هەواڵ

” ئەنجام نەدانی ئەم چالاکییە جوانانە لە تورکیادا مایەی شەرمەزارییە”

 

 

ئەمساڵ حەڤدەهەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵتی کەلتور و زمان (IFLC) لە شاری واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا لە کار و چالاکییەکانی خۆی بەردەوام بوو. دەستپێکی فیستڤاڵەکە لە باڵەخانەی نووسینگەی ڕایبۆرنی کۆنگرێسی ئەمریکا ئەنجامدرا و دواتر فیستیڤاڵەکە لە کتێبخانە بەناوبانگەکەی کۆنگرێسی ئەمریکا بەڕێوەچوو.

ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا کۆمەڵێک پەیامی گرنگیان سەبارەت بە فیستیڤاڵەکە ڕاگەیاند. ڕاندی وێبەر ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لەسەر ویلایەتی تەکساس ڕایگەیاند ئەنجام نەدانی ئەم چالاکییە جوانانە لە تورکیادا مایەی شەرمەزارییە. دۆوگ لامالفا ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لەسەر ویلایەتی کالیفۆرنیا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە گەورەکان پێویستە زۆر شت لە پاڵەوانی ئەم جۆرە چالاکییانەوە کە منداڵانن فێر ببن.

فیستیڤاڵەکە بە سپۆنسەری سەرەکی ئەنەس کانتەر ئەستێرەی خولی باسکەی ئەمریکا NBA و بە پێشکەشکاری ڤینس سوان ئەکتەر و دەرهێنەری دیاری ئەمریکی بەڕێوەچوو. لە فیستیڤاڵەکەدا زیاتر لە ٥٠ خوێندکار کە لە ١٣ وڵاتی جیاوازەوە بەشدارییان کردبوو چالاکییەکانیان پێشکەش کرد.

سوسان ڤیتا بەرپرسی بەشی میوزیک لە کتێبخانەی کۆنگرێسی ئەمریکا کە میوانداری فیستیڤاڵەکەیان کردبوو، ئەوەی بە بیرهێنایەوە کە ئەو باڵەخانەیەی فیستیڤاڵەکەی تێدا ئەنجام دراوە گەورەترین کتێبخانەیە لە هەموو جیهاندا، و ڕایگەیاند “ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە لەم باڵەخانە مێژووییەدا میوانداری فیستیڤاڵی کەلتور و زمان بکەین”.

 

کاردین: “فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کەلتور و زمان زیاد لەوەی کە تەنها فیستیڤاڵێک بێت، بانگەوازێکە بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان”

بێن کاردین ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمریکا پەیامێکی تایبەتی بۆ فیستڤاڵەکە نووسی و تێیدا ڕایگەیاند “فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کەلتور و زمان زیاد لەوەی کە تەنها فیستیڤاڵێک بێت بانگەوازێک بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان”. سیناتۆر کاردین دەربارەی ئەو مامۆستا و خوێندکارانەی بەشدارییان لە فیستڤاڵەکەدا کردبوو ڕایگەیاند “بەم شێوەیە دەکرێت کاریگەری باش لەسەر فرە کەلتوری درووست بکرێت و بە هۆی بەرز ڕاگرتنی بەها مرۆڤایەتییەکان بەم شێوەیە دەتوانرێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێکەوە کۆبکرێتەوە، من بە هۆی ئەو ڕۆڵە گەورەیەی ئێوە لەو بابەتەدا زۆر سوپاسی ئێوە دەکەم.”

جگە لەوە مارک وارنەر ئەندامی ئەنجومەنی سیناتی ئەمریکا لەسەر ویلایەتی ڤیرجینیا پەیامێکی ئاراستەی فیستیڤاڵەکە کرد و ڕایگەیاند “ئەم جۆرە چالاکییانە دەرفەتێکی زۆر گەورە بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی کەلتوری وڵاتی خۆیان بە هەموو جیهان بناسێنن. فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کەلتور و زمان، و ئەو دیالۆگانە بوونەتە هۆی بنیادنانی ئەو فیستیڤاڵە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ڕێزگرتن و تێگەیشتن لە هەموو کەلتور و زمانە جیاوزەکانی جیهان.”

لە لایەکی دیکەوە دۆناڵد ماکچین ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لەسەر ویلایەتی ڤیرجینیا دەربارەی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کەلتور و زمان ڕایگەیاند “بەها هاوبەشە مرۆڤایەتییەکان ئێمە یەک دەخاتەوە، جیاوازییەکانمان تەنها سەرچاوەی دەوڵەمەندی و هێزن بۆ ئێمە. فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کەلتور و زمان لە ڕێگەی کۆکردنەوەی گەنجەکانەوە دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی گفتوگۆی زیاتر بکەن و زیاتر لە یەک تێبگەن، سوود لە ئەزموونی یەکتر وەربگرن، بیروڕای خۆیان دەربارەی بابەتەکان ئاڵوگۆڕ بکەن، و لەو ڕێگەیەوە خزمەتێکی گەورە بە مرۆڤایەتی دەکات. کۆمەڵگە جیاوازەکان زیاتر لە یەک نزیک دەکاتەوە و سوودێکی گەورەی بۆ هەموو لایەک هەیە”.

 

وێکستۆن: “شانازی بە سەرکەوتنەکانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کەلتور و زمان دەکەم”

جێنیفەر وێکستۆن ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لەسەر ویلایەتی ڤیرجینیا پەیامێکی ئاراستەی فیستیڤاڵەکە کرد و ڕایگەیاند “بە بێ جیاوازی ئایین، زمان، ڕەگەز و کەلتور لە هەموو هەنگاوە هونەرییەکاندا جوانییەکی تایبەت هەیە. شانازی بەو سەرکەوتنە گەورەیەی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کەلتور و زمان دەکەم کە توانیویەتی لە هەموو شوێنێکی جیهانەوە لە هەموو زمان و ڕەنگە جیاوازەکانەوە گەنجەکان لە چواردەوری کەلتور و هونەر کۆبکاتەوە.”

 

 

سەرچاوە: https://tr724.com/washingtonda-dil-ve-kultur-festivali-coskusuna-ortak-olan-abd-milletvekili-bu-guzel-etkinliklerin-turkiyede-yapilamiyor-olmasi-utanc-verici/

Show More
Back to top button