هەواڵ

“ئەندازیاری مووکێشی” و ڕاپۆرتی ئەوقاف سەبارەت بە مامۆستا فەتحوڵا گولەن – بەشی دووەم

دکتۆر ئێرگون چاپان، نووسەر و پسپۆڕی ئایینی، زنجیرە وتارێکی لەسەر بابەتی (ڕاپۆرتی ئەوقاف سەبارەت بە مامۆستا فەتحوڵا گولەن و “ئەندازیاری مووکێشی”) ئامادەکردووە. ئەوەش نووسینێکی شیکاری گرنگە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت بزانن ڕاپۆرتەکە بە چ شێوازێک نووسراوە. لێرەدا بەشی دووەمی زنجیرە وتارەکە بڵاودەکەینەوە:
بەڕێز گۆرمەز لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا جارێکی تر جەخت لەسەر ئەو بابەتە دەکاتەوە و دەڵێت “جارێکی تر دووبارەی دەکەمەوە مووکێشی کردن لە قسەدا هەڵبژاردنی بەشێک لە قسەکان و پێشکەشکردنی بە کۆمەڵگا کارێکی ڕاست نییە.”
لە چوارچێوەی ئەم هەڵسەنگاندنەی بەڕێز گۆرمەزەوە هەوڵ دەدەین شرۆڤەیەک بۆ ئەو ڕاپۆرتە بکەین کە بەڕێزیان سەبارەت بە مامۆستا فەتحوڵا گولەن ئامادەیان کردووە بە ناونیشانی (“بزووتنەوەی گولەن” وەک ڕێکخراوێکی بەکارهێنەری ئایین لە زاری خۆیەوە).
گۆرمەز لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دوای خوێندنەوەی ٨٠ کتێبی ئامادەکراوی مامۆستا فەتحوڵا گولەن و گوێگرتن لە نزیکەی ٦٧٠ کاتژمێر وتاری مامۆستا فەتحوڵا گولەن ئەو ڕاپۆرتەیان ئامادەکردووە و پاشان گەیشتوونەتە ئەم حوکمە: “ئێمە وەک دەزگای باڵای کاروباری ئایینی لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەی ئەنجامماندا چەندین بەڵگەمان دەستکەوت و لە ژێر ڕۆشنایی زانیارییە بنەڕەتییەکانی ئایینی ئیسلامدا هەڵسەنگاندنمان بۆ کرد. وە لە ئەنجامدا بۆمان دەرکەوت کە چەندین هەڵە و لادان هەن کە لەگەڵ بنەما و یاساکانی ڕەوشت و باوەڕی ئیسلامدا یەک ناگرێتەوە.”
لە تەواوی ئەو شوێنانەی گۆرمەز لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بۆ کردووە مووکێشی لە قسەکانی مامۆستا فەتحوڵادا کراوە و بەشێک لە قسەکانی وەرگیراوە و بەوەش یەکپارچەیی قسەکانی مامۆستا فەتحوڵا تێکدراوە، لە کاتێکدا بە پێی ئەو چوارچێوەیەی مەهمەت گۆرمەز خۆی دایناوە پێویستبوو “ئەندازیاری مووکێشی” ئەنجام نەدرێت و یەکپارچەیی قسەکان بپارێزرێت.
گۆرمەز لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە مامۆستا فەتحوڵا گولەن لە هەندێک لە وتارەکانیدا دەربڕینی وەک: (دەستی خودا، چاوی خودا، شوێنی خودا) ی بەکارهێناوە، وە گۆرمەز بە هۆی دەربڕینانەوە مامۆستا فەتحوڵا بە دەرچوون لە دین تۆمەتبار دەکات. ئەمە لە کاتێکدا کە ئەو دەربڕینانە بۆ مەبەستی مەجازی بەکاردەهێندرێت و خودای گەورەش لە چەندین شوێنی قورئانی پیرۆزدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، وەک: (ولتصنع علی عینی) (سورەتی طه، ئایەتی ٣٩)؛ کە لێرەدا مەبەستی لێی چاودێری و پاراستنی خودایە نەک چاوی خودا. یاخود لە ئایەتێکی دیکەدا دەفەرموێت (و هو معکم أین ما کنتم) (سورەتی الحدید، ئایەتی ٤)؛ واتە: لە هەر شوێنێکدا بن زاتی الله لەگەڵتاندایە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لێرەشدا واتەی لەگەڵدابوونی خودای گەورە بە واتای بینین و چاودێری کردن زانینی هەموو شتێکی بەندەکەی دێت نەک بە واتای لەگەڵدابوونێکی فیزیکی.
ئەگەر بە گوێرەی ڕواڵەت هەڵسەنگاندن بۆ دەربڕینە مەجازی و لێکچووەکانی قورئانی پیرۆز بکەین ئەوا دەکەوینە هەڵەوە و تووشی لادان دەبین. زانایانی بواری کەلام لەو بارەیەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بەکارهێنانی ئەو دەربڕینە مەجازی و لێکچووانە لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەکاندا بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باشتر سەرنج بۆ بابەتەکان ڕابکێشرێت و یارمەتیدەر دەبێت لە تێگەیشتن لە بابەتەکان بە شێوەیەکی ئاسانتر.
http://www.samanyoluhaber.com/-dr-ergun-capan-yazdi-diyanetiin-yaptigi-muhendislik-haberi/1363274/

37 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە
Show More
Back to top button