا گولەن و تۆمەتبارکردنی بزاڤی خزمەت بە گرووپێکی لە دین دەرچوو، دەیسەلمێنێت کە مامۆستا فەتحوڵا گولەن و بزاڤی خزمەت لەسەر ڕێگەی پێغەمبەران دەڕۆن. چونکە پێغەمبەران لە هەموو کەس زیاتر ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجە و تۆمەتبارکردن بوونەتەوە. تۆمەتبارکردنی مامۆستا فەتحوڵا و بزاڤی خزمەت لە لایەن دەزگای کاروباری ئایینی تورکیاوە نە هیچ بەڵگەیەکی هەیە و نە لەسەر هیچ بنەمایەک بنیادنراوە”.

http://m2.samanyoluhaber.com/-dr-ergun-capan–diyanetin-ultra-cimbizlama-muhendisligi-haberi-1363349.html

 

Show More
Back to top button